ناوهڕۆك
سەرەتا
سەدەفی دووتوێی یان خورمەی دەریایی یاخود خورمەی ڕووباری (بە ئینگلیزی: Mussel)، بونەوەرێکە کە لە کۆمەڵەی نەرمۆکەکاندا پۆلێندەکرێت هەروەها پەیوەندی و پەیوەستی لەگەڵ هێلکە شەیتانۆکەکاندا هەیە، کە ئەمیش هاوشێوەی هێلکە شەیتانۆکەکان بە بەرگ داپۆشراوە، چەندین جۆری جیاوازی هەیە لە سەرانسەری جیهاندا تەنها جگە لە ناوچە بەستەڵەکەکان، جێگەی ژیانکردنی دەکەوێتە ئاوە سوێر و سازگارەکانیشەوە لە دەریا و ڕووبار و جۆگەکان بەڵام پێویستە بەردەوام بڕی پێویست لە ئاوی سازگاری هەبێت، هەندێک خەڵک بە یەکێک لە خۆراکە پەسەند و بەتامەکانی دەزانن لە کاتێکدا هەندێک کەسی تر بە پێچەوانەوە بە بوونەوەری زیانبەخشیان دەزانن.
شێوەی دەرەوەی
بە گشتی شێوەی ئەم بوونەوەرە لە پوازکەوە نزیکە خوار و ناڕێکە هەروەها درێژییەکەی لە پانییەکەی زیاترە، بە بەرگ داپۆشراوە و دەکرێت بە دووبەشی یەکسانەوە کە لە ناویدا گۆشتی سەدەفە دووتوێیەکە بوونی هەیە، دوو بەرگەکەی دەکرێتەوە و دادەخرێت کە لە ناوەڕاستدا بەهۆی ڕاگیرێکەوە بەند بووە و پێکەوە پەیوەست بوون، ڕەنگەکەی بە زۆری تۆخ و تاریکە دەکرێت ڕەش یان شین یاخود قاوەیی بێت، بەڵام بەشی ناوەوەی بەرگەکە کاڵترە و ڕەنگەکەی لە زیوییەوە نزیکە، هەروەها دەکرێت لە بەشی ناوەوەیدا مرواری بوونی هەبێت کە بە گوێرەی جۆر و تەمەنەکەی دەگۆڕێت، بەرگەکەی دەبێتە هۆکاری پاراستنی سەدەفەکە لە گیانەوەرەکانی تر و لە هەمان کاتدا پشتگیری بەشە نەرمەکەی ناوەوەی دەکات، سەدەفی دووتوێی بە سود وەرگرتن لە پێیەکانی دەتوانێت بجووڵێت لە ناوچە لمی و بەردەڵانەکاندا، کاتێک پێیەکانی دەردەکات ئەوا بەرگەکەی دەکاتەوە و دەیخاتە دواوە.
خۆراک
سەدەفە دووتوێییەکان خۆراک دەخۆن بە پاڵاوتنی ئاوی دەریاکان، هەریەک لە ڕووەکە هەڵواسراوەکان و گیانەوەرە بچووکەکانی تر کە لە ناوچە ئاوییەکاندا هەن دەبن بە ژەمە خۆراکییەکانی، ئەم بوونەوەرانە بە شێوەیەکی سروشتی و سەربەست لە ئاوی دەریاکاندا سەرئاوکەوتوون، سەدەفە دووتوێیەکە ئاوەکە ڕادەکێشێت بۆ خۆی پاشان ئەو ئاوەی کە زیادەیە لە ڕێگەی مژمژەکانییەوە دەریدەکاتە دەرەوە.
یەکگرتن و زۆربوون
یەکگرتنی نێرینە و مێینەکان لە دەرەوەی جەستەیان دەبێت واتە مێینەکان هێلکە دادەنێن دواتر لە دەرەوەدا پیتاندنی بەسەردا دێت، ژمارەی هێلکەکان بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، پاش هەڵهاتنیان لە هێلکەکان بێچووەکان دەبن بە کرمۆکە، دواتر بۆ ماوەی سێ هەفتە بۆ شەش مانگ بە هەڵواسراوی لە نێو ئاودا دەمێننەوە، لە ئەنجامدا سەدەفە دووتوێیەکە دەبێت بە ئەندامێکی پێگەیشتوو و جێگیر.
