ڕۆژنامەی کوردستان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-17-19:08:00 - کۆدی بابەت: 9876
ڕۆژنامەی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژنامەی کوردستان (بە ئینگلیزی: Kurdistan Newspaper، بە عەرەبی: جريدة كردستان) یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بوو، یەکەم ژمارەی لە ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ بە تێکۆشانی میقداد مەدحەت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ چاپ کرا، ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو.

دەربارەی دەرچوونی ڕۆژنامەکە

لەساڵی ١٨٩٧ میقداد مەدحەت بەدرخان ڕوودەکاتە وڵاتی میسڕ و لەوێ نیشتەجی دەبێت، بیر لە دەرکردنی ڕۆژنامەیەک دەکاتەوە، لە قاهیرە لە چاپخانەی هیلال، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا ڕۆژنامەیەک دەردەکات بەناوی ( ڕۆژنامەی کوردستان).

دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان وەکوو خەباتێکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری دێتە نرخاندن. لەمڕۆدا ڕۆژی دەستپێکی دەرخستنی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن ھەموو دەزگا کوردییەکان و ھەروەھا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشەوە وەکوو سەرەتای ڕۆژنامەگەریی کوردی پەسەندکراوە.

یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان، لە ڕۆژی ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخانەوە لە قاھیرە چاپ کرا. ڕۆژنامەکە ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو و بۆ ماوەی ٤ ساڵ بەردەوام بوو.

یەکەم ژمارەی بە کوردیی کورمانجی دەرچوو، بەڵام لە چوارەم ژمارەوە ھەندێک لە بابەتەکانی بە زمانی تورکی بڵاو دەکرایەوە. ڕۆژنامەکە بە بێبەرانبەر بڵاو دەکرایەوە. ڕۆژنامەکە بەرھەڵستیی دەسەڵاتی عوسمانییەکانی دەکرد و لەلایەن کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی پشتگیری دەکرا.

بەھۆی دژایەتیکردنی لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ڕۆژنامەکە ژمارەکانی لە چەند شارێکی جیا جیا چاپ کران، لە دوای قاھیرە لە شارەکانی جنێف، لەندەن و فۆلکستۆن چاپ کران، ڕۆژنامەکە لەناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی قەدەغە کرابوو، بەڵام بەشێوەی قاچاغ دابەش دەکرا.

بەگوێرەی نامەیەکی سەرنووسەرەکەیەوە، ڕۆژنامەکە لە شارەکانی ئامەد، ماردین، ئەدەنە و دیمەشق خوێنەری ھەبووە. لە ژمارەی شەشی ڕۆژنامەکەوە، کاری چاپکردن و سەرنووسەری کەوتە دەست عەبدولڕەحمان بەدرخان، کە برای بچووکی میقداد بوو.

لە ساڵی ١٩٩١ لێکۆڵەر ئەمین بۆزارسەلان ئەو چاپانەی ڕۆژنامەی کوردستان کە لە بەردەستیدا بوون وەریگێڕایە سەر زمانی تورکی.

دەربارەی ڕۆژنامەکە

لە ڕۆژنامەکەدا نوسراوە: "پازدە ڕۆژ جارەکی تێت نڤیساندن جەریدەیا کوردییە." سەرەتا لە ژمارە (١ تا ٤) بە زمانی کوردی کورمانجی ژوورو بە شێوەزاری جزیرەی بۆتان نووسراوە.

لە ژمارە (٤)ـەوە زمانی تورکی زیاد دەبێت. تیراژی ژمارەکان جیاوازە، لە هەر ژمارەیەک بڕی تیراژەکە و نووسراوە: "دەنێرمە کوردستان تا بەبەلاش بدەنە خەڵکی." ئابوونەی ساڵانە (٨٠) قرووش نووسراوە. ئەوەی لەبەردەستە (٣٠) ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانە.

هەردوو میری بەدرخان بە کەسانی ڕۆشنبیر و زانا دادەنران، کە جگە لەزمانی کوردی، شارەزاییان لە زمانەکانی فەڕەنسی، فارسی، عەرەبی و تورکیدا هەبووە.

