ئوتوو

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-05-28-14:14:00 - کۆدی بابەت: 8817
ئوتوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئوتوو (بە عەرەبی: مکواة، بە ئینگلیزی: Iron) ئامێر و ئامرازێکی بچووکە، لەڕێگەی گەرمکردنییەوە بۆ ڕێکخستن و نەهێشتنی چرچ و لۆچی و دەق پێدانی جلوبەرگ بەکاردەهێنرێت. لە زمانی ئینگلیزیدا وشەی Iron کە واتای ئاسنە بۆ ئوتوو بەکارهێنراوە، چونکە لە ڕابردوودا ئوتووەکان هەر لە ئاسن دروستکراون.
لە ئێستادا چۆنێتی بەکارهێنانی ئوتوو ئاسان و سادەیە و چەندان تایبەتمەندی ناوازەی هەیە، نموونەی بەکارهێنانی هەڵم کە لە ڕێگەیەوە چرچ و لۆچی جلەکان بە ئاسانی ڕێکتر دەبنەوە، تایبەتمەندییەکی تری بریتییە لەوەی کە بەکارهێنەر دەتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵکردن و ڕێکخستنی پلەی گەرمی ئوتووەکە بکات، هاوکات گرنترین تایبەتمەندیش بریتییە لە کوژاندنەوەی خودکارانەی ئوتووەکە واتا هەر لە دوای بەکارهێنانی ئوتووەکە ئەگەر نەکوژێنرێتەوە، خۆی بە شێوەیەکی خودکار دەکوژێتەوە.
ئوتووەکانی ئەم سەردەمە بە کارەبا کاردەکات و شێوە و قەبارەی جیاوازیان هەیە هەندێکیان تەکنەلۆجیای مۆدێرنی تێدا بەکارهێنراوا. بە شێوەیەکی گشتی کاری سەرەکی لە ڕێگەی گەرمی و پەستان و هەڵمەوە ئوتوو لۆچی سەر جلەکان ناهێڵێت.

مێژووی ئوتوو

نزیکەی 400 ساڵ پێش زایین، یۆنانییەکان ئوتووی وشکیان بۆ بە دەق دەرخستنی قوماشی کەتان بەکارهێناوە، شێوەی ئوتووی ئەو سەردەمە ئاسنێکی بازنەیی قەبارە گەورە بووە، پێش بەکارهێنان گەرم کراوە.
ڕۆمانییەکان لە سەردەمی فەرمانڕەواییاندا چەندەها جۆر کەرەستەی سادەی هاوشێوەی ئوتوویان بەکارهێناوە، نموونەی چەکوش و دار کە جلەکانیان دەخستە نێو دوو تەختە و بە هێز و پەستان چەکووش یان دارەکەیان لێدەدا چرچ و لۆچییەکانی سەر جلەکە کەم دەبووەوە.
لە سەدەی دەیەمی زایینی جۆرە ئوتوویەک بڵاوبووەوە کە قەبارەی گەورە بوو و لە شووشەیش دروستکرا بوو. لە دوای سەدەی پازدیەمەوە سندوقی ئوتووکردن بڵاوبووەوە، کە هاوشێوەی سندوقێکی درێژ بوو و تا ئاستێکی دیاریکراویش بەرز بوو جلەکان دەخرایە نێوانێوە و دادەخرا، لە ڕێگەی گەرمکردنەوە چرچ و لۆچییەکەی سەر جلەکان کەم دەبووەوە.
ئوتووی دروستکراو لە ئاسن کە خاوەن قەبارەیەکی بچووک بوو بۆ یەکەم جار لە ئەورووپا دەرکەوت. لە سەدەی نۆزدەیەمەوە چەندان شێوەی هەمەجۆری لێدەرکەوت ئەو ماددەیەی لێی دروست دەکرا بریتی بوو لە ئاسنی داڕشتە یان ئاسنی جۆشدار کە لەو سەردەمەدا لە ئاسنی ئاسایی زیاتر بەردەست بوو، بەڵام ئەو جۆرە ئوتووەی کە لە ئاسنی داڕشتە دروست بکرایە کێشەکەی قورس بوو و نزیکەی پێنج کیلۆ و نیو کێشی هەبوو.
لە ساڵی 1874 دوای ئەوەی گاز لە هەموو ماڵێکی ئەمریکی بەردەست بوو، یەکەمین ئوتوو کە بە گاز کاری دەکرد لە ئەمریکا دروست کرا، لە دوای ئەوەوە هەندێک ئوتووی تر دروست کران کە بە سووتەمەنی وەکوو بەنزین و پارافین کاریان دەکرد.
لە ساڵی 1882 یەکەمین ئوتوو کە بە کارەبا ئیشی دەکرد لەلایەن داهێنەری ئەمریکی "هێنری دەبلیو سیلی" دروستکرا.
لە ساڵی 1926 کۆمپانیایەکی ئەڵمانی بە ناوی Eldec ئوتووی هەڵمی بەرهەمهێنا و تایبەتمەندییەکی زۆر ناوازە بوو کە بۆ ئامێری ئوتوو زیادیان کرد.


سەرچاوەکان



574 بینین