چۆن بتوانین کەسێک لەبیر بکەین؟

له‌لایه‌ن: - گلێنە ئازاد گلێنە ئازاد - به‌روار: 2022-07-28-21:08:00 - کۆدی بابەت: 9593
چۆن بتوانین کەسێک لەبیر بکەین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بتوانین کەسێک لەبیر بکەین (بە ئینگلیزی: how to forget someone، بە عەرەبی: كيف تنسى شخص ما). ڕەنگە لە دەستدانی کەسێک یەکێک بێت لە قوورسترین شتەکان بۆ ئەزموونکردن و بەردەوام بوون ئەگەر حاڵەتی مردن بێت یاخود دوور کەوتنەوە، تێپەڕبوون بەم حاڵەتەدا کاتێکی سەختە بۆ هەموو کەسێک. سەرەتا وا هەست دەکەیت چیتر بەرەوپێشچوونت ئەستەمە، بەرگەی ئازاری نەبوونی ئەو کەسە ناگریت، بەردەوام بیر لە یادەوەرییە خۆشەکان دەکەیتەوە هەروەها بیر لەو پەیوەندییە گرنگەی کە هەتبووە و سەرجەم ئەو شتانەی بە ڕۆشتنی ئەو کەسە لە دەستت داوە دەکەیتەوە. جیابوونەوە لە کەسێک و بیرکردنەوە لەوەی کە چیتر ئەو کەسە نابینیتەوە یاخود گفتوگۆت لەگەڵیدا نابێت شتێکی ئاسان نییە بە تایبەت لە کاتێکدا کە هێشتا خۆشتبوێت، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات هەروەها ئەنجامدانی چەند هەنگاوێک دەبینیت ژیان بەردەوامە و دەتوانیت دووبارە خۆشییەکان بدۆزیتەوە.

ئەو هەنگاوانە چین کە دەبێت جێبەجێ بکرێت بۆ لەبیر کردن؟ 

  • ڕازیبوون: یەکەم هەنگاو ڕازیبوونە بەوەی کە ئەو کەسە چیتر لە ژیانی تۆدا نییە، ئەو ڕاستییە پەسەند بکە ژیان بەبێ ئەو کەسە بەردەوامە.
  • دان بە هەستەکانتدا بنێ: هەستەکانت مەکوژە، ڕێگە بە خۆت بدە خەمبار بیت، ئازارەکەت پشتگوێ مەخە، دان بە هەموو خەم و توڕەیی و بێزارییەکدا بنێ کە هەستی پێ دەکەیت، وردە وردە ئەم هەستانە کاڵ دەبنەوە و دوای ماوەیەک هەست بە ئارامی دەکەیت.
  • ئازارەکەت وەک دەستکەوت لێک بدەوە: ڕێگە مەدە بۆ ماوەیەکی زۆر بە لاوازی بمێنیتەوە، چونکە هەندێک ڕەفتار تووشی جۆرێک لە ئالوودەبونمان دەکەن. دەبێت هەستە نەرێنییەکان بۆ بەهێز بوون  بەکار بهێنین تا لەم ئەزموونە فێر ببین.
  • لێبووردە بە و لەبیری بکە: مانەوە لەسەر ئەو ئازار و توڕەییە ڕەنگە توشی هەڵەت بکات، واز لە هەموو شتێک بهێنە و لەو کەسە خۆشبە لە هەر کارێک کە کردوویەتی و بۆتە هۆی ئازار دانت، چونکە بەردەوام بیرکردنەوە لەو ئازارە تووشی چەندین زیانی جەستەیی و دەروونیت دەکات.
  • بەردەوام بیر لە شتە باشەکانی پەیوەندییەکە مەکەوە: کاتێک کەسێک لەدەست دەدەین بەردەوام بیر لە شتە باشەکان و ئەو شتانە مەکەوە کە پەیوەندییان بەو کەسەوە هەیە، پەیوەندییەکە بە هەر هۆکارێک بێت کۆتایی هات ناکرێت بەردەوام وا بیر بکەیتەوە گرنگترین شتی ژیانت لەدەست داوە. بە شێوەیەک لە دەرەوەی پەیوەندییەکە بیر بکەوە هەموو ئەو شتانە بهێنەوە خەیاڵت کە نە دەگونجان و وایان کرد پەیوەندییەکە کۆتایی بێت. کاتێک بەم شێوەیە بیرت لە هەستەکانت کردەوە بە شێوەیەکی ڕاستتر دەتوانیت بڕیار بدەیت و بەردەوام بیت. 
  • هەموو شتێک لە ئەستۆی تۆیە: وا بیر مەکەوە کە هەموو شتێک کە ڕوویداوە بە هۆی تۆوە بووە و هەڵەت کردووە سەبارەت بە پەیوەندییەکە، بەڵکو دەبێت بیر کەیتەوە کە چۆن بەردەوام بیت و دڵخۆش بیت. کار لەسەر بەرەوپێشچوونی خۆت بکە چونکە بەم ڕێگەیە دەتوانیت بە ئاساترین شێوە و بە زووترین کات بەسەر ئازارەکەدا زاڵ بیت.
  • ئازار بەخش، باشتر، خێراتر، بەهێزتر: تەنها بەوەی کە وردە وردە بەو هەنگاوانەدا تێپەڕیت و توانیت بەسەر ئازارەکەتدا زاڵ ببیت بۆت دەردەکەوێت کە تۆ چیتر کەسە لاوازەکەی پێشوو نیت زۆر بەهێزتر لە جاران خۆت دەبینیت، زیاتر بەرەو پێش بچۆ و دڵخۆشبە و هەوڵ بدە شتی نوێ تاقی بکەیتەوە وەک گەشتکردن، کۆبوونەوە لەگەڵ کەسانی دورووبەت.
  • کاتی ساڕێژکردنی ئەو برینانەی لە خۆتدا دروستت کردوون: دەبێت بڕوات بە خۆت هەبێت کە چیتر دەتوانیت بەسەر ئازارەکاندا زاڵ بیت، بڕوات بەوە هەبێت کە هەرچی ڕوو بدات بەهێزتر دەبیت.

