ئایینی ئیسلام

ئایینی ئیسلام

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-05-27-01:57:00 - کۆدی بابەت: 8809
ئایینی ئیسلام

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئیسلام (بە ئینگلیزی: Islam، بە عەرەبی: الإسلام) ئایینێکی ئیبراهیمی و ئاسمانی یەکتاپەرستییە، بە پێی ئیسلام تەنها یەک خوا هەیە و ئەویش ئەڵڵایە (الله)، هەروەها محەمەد ﷺ کۆتا پێغەمبەری خوایە. ئایینی ئیسلام دووەم گەورەترین ئایینە لە جیهاندا، بەپێی پێشبینییەکانی ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ١.٩ ملیار شوێنکەوتووی هەیە کە دەکاتە نزیکەی ٢٤.٨%ی دانیشتوانی جیهان و بە موسوڵمان دەناسرێن. موسوڵمانان لە ٤٩ وڵاتی گۆی زەویدا زۆرینەی دانیشتوان پێکدەهێنن. لەڕووی گەشەکردنەوە خێراترین ئایینی زەوییە.

ئیسلام دەڵێت خوا میهرەبانە و هەموو توانایەکی هەیە و خولقێنەری زەوی و ئاسمان و هەموو بوونە. تاکە و دایباب و منداڵی نییە و لەڕێی پێغەمبەر و نێردراوەکانییەوە ڕێنمایی مرۆڤایەتی کردووە. دەقی سەرەکی ئیسلام بریتییە لە قورئان کە دانراو و وتەی خوای گەورەیە و هەتاوەکوو کۆتا ڕۆژ لەسەر زەوی هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ڕوونادات. لەدوای قورئان سوننەت و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام وەردەگیرێت و دەبێتە بنەما.

موسڵمانان پێیان وایە ئیسلام وەشانێکی تەواو و گشتگیری ئەو باوەڕەیە کە چەندین جار لەلایەن پێغەمبەرانەوە دابەزیووە، لەوانە ئادەم و ئیبراهیم و مووسا و عیسا. موسڵمانان قورئان بە سروشی ڕەها و کۆتایی لە خواوە دەزانن. هەروەها ئیسلام وەک ئایینە ئیبراهیمییەکانی تر، حوکمێکی کۆتایی هەیە کە تێیدا چاکەکاران بەهەشتیان پێدەبەخشرێت و ناڕەوا و ئەوانەی گوێڕایەڵ نەبوون دەخرێنە دۆزەخ. چەمک و پراکتیزە ئایینییەکان بریتین لە پێنج پایەی ئیسلام کە پەرستشی فەرزن و دەبێت هەموو موسوڵمانێک ئەنجامیان بدات. لەگەڵ پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامی کە نزیکە لە هەموو لایەنەکانی ژیان و کۆمەڵگا، لە کاروباری ڕۆژانە و مامەڵەی بازرگانی تا دەگاتە ژن و ڕەوشت و ژینگە. مەککە و مەدینە و قودس پیرۆزترین شوێنەکانی ئیسلامن. 

لە ڕووی مێژووییەوە ئیسلام لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی زایینی لە مەککە سەریهەڵداوە. لە سەدەی سەدەی هەشتەمی زایینییەوە، دەسەڵاتی بنەماڵەی ئومەوی وەک ئیمپڕاتۆریەتییەکی ئیسلامی لە ڕۆژئاوا لە ئەندەلووسەوە تا ڕووباری هیندۆس لە ڕۆژهەڵات درێژ بووەتەوە. "سەردەمی زێڕینی ئیسلام" ئاماژەیە بۆ قۆناغی نێوان سەدەی هەشتەم تا سەدەی سێزدەهەم، لە سەردەمی خەلافەتی عەباسیدا، کە جیهانی ئیسلامی شاهیدی ئاوەدانیی زانستی و ئابووری و ڕووناکبیری بوو. فراوانبوونی جیهانی ئیسلامی لە ڕێگای خانەدان و ئیمپڕاتۆرییە ئیسلامی و فەتح و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە بووە.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ زۆرینەی موسوڵمانان سەر بە دوو ڕێبازن، ئەهلی سوننە و جەماعە (%٨٥ بۆ %٩٠) و شیعە (%١٠ بۆ %١٥). زۆرترین موسوڵمان لە وڵاتی ئەندەنووسیا نیشتەجێن کە گەورەترین وڵاتی موسوڵمانانە. %٣١ـی موسوڵمانانیش لە باشووری کیشوەری ئاسیا دەژین. ئەو ناوچەیەیە کە زۆرترین ژمارەی موسڵمانانی تێدایە لە جیهاندا، ٢٠% لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا دەژین، کە ئایینی باڵادەستە، ١٥% لە ئەفریقای خوارووی بیابانی سەحرا دەژین. هەروەها کۆمەڵێکی گەورەی موسڵمانان لە ئەمریکا، قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست، چین، ئەورووپا، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، فلیپین و ڕووسیا هەن.

