گۆریلا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-17-17:18:00 - کۆدی بابەت: 9435
گۆریلا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گۆریلا (بە ئینگلیزی: Gorilla)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆرینەی خەڵکییەوە جۆرێکی مەیموون نییە، بەڵکوو لە کۆمەڵەی مەیموونە گەورەکاندایە کە لە مەیموونی بچووک و ئاسایی جیاوازترن، نشینگەکەی دەکەوێتە چەند وڵاتێکی جیاوازی کیشوەری ئەفریقا، جێگەی ژیانکردنیشی دەکەوێتە ناوچەی دارستانە چڕەکان یاخود دارستانە باراناوییەکان، هەروەها گۆریلا یەکێکە لە گەورەترین ئەو گیانەوەرە پێشەنگ و سەرەتاییانەی کە لەسەر زەوی بوونی هەبووە و هەتاکوو ئێستاش ماوەتەوە، زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی نزیکە لە مرۆڤەوە و بە یەکێک لە ئەو زیندەوەرانە دادەنرێت کە پەیوەستی و پەیوەندییان بە مرۆڤەکانەوە هەیە، هەروەها بە گوێرەی سەلماندنی زاناکان ٩٨% لە بۆماوە ماددەی جەستەیان هاوشێوی مرۆڤە، بەڕادەیەک زیرەکن کە دەتوانن لە زمانی جەستە تێبگەن و توانای بەکارهێنان و یاریکردنیان بەئامێرەکان هەیە، هێزی جەستەشیان چوار هێندەی مرۆڤەکان دەبێت و تاکێکی پێگەیشتووی توانای چەماندنەوەی ستوونێکی ئاسنی هەیە تەنها بە بەکارهێنانی دەستەکانی، هەرچەندە لە بواری ڕاگەیاندندا بە بەردەوامی گۆریلا بە بوونەوەرێکی شەڕانگێز و مەترسیدار ناودەبرێت، بەڵام لە ڕاستیدا بەوشێوەیە نییە تەنانەت هەندێکجار شەرمنە و بە بینینی مرۆڤ دوور دەکەوێتەوە، تەنها کاتێک کە هەست بە هەڕەشە و مەترسی بکات کاردانەوەی دەبێت و شەڕانگێزی دەنوێنێت.

شێوازی ژیانکردنی تاکەکانی گۆریلا پێکەوەیە و بە کۆمەڵە، لە دوو نێرینە و چەندین مێینە و بێچووەکانیان پێکهاتووە، سەرکردایەتی کۆمەڵەکە بەگشتی باوک و کوڕەکەی دەبێت و ئەگەر بەشێوەی دەگمەن نەبێت ئەوا ناکرێت سەرکردەکان دوو برا بن، وشەی گۆریلا لە بنەڕەتدا وشەیەکی ناوخۆیی ئەفریقایە کە بە واتای مرۆڤێکی موودار دێت، هەروەها ئەم گیانەوەرە ژمارەیەکی زۆری نییە و یەکێکە لە ئەو بوونەوەرانەی کە نزیکە مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەربێت، جگە لە ئەمانەش خێراییەکی گونجاوی هەیە و لە ماوەی کاتژمێرێکدا دەتوانێت زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر ببڕێت.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی گۆریلا بە موو داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت ڕەش یاخود ڕەساسی بێت، ئەو جۆرانەی کە لە شاخەکاندا دەژین مووەکانیان درێژترە لە جۆرەکانی تر، هەروەها مووی پشتی نێرینە پێگەیشتووەکان ڕەنگی وەک زیوی دەردەکەوێت کە ئەمە دەبێتە جیاکەرەوەی نێوان نێرینە و مێینەکانی گۆریلاکان، قەبارەیەکی گەورەی هەیە و کێشی لە نێوان ١٠٠-٢٠٠ کیلۆگرام دەبێت، سنگی ئەستوورە و مەودای نێوان شانەکانی فراوانە، هەروەها ئەو تاکانەی کە پێگەیشتوون دوو قۆڵی بەهێزی ماسولکەییان هەیە کە هاوکارییان دەکات لە جووڵەکردندا، یەکێکی تر لە جیاوازییەکان شێوازی کەللەی سەری گۆریلایە کە جیاوازە لە هەموو بوونەوەرەکانی شانشینی گیانەوەران.  