جۆرە سەرەکییەکانی
- سەدەفی دووتوێی کەرەکێوی: لە ئاوی سازگاردا دەژی و بە گشتی لە دەریاچە و ڕووبارەکانی ئەمریکادا بوونی هەیە، لە بنەڕەتدا لە پۆڵەندا و یەکێتیی سۆڤیەت هەبووە پاشان لە ئەمریکاش دۆزراوەتەوە، لەسەر بەرگەکەی شێوەیەکی هێڵدار هەیە و بەهۆیەوە ناوی کەرەکێوی پێدراوە، ئەم جۆرە قەبارەی زۆر بچووکە بەڵام هەندێکیان دەتوانن گەشە بکەن و بگەنە ٥ سانتیمەتر هەروەها بۆ ماوەی ٤-٥ ساڵ دەژین، سەدەفی دووتوێی کەرەکێوی بە زیانبەخش ناودەبرێت چونکە بڕێکی زۆر لە ڕووەکە هەڵواسراوەکانی نێو ناوچە ئاوییەکان بەکاردەهێنێت، بەمەش دەبێتە هۆی برسیکردنی ماسییەکانی تری ناوچەکەی، ساڵانە نزیکەی ٣٠٠٠٠٠ هێلکە دادەنێت بەڵام تەنها ٢% لە بێچووەکان دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، جۆرە بەتەمەنەکان خۆیان دەنوسێنن بە بەرد و کیسەڵ و بەلەم و سەدەفی دووتوێی ترەوە، بەڵام جۆرە بچووکەکان مەلە دەکەن و لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر و بە ئاڕاستەی شەپۆلە ئاوییەکان دەجوڵێن.
- سەدەفی دووتوێی شین: لە هەموو ئاوە ناوەند و نزیک جەمسەرەکانیشدا دەژی، خۆیان دەنووسێنن بە بەردەکانەوە بە درێژایی کەناری ناوچەکانی هەڵکشان و داکشان، بەرگەکەی ئەستوورە و ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک شین و ئەرخەوانی و قاوەیی، بەشی ناوەوەی سپییە و کۆتاییەکانیشی هێڵی شین و ئەرخەوانی پێوەیە، درێژی زۆرینەیان دەگاتە ١٠ سانتیمەتر و هەندێکیشیان بە دەگمەن دەگەنە ٢٠ سانتیمەتر.
- سەدەفی دووتوێی پێی کەروێشک: نەرمۆکەیەکی تایبەت بە ئاوە سازگارەکانە و ناوەکەشی بەهۆی شێوەی بەرگەکەیەوە بەدەستهێناوە، کە وەک پێی کەروێشک دەردەکەوێت، بەشی ناوەوەی سپییە و دەرەوەی قاوەییەکی نزیک لە زەرد و زەیتوونییە، درێژییەکەی دەکرێت بگاتە نزیکەی ١٠ سانتیمەتر، هەروەها ئەم جۆرە یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە.
- سەدەفی دووتوێی چوارچێوە: جۆرێکی قەبارە ناوەندە و تەنها نزیکەی ٥ سانتیمەتر گەشە دەکات، شێوەی دەرەوەی سێگۆشەییە و زۆر تەنکە هەروەها ڕەنگیشی زیاتر لە زەردەوە نزیکە، دەتوانێت خۆی نوقم بکات لە نێو لمی کەنارەکاندا و بەخێرایی بجووڵێت، بەڵام مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە و بە شێوەیەکی یاسایی دەپارێزرێت.
- سەدەفی دووتوێی ئەسپ: لە هەموو جۆرەکانی تر گەورەترە و دەتوانێت بگاتە زیاد لە ٢٠ سانتیمەتر، هەروەها لە قوڵایی ١٠-٢٥ مەتردا دەژی هەندێکیشیان دەتوانن لە قوڵایی ٢٨٠ مەتردا بژین، خۆیان دەنووسێنن بە جێگەی توند و ڕەقەوە وەک بەرگی کیسەڵ و بەردەکان.