ناوەکەی

وشەی ئیسلام لە وشەی "سلم"ـی عەرەبییەوە هاتووە بە واتای تەسلیمبوون یان خۆبەدەستەوەدان دێت، کە مەبەست لێی تەسلیم بوونە بە فەرمانەکانی خوا بەبێ ناڕەزایەتی. 

ئایدیا و بیروباوەڕی ئیسلامی

بە پێی قورئان موسڵمانان باوەڕیان بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی و ڕۆژی دوایی هەیە. بۆ ئەوەش هەروەها لە ڕێبازی سوننەدا قەزا و قەدەریش بەشێکە لە پایەکان، بەپێی ئایەتی "إِنَّا كُلَّ شَيْءٍ خَلَقْنَاهُ بِقَدَرٍ"، لەگەڵ فەرموودەیەک کە لە کتێبەکانی فەرموودەدا لەسەر قسەی پێغەمبەر محەمەد ﷺ گێڕدراوەتەوە کاتێک فەرموویەتی ئیمان بریتییە لە: “باوەڕبوون بە خوا و فریشتەکانی و کتێبەکانی و پێغەمبەرەکانی و ڕۆژی دوایی و باوەڕکردن بە قەدەر، بە چاکەی و خراپەکارییەکانی”. بەڵام شیعە ئیمامییەکان دوایین پایە بە "دادگەری" دادەنێن.

موسوڵمانان پێیان وایە خوا تاکە خوایە کە گەردوون و هەموو شتەکانی تێدا دروست کردووە، قورئانی بۆ پێغەمبەر محەمەد ﷺ لە ڕێگەی جوبرەئیلەوە دابەزاندووە، هەروەها پێیان وایە کە دوا پەیامی ئەو پەیامانەیە کە لەلایەن پێغەمبەرانەوە نێردراوە کە پێش ئەو بوون. پێغەمبەرانیش کۆمەڵێک مرۆڤن لە نەوەی ئادەم کە خوا هەڵیبژاردوون بۆ ئەوەی ببنە نێردراوی خۆی. موسڵمانان پێیان وایە پێغەمبەران مرۆڤن و خوا نین، هەرچەندە هەندێکیان لەلایەن خواوە توانای ئەنجامدانی پەرجوویان پێدراوە بۆ سەلماندنی پێغەمبەربوونیان. پێغەمبەرانیش سروشی خوایی وەردەگرن، یان ڕاستەوخۆ لە خواوە، یان لە ڕێگەی فریشتەکانەوە. لە قورئاندا ناوی زۆرێک لە پێغەمبەران هاتووە، لەوانە ئادەم و نووح و ئیبراهیم و مووسا و عیسا و چەندانی تر. بە گوێرەی قورئان هەموو پێغەمبەرەکان موسڵمان بوون و ئایینی ئیسلامیان بڵاوکردووەتەوە بەڵام بە شەریعەت و شێوازی جیاواز.

موسوڵمانان پێیان وایە حەنیفیەت بناغەی ئایینی ئیبراهیمە. دەبینن جیاوازی نێوان ئایینە ئیبراهیمییەکان تەنها لە شەریعەتدایە و لە بیروباوەڕدا نییە و شەریعەتی ئیسلام جێگەی یاساکانی پێشوو دەگرێتەوە. ئەمەش واتە ئایینی ئیسلامی لە عەقیدە و یاسا پێکدێت. سەبارەت بە عەقیدە، ئەوە کۆمەڵێک بنەمایە کە دەبێت موسڵمان بڕوای پێ بکات و جێگیرە بەدرێژایی مێژوو یەک جۆر بووە، سەبارەت بە شەریعەت، ناوێکە بۆ حوکمی کردەیی و شێوازی مامەڵەکردن، کە بەپێی پێغەمبەرە جیاوازەکان جیاوازە.

الله

بناغەی ئیسلام باوەڕبوونە بە یەک خوا کە "اللە"یە. زاتێکە هەمیشەییە و زیندووە و نامرێت و هیچی بیر ناچێتەوە، دادپەروەرە و ستەم ناکات، هیچ هاوبەشێکی نییە، هاوتای نییە، هیچ دایک و باوک و منداڵێکی نییە، میهرەبانە و لە گوناهەکان خۆش دەبێت و تەوبە قبووڵ دەکات و جیاوازی ناکات لە نێوانیان مرۆڤەکان تەنها بە کردەوە چاکەکانیان نەبێت.