خۆراک

گۆریلا گیانەوەرێکی هەموو شتخۆرە بەڵام خۆراکی پەسەند و دڵخوازی گەڵاکانە، واتە لە پلەی یەکەمی خۆراکیدا ڕووەکخۆرە کە دەتوانێت میوە و گوڵەکانیش بخوات، یەکێک لە جۆرەکانی دەتوانێت مێروو بخوات یاخود جۆری جیاواز لە بوونەوەرە بچووکەکان، هەر ئەندامێک ڕۆژانە نزیکەی ١٨ کیلۆگرام خۆراک دەخوات، کاتی ئەنجامدانی چالاکییەکانیش بە ڕۆژدایە کە کۆمەڵەکان پێکەوە بۆ خواردن دەردەچن، بەڵام گۆریلا خۆشی دەبێت بەخۆراک بۆ گیانەوەرە ڕاوکەرە بەهێزەکانی ناوچەکەی وەک پڵنگ و تیمساحەکان، ڕاوکردنی گۆریلایەکی ساغ لە ناوچەکاندا تەنها پڵنگ دەتوانێت ئەنجامی بدات، گیانەوەری تر کاتێک دەتوانن ڕاوی بکەن کە نەخۆش یاخود برینداربێت، چونکە ئەوانەی تەندروستن بەهێزن و توانای شەڕکردنی باشیان هەیە واتە بەئاسانی ڕاوناکرێن، جگە لە ئەمانەیش گۆریلاکان لەلایەن مرۆڤەکانیشەوە ڕاودەکرێن.  

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەکانی گۆریلا لە نێوان تەمەنی ٧-٨ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، بەڵام گەشەسەندنی نێرینەکان هێواشترە و لە ماوەی نێوان ١٢-١٣ ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، کاتێک نێرینەیەک دەگاتە ئەم تەمەنە کۆمەڵەکەی جێدەهێڵێت و دانەیەکی تایبەت بە خۆی دروستدەکات، لەگەڵ ئەو مێینانەی کە لە کۆمەڵەکانی ترەوە بەدەستی دەهێنێت لەکاتی شەڕکردندا، دوای یەکگرتنی گۆریلایەکی نێرینە لەگەڵ مێینەکەی، بەدوایدا ماوەی سکپڕی زیاتر لە هەشت مانگ دەخایەنێت، مێینەکە لە هەرجارێکدا تەنها یەک بێچووی دەبێت، لەسەرەتادا بێچووکە زۆر بێتوانایە و بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ دایکیدا دەمێنێتەوە، بە درێژایی ئەم ماوە توانای جووڵەکردن و پاراستنی خۆی نییە بەڵام دەتوانێت بەتوندی بنووسێت بە سنگ یاخود پشتی دایکییەوە، هەروەها سوڕی ژیانی گۆریلاکان لە نێوان ٣٥-٥٠ ساڵ دەبێت، بەڵام ئەوانەی دیلدەکرێن و لە باخچەی ئاژەڵاندا گرنگییان پێدەدرێت تەمەنیان درێژترە.  

جۆرە سەرەکییەکان

گۆریلا جۆرێکی گەورەی مەیموونەکانە و چوار لق ڕەگەزی هەیە کە هەموویان لە دیارترین تایبەتمەندییەکانیاندا هاوشێوەن، بەم شێوەیە:

  • گۆریلای ڕۆژئاوایی (گۆریلای ڕۆژئاوایی زەوییە نزمەکان لەگەڵ گۆریلای کرۆس ڕیڤەر).
  • گۆریلای ڕۆژهەڵاتی (گۆریلای ڕۆژهەڵاتی زەوییە نزمەکان ).
  • گۆریلای شاخەکان


سەرچاوەکان



308 بینین