شێخ مارفی نۆدێ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-06-20-14:27:00 - کۆدی بابەت: 9095
شێخ مارفی نۆدێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شێخ مارفی نۆدێ (بە ئینگلیزی: Shaykh Marif Nodeyi، بە فارسی: شیخ معروف نودهی) ناوی تەواوی سەید محەمەد ناسراو بە مارف کوڕی سەید مستەفا کوڕی سەید ئەحمەدە و بە ١٣ پشت دەگەڕێتەوە سەر شێخ عیسای بەرزنجی. زانای ئایینی و خواناس، شاعیری کورد، باوکی کاک ئەحمەدی شێخ (ناسراو بە کاک ئەحمەدی سلێمانی) و باپیری شێخ سەعید و باپیرەگەورەی شێخ مەحموودی حەفیدە. لە زانا بەرزەکانی کوردستان بووە و زانای دیار و گەورەی بنەماڵەی بەرزنجە بووە و خاوەنی دەستی باڵا بووە لە شیعر و ئەدەبدا و سوارچاکی مەیدانی زانستی عەرووز و هۆنینەوەی شیعر بووە.

بنەچە

سەید شێخ محەمەد مەعرووف کوڕی شێخ مستەفای کوڕی سەید ئەحمەدی کوڕی سەید محەمەدی نۆدێی ناسراو بە کبریتی سوور کوڕی باوە عەلی وەندەرێنە، کوڕی سەید بابە ڕەسوولی گەورە کوڕی شێخ سەیدی کوڕی سەید ڕەسوول کوڕی سەید قەلەندەری کوڕی شێخ عەبدولسەیدی کوڕی سەید عیسای ئەحدەب، کوڕی سەید حسەین کوڕی سەید بایەزید کوڕی سەید عەبدولکەریمی کوڕی سەید عیسای بەرزنجی کوڕی سەید بابەعەلی هەمەدانی کوڕی سەید یوسفی کوڕی سەید مەنسووری کوڕی سەید عەبدولعەزیزی سەید عەبدوڵڵای کوڕی سەید ئیسماعیلی موحەدیث کوڕی ئیمام موسای کازم کوڕی ئیمام جەعفەری سادق کوڕی ئیمام محەمەدی باقر کوڕی ئیمام عەلی زەینولعابدین کوڕی ئیمام حسێن کوڕی ئیمامی عەلی و حەزرەتی فاتیمەی کچی حەزرەتی پێغەمبەر ﷺ‏.

ژیان

شێخ مارف لە ساڵی ١٧٥٢ لە گوندی نۆدێی سەر بە ناوچەی شارەزوور لەدایکبووە، لەلای باوکی دەستی کردووە بە خوێندن و قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە، دوای تەواوکردنی کتێبە سەرەتاییەکانی نەحوو و سەرف باوکی دەینێرێتە قەڵاچۆلانی پایتەختی بابانییەکان، لە قوتابخانەی غەزائییە دەست بە شەرحی موغنی دەکات، تاوەکوو ساڵی ١٧٦٤ لەوێ دەمێنێتەوە، پاشان دەچێتە هەزارمەرد لای مەلا محەمەدی ئیبنولحاج لەوێ کتێبەکانی سیوطی و حیسامکاتی و عەبدوڵڵای یەزدی و موختەسەر و شەرحی عەقائیدی خوێند، پاشان گەڕایەوە قەڵاچۆلان و ماوەیەک لەلای مەلا محەمەدی غەزائی شەریعەتی خوێند. 

وەک وانەبێژ لە مزگەوتی قەڵاچۆلان دادەنرێت، دوای ئەوەی ئیبراهیم پاشای بابان شاری سلێمانی دروست کرد و پایتەختی بابان لە قەڵاچۆلان گواسترایەوە بۆ ئەوێ، لەگەڵ دروستکردنی مزگەوتی گەورەی سلێمانی، شێخ مارف دەبێتە مامۆستای ئەو مزگەوتە. شێخ مارف تەریقەتی قادری لە شێخ عەلی وەرگرتووە، کە مامی باوکیەتی، ئەویش تەریقەتی لە شێخ ئیسماعیلی ولیانی وەرگرتووە. 

