جەلال دەباغ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-08-15:16:00 - کۆدی بابەت: 8556
جەلال دەباغ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەلال دەباغ یان جەلال دەبباغ (بە ئینگلیزی: Jalal Dabagh، بە عەرەبی: جلال دباغ) سیاسەتوان و نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کوردە. ئەندامی حیزبی شیوعیی کوردستان و پێشتریش سکرتێری گشتیی حیزبی چەپی کوردستان بووە.

ژیان

لە ١٩٣٩/٥/١٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و خانەی مامۆستایانی لە سلێمانی تەواوکردووە. سێ ساڵ لە نێوان ١٩٥٩ بۆ ١٩٦٢ مامۆستا بووە. دەرچووی پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵی ١٩٦٤ـە لە بوخارست لە ڕۆمانیا، دەرچووی پەیمانگەی زانستە کۆمەڵایەتییەکانە له‌ مۆسکۆ لە ساڵی ١٩٧٦. بۆ یەکەم جار مانیفێستی کۆمۆنیست لە ١٩٦٧ وەردەگێڕێت بۆ زمانی کوردی و لە ١٩٩٦ و ٢٠٠١ چاپ دەکرێت.

لە یەکەمین و دووەمین و سێیەمین کۆنگرەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا بە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەران ھەڵبژێردراوە و سکرتێری بەڕێوبردنی یەکێتی بووە لە ١٩٧٠-١٩٧٤. لە پێنجەمین کۆنگرەی نووسەرانی ئاسیا-ئەفریقا لە ئەلماتیی کازاخستان لەگەڵ حوسێن عارف نوێنەری یەکێتیی نووسەرانی کورد بووە لە ساڵی ١٩٧٥. ماوەی زیاتر لە ٢٥ ساڵ لە بواری ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە. لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێی کوردستان و لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ئاداری ١٩٩١دا بەشدارییەکی چالاکانەی کردووە.

نووسین

لە ساڵی ١٩٥٦ـەوە دەستی بە نووسین کردووە. بەرھەمی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و وەرگێڕانی لە ڕۆژنامە ‌و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە. جێگری سەرنووسەری ھەفتەنامەی (بیری نوێ ــ الفکر الجدید) و ئەندامی دەستەی نووسەرانی چەندان گۆڤار و ڕۆژنامە بووە. سکرتێری نووسینی گۆڤاری (ڕێگای ئاشتی و سۆسیالیزم) بووە. لە دوای کودەتای ٨ـی شوباتی ١٩٦٣ و هاتنە سەر دەسەڵاتی حیزبی بەعس بێژەر و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕادیۆی نھێنی دەنگی گەلی عێراقی بەشی کوردی بووە لە دەرەوەی وڵات. هەروەها ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانه‌. زیاتر لە پەنجا ساڵ بەشداری تێکۆشانی نھێنی و ئاشکرای بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانی کردووە و ئەندامی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانه‌.

سەدان وتار و بەرھەمی ئەدەبی و ڕووناکبیری و سیاسی لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە کوردی و عەرەبییەکاندا بڵاوکردۆتەوە.

بەرهەمەکانی

  • دیکتاتۆری دیموکراتی میللی، ماوتسی تۆنگ.
  • ھەندێک زانیاری مارکسی لینینی دەربارەی شۆڕش - ١٩٦٨.
  • چیرۆکی تانیا - ١٩٧٠.
  • لێکۆڵینەوەکان بۆ سەد ساڵەی لەدایکبوونی لینین لەگەڵ ھۆگر گۆران - ١٩٧٠.
  • قۆناغەکانی گۆڕانی کۆمەڵ - ١٩٧٢.
  • دەربارەی کادیر دیمترۆڤ کراوە - ١٩٧٣ (پێنج جار چاپکراوەتەوە).
  • ژیان و تێکۆشانی دیمترۆڤ - ١٩٧٣.
  • حیزبی مارکسیی لینینی و دەورگێڕانی لە تێکۆشانی چینایەتی کارگەراندا - ١٩٦٨.
  • کورتە باسێکی ماتیریالیزمی دیالەکتیک - ١٩٧٠.
  • لە دەفتەری گەشتێکی ڕێگای ژیانەوە - ١٩٧٨.
  • ڕاپەڕینی کوردان ١٩٢٥ (ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید) پڕۆفێسۆر م.ا.حەسرەتیان - ١٩٨٥.
  • بیست و ھەشت ئەستێرە لە ئاسمانی نەمریدا - ١٩٨٥.
  • گۆرانی سەرکەوتن -شیعر- چاپی یەکەم - سوید - ١٩٩٨.
  • حیزبی پێشڕەوی چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی کوردستان - ١٩٩٠.
  • دەربارەی شێوەی مارکس لە نووسینی سەرمایه‌دا.
  • مارکس، کاڕڵ و ئەنگڵس، فریدریک. بەیاننامەی پارتی کۆمونیست (مانیفێست)، وەرگێڕانی جەلال دەباغ، چاپی یەکەم: ئەڵمانیا، ١٩٩٦. چاپی دووەم: سلێمانی، ٢٠٠١؛ چاپی سێیەم: سایتی کوردستانێت، ٢٠٠٣.


سەرچاوەکان



286 بینین