زەکەریا عەبدوڵا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-10-21:44:00 - کۆدی بابەت: 8203
زەکەریا عەبدوڵا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

(زەکەریا عەبدوڵا) گۆرانیبێژێکی کوردە. لە ساڵی ١٩٧٤ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست بووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانی بووە، کاریگەرییەکی زۆری گۆرانیبێژ (نەجمەدین ئاوارە)ی برای لەسەر بووە.

ژیانی هونەری

سەرەتای ژیانی هونەری زەکەریا بە ژەنینی ئۆرگ دەستی پێکرد و مۆسیقای بۆ چەندین گۆرانیبێژی کورد ژەنیوە، لە ساڵی ١٩٩٣ چووە سوید و دەستی بە کاری هونەری کرد،  لە ساڵی ١٩٩٨ یەکەم ئەلبوومی خۆی بە ناوی (تۆ ھاتی) بڵاوکردەوە، ئەمەش بوو بە سەکۆیەکی پەڕینەوە بۆ ناو دونیای مۆسیقا و توانی ناوی خۆی لەوێدا دیاری بکات.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٩دا دووەمین ئەلبوومی بەناوی (بگەڕێوە) بڵاوکردەوە، پاشان پەرەی بە کارەکانیدا، بەھۆی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی بگەڕێوە هەواداری زیاتری پەیداکرد، بە جۆرێک کەم کورد هەبوو کە گوێبیستی گۆرانی (بگەڕێوە) نەبووبێت، لەو ساتە بەدواوە گەشەسەندن و پێشکەوتنی بەردەوامی ھەبوو، تا ئەو ڕادەیە کە ھەموو کات بە ئاسانی دەیتوانی لایەنگرانی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، لە ساڵی ٢٠٠١یش گۆرانی (دایە)ی بڵاوکردەوە.

دوای ماوەیەک گەڕایەوە بۆ کوردستان و دوو کۆنسێرتی لە هەولێر و سلێمانی سازکرد، کە بە هەزاران کەس لە کۆنسێرتەکانیدا بەشداربوون، زۆربەی هەوادارەکانی دەیانوت کە زەکەریا ڕۆحی بەبەری هونەری کوردیدا کردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٢دا ئەلبوومی (ڕۆژگار)ی بڵاوکردەوە، ئەمەش وایکرد هەواداری زیاتر و زیاتر ببێت، یەکەمین بەرهەمی هونەری بوو کە بەشێوەی سیدی ڕەسەن (ئۆرجیناڵ) بفرۆشرێت، ئەم ئەلبوومە تەنها لە کوردستان نزیکەی ١٫٥ ملیۆن کۆپی لێفرۆشرا. ئەلبوومەکە ١٤ گۆرانی لەخۆ دەگرێت، ھەروەھا کلیپ بۆ زۆربەی گۆرانییەکانی کراوە و لە کەناڵە کوردییەکانی وەکوو: کوردستان تیڤی و کوردسات بڵاوکراونەتەوە. زەکەریا ئەلبوومی (تیلیناز)ی لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاو کردەوە کە سێ ملیۆن کۆپی لێفرۆشرا.

دواتر ئەلبوومی (گەنجی پیر)ی لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی ٢٠٠٧ بڵاوکردەوە و تێیدا ھەوڵیداوە لە ھەموو ڕوویەکەوە چی وەک مۆسیقا، چی وەک تەکنیک و نووسینی گۆرانییەکان شێوازێکی تازە و ھەندێک جیاواز لە بەرھەمەکانی پێشووی پێشکەش بکات. هەر لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەگەڵ ٢٢ مۆسیقاژەن و چەندین هونەرمەندی بیانیدا بەشداری گەورەترین فیستیڤاڵی مۆسیقا و گۆرانی کرد لە سوید.

دوای ماوەیەک لە دابڕان لە مانگی شوباتی ٢٠١٠ ئەلبوومی (لاپەڕەی سپی) کە پێکهاتبوو لە ١٤ گۆرانی پێشکەش بە هەوادارانی کرد، ھەموو قازانجی ئەم ئەلبوومەش بەخشرایە منداڵانی ھەژار و بێسەرپەرشت بەتایبەتی لێقەوماوانی جەنگ، جگە ھۆنراوەکانی (شاڵاو عەلی) کە لە ھەموو ئەلبوومەکانی زەکەریادا جێ پەنجەی بەرچاو و دیارە، لەم بەرھەمەدا بۆ جاری یەکەم لە کۆی ١٢ گۆرانی، نۆ ھۆنراوەی (سامی ئەرگۆشی) کردووەتە کە گۆرانی (گەنجی پیر) و کلیپی (گوڵێ) دوو لەو ھۆنراوانەن.

لەدوای چەندین ساڵ دابڕان دوای ئەوەی کە گەڕایەوە بۆ کوردستان زەکەریا وازی لە کاری هونەری هێنا و دەستی کرد بە کاری بازرگانی، بەم شێوەیەش لەلایەن هەوادارانی و هونەرمەندانەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە.

بەرهەمەکان

  • ئەلبوومی (تۆ ھاتی)
  • ئەلبوومی (بگەڕێوە)
  • ئەلبوومی  (ڕۆژگار)
  • ئەلبوومی (تیلیناز)
  • ئەلبوومی (گەنجی پیر)
  • ئەلبوومی (لاپەڕەی سپی)
  • گۆرانی دایە
  • گۆرانی کوردستان


سەرچاوەکان



1874 بینین