کەسێکی زۆر شارەزا بووە و لە بەلاغە و زمان و وێژەی عەرەبیدا لێهاتوو بووە. لە تەفسیر و زانستی فەرموودە و ئەخبار و تەجوید و خوێندنی قورئاندا شارەزاییەکی تەواوی هەبووە. بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی بەرهەمی هەبووە، لە پارێزکاری و عیبادەت و بەجێهێنانی سوننەتی پێغەمبەردا، تا قۆناغی ویلایەت گەیشتووە.

ناکۆکی نێوان مەولانا خالید و شێخ مارفی نۆدێ

ماوەیەک بەهۆی هەڵە لێکتێگەیشتن، هەندێک کێشەی بچووک لە نێوان مەولانا خالیدی بەغدادی نەقشبەندی و شێخ مارفی نۆدێی قادری ڕووی داوە، بەڵام دواتر بوون بە دۆستی یەکتر و تەبایی و ئاشتەوایی لە نێوانیان بەردەوام بووە.

کۆچی دوایی

شێخ مارفی نۆدێ لە ساڵی ١٨٣٨ کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە نزیک گومبەتی سولەیمان پاشای بابان بەخاک سپێردرا.

کوڕەکانی

  • سەید محەمەد
  • حاجی کاک ئەحمەدی شێخ

بەرهەمەکان

شێخ مارف نووسەر و شاعیر بووە، ٥٩ کتێبی لەسەر فیقھ و فەرموودە و ڕاڤە هەیە، ٨٧٠ پارچە شیعریشی هەیە کە قەسیدەی ئایینین. دوای کۆچی دوایی شێخ مارفی نۆدێ، ئەو کتێبخانە گەورەیەی لە سلێمانیدا هەبوو زۆربەی فەوتا کە خەزێنەیەکی گەورەی میرنشینی بابان بوو. شێخ محەمەدی خاڵ دەڵێ کە چوومە مزگەوتی گەورە، بینیم کتێبخانەکە کەوتووەتە ژێر دارو پەردوو، هەر کەس دێ بە ئارەزووی خۆی دەستنووس و کتێب دەبات، منیش داوام لە شێخ مەحموودی نەمر کرد بەڵکوو کتێبخانەیەکی بۆ دروست بکەین، شێخ مەحموودیش پارەی بۆ تەرخانکرد، کتێبخانەیەکی گەورەمان بۆ دروستکرد و کتێبەکانمان سەرلەنوێ بەرگکردنەوە، بەو شێوەیە کتێبخانەی سلێمانیمان دووبارە دروستکردەوە و ڕادەستی ئەوقافی سلێمانیمان کرد.

  • لوغەتنامەی ئەحمەدی
  • أزهار الخمائل في الصلوات المشتملة على الشمائل
  • تخميس قصيدة البردة
  • تخميس قصيدة أءنعم عيشا
  • الإغراب في نظم الإعراب
  • أوثق العرى في الصلاة على خير الورى
  • إيضاحح المحجة و اقامة الحجة على الطاعن في نسب السادة البرزنجية
  • البرهان الجلي في مناقب شيخي السيد علي
  • ترصيف المباني في نظم تصريف الزنجاني
  • تنقيح العبارات في توضيح الإستعارات
  • تخميس قصيدة بانت سعاد
  • تخميس قصيدة المضرية
  • تخميس قصيدة الهمزية
  • تحميس لامية العجم
  • الفرائد في علم العقائد
  • البرهان الجلي في مناقب الامام علي (كرم الله وجهه)
  • تنوير العقول في أحاديث الرسول
  • الشامل في العوامل
  • القطوف الداني في حروف المعاني
  • كفاية الطالب في نظم كافية ابن الحاجب

ئەحمەدی

فەرھەنگێكی بەناوی (ئەحمەدی) بۆ كاكە ئەحمەدی شێخی كوڕی نووسیوە، بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی‌ و بە شیعر دایڕشتووە، كە ١٣٨٢ وشەی لەخۆگرتووە، ئەم فەرھەنگەی مامۆستا نۆدێیی لە دوای فەرھەنگی نەوبەھاری ئەحمەدی خانی بە دووەم فەرھەنگ دادەنرێت. فەرهەنگەکە لە ساڵی ١٩٣٦ چاپ کراوە.


سەرچاوەکان



1480 بینین