بورهان جاهید

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-05-13-22:01:00 - کۆدی بابەت: 8635
بورهان جاهید

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بورهان محەممەد عەبدولڕەحمان دۆغرەمەچی بە بورهان جاهید (بە ئینگلیزی: Burhan Jahid) ناسراوە، لە ساڵی ١٩١٨ زایینی لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان لەدایکبووە. ژیانێکی سەختی پڕ لە نائومێدی تووشی مەی و مەیخانەی کردووە، لە ژیانیدا بەزۆری سەرخۆشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جگە لە خۆی زیانی بۆ کەسی تر نەبووە.

ژیان

جاهید قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئوولای هەولێر تەواوکردووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە. دایکی شووی بە شوبرای خۆی کردووەتەوە کە جەبار ئاغای کانی شاعیرە، واتە مامی جاهید، لەبەرئەوە لە ماڵی مامیدا گەورەبووە. لەدوای خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوەندی هەولێر خوێندوویەتی. لە پۆلی دووەم لە ساڵی ١٩٣٤ لە قوتابخانە دوورکەوتووەتەوە، لەو سەردەمەدا دایکی کۆچی دوایی کردووە و بێ‌پەنا ماوەتەوە، تووشی دەست کورتی و ئاوارەیی بووە. کە ناوی بۆ خزمەتی سوپا هاتووەتەوە ڕۆشتووە بۆ سەربازی، ساڵی ١٩٣٧ تاکوو ساڵی ١٩٤٠ لە ئۆردووگاکانی کەرکووک و سلێمانی و کۆیە و ڕەواندوز سەرباز بووە. هەر ئەو کاتەی خزمەتی سەربازی تەواو کردووە خووی داوەتە سەرخۆشی و ژیانێکی بێ‌سەروبەری بردووەتە سەر. زۆربەی ژیانی ڕۆژانەی بە سەرخۆشی بەسەربردووە. بەڵام بێوەی بووە زیانی بۆ خۆی نەبێ بۆ کەسی تری نەبووە.

ساڵی ١٩٤٥ جاهید یەکێک بوو لەوانەی بەهۆی بزووتنەوەی ئەو سەردەمەی بارزانییەکان بەر لێشاوی حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق کەوتوون و ماوەیەک لە گرتووخانە ماوەتەوە. لە پەنجاکانی سەدەی بیستەم هاوسەرگیری کردووە، ماوەی سەرخۆشی و ئاوارەیی لە ژیانیدا تا پلەیەک بەسەرچوو و وازی لە خواردنەوەی مەی هێنا. لەو کاتەدا بوو بە مووچەخۆر لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕێگاوبان و هاتوچۆی هەولێر، دواتر کارگێڕی نامەخانەی ناوچەیی عەنکاوەی پێ سپێردرا لە هەولێر و لەدوای ماوەیەک خانەنشین کرا.

نموونەی هۆنراوە

لە شەڕ دوورم لە غەم دوورم لە ناو دڵ ساف و خالیمە
لەبەر ئەم حاڵەم لە ئەم ئەفلاکە حاڵیمە
ئەگەر سەد ساڵە عومرم بێ ئەسەف نابەم بە ژینی خۆم
بەیەک ساڵە ئەزانم خۆم لە دەورێکی مناڵیمە

مردن

لە ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩١ زایینی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد، هەندێک هۆنراوەی جوان و بەپێزی لەدوای خۆی بۆ نەتەوەکەی بەجێهێشت.


سەرچاوەکان



387 بینین