ئەو خوڵقێنەری گەردوونە و ئاگاداری هەموو شتێکە کە تێیدایە و کۆنترۆڵی دەکات. لە بیروباوەڕی ئیسلامیدا؛ خوا لە هیچ ناچێت، واتە تەواو جیاوازە لە هەموو دروستکراوەکانی و دوورە لە خەیاڵەکانی مرۆڤ، بۆیە هیچ وێنایەکی بۆ ناکرێت، موسڵمانان باوەڕیان بە بوونی هەیە و دەیپەرستن بەبێ ئەوەی بیبینن. بەهۆی ئەوەی خوا یەکە و تاکە، موسوڵمانان باوەڕی مەسیحییەکان ڕەتدەکەنەوە کە دەڵێن سێ خوا هەیە و مەسیح منداڵی خوایە و مەریەم ژنیەتی. 

فریشتەکان

باوەڕبوون بە فریشتەکان یەکێکە لە بنەماکانی ئیسلام. بەپێی قورئان فریشتەکان ویستی ئازادیان نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ گوێڕایەڵی خوا و شکۆمەندی و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دروست کراون، ناخۆن و ناخۆنەوە و زاوزێ ناکەن، بەڵکوو بەندەیەکی شەرەفمەندن ئەوەی فەرمانیان پێدەکات دەیکەن. ئەرکەکانی فریشتەکان بریتین لە گواستنەوەی سروش، هەڵگرتنی تەختی خوا، سوپاسگوزاری بۆ خوا، نووسینی کردەوە خراپ و باشەکانی مرۆڤ، بردنی ڕۆحی لە کاتی مردنیدا و زۆر شتی تر. موسڵمانان پێیان وایە خوا فریشتەکانی لە ڕووناکی دروست کردووە وەک چۆن جنۆکەی لە ئاگر دروست کردووە، ئادەمیش لە گڵ دروست کردووە، هەروەها فریشتەکان باڵیان هەیە کە پێی دەفڕن بۆ ئەوەی بە خێرایی ئەوەی فەرمانیان پێکراوە بیگەیەنن. کۆمەڵێک لە فریشتەکان: جوبرەئیل، فریشتەی گیانکێشان، ئیسرافیل، ڕەزوان، زەبانییە، میکائیل، هەڵگرانی تەخت و نووسەرانی کردەوەی مرۆڤ.

کتێبە پیرۆزەکان

قورئان وشەی بێ کەموکوڕی خوایە. ئایەتەکانی بە زمانێکی ڕوونی عەرەبی لە خواوە بۆ پێغەمبەر محەمەد ﷺ نێردراوە لە ڕێگەی جوبرەئیلەوە. لەدوای کۆچی دوایی پێغەمبەرەوە هیچ ئایەتێکی نوێی قورئان دانەبەزیووە. لەو کاتەدا لە یەک کتێبدا کۆ نەکرایەوە. قورئان بۆ یەكەمجار لە سەردەمی ئەبووبەكری ڕاستگۆ خەلیفەی یەكەمدا لە یەك كتێبدا كۆكراوەتەوە و دواتر بە چەند دانەیەك لەبەرگیراوەتەوە و لە سەردەمی خەلیفەی سێیەم عوسمانی کوڕی عەففاندا جارێکی تر کۆکراوەتەوە بەسەر شارە جیاوازەكانی موسڵماناندا دابەشكراوە. قورئان بەسەر ١١٤ سوورەتدا دابەشکراوە و لە ٦٢٣٦ ئایەت پێکهاتووە. 

وە هەروەک چۆن موسڵمانان باوەڕیان بە قورئان هەیە، هەروەها باوەڕیان بەو کتێبانەی پێش قورئانیش هەیە کە خوا ناردوویەتی، وەک: تەورات کە بۆ مووسا دابەزیووە، زەبوور بۆ داود، سوحوف بۆ ئیبراهیم و ئینجیلی عیسای کوڕی مەریەم.

پێغەمبەران

پێغەمبەر بریتییە لە كەسێك كە خوای گەورە دەینێرێت بۆ مرۆڤەكانی سەر زەوی بۆ ئەوەی بانگهێشتیان بكات بۆ بەندایەتی و پەرستنی خوای گەورە و سوپاسكردنی و ئاگاداركردنەوەیان لەو ڕۆژەی هەمووان تێیدا دادگایی دەكرێن، هەروەها بانگهێشتیان دەكات بۆ ئەنجامدانی كردەوەی چاك و ڕەوشتی بەرز، هەروەها دانانی دەستوور و بنەما بۆ هەموو كایەكانی ژیان بۆ ئەوەی مرۆڤ لە سنووری سروشتی مرۆڤایەتی تێنەپەڕێت.

