نیوپۆرت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-28-21:59:00 - کۆدی بابەت: 9594
نیوپۆرت

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیوپۆرت یان نیو پۆرت (بە ئینگلیزی: Newport یان New port، بە عەرەبی: نیوبورت) شارێکە دەکەوێتە وێڵز، لە شانشینی یەکگرتوو، مێژووی ئەم شارە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و لە ئێستادا بە شاری زانکۆکان ناسراوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دوایین سەرژمێرییدا هەمانە، شاری نیوپۆرت لەڕووی دانیشتووانەوە سێیەم شاری وێڵزە و ژمارەی دانیشتووانەکەی 145,700 کەسە. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2011 ڕووبەری ڕووی شارەکە 190 کیلۆمەتر دووجایە، هەروەها چڕی دانیشتووانەکەشی 738 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

بە بەراورد لەگەڵ ڕێژەی تاوانی نیشتمانی، ڕێژەی تاوان لە شاری نیوپۆرت 107%ـە. تاوانی توندوتیژی 37.1%ـی هەموو ئەو تاوانانە پێکدەهێنێت کە لە ناوچەکەدا ڕاپۆرتکراون. کۆی ژمارەی تاوانە توندوتیژەکان 18.9 هەزارە، لە ماوەی مانگی حوزەیرانی 2021 بۆ ئایاری 2022، ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی 19.5% زیادی کردووە.

مێژووی شارەکه

نیوپۆرت لە سەرەتادا و نزیکەی 2,000 ساڵ پێش ئێستا نشینگەیەکی سێلتیکەکان بوو. هەروەها لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نۆرمانەکان لەم ناوچەیەدا جێگیر بوون، ئەو قەڵایەی که لە سەدەی 12ـدا نۆرمانەکان دروستیان کرد هەتا ئێستاش ماونەتەوە. بۆ ماوەی چەندین ساڵ، نیوپۆرت وەکوو بەندەرێکی بچووک خزمەتی کردووە، هەرچەندە لە سەدەی 19ـدا بەهۆی جێگەکەیەوە بوو بە شوێنێکی نموونەیی بۆ هەناردەکردنی خەڵووز، هەروەها بەدرێژایی ئەم ماوەیەش بەرهەمهێنانی پۆڵا باو بوو. سەرەڕای ئەوەش ئەو بەندەرانەی کە لە نیوپۆرتدا دروستکران وای لە ناوچەکە کرد ببێت بە ناوەندێکی بازرگانی.

دانیشتووان

لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە 25,261 کەس خەمڵێندرا، لە ئێستادا ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی نیوپۆرت 0.19% و لە کۆتا سەرژمێرییەوە کە لە ساڵی 2010ـدا ئەنجامدرا، ژمارەی دانیشتووان 25,163 کەس بوو، واتە دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی 0.39% زیادی کردووە. ڕێژەی هەژاری لە نیوپۆرتد 14.37%، هەروەها تێکڕای تەمەنی هاوڵاتیانی شارەکە 35.4 ساڵییه، نێرەکان 34.7 و مێیەکان 36.3 ساڵی. ژمارەی نێرەکان 11,996 کەسە و بە ڕێژە 48.57%ـی دانیشووان پێک دەهێنن، لە کاتێکدا ژمارەی مێیەکان 12,701 کەسە و 51.43%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن.

بەگوێرەی کۆتا ACSـی شارەکە، پێکهاتە نەتەوەییەکانی نیوپۆرت بریتین لە

  • سپی پێست 81.66%
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی 7.79%
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە 4.44%
  • ئاسیایی 2.04%
  • ئەمریکی ڕەسەن 1.49%
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن 0.38%

زمان

89.94%ـی دانیشتووانی نیوپۆرت تەنیا بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن، لە کاتێکدا 10.06%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر قسە دەکەن. هەروەها زمانی ئیسپانی بەدوای زمانی ئینگلیزیدا دێت و 4.81%ـی دانیشتووان قسەی پێ دەکەن.

ئایین

زانیارییەکانی سەرژمێری ساڵی 2011 ئەوە دەردەخەن کە 57%ـی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، 4.7% ئایینی ئیسلام و 1.2% پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی ترن. لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی 30%ـی دڵنیشتووانی نیوپۆرت هیچ ئایینێک پەیڕەو ناکەن، لە کاتێکدا 7.5%ـی دانیشتووان وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەداوەتەوە کە دەربارەی ئایین لێیان کرا.

گەشەی دانیشتووان

لە سەرەتای سەدەی 1800ـەوە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە تەنیا 6,600 کەس بوو، دوای تەنها 50 ساڵ ژمارەی دانیشتووان گەیشتە 29,000، پاشان دوای 30 ساڵی تر ئەم ژمارەیە گەیشتە 50,000 کەس. لە سەرەتای ساڵانی 1900ـکاندا ژمارەی دانیشتووان گەشتە زیاتر لە 79,000 کەس. بەم شێوەیە ژمارەی دانیشتووان وردەوردە بەرزبوویەوە تا لە ساڵانی 1940ـەکاندا گەشتە 100,000. لە ئێستادا، ژمارەی دانیشتووانی نیوپۆرت نزیک دەبێتەوە لە 150,000 کەس. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی دانیشتووان هێواش بوویەوە و بە جێگیری مایەوە، بەتایبەتیش لەگەڵ زیادبوونی وەرگیرانی قووتابیان لە زانکۆ باشووری وێڵزدا.

کەشوهەوای نیوپۆرت

مانگەکانی وەرزی هاوین فێنکە و بای هەیە، لە کاتێکدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و بای زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی شار بەدرێژایی ساڵ هەوراوییە. هەروەها بە شێوەیەکی ئاسایی پلەی گەرمی لە 3.9 بۆ 17.8 پلەی سیلیزی دەگۆڕێت، بەدەگمەن دادەبەزێت بۆ خوار 0.6- پلەی سەدی و سەرووی 21.1 پلەی سەدی.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شارەکە و ئەنجامدانی ئەو چالاکییانەی کە لە کەشی گەرمدا ئەنجامدەدرێن، سەرەتای مانگی تەممووز بۆ سەرەتای مانگی ئەیلوولە.

تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە

وەرزی گەرما ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت، لە 19ـی حوزەیرانەوە بۆ 21ـی ئەیلوول، تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانە لەسەرووی 15.5 پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ مانگی ئابە و تێکڕای پلەی گەرمی زیاتر لە 17.2 پلەی سەدی و خوار 2.8 پلەی سەدییە. هەروەها وەرزی سەرما چوار مانگ دەخایەنێت، لە 26ـی تشرینی دووەم بۆ 29ـی ئازار، لەگەڵ ئەوەشدا تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە 6.1 پلەی سەدییە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی شوباتە و تێکڕای پلەی گەرمی لەخوار 11.6 پلەی سەدی و لەسەرووی 7.8 پلەی سەدییەوەیە.

وەرزی باراناویی پێنج مانگ دەخایەنێت، لە 20ـی ئەیلوولەوە بۆ 19ـی شوبات، ئەو مانگەی کە زۆرترین بارانی لێ دەبارێت لە شارەکەدا تشرینی دووەمە و بە تێکڕایی 106.68 مللیمەتر باران دەبارێت. لە کاتێکدا وەرزی وشک حەوت مانگ دەخایەنێت، لە 19ـی شوباتەوە بۆ 20ـی ئەیلوول، وشکترین مانگ مانگی نیسانە و 48.26 مللیمەتر باران دەبارێت.


سەرچاوەکان



215 بینین