سەحارا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-06-13-21:45:00 - کۆدی بابەت: 9004
سەحارا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەحارا (بە ئینگلیزی: Sahara، بە عەرەبی: الصحرا الكبرى) بیابانێکە لە کیشوەری ئەفریقا. بە ڕووبەری ٩٢٠٠ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەییەوە، گەورەترین بیابانی گەرمە لە جیهاندا و بەگشتی سێیەم گەورەترین بیابانی جیهانە، تەنها لە بیابانەکانی ئەنتارکتیکا و باکووری جەمسەری باکوور بچووکترە. هەروەها ناوی (سەحارا) لە وشەی عەرەبی (صحراء)ـەوە وەرگیراوە. درێژی ئەم بیابانە ٤٨٠٠ کیلۆمەتر و پانییەکەی ١٨٠٠ کیلۆمەترە.

بیابانەکە بەشێکی زۆری باکووری ئەفریقا پێکدەهێنێت، بێجگە لە ناوچە بەپیتەکەی کەناری دەریای ناوەڕاست و چیاکانی ئەتڵەسی مەغریب و دۆڵی نیل لە میسر و سودان. ئەم بیابانه لە بەشی ڕۆژهەڵاتەوە لە دەریای سوور و لە باکوورەوە تا دەگاتە زەریای ئەتڵەسی لە ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە، کە وردەوردە دیمەنەکە لە بیابانەوە بۆ کەنارە دەشتەکان دەگۆڕێت. لە باشوورەوە بە ساحل دەورەدراوە. دەتوانرێت سەحارا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکرێت، لەوانە سەحارای ڕۆژئاوا، چیای هوقاری ناوەڕاست، چیای تیبێستی، چیای ئایر، بیابانی تێنێری و بیابانی لیبیا.

بیابانەکه لەڕووی مێژووییەوە

مرۆڤەکان هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لە کۆتایی دوایین قۆناغی سەهۆڵبەندان لە لێواری بیابانەکەدا دەژیان. لە سەحارای ناوەڕاستدا، بەردی نەخشێنراو و هەڵکۆڵراوی وای لێییە کە ڕەنگە مێژووەکەیان بۆ ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە. بیابانی سەحارا ئەو کاتە شوێنێکی زۆر تەڕتر بوو لە ئێستا. زیاتر لە ٣٠ هەزار بەردەنەخشینەی ئاژەڵە ڕووبارییەکانی وەکوو تیمساح ماونەتەوە، کە نیوەیان لە (طاسيلي ناجر) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی جەزائیر دۆزراونەتەوە. هەروەها دایناسۆرە بەردبووەکانیشی لێ دۆزراوەتەوە. بەڵام سەحارای ئێستادا ڕووەک و گیای چڕوپڕی لێ نییە، جگە لە دۆڵی نیل، چەند مێرگێک و لە بەرزاییەکانی باکوور، کە ڕووەکی دەریای سپی ناوەڕاستی وەکوو دار زەیتوون تێیدا دەدۆزرێتەوە. لە مێژە باوەڕ وابووە کە ناوچەکە لە نزیکەی ساڵی ١٦٠٠ پێش زایینەوە بەم شێوەیە بووە. نزیکەی ٥٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر، دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە تەوەرەی زەویدا پلەی گەرمیی بەرزکردەوە و ڕێژەی دابارینی کەمکرد، ئەمەش بووە هۆی بیابانبوونی لەناکاوی باکووری ئەفریقا.

خەڵکی بیابانەکە

خەڵکی سەحارا لە بنەچەی جۆراوجۆرن. لەنێویاندا ئەمازیغەکان کە ئەوانیش ئەندامی گەلی بەربەری ڕۆژئاوا و ناوەندی، گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەمازیغی عەرەبی وەکوو ئەو سەحاراوییانەی کە بە حسانیە قسەیان دەکرد. گرووپە سەرەکییەکانی تری ناوچەکە بریتیین لە: توبو، نوبییەکان، زاغاوا، کانوری، هاوسا، سۆنگهای، بێجا، و فولا/فولانی. هەروەها زۆرترینی دانیشتوانەکەی بە زاراوەکانی زمانی عەرەبی دەدوێن.