پێغەمبەرەكان مرۆڤ بوون و وەك هەر مرۆڤێكی دیكە خواردن و خەوتن و خێزانیان هەبووە، كاریان كردووە و هەموویشیان كاری شوانییان كردووە، لێهاتوو و بەهێز و نەرمونیان بوون، هەندێكیشیان خاوەنی پەرچوو بوون بە یارمەتی خوای گەورە بۆ سەلماندنی ڕاستی دین پێیان بەخشراوە، چەند پێغەمبەرێكیش لەناو هەموویان هەڵبژێردراون و پێیان دەوترێت اولوا العزم.

لە قورئانی پیرۆزدا ناوی ٢٥ پێغەمبەر هاتووە، هەروەها چەندین پێغەمبەری دیكە هەن بەڵام ناویان لە قورئاندا نەهاتووە، بەپێی فەرموودەیەكی پێغەمبەری خوا ﷻ كە ئەبوزەر ڕیوایەتی كردووە دەفەرموێت: "ژمارەی پێغەمبەران ١٢٤ هەزارە".

هەروەها لە سوورەتی غافر لە ئایەتی ٧٨ خوای گەورە دەفەرموێت : "به‌ دڵنیایی له‌ پێش تۆیشدا چه‌نده‌ها پێغه‌مبه‌رانی ترمان ناردووه‌، هه‌یانه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتیمان بۆت گێڕاوه‌ته‌وه‌ (كه‌ كه‌میانه‌)، وه‌ هه‌یشه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاتیمان بۆی نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌ (كه‌ زۆربه‌یانه‌)، هیچ پێغه‌مبه‌رێكیش ناتوانێ موعجیزه‌یه‌ك بهێنێت له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌ڵكو ئیلا ئه‌بێ خوای گه‌وره‌ ئیزنی بدات.

هەندێك لە پێغەمبەران تەنیا بۆ ناوچەیەك نێردراون، هەندێكیشیان تەنیا بۆ خێزانەكەیان خۆیان، یان خودی خۆیان، هەندێكیشیان بۆ گەلێك یان چەند وڵاتێك یاخود بۆ تەواوی مرۆڤایەتی نێردراون وەك كۆتا پێغەمبەر ﷻ.

پێغەمبەران دوو جۆرن، نەبی (نبي) و ڕەسول (رسول)، كە هەردووكیان هەم جیاوازییان هەیە هەم خاڵی هاوبەش.

ڕۆژی دوایی

ڕۆژی قیامەت، ڕۆژی کۆتایی، ڕۆژی دوایی، یان ناوەکانی تر کە لە قورئاندا هاتووە، ڕۆژی لێپرسینەوەیە لە باوەڕی ئیسلامیدا. تێیدا کۆتایی جیهانی سەر زەوییە و خوا هەموو مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات لە بەرامبەر کردەوەکانیان، ئینجا شوێنی نیشتەجێبوونیان بەهەشت یان دۆزەخ دەبێت و بەپێی کردەوە جیادەکرێنەوە. ئەوەی کە کردەوەی چاکی هەیە دەچێتە بەهەشت، ئەوانەش کە کردەوەی خراپیان هەیە لە دۆزەخ سزا دەدرێن.

بەهەشت ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا پیر نابێت و ناڕەحەتی نابینێت و هەموو شتێک دەخرێتە بەردەستی، هەروەها دۆزەخ سەختترین شوێنی ناسراوە لە جیهانی زانستدا و گوناهباران لەوێ سزا دەدرێن. لە قورئاندا باس لەوە کراوە کە تەنها خوا ڕێکەوتی قیامەت دەزانێت و هیچ کام لە دروستکراوەکانی نازانن، قیامەت لەناکاو دێت بەبێ ئەوەی کەس چاوەڕێی بکات. 

قەزا و قەدەر

موسڵمانانی سوننە پێیان وایە هەموو شتێک لەلایەن دروستکەری مرۆڤایەتییەوە پێشوەختە دیاری کراوە، هەروەها هەموو قەدەرێک لەلایەن خواوە لە تابلۆی پارێزراودا نووسراوە پێش دروستبوونی دروستکردنی هەر شتێکی تر. بەپێی ئەوەی لە قورئان و سوننەتدا هاتووە و زانایانی ئیسلامی دەریانخستووە، هەموو شتێک کە لەم گەردوونەدا ڕوودەدات بە ویستی خوایە. هەرچەندە ڕووداوەکان پێشوەختە زانراون، بەڵام مرۆڤ ویستی ئازادی هەیە لەو ڕووەوە کە هەڵبژاردەی هەیە لە نێوان ڕاست و هەڵەدا، هەر بۆیە بەرپرسیارە لە کردارەکانی. 

