شانشینی عوممان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-06-30-22:00:00 - کۆدی بابەت: 9233
شانشینی عوممان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

وڵاتی عومان، عوممان یاخود شانشینی عوممان (بە عەرەبی: سلطنة عُمان، به ئينگلیزی: Oman) وڵاتێکی عەرەبییە و دەکەوێتە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، هەروەها دەکەوێتە بەشی باشووری ڕۆژهەڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و سەر بە وڵاتانی کەنداوی عەرەبییە.
لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتەوە دەریای عوممان و لە باشووری ڕۆژهەڵاتیشی بە زەریای هیندی دەور دراوە، وڵاتی سعودییە و ئیماڕات هاوسنووری بەشی ڕۆژئاوای عوممانن، یەمەن دەکەوێتە بەشی باشوورییەوە، هاوکات لەگەڵ گەرووی هورمز لە باکوورەوە و دەریای عەرەبیش لە ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە. لە ڕووی ڕووبەرەوە سێیەم گەورەترین وڵاتی نیمچە دوورگەی عەرەبییە، ڕووبەری گشتی وڵات نزیکەی 309.500 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. شاری "مەسقەت" پایتەختی وڵاتە و زۆربەی ڕێژەی دانیشتوانی وڵات نیشتەجێی ئەو شارەن.

واتا ناوەکەی

لە سەردەمی سۆمەری و بابلییەکان بە وشەی "مەجان" ناوی خاکەکەی هێنراوە.
ڕاجیاییەکی زۆر لەسەر ناوی عوممان هەیە، هەندێک بۆچوون ڕەچەڵەکی ناوەکەی بۆ هۆزی "عوممانی قەحتانی" دەگێڕنەوە کە هۆزێکی کۆنە و ڕەچەڵەکیان لەو ناوچەیەیە. (ئیبن عەرەبی) کە زمانناسی عەرەبییە واتای وشەی عوممانی بە جێگیری و مانەوە وێنا کردووە.
ناوی عوممان لە زمانی ڕۆمانی بەکارهاتووە نموونەی سەردەمی لینۆس و سەردەمی بەتڵیمۆس، عوممان لە سەردەمی ڕۆمانییەکان لەنێو کتێبە مێژووییەکان بە "OMANA" ناودێر کراوە.

مێژووی وڵات

خاکی عوممان لە کۆنترین شوێنەکانی جیهانی سەر زەوییە کە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە، بەپێی بەڵگە و شوێنەوارە مێژووییەکان، مێژووی خاکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 106 ساڵی پێش زایین.
"شانشینی مەجان" ناودارترین شارستانییە کە لەو خاکە نیشتەجێ بوونە، دانیشتوانەکەی بە بازرگانیکردن بە مسەوە ناودار بوون و لە ڕێگەی گەشتی بازرگانییەوە بۆ ناوچەکانی تر ناردوویانە و بازرگانییان کردووە.
دوای ڕووخانی "پردی مەئرەب" ناوچەکە بووەتە مۆڵگەی کۆچبەرانی هۆزە عەرەبییەکانی دەورووبەری وڵاتی یەمەن.
عوممانییەکان لەڕێگەی نێردراوی پێغەمبەر ﷺ لە ساڵی 630 لەلایەن عەمری کوڕی عاسەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە ئیسلامیان پێگەیشت و پەسەندیان کرد.
بۆ ماوەی 150 ساڵ وڵاتەکە ژێردەستەی داگیرکاریی هێزە پورتوگالییەکان بووەوە، تاکوو لە ماوەی ساڵانی 1624 بۆ 1718 لەلایەن هۆزە ناوخۆییە عەرەبییەکانی عوممان وڵات لە داگیرکاریی پورتوگالییەکان ڕزگار کرا، "خێزانی ئال یەعرەب" بوونە بەرپرسی وڵات.
لە ساڵی 1970 "سوڵتان قابووسی کوڕی سەعیدی تەیمور" وەکوو هەشتەم پادشای خێزانی "ئال سەعیدییەکان" هەڵبژێردرا و توانی تاکوو ساڵی 2020 بەررپرسی وڵات بێت، بووە ئەو پادشایەی کە عوممان لە سەردەمی ئەودا بووژایەوە.

دیمۆگرافیای دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی چوار ملیۆن کەسن، نزیکەی نیوەی دانیشتوان کەسانی بێگانەن و ڕەچەڵەکیان عوممانی نییە، زۆرێکیان بە مەبەستی کارکردن چوونەتە ئەو وڵاتە لە پاکستانی، یەمەنی، فلیپینی و هیندی پێکهاتوون.
ئایینی ئیسلام ئایینی فەرمی وڵاتە، کۆمەڵگەی ئیسلامی لە عوممان پەیڕەوی سێ ڕێبازی ئیسلامن، ڕێبازی ئەبازی (بە عەرەبی: المذهب الإباضي، بە ئینگلیزی: Ibadi Islam) ڕێبازێکە هاوشێوەی ڕێبازەکانی تری ئیسلامە و تا ڕادەیەک لە شیعەوە نزیکە، بەشێک لە موسڵمانان بە خواریج وێنایان دەکەن، ئەم ڕێبازە لە عوممان زۆرترین پەیڕەوکاری هەیە، هەروەها پەیڕەوانی ڕێبازی سوننە و شیعەش لەو وڵاتە بوونیان هەیە.

کەرتی ئابووریی عوممان

نەوت و گازی سروشتی لە گرنگترین و سەرەکیترین بەرهەمن کە پەرە بە گەشەی ئابووریی وڵات دەدەن، بە جۆرێک کە ساڵانە 900 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. سەرباری ئەوەی کە تەنها 4%ـی خاکەکەی بۆ کوشتوکاڵی گونجاوە، بەڵام بواری کشتوکاڵی نموونەی بەرهەمهێنانی خورما کاریگەری بەرچاوی لەسەر ئابووری وڵات هەیە. سامانی ئاژەڵ نموونەی بەخێوکردن و فرۆشتنی ئەسپ و ڕاوە ماسی دوو بواری گرنگن کە ئابووری وڵاتیان بووژاندووەتەوە، باشترین ئەسپی عەرەبی لە عوممان بەخێودەکرێت و دەنێردێتە ئەورووپا لە پێشبڕکێکان سوودیان لێ دەبینرێت.
کەرتی گەشتیاریی عوممان هۆکارێکی تری گەشەسەندنی ئابوورییە، بەهۆی بەرقەراربوونی ئاسایشی وڵات بە جۆرێک کە لە مێژووی سەردەمیدا هیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی لەو وڵاتە ئەنجام نەدراوە، تەنانەت ڕێژەی تاوان لەو وڵاتە بەراورد بە وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە زۆر کەمە و ئاستێکی نزمی هەیە، هەموو ئەمانە لەگەڵ شوێنی جوگرافی و دڵڕفێنی کەشوهەواکەی بووەتە هۆکاری ئەوەی کە عوممان ساڵانە بە ملیۆنان سەردانیکەری هەبێت.


سەرچاوەکان

30 بینین