ڕووەک و ئاژەڵەکانی سەحارا

بە پشتبەستن بە تایبەتمەندییە بایۆجوگرافییەکانی ئەم بیابانە فراوانە ڕووەکانی ئەم بیابانە زۆر هەمەچەشنن. لەڕووی لێکۆڵینەوەی ژیۆجیۆگرافی لە ڕووەک و گرووپەکانی، سەحارا خاوەنی سێ ناوچەیە کە بە پشتبەستن بە بڕی بارانبارینی وەرگیراو جیا دەکرێنەوە، ئەوانیش بریتیین لە ناوچەکانی باکوور (دەریای ناوەڕاست)، ناوەڕاست و باشوور. دوو ناوچەی گواستنەوەیی هەیە، یەکەم بریتییە لە گواستنەوەی دەریای ناوەڕاستی سەحارا و ناوچەی گواستنەوەی ساحل.

ڕووەکەکانی سەحارا نزیکەی ٢٨٠٠ جۆری ڕووەکی ئاوگ کێش لەخۆدەگرێت. نزیکەی چارەکێکی ئەم ڕووەکانەش تایبەتن بە بیابانەکە. هەروەها نزیکەی نیوەی ئەم جۆرانە هاوبەشن لەگەڵ ڕووەکی بیابانەکانی عەرەبی.

بەشی ناوەڕاستی بیابانەکە نزیکەی ٥۰۰ جۆر ڕووەکی تێدایە، کە ئەمەش بەگوێرەی گەورەیی ناوچەکە ڕێژەیەکی کەمە. هەندێک لەو جۆرانەش، درەختەکانی کەتیرەی ئەكاسيا (جۆرە درەختێکی گوڵ زەردە)، دارخورما، درەختی چڕوپڕ، دەوەنی دڕکاوی و گیان کە بە کەم گەشەکردن، هەڵگرتنی ئاو لە لقە ئەستوورەکانیان، و بە درێژبوونی ڕەگەکانیان لەپێناو گەیشتن بە ئاو یان ناوچەی شێدار و بە هەبوونی گەڵای ورد و ئەستوور یان دەرپەڕیووی دڕکاوی لە پێناو لەدەستنەدانی ئاو ‌خۆیانیان لەگەڵ بارودۆخی وشکدا گونجاندووە.

هەندێک جۆری ڕێوی و ئاسک لە بیابانەکەدان کە لە توانایاندایە نزیکەی ساڵێک ئاو نەخۆنەوە. هەروەها جۆرە پشیلەیەکی کێوی بەڵەک لەگەڵ ئاژەڵەکانی تری وەکوو شەوگەرد، گیانەوەرێکی گیاخۆری کلک‌ کورتی چکۆلە، کوێرەمار و سەگی کێوی ئەفریقی لە بیابانەکەدا دەدۆزرێنەوە. ئاژەڵەکانی تری بیابانەکە بە تایبەتیش باڵندەکانی وەکوو مونیای گەردن سپیی ئەفریقی و چەندین جۆری تر لە بیابانەکەدا دەبینرێن. سەرەڕای ئەوەش وشتر و بزنەکان لەو جۆرە گیانەوەرانەن کە لەگەڵ ژینگەی سەحارادا خۆیانیان ڕاهێناوە.

کەشوهەوای بیابانەکە

بیابانی سەحارا بە یەکێک لە گەرمترین بیابانەکانی جیهان دادەنرێت، بەڵام پلەی گەرمی بەپێی شوێنە جوگرافییەکانی ناوچەکە دەگۆڕێت. بەشێوەیەکی گشتی تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە بە ڕۆژدا لە نێوان ۳۰ بۆ ٥۰ پلەی سەدییدایە، بەرزترین پلەی گەرمی  تۆمارکراوی بیابانەکە ٥٨ پلەی سەدییە. بەڵام پلەی گەرمی بە شەودا لە نێوان ۱۰ بۆ ۲۰ پلەی سەدییدایە.

 

 

 

 


سەرچاوەکان



462 بینین