مەکسیک

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-17-17:08:00 - کۆدی بابەت: 9056
مەکسیک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

مەکسیک (بە عەرەبی: المکسیك، بە ئینگلیزی: Mexico) وڵاتێکی کۆماری فیدڕاڵییە کە دەکەوێتە کیشوەری ئەمریکای باکوورەوە، لە باکوورەوە هاوسنووری نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، لە بەشی باشوور و ڕۆژئاواوە زەریای هێمن دەوری داوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە هەریەک لە گواتیمالا و دەریای کاریبی هاوسنوورە، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە کەنداوی مەکسیک هاوسنوورێتی.
ڕووبەری وڵات نزیکەی دوو ملیۆن کیلۆمەتر چوارگۆشەیه، بە پێنجەم گەورەترین وڵاتی هەردوو کیشوەری ئەمریکای باشوور و ئەمریکای باکوور دادەنرێت، هاوکات 13ـیەمین گەورەترین وڵاتی سەربەخۆی جیهانە.
لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە نزیکەی 112 ملیۆن کەس دانیشتووی وڵاتن بۆیە 11ـیەمین قەرەباڵغترین وڵاتی جیهانە.
زمانی فەرمی وڵات ئیسپانییە. مەکسیک وڵاتێکی یەکگرتووە 31 ویلایەت و ناوچەی لەخۆ گرتووە و شاری مەکسیکۆ سیتی گەورەترین شار و پایتەختی وڵاتە.

مێژووەکەی

ـ زۆرێک لە کولتوور و شارستانییەکانی ئەمریکای ناوەڕاست نیشتەجێی ناوچەکە بوونە مێژووی خاکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵی پێش سەدەکانی زایینی.
ـ لە ساڵی 1521 ئیسپانیا ناوچەکەی داگیر کردووە و ناوی گۆڕیوە بۆ "ئیسپانیای نوێ"، بۆ ماوەی سێ سەدە خاکی مەکسیک داگیرکراوی ژێردەستەی شانشینی ئیسپانیا بوو.
ـ لە ساڵی 1821 مەکسیک بە فەرمی سەربەخۆیی لەژێر دەستی داگیرکاری ئیسپانیا وەرگرت.
ـ ساڵەکانی دوای سەربەخۆیی ناوچەکە بەدەست جەنگی ناوخۆ و جەنگی ئەمریکا و مەکسیکەوە دەیناڵاند، چەندان شۆڕش ڕوویدا و لە ئەنجامی هەڵگیرسانی چەند جەنگێک لەگەڵ ئەمریکا، مەکسیک نزیکەی نیوەی خاکەکەی لەدەستدا و کرایە سەر ئەمریکا و سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات گۆڕانکاری بەسەردا هات، ئەمریکا نزیکەی 1,360,000 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە خاکی مەکسیک داگیرکرد.

دیمۆگرافیای دانیشتووان

مەکسیک یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕەچەڵەکی دانیشتووانەکەی هەمەجۆرن، زۆرێکیان لە کۆچبەرە ئەورووپییەکان پێکهاتوون، هاوکات بەهۆی هاوسنووری لەگەڵ ئەمریکا زۆرێک لە دانیشتووانەکەی کۆچی ئەو وڵاتە دەکەن بەشێوەیەک کە 9%ـی هاونیشتمانیانی مەکسیک کۆچی ئەو وڵاتەیان کردووە، بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی 2006 بڵاوکرایەوە دەرکەوتووە کە 28.3 ملیۆن ئەمریکی ڕەچەڵەکیان مەکسیکییە.
مەکسیک قەرەباڵغترین وڵاتی جیهانە کە دانیشتووانەکەی بە زمانی ئیسپانی قسەدەکەن. ژمارەی دانیشتووانی بەپێی کۆتا سەرژمێرییە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە 112 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
ئایینی مەسیحی کاسۆلیکی بیروباوەڕی زۆربەی دانیشتووان پێکدەهێنێت ڕێژەی 82.7%ـی دانیشتووان پەیڕەوی ئەو ئایینەن. لە جیهاندا لە دوای وڵاتی بەڕازیل کاسۆلیکییەکانی مەکسیک دووەم گەورەترین کۆمەڵەی ئەو ڕێبازەی ئایینی مەسیحین.
ڕێبازەکانی تری مەسیحییەت 9.7%ـی ڕێژی باوەڕدارانی مەکسیک پێکدەهێنێت، هاوکات ڕێژەی 7.6%ـی دانیشتووان بێ ئایینن.

ئابووری وڵات

مەکسیک لەڕووی بەرهەمهێنانی ناوخۆییەوە 13ـیەمین وڵاتی جیهانە. 
ئابووری وڵات ساڵ لەدوای ساڵ بەهێز دەبێت و قەرزی دەرەکی بە ڕێژەی 20% کەمی کردووە. ئەمریکا و کەنەدا دوو وڵاتن کە مەکسیک زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ دەکات.
بواری پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە مەکسیک لە هەموو کیشوەری ئەمریکای باکوور پێشەنگە و تەنانەت لە ئەمریکا و کەنەداش زیاتر بەرهەمی هەیە.
هەروەها لەڕووی گەشتیارییەوە لە پلەی 23ـیەمی جیهاندایە و لەو بوارەدا لە  پێشەنگترینی وڵاتانی ئەمریکای لاتینە.
گەشتیارانی ئەمریکا و کەنەدا، ڕێژەیەکی دیاریکراویش لە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا لە زۆرتین سەردانکەرانی وڵاتەکەن، مەکسیکۆ سیتی پایتەخت زۆرترین پشکی سەردانیکەرانی بەرکەوتووە، ژمارەیەک شوێنەواری مێژوویی لەخۆدەگرێت نموونەی کڵێسا کۆنەکان و چەندان مۆزەخانەی گەورەیش لەو شارە بوونیان هەیە.


سەرچاوەکان



1280 بینین