شەریعەت و فیقهی ئیسلامی

شەریعەتی ئیسلامی بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک کە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر و وتەی پێشینەکانی چاکەکاران و فیقهی زانایانی ئیسلامی سەپاندوویەتی. کە پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خوا و مرۆڤەکان و کۆمەڵگا و گەردوون دیاری دەکات. بڕیار دەدات کە چی بکرێت، هەروەها چۆن بکرێت. گرنگترینی ئەم یاسایانە پێنج پایەی ئیسلامن. ئەو بڕگانەی لە شەریعەتی ئیسلامیدا هاتووە بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا دابەشکراوە: 

حوکمە عەقیدییەکان: هەموو ئەو حوکمانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە جەوهەری خوا و سیفەتەکانی و باوەڕبوون پێی هەیە، کە ئەمەش بە ئیلاهییات ناسراوە. هەروەها هەموو ئەو حوکمانەی پەیوەستن بە پێغەمبەران و باوەڕبوون بەوان و ئەو کتێبانەی کە بۆیان دابەزیون، کە بە نبووات ناسراوە. لەگەڵ هەموو بابەتە نەبینراوەکان کە بە بابەتە دەنگییەکان ناسراون. بەم جۆرە حوکمانەش ئەوترێت "زانستی تەوحید" یان زانستی یەکتاپەرستی.

حوکمە تەهزیبییەکان (دیسپلین یان وردەکاری): ئەمانە ئەو حوکمانەن کە بانگەوازی فەزیلەت و وازهێنان لە خراپەکاری دەکەن، حوکمگەلێک هەیە کە پەیوەندی بە وتنەوەی ئەو فەزیلەتانەوە هەیە کە مرۆڤ دەبێت خاوەنی بێت، وەک ڕاستگۆیی و متمانەپێکراوی و بوێری و دڵسۆزی و ئارامگرتن، هەروەها حوکمی پەیوەست بە خراپەکاری هەیە کە مرۆڤ دەبێت وازی لێبهێنێت و لێیان دوور بکەوێتەوە، وەک درۆکردن، خیانەت، شکاندنی بەڵێن، غەیبەت. بە هەموو ئەمانەش دەوترێت "زانستی ڕەوشت" یان "زانستی تەسەوف".

حوکمە کردارییەکان: ئەو حوکمانەن کە پەیوەندییان بە کردەوەی مرۆڤەوە هەیە و ئەم حوکمانە بابەتی لێکۆڵینەوەی فیقهی ئیسلامین.

ئیسلامیەکان حوکمڕانی و ئیدارەدانی وڵات بە پێی شەریعەتی ئیسلامی بەپێویست دەبینن. کە بەسەر موسوڵمانان و ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە لەژێر دەستی ئەواندان وەک ئەهلی "الذمة" و "المعاهدين" و "المستأمنين"، یان ئەوانەی کە لەسەر ئایینی ئیسلام نین و دەبێت لە نێو دەوڵەتدا ماف و ئەرکی تایبەتیان هەبێت و پارێزراو بن.

هەروەها پێویستی سەپاندنی سزای ناسراو بەسەر ئەو موسڵمانەدا دەبینن کە سنوورەکانی شەریعەت تێدەپەڕێنن و ئەوەی قەدەغە کراوە ئەنجامی دەدەن. کە لە چەمکی باودا ئەو سزایەیە کە لە قورئاندا یان لە فەرموودەی پێغەمبەردا باسی لێوە کراوە بۆ هەرکەسێک فەرمانی خوا سەرپێچی بکات. 

فیقهی ئیسلامی بریتییە لە زانینی حوکمە کردارییەکان کە لە قورئان، سوننەتی پێغەمبەر، کۆدەنگی زانایانی شەریعەت و لێکچوون لەسەر بابەتە ناسراوەکانی پێشوو، داب و نەریت و ڕەزامەندی باو و بەڵگەکانی سەرچاوەی تری فیقهی ئیسلامی وەرگیراون. فیقهی ئیسلامی بەسەر چەند جۆرێكدا دابەش دەکرێت کە لە ژمارە و جۆری فەقیهەکاندا جیاوازن، بەسەر چوار جۆری سەرەکیدا دابەش دەبن. 

پەرستشەکان: ئەمانە ئەو حوکمانەن کە پەیوەندی تاک لەگەڵ پەروەردگار ڕێکدەخەن، وەک نوێژ و زەکات و ڕۆژوو و حەج و جیهاد و نەزر.

