دیاردەی خۆری نیوەشەو

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-08-22-23:22:00 - کۆدی بابەت: 9961
دیاردەی خۆری نیوەشەو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دیاردەی خۆری نیوەشەو (بە عەرەبی: شمس منتصف اللیل، بە ئینگلیزی: Midnight sun) دیاردەیەکی سروشتییە لە مانگەکانی هاویندا لە ناوچەکانی بازنەی ئارکتیک (جەمسەری باکوور) و باشووری بازنەی ئەنتارکتیک (جەمسەری باشوور) ڕوودەدات. کاتێک دیاردەی خۆری نیوەشەو لە جەمسەری باکوور ڕوودەدات، وا دەردەکەوێت کە خۆر لە چەپەوە بۆ ڕاست بجووڵێت بە بێ ئاوابوون، بەڵام لە جەمسەری باشوور جووڵەکە وا دەردەکەوێت لە ڕاستەوە بۆ چەپ بێت. ئەم دیاردەیە لە هێڵەکانی پانیی ٦٥°٤٤ بۆ ٩٠°ی باکوور یان باشوور ڕوودەدات.

دیاردەی خۆری نیوەشەو چییە؟

لە کاتێکدا زۆر کەس ناتوانێت باوەڕ بەوە بکات کە ڕۆژێکی هەتاوی خۆش بۆ چەند مانگێک بەردەوام بێت، ئەم دیاردەیە بۆ زۆر خەڵکی لە چەندین شوێنی جیهانەوە دیاردەیەکی ئاساییە. بەلای ئەوانەوە، ئەو کاتانە کاتی ئەوەن بەخەبەر بمێننەوە، ڕۆژەکەیان لە کاتی ئاسایی زووتر دەست پێبکەن و چێژ لە هەموو سەرکێشییە سەرسوڕهێنەرەکان ببینن بە درێژایی ڕۆژ و شەویش. ئەم ماوەیە بەو واتایەش دێت کە کات گرنگییەکی ئەوتۆی نامێنێت و جەستە بۆ ئەوەی بە چالاکی بمێنێتەوە وزەی زیاتر وەردەگرێت.

دیاردەی خۆری نیوەشەو، دیاردەیەکی سروشتییە کە تێیدا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی زەوی، خۆر بۆ ماوەی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر لە سەروو ئاسۆوە دەبێت. بە سانایی واتا، ئەو کاتانەی ساڵ کە لە کاتی نیوەشەویشدا خۆر بە دەرەوەیە و ئاوا نابێت. 

ئەم دیاردە سروشتییە بەهۆی تەوەرە لارەکەی زەوی و سوڕانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا ڕوودەدات. تەوەرەی زەوی ٢٣,٥٠ پلە لارە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە چەند کاتێکی دیاریکراوی ساڵدا، چەند بەشێکی زەوی وەکوو جەمسەری بازنەی باکوور و باشوور بە تەواوی بەر تیشکی خۆر بکەون. لە بازنەی جەمسەری باکووردا دیاردەی خۆری نیوەشەو لە کاتی وەرگەڕانی خۆری هاویندا ڕوودەدات و لە جەمسەری باکووریشدا لە کاتی وەرگەڕانی خۆری زستاندا ڕوودەدات.

یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکان سەبارەت بە خۆری نیوەشەو جیاوازی تینی ڕووناکی خۆرە. لە ڕۆژدا ئاشکرایە کە خۆرەکە زۆر درەوشاوەیە، بەڵام لە کاتی شەودا تینی خۆرەکە تایبەتمەندی خۆرئاوابوونی هەیە و زۆر بەتین نییە، بەمەش دیمەنێکی ناوازە و تایبەت دروست دەکات.

لە کاتێکدا لە جەمسەری باکوور دیاردەی خۆری نیوەشەو ڕوودەدات لە جەمسەری باشوور دنیا تاریکە. لە کاتێکدا یەکێک لە جەمسەرەکانی زەوی ڕووی لە خۆرە، ئەمە واتای ئەوەیە جەمسەرەکەی تر ڕووی لەودیوی خۆرە. بۆیە ئەگەر کەسێک لە جەمسەرێکیان چێژ لە درێژیی کاتی ڕۆژ ببینێت، کەسێکی تر لە جەمسەرەکەی تر لە تاریکیدایە.

