ولڤەرهامپتۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-22-22:14:00 - کۆدی بابەت: 9956
ولڤەرهامپتۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ولڤەرهامپتۆن (بە ئینگلیزی: Wolverhampton، بە عەرەبی: ولفرهامبتن)، گەورەشارێکی خۆبەڕێوبەری و ناوەندێکی کارگێڕییە لە وێست میدلەند، ئینگلتەرا. لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٤٩٫٤٧٠ کەس بوو. هەروەها ڕووبەری ڕووی شارەکە ٦٩,٤٤ کیلۆمەتر دووجایە.

ولڤەرهامپتۆن لەڕووی مێژووییەوە بەشێکە لە ستافۆردشایەر، لە سەرەتادا شارەکە وەکوو شارۆچکەیەکی بازاڕی گەشەی کرد کە تایبەت بوو بە بازرگانی خوری. ئەم شارە لە شۆڕشی پیشەسازیدا بوو بە ناوەندێکی سەرەکی دەرهێنانی خەڵووز، بەرهەمهێنانی پۆڵا، دروستکردنی قوفڵ، دروستکردنی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل. ئابووری شارەکە هێشتا پشت بە ئەندازیاری دەبەستێت، لەوانەش پیشەسازییەکی گەورەی بۆشایی ئاسمان و کەرتی خزمەتگوزاری.

دانیشتووان

بەپێی دوایین سەرژمێری، ژمارەی دانیشتووانی ولڤەرهامپتۆن ٢٥٦٫٦٠٠ کەس بوو، بەمەش دەبێت بە ٥٩ـهەم قەرەباڵغترین شاری ئینگلتەرا و چڕی دانیشتووانەکەی ٨٫٨٢٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها جیاوازییەکی کەم لە نێوان ڕێژەی نێر و مێیەکاندا هەیە، مێیەکان ٥١٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تەمەنیان ٦٠ ساڵ و سەرووترە زیاترە وەک لە ژمارەی منداڵانی تەمەن ١٥ ساڵ و کەمتر.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی ولڤەرهامپتۆن

سپی پێست: ٦٨% (٦٤,٥ـیان سپی پێستی بەریتانین)

ئاسیایی باشوور: ١٧%

ڕەش پێست: ٧%

چینی یان نەتەوە ئاسیاییەکانی تر: ٢,٥%

ڕەگەزی تێکەڵ: ٥%

ئایین

زۆربەی دانیشتووانی ولڤەرهامپتۆن خۆیان بە مەسیحی دەناسێنن، زیاتر لە ٦٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین. ئایینەکانی دیکە ١٣.٦٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک دانیشتووی شارەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی هیندۆسین کە زیاتر لە تێکڕای نیشتمانین. هەروەها ئەم شارە یەکێکە لەو شارانەی کە ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی سیخی لێیە بە بەراورد بە ئینگلتەرا و وێڵز.

گەشەی دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ولڤەرهامپتۆن لە ناوەڕاستی سەدەی ١٨ـەوە بەرز و نزمی بەخۆیەوە بینیوە. لە ساڵانی شەستەکاندا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە کەمێک دابەزی پێش ئەوەی لە دەیەی دواتردا بۆ نزیکەی ٦٪ گەشە بکات. بەڵام لەو کاتەوە، هەموو دە ساڵ جارێک، ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی کەمتر لە ١٪ دابەزیوە، بەو هۆیەشەوە ناتواندرێت بڕیار لەسەر توانای گەشەی داهاتووی ئەم شارە ئینگلیزییە بدرێت.

مێژووی شارەکە

چیرۆکی ولڤەرهامپتۆن لە ساڵی ٩٨٥ دەست پێ دەکات کاتێک خانمێکی سەکسۆنی بە ناوی وڵفرونا زەوییەکی پێبەخشرا لە هیتن (Heanton). لە ساڵی ٩٩٤دا کڵێسایەکی دامەزراند و پاشان نیشتەجێبووانی کڵێساکە زۆرتر بوون.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا مافی کردنەوەی بازاڕ و پێشەنگا ساڵانەکان درا بە شارەکە، لەم سەدەیەدا ژمارەیەک کەم دووکان لە ناوچەکەدا هەبوون. پێشەنگاکان وەک بازاڕەکان وابوون بەڵام ساڵانە تەنها جارێک دەکرانەوە و کڕیار و فرۆشیاریان لە ناوچە دوورەکانەوە بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا. لەو کاتەدا ولڤەرهامپتۆن شارۆچکەیەکی بچووکی بازاڕی بوو و پیشەسازی سەرەکی لەم شارۆچکەدا پیشەسازی خوری بوو.

بەدرێژایی سەدەکان کەمێک گۆڕانکاری بەسەر شارۆچکەکەدا هات و لە ساڵی ١٥٩٠ـدا ئاگرێکی تووند بەربووە ولڤەرهامپتۆن و زۆرێک لە باڵەخانەکانی وێرانکرد. هەروەها لە ساڵی ١٦٩٦ و لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی دیکەدا دووبارە چەندین خانووی شارۆچکەکە سووتێنرا و وێران بوون.

