هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-11-22:33:00 - کۆدی بابەت: 9803
هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە (بە ئینگلیزی: Hibatullah Akhundzada، بە عەرەبی: هبة الله آخند زاده) ئەمیری بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان و لە مانگی ئابی ٢٠٢١ـەوە بوو بە ئەمیری ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان. کە لە ٢٥ی ئایاری ٢٠١٦ دوای کوشتنی مەلا ئەختەر محەمەد مەنسوور لەلایەن ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەکە وەک ئەمیری بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا. هیبەتوڵڵا زانایەکی ئایینی سوننەیە و پسپۆڕە لە فەرموودە و زانستەکانی، هەروەها سەرۆکایەتی دادگاکانی شەریعەتی کردووە لە میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان.

ژیان

بەپێی ژیاننامەکەی لە ماڵپەڕی فەرمی تاڵیبان، ئاخوندزادە لە ١٩ـی تشرینی یەکەمی ١٩٦٧ لە پارێزگای قەندەهار لە شانشینی ئەفغانستان لەدایکبووە. سەر بە خێڵی هۆتاکە و دەشوترێت لە ناحیەی مەلاکووتی سەر بە جەوزجان لەدایکبووە. شێخ و پسپۆڕە لە زانستی فەرموودەدا. لە سەردەمی ڕژێمی تاڵیباندا دادوەر بووە و چەندین فەتوای تاڵیبانی دەرکردووە. زیاتر كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینییه‌ له‌ نێو تاڵیباندا و ئه‌زموونێكی ئه‌وتۆی له‌ بوارە سه‌ربازییه‌كاندا نییه‌ و زیاتر به‌رپرسه‌ له‌ فه‌توا ئاینییه‌كانی ئەو گرووپه‌، له‌ هه‌موو پێشهاتەکانی تاڵیباندا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌م گرووپه‌ بووه‌.

چوونە نێو تاڵیبان

مێژووی بوونی لە تاڵیبان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٤، میدیای ڕۆژاوا بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی تاڵیبانی دەزانێت. دوای كۆنترۆڵكردنی پارێزگای فه‌راه له‌ ساڵی ١٩٩٥ له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه‌، ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌عوه‌ و ڕێنوێنی و فه‌رمانی "فرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە"، دوای ماوه‌یه‌ك له‌ پارێزگای نه‌نگه‌رهار سه‌رقاڵی دادوه‌ری دەبێت و دواتریش لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە قەندەهار دەست دەکات بە وانە وتنەوە.

دوای ڕووخانی یەکەمین حکوومەتی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ بە سەرکردایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاخوندزادە بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی زانایانی ئایینی ئەم گرووپە. دواتر وەک سەرۆکی دادگاکانی شەریعەتی میرنشینی ئیسلامیی ئەفغانستان لەو ناوچانە دەستنیشانکرا کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندا بوون. بەپێچەوانەی فەرماندەكانی پێشووی تاڵیبان كەسێكی سەربازی نەبووە و زانای ئایینییە، بە جۆرێك مەلا عومەر و ئەختەر محەمەد مەنسوور سەبارەت بە پرسەكانی شەریعەت و فەتوا ڕاوێژیان لەگەڵ کردووە.

سەرۆکایەتی

مەلا مەنسوور، ئاخوندزادە و سیراجەدین حەقانی وەک جێگرەوەی خۆی دادەمەزرێنێت و لەگەڵ تیرۆرکردنی مەلا مەنسوور لە مانگی ئایاری ٢٠١٦، ئاخوندزادە وەک ئەمیری نوێی ئیماراتی ئیسلامی و بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لەلایەن ئەنجوومەنی شورای بزووتنەوەکە دەستنیشان کرا، کە پێکهاتبوو لە زانایانی ئایینی دیار و دادوەرە باڵاکانی شەریعەت لە بزووتنەوەکەدا.

لە ژێر سەرکردایەتی ئاخوندزادەدا، تاڵیبان لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکی ئاشتی مێژوویی لەگەڵ ئەمریکا لە قەتەر واژۆ کرد و ئاخوندزادە ئەو ڕێککەوتنەی بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ ئەو گرووپە ناو برد.

دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١دا دەستی بەسەر کابوولی پایتەختدا گرت و لە ١٥ی ئابدا ئەشرەف غەنی سەرۆکی پێشووی ئەفغانستان هەڵهات، هێزەکانی تاڵیبان چوونە ناو کۆشکی سەرۆکایەتییەوە. دواتریش هیبەتوڵڵا ئاخوندزادە لە ٢٠٢١/١٠/٣٠ لە کۆبوونەوەیەکی قورئانی لە قەندەهار دەرکەوت، کە یەکەم دەرکەوتنی ئاشکرای بوو لە دوای ساڵی ٢٠١٦ـەوە. ناسناوی ئاخوندزادە بۆ ئەمیری موسوڵمانان گۆڕا و وەک سەرۆکی نوێی ئیمارەتی ئیسلامیی ئەفغانستان دیاری کرا.


سەرچاوەکان



260 بینین