چەکی ئەلیکترۆنی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-07-21-00:44:00 - کۆدی بابەت: 9466
چەکی ئەلیکترۆنی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چەکی ئەلیکترۆنی (بە ئینگلیزی: Cyberweapon، بە عەرەبی: السلاح الإلكتروني) بە شێوەیەکی باو وەک بریکاری بەرنامەی زیانبەخش پێناسە دەکرێت کە بۆ ئامانجی سەربازی، نیمچە سەربازی، یان هەواڵگری وەک بەشێک لە هێرشی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێنرێت. کە بریتییە لە ڤایرۆسی کۆمپیوتەر، ترۆجان، بەرنامەی سیخوڕی و کرم کە دەتوانن کۆدی تێکچوو بخەنە ناو نەرمەکاڵاکانەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمپیوتەرێک کردار یان پرۆسێسێک ئەنجام بدات کە لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە نەخوازراوە.

تایبەتمەندیەکان

چەکی ئەلیکترۆنی بەزۆری لەلایەن لایەنێکی وەک دەوڵەت یان نادەوڵەتییەوە سپۆنسەر دەکرێت و بەکاردەهێنرێت، ئامانجێک بەدی دەهێنێت کە ئەگەر ئەوە نەبێت پێویستی بە سیخوڕی و بەکارهێنانی هێز دەبێت و لە دژی ئامانجە تایبەتەکان بەکاردەهێنرێت. چەکی ئەلیکترۆنی کارێک ئەنجام دەدات کە بە شێوەیەکی ئاسایی پێویستی بە سەرباز یان سیخوڕ دەبێت، کە بە کارێکی نایاسایی یان بە کردەوەیەکی جەنگ دادەنرێت ئەگەر ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسێکەوە ئەو کارە ئەنجام بدرێت لە حاڵەتی ئاشتیدا.

نموونەی ئەم جۆرە کارانە بریتین لە چاودێریکردن، دزینی زانیاری و لەناوبردنی ئەلیکترۆنی یان فیزیکی. لە کاتێکدا کە چەکی ئەلیکترۆنی بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی زیانێکی دارایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە گرووپی ئامانج، هەروەها ئامانج لەم کردەیە دەستکەوتی دارایی نییە.

نموونە

ئەم بەرنامە زیانبەخشانەی خوارەوە بەگشتی پێوەرەکانی سەرەوە بەدی دەکەن، ئەمانە بە فەرمی لەلایەن پسپۆڕانی ئاسایشی پیشەسازییەوە، یان لە بەیاننامەکانی حکوومەت یان سەربازیدا ناو هێنراون:

  • Duqu
  • Flame (malware)
  • Great Cannon
  • Mirai (malware)
  • Stuxnet
  • Wiper (malware)
  • Pegasus (spyware)

مێژوو

ستۆکسنێت (Stuxnet) لە یەکەم و کاریگەرترین چەکە ئەلیکترۆنییەکان بوو. ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دروست کرا. ستۆکسنێت بە یەکەم چەکی ئەلیکترۆنی گەورە دادەنرێت. هەروەها بەکارهێنانی ستۆکسنێت یەکەمجار بوو کە میللەتێک چەکی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر نەتەوەیەکی تر. دوابەدوای هێرشەکانی ستۆکسنێت، ئێرانیش لە چەکی ئەلیکترۆنی بەکارهێنا بۆ بەئامانجکردنی دامەزراوە داراییە باڵاکانی ئەمریکا، لەنێویاندا بۆرسەی نیویۆرک.

دوای ستۆکسنێت، هەریەک لە دوقوو لە ساڵی ٢٠١١ و فلەیم لە ساڵی ٢٠١٢ بەدوایدا هات، ئاڵۆزییەکانی فلەیم لەو کاتەدا بێ هاوتا بوو. بۆ بڵاوبوونەوە لە لاوازییەکانی مایکرۆسۆفت ویندۆزدا بەکارهێنرا. بە تایبەتی تێرمیناڵەکانی نەوتی ئێرانی کردە ئامانج.

لە ساڵی ٢٠١٧ پێشێلکردنی زانیارییەکان دەریخست کە ئامرازەکانی هاککردنی پارێزراو کە لەلایەن دەزگاکانی حکوومەتەوە بەکاردەهێنرێن دەتوانرێت لەلایەن لایەنی سێیەمەوە بەدەستبهێنرێت و هەندێکجاریش ئاشکرا بکرێن. هەروەها لەو ساڵەدا ویکیلیکس زنجیرە بەڵگەنامەکانی "Vault 7"ـی بڵاوکردەوە کە وردەکارییەکانی خراپ بەکارهێنان و ئامرازەکانی CIA لەخۆی دەگرت.

لەنێو ئەو ئامرازانەی کە دواتر لەلایەن "Shadow Brokers" دزەیان کرد، کەرەستەیەک بەناوی "EternalBlue" هەبوو کە NSA بەکاری هێنابوو بۆ دۆزینەوە و بەکارهێنانی هەڵە لە مایکرۆسۆفت ویندۆزدا. ئەمەش وایکرد مایکرۆسۆفت نوێکاری دەربکات بۆ ئەوەی خۆی لە ئامرازەکە بپارێزێت. کاتێک کۆمپانیای (Shadow Brokers) بە ئاشکرا (EternalBlue)ـیان بڵاوکردەوە، بە خێرایی لەلایەن هاکەرەکانی کۆریای باکوور و ڕووسیاوە بەکارهێنرا، کە پێکیانهێنان و بەرنامەکانی "WannaCry" و "NotPetya" و سەرەتا لە ئۆکرانیا خرانە بازاڕەوە، بەڵام دواتر لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەوە، زۆرێک لە هاردەکانی کۆد دەکرد و بەکارهێنەرانی ناچار دەکرد پارە بدەن بۆ داتاکانیان، سەرەڕای ئەوەی هەرگیز داتاکانیان نەدەگەڕاندەوە.

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٨، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە کە ئەمریکا چەکی ئەلیکترۆنی بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەکاردەهێنێت.

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بۆی دەرکەوت کە F.B.I بە نهێنی نەرمەکاڵای سیخوڕی "NSO pegasus"ی کڕیوە بۆ "چاودێری ناوخۆیی". تا ئەو کاتەی دواجار دیوانەکە لە ساڵی ٢٠٢١ بڕیاریدا کە ئامرازەکان بڵاو نەکاتەوە.


سەرچاوەکان



357 بینین