دیاردەی خۆری نیوەشەو لە چی ناوچەیەک ڕوودەدات؟

دیاردەی خۆری نیوەشەو لەو ناوچانەدا ڕوودەدات کە لەناو بازنەی جەمسەری باکوور و باشووردان و جیاوازی لە بڕی تینی خۆرەکەدا هەیە. لە جەمسەری باکووردا، هەندێک ناوچە کە دەکەونە دوور لە ئەوپەڕی بەشەکانی باکوورەوە، بە تەواوی دیاردەی خۆری نیوەشەو تێیدا ڕوونادات بەبەراورد بەو بەشانەی نزیکترن لە باکوورەوە، هەروەها ئەم جیاوازییە لە بڕی تینی خۆرەکەدا دیمەنی بێ هاوتا دروست دەکات لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر.

دیاردەی خۆری نیوەشەو لە بازنەی جەمسەری باشوورەوە دەبینرێت، بەڵام ئەم بەشەی زەوی مرۆڤی تێدا ناژی جگە لە چەند وێستگەیەکی توێژینەوە نەبێت. ئەمە بەو واتایە دێت کە بازنەی جەمسەری باکوور بەناوبانگترە بۆ بینینی ئەم دیاردەیە و ناوچەکانیش زۆربەی وڵاتانی سکەندەنەیڤیا، فینلەندا و ئایسلەندا دەگرێتە خۆی.

بەناوبانگترین ناوچەکان بۆ بینینی دیاردەی خۆری نیوەشەو

  • نەرویج: لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەسکەندەناڤیا ئەم دیاردەیەی تێدا ڕوودەدات، بەبێ گومان نەرویج بەناوبانگترین شوێنە بۆ ئەزموونکردنی ئەم دیاردە سروشتییە و لە بەشەکانی باکووری ئەم وڵاتەدا بەباشترین و جوانترین شێوە دەردەکەوێت.
  • ئایسلەندا: خۆری نیوەشەو لە ئایسلەندا، دەتوانرێت بۆ زۆرترین بەشی ڕۆژەکەی ببینرێت. ماوەی دەرکەوتنی خۆر وردە وردە لە ١٨-٢٠ کاتژمێرەوە لە مانگی ئایارەوە زیاد دەکات و لە مانگی حوزەیراندا دەگاتە ٢٠-٢١ کاتژمێر. پاشان لە مانگی تەممووز و ئابدا وردە وردە بۆ ١٨-١٤ کاتژمێر کەم دەکات.
  • گرینلاند: لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕی باکووری گرینلانددا، خۆری نیوەشەو لە کۆتایییەکانی مانگی نیسان بۆ کۆتایییەکانی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت. ڕەنگە سەرسوڕهێنەرەکان دیمەنێکی وا دەبەخشێت بە ناوچەکە کە شایەنی ئەوە بێت یەکجاریش بێت لە ژیانتدا تاقیبکەیتەوە. لە ناوچەکانی باشووری گرینلاند، خۆری نیوەشەو بەشێوەیەکی گشتی دەرناکەوێت بەڵام ڕووناکی خۆر دەگاتە ئەم شوێنانە بۆیە تاریک دانایەت.
  • فینلەندا: هەموو بەشەکانی فینلەندا ئەزموونی خۆری نیوەشەو دەکەن هەرچەندە هەتا بەرەو باکوور بڕۆیت باشتر دەبینرێت و تینی زیاترە. خۆری نیوەشەو زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ لە فینلەندا دەبینرێت.
  • سوید: لە ناوچەکانی ئەوپەڕی باکووری وڵاتی سویددا، خۆری نیوەشەو بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە ٢٧ـی ئایارەوە بۆ ١٨ی تەممووز. هەتا لەم بەشانەش دووربکەویتەوە کاتی ڕۆژ کەمتر دەبێت.
  • ئاڵاسکا: ئاڵاسکا یەکێکە لەو ویلایەتانەی دەکەوێتە ئەوپەڕی باکووری ئەمریکاوە، ئەمەش وای کردووە خستوویەتییە شوێنێکەوە کە ئەزموونی خۆری نیوەشەو و ئاورۆرا (ڕووناکییەکانی باکوور)ـیش بکات. بۆ زیاتر لە ٧٠ ڕۆژ لەم ویلایەتەدا خۆر لە سەروو ئاسۆوە دەمێنێتەوە و دەیکاتە یەکێک لەو شوێنانەی دیاردەی خۆری نیوەشەو تێیدا ڕوودەدات.
  • کەنەدا: ناوچەی جەمسەری باکووری کەنەدا ناوچەی خۆری نیوەشەوە بە شێوەیەک لە مانگەکانی هاویندا خۆر ئاوا نابێت.


سەرچاوەکان



401 بینین