مامەڵە: ئەو پەیوەندییانەی کە پەیوەندی تاک لەگەڵ کۆمەڵگا و کەسانی تر ڕێکدەخەن، وەک ئەو بڕگانەی کە پەیوەندییان بە گرێبەستە دروستکراوەکانی مرۆڤەوە هەیە وەک فرۆشتن، بەکرێدان، قەرز، دیاری، پارەدان، گەرەنتی و گرێبەستەکانی تر. 

سیاسەتی شەرعی: ئەم بڕگانەن کە پەیوەندی دەوڵەت لەگەڵ تاکەکان یان لەگەڵ وڵاتانی دیکە ڕێکدەخەن، نموونەیان ئەو بڕگانەن کە باس لە سەرچاوەکانی خەزێنە و بانکە شەرعییەکانی دەکەن، جگە لەو بڕگانەی کە باس لە دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، لەگەڵ ئەو بڕگانەی کە تاوان و سزاکان نیشان دەدەن، جا بە سنووردارکردن بن یان بەهێزکردن.

بڕگەکانی خێزان: بڕگەکانی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە، مافی منداڵان، میرات، وەسیەتنامە و بڕگەکانی تری بەناو "باری کەسی" ڕێکدەخەن، ئەم بڕگانە ئەو بڕگانەن کە لە یاساکانی باری کەسیدا جێگیرکراون.

ڕێبازەکانی فیقهی ئیسلام

قوتابخانەکانی فیقهی ئیسلامی، هەندێکیان تاکن (ئەوانەی وتەی یەک کەسن و بە تەنیا ئیجتیهادی تێدا کردووە)، هەندێکیشیان بەکۆمەڵن. سەبارەت بە قوتابخانە فیقهە بەکۆمەڵەکان، واتە ئەو قوتابخانانە کە لە بۆچوون و وتەی ئیمامەکان و قوتابییەکانیشیانەوە وەرگیراون، پاشان ناوی ئەو مەزهەبانە بە ناوی ئەم ئیمامانە ناوزەد کران و وەک دامەزرێنەری قوتابخانەکان دانران. شاگرد و شوێنکەوتووانی ئەم بەکۆمەڵانە بڵاویان دەکردەوە و یارمەتییان دەدا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و بگاتە دوورترین شوێنەکان، بەمەش یاریدەربوون بۆ ئەوەی تا ئێستا بمێننەوە.

لەنێو بەناوبانگترین ئەو قوتابخانەی فیقهییانەی ماونەتەوە، چوار قوتابخانە ناسراوە: قوتابخانەی حەنەفی، قوتابخانەی مالیکی، قوتابخانەی شافیعی، قوتابخانەی حەنبەلی، قوتابخانەی زاهیری. کە بە مەزهەب و ڕێبازەکانی ئەهلی سوننە دادەنرێن. لەگەڵ ڕێبازەکانی شیعە کە بریتیین لە: جەعفەری و زەیدی و ئەبازی.

دیمۆگرافیای ئیسلامی

توێژینەوەیەکی گشتگیر لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ٢٣٢ وڵات و ناوچە دەریخستووە کە ٢٣٪ـی کۆی دانیشتوانی جیهان، واتە نزیکەی ١.٦ ملیار کەس موسوڵمانن و سەر بە ئایینی ئیسلامن. نزیکەی ٥٠ وڵاتی جیهان زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمانان پێکدەهێنن، هەروەها عەرەبەکان ٢٠٪ی موسڵمانانی جیهان پێکدەهێنن. زۆربەی موسڵمانان لە ئەفریقا و ئاسیا دەژین و ٦٢٪ـیان دەکەونە کیشوەری ئاسیا، کە ئەندەنووسیا و پاکستان و هیندستان و بەنگلادیش زیاتر لە ٦٨٣ ملیۆن موسڵمان لەخۆیان دەگرن. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا و ئێران دوو گەورەترین وڵاتن کە زۆرینەی موسڵمانیان هەیە و عەرەب نین؛ لە کیشوەری ئەفریقا، میسڕ و نەیجیریا گەورەترین وڵاتی موسڵمانن. ٧٣%ی موسڵمانان لەو وڵاتانەدا دەژین کە زۆرینە موسڵمانن، لە کاتێکدا ٢٧% کەمینە ئایینییەکانن.

