زاھیر بەگی جاف

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-07-28-15:46:00 - کۆدی بابەت: 9587
زاھیر بەگی جاف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زاھیر بەگی جاف (بە عەرەبی: ظاهر بك جاف، بە ئینگلیزی: zahir bag jaff)، ناوی تەواوی زاهیر بەگی یار ئەحمەد بەگی سەیفوڵڵا بەگە، لەدایکبووی ساڵی ١١١٤ـی کۆچییە، بە باپیرەی جافەکانی باشووری کوردستان ناسراوە، کە پێی دەوترێت جافی مورادی و یەکێک بوو لە سەرۆکە گەورەکانی ئێلی جاف.

زاھیر بەگی جاف
لەدایکبوون ١١١٤ی کۆچی
مەرگ
نزیکی دەربەندیخان، کوردستانی باشوور
ھۆکاری مەرگ هێرشی ئەردەڵانییەکان
نەتەوە کورد، جاف
ئایین ئیسلام، سوننی
منداڵەکانی سڵێمان بەگ، عەبدولقادر بەگ

کۆچی جاف بەرەو باشووری کوردستان

لە سەردەمی نادر شای ئەفشاردا لە ١١٥٥ـی کۆچی لە زێدی ڕەسەنییانەوە کە جوانڕۆیە بەرەو دیوی ڕۆژاوای ڕووباری سیروان لە دزیایش و بانی خێڵان نزیک بە دەربەندیخان کە دەکاتە ناوچەی دەسەڵاتی بابانییەکان، هاتن و لەوێ نیشتەجێبوون. توانییان هێمنی و ئاساییش لە ناوچەکەدا بسەپێنن و ئەو دز و جەردانە بنەبڕ بکەن کە پێشتر باری ئاساییشی ناوچەکەیان ئاڵۆز کردبوو. دواتر خزمانێکی زۆریان لە جوانڕۆوە هاتن و پەیوەندییان پێوە دەکردن، بەو جۆرەش ژمارە و هێزیان لە هەوارگە نوێیەکەیاندا زیاتر زیادی کرد و لەلایەن بابانییەکانەوە موڵک و لەوەڕگای فراوانیان پێ بەخشرا و سنووریان گەیشتە دەشتی شارەزوور. کۆچی زاھیربەگ و چوارسەد خێزان لە جوانڕۆوە بۆ باشووری کوردستان وەک یەکێک لە ڕووداوە گەورەکانی مێژووی ئێلی جاف باس دەکرێت.

جەنگی ناوخۆیی

خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانی بە سوپایەکی دوو هەزار کەسییەوە شاڵاویان هێنا بۆ سەر ناوچەکە و دەستیان بە هێرش و وێرانکاری کرد، کە گەیشتنە نزیکی دەربەندیخان، زاهیر بەگ و جەنگاوەرەکانی، بەگژیاندا چوون و شەڕێکی خوێناوی لە نێوانیاندا بەرپا بوو .

کۆچی دوایی

سەرئەنجام سوپاکەی خان ئەحمەد خان بەهۆی ژمارە و چەک و ڕاهێنانی باشیانەوە، بەسەر هێزی جافدا سەرکەوتن و زاهیر بەگیان بەدیل گرت و بە دارێکدا هەڵیانواسی و کوژرا. بەکوشتنی زاهیر بەگ، جاف ڕیزەکانی تێکچوو و بەرەو لاواز بوون دەچوو. بۆیە تاهیر بەگی برای زاهیر بەگ لەگەڵ هەندێک لە خزمانیاندا ڕوویان کردە شام و لەوێ جێگیربوون.


سەرچاوەکان



230 بینین