ولڤەرهامپتۆن لە سەدەی ١٨ـدا

لە سەدەی ١٨ـدا، ولڤەرهامپتۆن لەسەر ڕێگای سەرەکی لەندەن بۆ هۆلیهێد بوو لەو شوێنەی کە خەڵک گەشتیان بۆ ئێرلەندا دەکرد. بەم هۆیەوە زۆرێک لە گەشتیاران بە شارۆچکەکەدا تێپەڕین و شارۆچکەکە قەرەباڵغتر بوو. پاشان لە کۆتایی سەدەی ١٨ـەوە، شۆڕشی پیشەسازی ولڤەرهامپتۆنی لە شارۆچکەیەکی بازاڕییەوە گۆڕی بۆ شارێکی گرنگ. بەدرێژایی ئەم سەدەیە پیشەسازی پێشکەوتنێکی لەناکاوی بەخۆیەوە بینین و یەکێک لەو پیشەسازییانه پیشەسازی دروستکردنی قوفڵ بوو. یەکەم کەناڵی ولڤەرهامپتۆن لە ساڵی ١٧٧٢ـدا کرایەوە، کەناڵەکان یارمەتی گەشەپێدانی پیشەسازی شارۆچەکەیان دا و بە ئاسانی کاڵا و کەرەستەکانیان هەناردە و هاوردە دەکرد. ژمارەی دانیشتووانی ولڤەرهامپتۆن لە ساڵی ١٨٠١ـدا زیاتر لە ١٢ هەزار کەس بوو. بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە، شارۆچکەیەکی گەورە و گرنگ بوو.

ولڤەرهامپتۆن لە سەدەی ١٩ـدا

لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا ئابووری ولڤەرهامپتۆن گەشەی کرد و شارۆچکەکە بە خێرایی گەشەی کرد. بە هەموو جۆرەکانی قوفڵ و کەلوپەلی ئاسن بەناوبانگ بوو. لە ساڵی ١٨٥٩ـدا هێڵی ئاسنی گرەیت وێستێرن کارگەیەکی لە شارۆچکەکەدا کردەوە بۆ دروستکردن و چاککردنەوەی بزوێنەرەکان و هەلی کاری بۆ ژمارەیەک دانیشتووی شارۆچکەکە ڕەخساند. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، دروستکردنی پاسکیل پیشەسازییەکی گرنگی شارۆچکەکە بوو. هەر لەم سەدەیەدا ژیان لە ولڤەرهامپتۆن وردەوردە باشتر بوو و کارەبا و هێڵی ئاسن گەشتە شارۆچکەکە. سەرەڕای ئەوەش، وەکوو هەموو شارۆچکەکانی سەدەی نۆزدەهەم، پەتا لە ولڤەرهامپتۆندا بڵاوبوویەوە، لە ساڵانی ١٨٣٢ و ١٨٤٩ـدا پەتاى کۆلێرا بڵاوبوویەوە و لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا دەست بە دروستکردنی ئاوەڕۆ کرا و بارودۆخەکە باشتر بوو.

ولڤەرهامپتۆن لە سەدەکانی ٢٠ و ٢١

لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا شارۆچکەکە بەردەوام بوو لە گەشەکردن و ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ ساڵانێکی خۆشگوزەرانی بوو بۆ ولڤەرهامپتۆن و تەواوی بەریتانیا. بەڵام لە ساڵانی ١٩٧٠ـکاندا پیشەسازی بەرهەمهێنان بەخێرایی لە ناوچەکەدا کز بوو و هەتا ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩٠١ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە نزیکەی ٩٥,٠٠٠ کەس بوو، پاشان و لە ساڵی ١٩٥١ـدا ئەم ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ ١٦٢,٠٠٠ کەس. لە ئێستادا ولڤەرهامپتۆن ناوەندێکی بازاڕی گرنگە و لە ساڵی ٢٠٠١ـدا پێگەی شاری پێ بەخشرا، لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٥٦,٠٠٠ کەس بوو.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شاری ولڤەرهامپتۆن ئۆقیانوسییە. کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا خۆش و کەمێک هەوراوییە و لە مانگەکانی وەرزی زستاندا زۆر ساردە و بای هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی کات ئاسمانی شار هەوراوییە. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە لە نێوان ١,١ بۆ ٢٠,٥ پلەی سەدیدا دەگۆڕێت و بەدەگمەن دەگاتە خوار ٥- پلەی سەدی و سەرووی ٢٦ پلەی سەدی.

تێکڕای پلەی گەرمی لە شاری ولڤەرهامپتۆن

وەرزی گەرما ٢٫٩ مانگ دەخایەنێت، لە ١٣ـی حوزەیران تا ١٠ـی ئەیلوول و تێکڕای پلەی گەرمی رۆژانە لە سەرووی ١٧,٧ پلەی سەدییەوەیە. گەرمترین مانگی ساڵ لە شارەکەدا مانگی تەممووزە، تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ٢٠ پلەی سەدی و نزمترین پلەی گەرمی ١١,٦ پلەی سەدییە. هەروەها، وەرزی سەرما ٤,٠ مانگ دەخایەنێت، لە ١٦ـی تشرینی دووەم تا ١٦ـی ئازار و تێکڕای پلەی گەرمی ڕۆژانە لە خوار ٩,٤ پلەی سەدییەوەیە. ساردترین مانگی ساڵ مانگی کانوونی دووەمە و تێکڕای نزمترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ١,١ پلەی سەدی و تێکڕای بەرزترین پلەی گەرمی ڕۆژانە ٦,٦ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. باخچەی ئاژەڵانی کێوی

٢. شانۆی ئەرینا

٣. پارکی خۆرئاوا

٤. ناوەندی هونەری ولڤەرهامپتۆن

٥. مۆزەخانەی گورگەکان

٦. پێشەنگای نیگارکێشی ولڤەرهامپتۆن

٧. کڵێسای سەینت پیتەر

٨. تاوەری ولڤەرهامپتۆن


سەرچاوەکان



268 بینین