کەمینەی موسڵمانان لە هیندستان گەورەترین کەمینەی موسڵمانن لە جیهاندا کە ١٤%ـن (واتە؛ زیاتر لە ١٧٦ ملیۆن کەس لە کۆی گشتیی دانیشتوانی هیندستان). زۆربەی شارەزایان دەڵێن ژمارەی موسڵمانان لە کۆماری گەلی چین لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ ملیۆن کەسە (لە نێوان ١.٥% بۆ ٢%ی کۆی دانیشتوانی چین). ژمارەی موسڵمانان لە هەموو ئەورووپا جگە لە تورکیا ٤٤ ملیۆن کەسە کە نزیکەی ٦٪ی کۆی دانیشتوانی ئەورووپا پێکدەهێنێت. ئایینی ئیسلام دوای ئایینی مەسیحی لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپادا دووەمین ئایینی بەربڵاوە. 

پانزە گەورەترین وڵاتی ئیسلامی لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بریتین لە:

پلە وڵات کۆی گشتی ڕێژە ڕێباز ڕێبازی فیقهی
           
١  ئەندەنووسیا ٢٢٨,٥٨٢,٠٠٠ ٨٦.١% سوننە شافیعی
٢ پاکستان ١٧٢,٨٠٠,٠٠٠ ٩٧% سوننە حەنەفی
٣ بەنگلادیش ١٦٢,٢٢١,٠٠٠ ٨٩% سوننە حەنەفی
٤ نەیجیریا ١٥٤,٢٧٩,٠٠٠ ٥٠% سوننە مالیکی
٥ میسڕ ٧٧,١٠٠,٠٠٠ ٩٠% سوننە حەنەفی
٦ تورکیا ٧١,٥١٧,١٠٠ ٩٨.٠% - ٩٩.٨%  سوننە حەنەفی
٧ ئێران ٧٠,٤٩٥,٧٨٢ ٩٨%  شیعە جەعفەری
٨ سوودان ٣٩,٣٧٩,٣٥٨ ٩٦%  سوننە مالیکی
٩ جەزائیر ٣٣,٧٦٩,٦٦٩ ٩٩%  سوننە مالیکی
١٠ ئەفغانستان ٣٢,٧٣٨,٣٧٦ ٩٩%  سوننە حەنەفی
١١ مەغریب ٣٣,٧٢٣,٤١٨ ٩٩%  سوننە مالیکی
١٢ عێراق ٣١,٢٣٤,٠٠٠ ٩٧% شیعە/سوننە جەعفەری/حەنەفی
١٣ مالیزیا ٢٧,٧٣٠,٠٠٠ ٦٠.٤% سوننە شافیعی
١٤ سعوودیە ٢٧,٦٠١,٠٣٨ ١٠٠% سوننە حەنبەلی
١٥ ئۆزپەکستان ٢٧,٣٧٢,٠٠٠ ٨٨% سوننە حەنەفی

پەرستشەکان لە ئیسلامدا زۆرن و زۆربەیان پێویستیان بە شوێنێکی دیاریکراو نییە جگە لە حەج (کە پێویستی بە سەردانی مەککە هەیە). سەبارەت بە نوێژ، بەپێی فەرموودەی جابیر زەوی کراوە بە مزگەوت بۆ موسڵمان. واتە هەموو پارچە زەوییەک (جگە لەوانەی کە حەرامن) گونجاوە بۆ ئەنجامدانی نوێژ بە تاک و بە کۆمەڵ. موسڵمانان شوێنێکی تایبەتیان هەیە بۆ نوێژکردن پێی دەوترێت مزگەوتەکان (بە تاک مزگەوت) کە کۆیان دەکاتەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژ بە کۆمەڵ. ناوی “مەسجد”ـی عەرەبی لە وشەی “سوجدە” وەرگیراوە، چونکە نوێژی ئیسلامی لە سوجدە و ڕکوع پێکدێت. هەروەها مزگەوتە گەورەکان پێیان دەوترێت "جامع" یان "مزگەوتی جامع"، واتە کۆکەرەوە. مزگەوتەکان ئەو شوێنانەن کە موسڵمانان سەردانیان دەکەن بۆ وەرگرتنی زانست و چارەسەرکردنی کێشەکانیان جگە لە نوێژ، لە دیارترین نوێژەکان کە لە مزگەوت ئەنجام دەدرێن نوێژی هەینییە. واجبە لەسەر هەموو موسڵمانێک بە جەماعەت لە مزگەوت ئەنجامی بدات و گوێ لە وتاری پێشنوێژ و وتارخوێن بگرێت. شێوازی دروستکردنی مزگەوتەکان لە دروست کردنی مزگەوتی قوبا کە یەکەم مزگەوتی ئیسلامە تا ئێستا گەشەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و چەندین شێوازی تەلارسازی بۆ مزگەوتەکان هەیە، دیارترینیان: شێوازی عوسمانی، شێوازی فارسی، شێوازی مەغریبی.