 

چارەسەری لەبیرکردنی کەسێک

  • بۆ ماوەیەک پشوو وەربگرە.
  • ڕۆژانە هەستەکانت بنووسە ئەمە تەنها وات لێ ناکات هەست بە باشبوون بکەیت بەڵکو یارمەتیت دەدات تێبینی گۆڕانکارییەکان بکەیت کە ڕۆژانە ڕوو دەدەن.
  • ئەگەر کەسێکی باوەڕ پێکراوت هەیە گفتوگۆی لەگەڵدا بکە و ئەگەر پێویستی کرد داوای یارمەتی لێ بکە و بۆی باس بکە هەست بە چی دەکەیت، چونکە قسەکردن سەبارەت بەوەی هەستی پێ دەکەیت یارمەتیت دەدات زووتر بەسەر حاڵەتەکەدا زاڵ ببیت.
  • ئەنجامدانی مەشق و چالاکی ڕۆژانە چونکە وا دەکات مێشکت هەست بە ئارامبوونەوە بکات.
  • هەر کاتێک هەوڵت دا پەیوەندی پێوە بکەیت یاخود نامەیەکی بۆ جێبهێڵیت ڕاستەوخۆ خۆت بە کارێکەوە سەرقاڵ بکە، مەهێڵە ئەمە دووبارە ببێتەوە تا بتوانیت زووتر لەبیری بکەیت.
  • تا ماوەیەک سەردانی ئەو شوێنانە مەکە لەگەڵ ئەو کەسە سەردانت کردوون.
  •  لە سۆشیاڵ میدیا لای ببە و تا چاودێری نەکەیت، بەردەوام بیرت نەکەوێتەوە.
  • سەرجەم وێنەکانی ئەو کەسە بسڕەوە، تا ماوەی ئازار و خەمەکەت درێژە نەکێشێت بە سەیر کردنەوەیان.
  • بڕوا بەوە بکە ژیان بەردەوامە و دووبارە دڵخۆش دەبیتەوە.


سەرچاوەکان



1897 بینین