ئیبراهیم خەیات

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-21-22:24:00 - کۆدی بابەت: 8347
ئیبراهیم خەیات

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیبراهیم محەمەد موستەفا ناسراو بە ئیبراهیم خەیات (بە ئینگلیزی: Ebrahim khayat)، هونەرمەندی گۆرانیبێژ و مەقامبێژی خەڵکی شاری سلێمانی و باشووری کوردستانە، لە ساڵی ١٩٣١ لە خێزانێکی هەژاری شاری سلێمانی لەدایکبووە. لە بەرهەمە دیارەکانی گۆرانی (خۆشم ئەوێ)ـیە کە پیاهەڵدان و ستایشە بە کوردستاندا.

ژیاننامە

تەمەنی یەک ساڵان بووە، کە باوکی کۆچی دوایی کردووە. لە تەمەنی شەش ساڵیدا چووەتە قوتابخانە، لەبەر هەژاری دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و لای وەستا تۆفیقی برای بووە بە شاگردی بەرگدروو. ئیبراهیم لەساڵی ١٩٥٦ هاوسەرگیری کردووە و بووە بە باوکی چوار کوڕ و پێنچ کچ.

ژیانی هونەری

هەر لە سەردەمی لاویدا بووە بە ئەندامی تیپی مۆسیقای مەولەوی و چەندین بەرهەمی لەگەڵدا ئامادەکردوون. لە شۆڕشی چواردەی تەمموزدا سروودی نیشتمانی وتووە، هەروەها گۆرانی بۆ خۆشەویستی وتووە. لە ساڵی ١٩٥٨ بانگهێشت کراوە بۆ ڤییەنا، کە هەموو تیپە لاوەکانی جیهان بانگهێشت کرابوون و ئەمانیش بەشداریان کردبوو، لەوێ سروودی نیشتمانیان وتەوە. دواتر بووە بە ئەندامی تیپی میوزیکی سلێمانی و هەموو تیپە میوزیکییەکانی بە تیپی خۆی زانیوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠ لە ڕادیۆی بەغداد چەندین ‌گۆرانی تۆمارکردووە، لەوانە: (بۆ ڕەنجەڕۆت کردم)، (ئیستعماری گەڕ)، (حیلفی بەغداد)، (تۆ جوانتری لە گوڵ) و (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم).
ئیبراهیم خەیات‌ دەستی بۆ هەر هەڵبەستێک بردبێت و کردبێتی بە گۆرانی، ئەوەندەی تر بووە بەهۆی ناساندنی هەڵبەستوانەکە، بۆ وێنە کە سەیری ناو گوڵزاری گۆرانییەکانی دەکرێت، لەگەڵ عەبدوڵڵا بەگی گۆراندا بەگشت کوردستاندا دەگەڕێت، دۆڵاو دۆڵی وڵات، شار و دێ و هەموو قەدپاڵ و جوانییەکی نیشتمان پیشان دەدات. جارێکی تر ژیان بەبەر گۆرانیدا دەکات و دەیهێنێتەوە ئەم جیهانە و لەگەڵ کوڕان و کیژانی ئەم نەوەیە ‌و نەوە‌کانی داهاتوودا ئاشنای دەکات.

تایبەتمەندییەکانی

خاڵێکی جێگای باسی هونەری ئەم هونەرمەندە، شێوازی گۆرانی وتنی بووە، وەک چۆن لە هەڵبژاردنی هۆنراوەدا توانیویەتی زانایانە هەنگاو بنێت، ئاواش لەدەربڕینی دەنگدا وەستایانە جووڵاوەتەوە. لەگەڵ کێشی هۆنراوەدا، دەنگ و سۆزێکی ئەوتۆی داوە بەگوێی بیسەراندا.
گۆرانییەکانی ئیبراهیم خەیات‌ تەنیا کاریگەری لەسەر خەڵک نەبووە، بەڵکوو بووە بە ھەوێنی دروستبوونی کۆمەڵێک بەهرەی تر لەناو خێزانەکەیدا، بۆ نموونە گۆران ئیبراهیمی کوڕی توانایەکی باشی ژەنینی کەمانچەی هەیە، بیسەر دەبا بۆ جیهانێکی ئەفسوناوی. ژیان ئیبراهیمی کچی شانۆکارێکی سەرکەوتو و نواندنکارێکی بەتوانایە‌. لە گۆرانیدا جیهان ئیبراهیم و‌ کیژان ئیبراهیم دوو دەنگی جیاواز و دەگمەنی ئەو بنەماڵە هونەرییەن. سۆران ئیبراهیم قوتابییەکی باشی گۆران ئیبراهیمە ‌و پەنجەیەکی شیرینی هەیە. ئەمە بەڵگەی ئەو ڕاستییەن، کە مامۆستا ئیبراهیم هەم وەک باوک و هەم وەک هونەرمەند کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر بنەماڵەی هەبووە.

لە ناوەرڕاستی هەشتاکاندا کە گۆرانی (ئێمەن گیانێکین)ـی تۆمارکرد لە تەلەفزیۆنی کەرکووکدا بڵاوکرایەوە، سۆلۆژەنی گۆرانییەکە گۆرانی کوڕیەتی. ئیبراهیم خەیات چەندین گۆرانی پێشکەشی گەلی کورد کردووە، کە دوایەمین بەرهەمی بەناوی (سەرنج) بوو، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاوی کردەوە، هەروەها دوو مەقام و گۆرانییەکی پێشووشی نوێکردەوە، ئەوانیش (ست فاتیمە) و (دڵم هەر ئەو دڵەی جارانە) و (بەهار).
ئیبراهیم هۆنراوەی شاعیران گۆران، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، ئەحمەد هەردی، ڕەزا حمەی کردووە بە گۆرانی. هاوڕێ هونەرییەکانی ئەمانەبوون (قادر کابان، شەوکەت ڕەشید و سەلاح ڕەشید.

کۆچی دوایی

ئیبراهیم خەیات لە ساڵی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کردووە.
 


سەرچاوەکان



315 بینین