بەپێی بیروباوەڕی ئیسلامی دروستە نوێژ لە کڵێسایەکدا بکرێت لە ئەگەری ئەوەی مزگەوت بەردەست نەبێت، ئەوانەی ڕێگەیان داوە بریتین لە: ئیمام حەسەنی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتاڵیب، عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، ئیمام شەعبی، ئیمامی ئەوزاعی، سەعید کوڕی عەبدولعەزیز. 

خێزان

بنەماڵە و خێزان یەکەی ناوەندی کۆمەڵگەی ئیسلامییە و ئیسلام ڕۆڵی هەر یەکێک لە ئەندامەکانی دیاری کردووە و هەندێک ماف و ئەرکی پێ سپاردوون. باوك لە ئیسلامدا وەك بەرپرسی سەرەكی لە دابینکەر و پاراستنی خێزان دەردەكەوێت و ئەركی گرنگیدان بە خەرجی خواردن و خواردنەوە و دەرمان و جلوبەرگ و زۆر شتی دەکەوێتە سەر، قورئان بە ڕوونی هۆکارەکانی میراتی لە ئیسلامدا دیاری کردووە، نکۆڵی لە نەزانی دەکات، کە بریتین لە هاوسەر و خزم و کەسانی نزیک، هەروەها بۆ هەریەکەیان هەندێک مەرجی دیاری کردووە کە دەبێت هەبن، بۆ ئەوەی میراتەکە ڕەوا بێت. لە میراتدا پشکی ژن نیوەی پشکی پیاوە لە هەندێک حاڵەتدا، حاڵەتیش هەیە کە ژنەکە یەکسانە بە پیاو لە میراتەکەدا و لە هەشت حاڵەتیشدا ئەو پشکی لە پیاو زیاترە. 

هاوسەرگیری لە ئیسلامدا بە گرێبەستێکی مەدەنی دادەنرێت کە تێیدا هەموو توخمەکانی گرێبەستەکانی تر جێبەجێ دەکرێن، وەک پێشکەشکردن و قبوڵکردن لە نێوان دوو لایەن کە توانای دەروونی و یاسایی پێویستیان هەیە بۆ ئەنجامدانی، هەروەها بە ئامادەبوونی دوو شاهیدی پیاو، یان پیاوێک و دوو ژن. گرێبەستی هاوسەرگیری ئیسلامی بەزۆری لە دادگای شەرعی لەبەردەم دادوەری شەرعیدا ئەنجام دەدرێت، لە کوردستانیش مامۆستایەکی ئایینی ئەنجامی دەدات و دواتر کارە یاساییەکان دەبرێنە دادگا. 

دروستە پیاو لە ئیسلامدا تا ٤ ژن بێنێت بە مەرجێک دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ بکات. بەڵام ژن لە کاتێکدا تەنیا دەتوانێت لەگەڵ یەک پیاو بێت. 

ڕۆژژمێر

ساڵنامەی ئیسلامی یان ساڵنامەی کۆچی پەیوەستە بەو ساڵنامە مانگییەی کە عەرەبەکان پێش ئیسلام بەکاریان دەهێنا. بەڵام لە سەردەمی پێغەمبەردا عەرەبەکان ساڵەکانیان نەدەژمارد، بەڵام هەر ساڵێک ناوێکی هەبوو کە لە ساڵەکانی تری جیا دەکردەوە. ئەم دۆخە تا حەڤدەهەمین ساڵی کۆچی لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب بەردەوام بوو، کە دواتر هەستا بە دامەزراندنی ساڵنامەی کۆچی و یەکەم ساڵی لە ساتی کۆچکردنی پێغەمبەرەوە دەست پێدەکات لە مەککەوە بۆ مەدینە.

زانای ئایینی

ئەو پیاوە ئایینییە موسڵمانانەی لە بابەتی ئایینی و کێشەکانی خەڵکی تێدەگەن دەوترێت "زانا"، "فەقێ" یان "مەلا"، کە کەسێکە وانە شەرعییەکانی خوێندووە و لە ئایینی ئیسلام تێدەگات و دەتوانێت کاری پێ بکات. هەرکەسێک بگاتە بەرزترین ئاستی زانست و فەتوا لەسەر بابەتگەلی نوێ دەربکات کە پێشکەشی دەکرێت پێی دەوترێت "موفتی". چەند ناوێکی تریش هەیە کە بە پیاوانی ئایینی موسڵمان دراوە، لەوانە: مەولەوی، شێخ، مەولا. شیعەکان بە پیاوانی ئایینی دەڵێن "ڕۆحانی" و "سەید". 


سەرچاوەکان

1629 بینین