بابەتەکانی ڕۆژنامەی کوردستان زیاتر لەم بابەتانە بوون کە تیشکیان دەخستە سەر کێشەی ڕەوای گەلی کورد و ستەم و زۆرییەکانی دەسەڵاتی عوسمانییەکانی دەخستەڕوو، شیعری شاعیران، مەم و زینی خانی و ئایەت و فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ.

سەرەتا چەند نامەیەکیان بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم نووسی، بەڵام کە زانییان گوێی پێنادات، ئیتر بە نووسین هێرشیان دەکردە سەری. مەبەستی ڕۆژنامە زیاتر بۆ فێری خوێندەواری و هۆشیارکردنەوەی کوردان بوو.

دەرچوونی ڕۆژنامەکە

لە ژمارە (١ تا ٥) لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان چاپکراوە، (٢٠٠٠) دانەی نێردراوەتەوە کوردستان. لەسەری نووسراوە: (عنوان - مصردە ( کوردستان) غزەتەسی – صاحب ومحرری بدرخان پاشازادە مقداد مدحت)."

دواتر لەژمارە (٦ تا ٣١) لەلایەن میر عەبدولڕەحمان بەدرخانی برای میقداد مەدحەت بەدرخان لە چەند کات و شوێنێکی جیاواز دەرچووە.

لە ژمارە (٦ تا ١٨)ـی ڕۆژنامەی کوردستان لەلایەن عەبدولڕەحمان بەدرخان لە جنێف دەرچووە، (٢٠٠٠) دانەی نێردراوەتەوە کوردستان، نووسراوە: (جنوەدە (کوردستان) غزەتەسی - صاحب ومحرری بدرخان پاشازادە عبدالرحمن).

لە ژمارە (١٦ تا ١٨) ئەم ناونیشانەش زیادکراوە: KURDISTAN- Adresse: Rue de carouge, n7, GENEVE ( suisse)).

ژمارە (١٩) نەدۆزراوەتەوە.

لە ژمارە (٢٠ تا ٢٣) بۆ دووەم جار لە قاهیرە دەرچووە، (٢٠٠) دانەی نێردراوەتە کوردستان. نووسراوە: (KURDISTAN- Adresse:Boite- special N-679 CAIRE).

ژمارە (٢٤) لە لەندەن دەرچووە. (٢٠٠٠) دانە نێردراوەتەوە کوردستان. نووسراوە: (Address: ABDULRAHMAN BEDRIKHAN- 75- Prince Square- London).

لە ژمارە ( ٢٥ تا ٢٩) لە بەریتانیا لە فۆلکستۆن دەرچووە، (٢٠٠) دانە نێردراوەتەوە کوردستان. نووسراوە: (Address: year Bay Crescent- 5 Fast CLIN- FOLKSTONE- ANGLETERRO).

لە ژمارەکانی (٢٨ و ٢٩) تەنها نووسراوە: فۆلکستۆن- ئەنگلیترۆ.

ژمارەکانی (٣٠ و ٣١) بۆ دووەم جار لە سویسرا لە جنێف دەرچووەتەوە.

چاپخانەکانی ڕۆژنامەی کوردستانی لێ چاپکراوە

  • ژمارەکانی (١ تا ٣) لە قاهیرە لە چاپخانەی (هیلال) چاپکراوە.
  • ژمارە کانی (٤ و ٥) لە قاهیرە لە چاپخانەی (جریدەی کردستان) چاپکراوە.
  • ژمارەکانی ( ٦ تا ١٨) لە جنێف لە چاپخانەی (جەمعیەتا تفاق وقنجیا موسلمانا) چاپکراوە.
  • ژمارەکانی (٢٠ و ٢١) لە قاهیرە چاپکراوە، بەڵام ناوی چاپخانەی لەسەر نییە.
  • ژمارەکانی (٢٢ و ٢٣) لە قاهیرە لە چاپخانەی (هیندیە) چاپکراوە.
  • ژمارە (٢٤) لە لەندەن چاپکراوە ناوی چاپخانەی لەسەر نییە.
  • ژمارە کانی (٢٥ تا ٢٧) لە فۆڵکستۆن دەرچووە،  بەڵام ناوی چاپخانەی لەسەر نییە.
  • ژمارە کانی (٢٨ تا ٣١) لە فۆلکستۆن دەرچووە، لە چاپخانەی (انتقام) چاپکراوە.


سەرچاوەکان



1336 بینین