بلوتووز چۆن کاردەکات؟

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-08-23-15:54:00 - کۆدی بابەت: 9968
بلوتووز چۆن کاردەکات؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بلوتوز چۆن کاردەکات؟ (بە عەرەبی: كيف يعمل البلوتوث؟، بە ئینگلیزی: ?How Does Bluetooth Workپەیوەندییەکی گرنگت لەگەڵدایە و لەناو جانتاکەتدا دەگەڕێیت بۆ بیستۆک (سەماعە)ـەکەت. نیگەران دەبیت کە دەیدۆزیتەوە، چونکە وایەرەکان هەموویان ئاڵآون بەیەکدا. یاخود هەوڵدەدەیت وێنەکان لە مۆبایلەکەتەوە بگوازیتەوە بۆ کۆمپیوتەرەکەت، ناتوانیت کەیبڵی USBـیەکەت بدۆزیتەوە. بەڵام کە بلوتوز بەکاردەهێنیت، چیتر پێویستت بە وایەر و کەیبڵی usbـی نابێت بۆ بیستۆک و بەستنەوەی مۆبایلەکەت و کۆمپیوتەرەکەت بەیەکترەوە. بەڵام ئایا دەزانیت بلوتوز چۆن کار دەکات؟

میکانیزمی کارکردن

بلوتوز بەناوی پاشایەکی سەدەی دەیەمی دانیمارکی ناونراوە. لە بلوتوزدا شەپۆلی ڕادیۆیی بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی زانیاری بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان دوو ئامێردا. ئەو شەپۆلە ڕادیۆیانەی کە بلوتوز بەکاریدەهێنێت زۆر لاوازترن لەوانەی کە پەیوەندییان بە وایفای و سیگناڵەکانی دیکەوە هەیە، کە دوو ڕێگەی دیکەی باون بۆ بەستنەوەی ئامێرەکان. لاوازی شەپۆلە ڕادیۆییەکان بەو واتایە دێت کە هێزێکی کەمتر بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانیان و بەجێگەیاندنی ئەرکەکە، هەروەها بلوتوز بەشێوەیەکی گشتی تەنها لە مەودای کورتدا کاردەکات، واتە کەمتر لە ١٠ مەتر. ئەمەش وایکردووە بلوتوز ببێتە تەکنەلۆجیایەکی بەسوود بەتایبەتی بۆ ئەو ئامێرانەی کە بە پاتری کاردەکەن. هەروەها پەیوەندی بلوتوز لە نێوان دوو ئامێردا بە چالاکی دەمێنێتەوە تاکوو ئەو کاتەی کە دوو ئامێرەکە لە مەودایەکی نزیک بە  یەکتردا بمێننەوە، بەبێ ئەوەی پێویستیان بە ڕاوتەر یان هەر ئامێرێکی تری بۆ بەستنەوەیان بەیەکتریەوە.

زانیاری: ئەو ئامێرانەی کە بە بلوتوز کاردەکەن، تاکوو مەودایەکی دووریش کاردەکەن، بەڵام پێویستییان بەهێزێکی زۆر هەیە و لە دۆمەین و کۆدی ئینتەرنێتی بازرگانیدا نابینرێن.

کاتێک ئەو ئامێرانەی بە بلوتوز کاردەکەن لە یەکتر نزیک دەبنەوە، بەشێوەیەکی خۆکارانە یەکتر دەدۆزنەوە. بلوتوز ٧٩ فریکوێنسی ڕادیۆیی جیاواز بەکاردەهێنێت لە باندێکی بچووکدا کە دەکاتە ٢.٤ گێگاهێرتز. ئەم باندە لەلایەن وایفاییشەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بلوتوز هێزێکی ئەوەندە کەم بەکاردەهێنێت کە تێکەڵبوون لەگەڵ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وایفای زۆر کەمە. کاتێک دوو ئامێر پەیوەست دەکرێن، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی یەکێک لە ٧٩ فرێکوێنسییەکە کاردەکەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەک دروست بکەن و کاتێک ئەو پەیوەندییە دامەزرا، بەردەوام دەبن و لە چرکەیەکدا چەندین جار بەسەر ئەم فریکوێنسییانەدا دێن و دەڕۆن.

پەیوەندییەکە بەشێوەیەکی خۆکارانە دەشکێت ئەگەر ئامێرەکان زۆر لەیەکتر دوور بکەونەوە و کاتێک دووبارە ئامێرەکان لەیەکتر نزیک دەبنەوە دەگەڕێنەوە سەر ئەرکەکەی خۆیان. هەروەها دەتوانیت وشەی نهێنی و ناو دابنێیت بۆ بلوتوزەکە و پاراستنی ئامێرەکەت و وەرگرتنی ئەو بلوتوز و ئامێرانەی کە جێگەی متمانەی خۆتن، بۆ ڕێگریکردن لە کاری خراپ و زیانبەخش.


سەرچاوەکان



414 بینین