ستۆک ئۆن ترێنت

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-14-23:01:00 - کۆدی بابەت: 9842
ستۆک ئۆن ترێنت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ستۆک ئۆن ترێنت (بە ئینگلیزی: Stoke-on-Trent، بە عەرەبی: ستوك أون ترينت)، زۆرجار کورت دەکرێتەوە بۆ ستۆک، شارێکە لە ستافۆردشایەر لە ئینگلتەرا. ڕووبەری ڕووی ئەم شارە ٩٣ کیلۆمەتر دووجایە، لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ٢٥٦٫٣٧٥ کەس خەمڵێندرا. لە ساڵی ١٩٢٥ پێگەی شاری پێ بەخشرا.

مێژووی شارەکە

مێژوو ئەوە دەردەخات کە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ چەند جێگیرگەیەک لە تەواوی ناوچەی ستۆک ئۆن ترێنتدا هەبوون، مێژووی یەکەم جێگیرگەی تۆمارکراو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢٢٧، لەم کاتەدا ستۆک ئۆن ترێنت جگە لە گوندێکی بچووک هیچی تر نەبوو. هەروەها بەڵگەی کانە خەڵووز و دروستکردنی شتومەک لە ئاسن لە تەنستاڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٣. هەروەها پیشەسازی گۆزەگەری لە ستۆک ئۆن ترێنت دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی ١٧، کاتێک کۆمەڵگەیەکی بچووک لە جووتیارە گۆزەسازەکان مەنجەڵیان دروست دەکرد، وردەوردە پیشەسازی گۆزەگەری گەشەی سەند و چەند کۆمپانیایەکی گۆزەگەری بەناوبانگ لە شارەکەدا دامەزران. لە ساڵی ١٨٤٨ـدا وێستگەی هێڵی ئاسنینی ستۆک ئۆن ترێنت دروست کرا و ستۆک ئۆن ترێنت لە گوندێکی گۆزەگەرییەوە بوو بە شارۆچکەیەکی گەورە. هەروەکوو چۆن کارکردن لە ناوچەکەدا گەشەی کرد بە هەمان شێوە ژمارەی دانیشتووانەکەشی زیادی کرد، لە ساڵی ١٩٣٨ـدا نیوەی دانیشتووە کارکەرەکەی لە کارگەکانی گۆزەگەریدا دامەزران. هەروەها شارەکە وەک ناوەندێکی کانسازی ناسرابوو. لە ساڵی ١٩٤٧دا نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە کانە خەڵووزەکاندا دامەزران. لە ئەمڕۆدا سەرجەم کانەکان داخراون و هەتا ئێستاش ستۆک ئۆن ترێنت ناوەندێکی پیشەسازی سیرامیکە لە بەریتانیا، بە کەلوپەلی سەر مێز و کاشی و کەلوپەلی پاکژی بەناوبانگە.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ستۆک ئۆن ترێنت بە ٢٥٣٫٢٠٠ کەس خەمڵێندرا و چڕی دانیشتووانەکەی ٧٫٠٠٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. شارەکە بەشێکە لە ناوچەیەکی شارستانی زۆر گەورەتر، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٧٢٫٧٧٥ کەسە. ژمارەی دانیشتووانی گەورەشارەکە ٦٧٨٫٠٠٠ کەسە.

زۆربەی زۆری دانیشتوونی شارەکە لە شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون، بەڵام لەدایکبووی وڵاتانی پۆڵەندا، ئەڵمانیا، ئێرلەندا، ئیتاڵیا، نەیجیریا و تورکیا لە شارەکەدا نیشتەجێن. هەروەها تێکڕای تەمەنی دانیشتووان ٣٨٫٥ ساڵییە. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ٥٠٫٢٪ـی دانیشتووان لە ڕەگەزی مێ، ١٤٫٢٨٪ـی دانیشتووان خانەنشین و ٥٫٦١٪ـی دانیشتووان قووتابی بوون.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، زۆربەی دانیشتووان سپی پێستن، ٨٦٫٤٣٪ـی دانیشتووان سپی پێستی بەریتانین، ٤٫١٩٪ـی دانیشتووان پاکستانی بەریتانین، ١٫٨٨٪ بە سپی پێستی نەتەوەکانی تر خۆیان ناساندووە. هەروەها لەناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ـدا پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیە بوو:

