تەحسین تەها

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-06-16-23:27:00 - کۆدی بابەت: 9050
تەحسین تەها

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەحسین تەها ناوی تەواوی تەحسین تەها محەمەد سەلیم (بە ئینگلیزی: Tahsin Taha) گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەن و چالاکوانێکی کورد بوو، لە ٢٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچکەی ئامێدی لەدایکبووە، لە ٢٨ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٥ لە هۆڵەندا کۆچی دوایی کردووە، هەروەها لە چەند بەرهەمێکی شانۆییشدا نواندنی کردووە.

ژیانی

تەحسین تەھا لە ساڵی ٢٥ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٤١ لە شارۆچکەی ئامێدی لە دایکبووە. بەهۆی ئەوەی باوکی فەرمانبەر بووە لە گەلێک شار و شارۆچکە و ناوچەی دەڤەری بادینان ژیاوە، بەو هۆیەشەوە تەحسین خوێندنی لە ناوچەی مانگیش و باتووفە و شاری دهۆک تەواو کردووە و دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی چووەتە بەغداد و لە پەیمانگای ھونەرە جوانەکان وەرگیراوە و خۆی فێری ژەنینی ئامێری عوود کردووە و پڕۆڤەشی لەسەر گۆرانی کردووە. تەحسین تەھا لەو سەردەمەی کە باری کوردستان سەخت بووە چووەتە وڵاتی ھۆڵەندا و چەند ساڵێک لەوێ ژیاوە، لە ٢٨ـی ئایاری ساڵی ١٩٩٥ لە نەخۆشخانەیەکی وڵاتەکە بە نەخۆشیی دڵ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی لە ٤ـی حوزەیران دەگاتەوە کوردستان و لە ئامێدی بە خاک دەسپێردرێت.

ژیانی ھونەریی

تەحسین تەھا لە ساڵی ١٩٥٨ یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی "ئەشکەرا ناکەم یا لبەر ڤی دڵی" بڵاو کردووەتەوە. تەحسین تەھا ھاوینی ساڵی ١٩٦٤ پەیمانگای ھونەرە جوانەکان لە بەغداد تەواو دەکات و لە پاییزی هەمان ساڵ دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی ھونەر لە قوتابخانەی مەخمووری سەرەتایی لە پارێزگای ھەولێر. ئەو ماوەیەی لە بەغداد بووە هەلی بۆ ڕەخساوە چووەتە ڕادیۆی كوردی بەغدا‌د و گۆرانییەكانی بۆ ئەو ڕادیۆیە تۆمار كردووە‌ و ئەوەش بووتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی كوردستان بەدەنگە بەسۆزەكەی ئاشنا بن‌ و بیناسن، بەپێی هەندێ‌ک ئامار نزیكەی ١٢٠ گۆرانی لەوێ تۆمار كردووە‌ و بەگشتیش خاوەنی نزیكەی ١٥٠ گۆرانییە. گەلێک چالاکیی ھونەریی لە بواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لەو شارۆچکەیەدا دەکات و بزووتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکەدا پێش دەخات و ماڵەکەشی دەکاتە مەڵبەندێکی ھونەری و یانەی مۆسیقا و گۆرانیبێژانی کورد. تەحسین ساڵی ١٩٦٨ دەگوازێتەوە بۆ شاری ھەولێر و لە قوتابخانەیەکی نموونەیی ھەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی ھونەریی لە نێو قوتابییەکانیدا دروستدەکات و لە دەرەوەی قوتابخانە‌شدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقاژەن و ھونەرمەندان تیپی مۆسیقای ھونەریی ھەولێر دادەمەزرێنێت. ھونەرمەند تەحسین تەھا لە بەشی چالاکیی ھونەری سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی ھەولێر دەکرێت بە ڕاھێنەری مۆسیقا و سروودی قوتابخانەکان و دەستەیەکی باش لە قوتابییەکانی فێری مۆسیقا دەکات.

کارە هونەرییەکانی

تەحسین تەها هونەرمەندێكی دیار و ناسراوی كوردە و لەچەندین بواری جیاوازدا خزمەتی بەهونەرەكانی گۆرانی‌ و مۆسیقای كوردی كردووە‌ و ڕۆڵی دیار‌ و بەرچاوی لە نوێكردنەوەی هونەری گۆرانی لە ناوچەی بادینان هەبووە. هونەرمەند بێجگە گۆرانی وتن کاری ڕۆڵگێڕانیشی کردووە، ئاوازەکانی ئەم ھونەرمەندە زیاتر لە ئاوازی میللی و کولتووری ھونەری نەتەوایەتی کوردەوە وەرگیرابوون و ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیار بوو، کە سەرجەمیان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان ھەڵداوە، زۆربەی ئاوازەکانیشی لەسەر مەقامی بەیات دەگوتران چونکە لەگەڵ دەنگی دەگونجان. لە مۆسیقاژەن و ئاوازدانەرەکانی کورد زۆر ڕای لە دڵشاد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی بوو، لە گۆرانیبێژەکانیش زۆر ڕای لە محەممەد عارفی جزیری و تاهیر تۆفیق و شەماڵ سائیب بوو.


سەرچاوەکان



367 بینین