  • سپی پێست: ٨٨٫٧٪
  • ئاسیایی: ٧٫٤٪
  • ڕەش پێست: ١٫٤٪
  • ڕەگەز تێکەڵ: ١٫٨٪
  • نەتەوەکانی تر: ٠٫٧٪

ئایین

هەر بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، زیاتر لە ٦٠٫٨٩٪ـی دانیشتووان  پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحی بوون، ٦٫٠٢٪ـی دانیشتووان ئایینی ئیسلام و ٢٥٫١٩٪ـی دانیشتووان بێ ئایین بوون.

گەشەی دانیشتووان

بەدرێژایی چەندین ساڵە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ڕوو لە کەمبوونە و هیچ گەشەیەکی بەخۆیەوە نەدیووە. بەڵام، ئەو سەرژمێرییەی کە لە ساڵی ٢٠١١ـدا ئەنجامدرا ئەوەی خستەڕوو کە ژمارەی دانیشتووان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣١ـەوە ڕوولەزیاد بوونە. بەپێی زانیارییەکانی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١١، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ٢٤٩٫٠٠٨ کەس بوو، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠١ـدا ٢٤٠٫٦٣٦ کەس بووبوو.

کەشوهەوا

شاری ستۆک ئۆن ترێنت کەشوهەوایەکی ئۆقیانووسی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مانگەکانی وەرزی زستان زۆر سارد و باراناوییە و مانگەکانی وەرزی هاوین مامناوەندە و بەدرێژایی تەواوی ساڵ باران دەبارێت.

زستانی ئەم شارە زۆر سارد نییە، بەڵام ئاسمانی شار زۆربەی کات هەوراوییە و ڕێژەی شێ بەرزە و باراناوییە. لە ساردترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی گشتی بۆ نزیکەی ٥- پلەی سەدی دادەبەزن، هەروەها هەندێک جار بۆ خوارتر لەو پلەیەش دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٦٣ـدا ب ١٣٫٣- پلەی سەدی دابەزی.

بە شێوەیەکی گشتی کەشی شارەکە لە وەرزی هاویندا مامناوەند یان فێنکە، و تەنانەت لەم وەرزەدا بڕێکی زۆر باران دەبارێت. هەندێک جار، دەشێت کەشی شارەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا گەرم بکات، بەڵام کەمتر لە باشووری ناوەڕاستی ئینگلتەرا. هەندێک جار پلەکانی گەرما لە تەواوی وەرزەکەدا ناگەنە ٣٠ پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی ١٩٩٠ـدا ۳۳ پلەی سەدی بوو.

تێکڕای پلەی گەرمی ستۆک ئۆن ترێنت لە ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ٣٫٩ پلەی سەدییە، و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە لە گەرمترین مانگی ساڵدا کە مانگی تەممووزە ١٦ پلەی سەدییە.

ساڵانە ٨٣٠ مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، ئەمەش ئاستێکی مامناوەندە. ئەم ڕێژەیەش بەپێی باراناویترین و وشکترین مانگی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگەکانی ساڵدا کە مانگەکانی شوبات، ئازار و نیسانن ٥٥ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا لە باراناویترین مانگی ساڵدا کە مانگی تشرینی یەکەمە ٨٥ مللیمەتر باران دەبارێت. هەروەها ساڵانە نزیکەی ١٫٤٥٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی ستۆک

باشترین کات بۆ سەردانیکردنی ستۆک ئۆن ترێنت وەرزی هاوینە، یان بە شێوەیەکی گشتیتر لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولە، چونکە لەم کاتەدا پلەکانی گەرما بەگشتی بۆ چالاکییەکانی دەرەوە خۆشن.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. دارستانی مەیموونی ترێنتم
  2. دەریاچەی وێست پۆرت.
  3. پارکی لۆنگتۆن.
  4. وەتەر وۆرڵد.
  5. باخچەکانی ترێنتم.
  6. پێشەنگای نیگارکێشی و مۆزەخانەی گڵکاری.
  7. وێستگەی هێڵی ئاسنینی ستۆک ئۆن ترێنت.
  8. ناوەندی خلیسکانێی ستۆک.


سەرچاوەکان

63 بینین