گوڵی کچی باڵوێز  

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-23-23:18:00 - کۆدی بابەت: 9975
گوڵی کچی باڵوێز  

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی باڵوێز (بە عەرەبی: بنت القنصل، بە ئینگلیزی: Poinsettia، ناوی زانستی: Euphorbia pulcherrima)، یەکێکە لە گوڵە جوانەکان کە بۆ ڕازاندنەوەی ماڵەکان بەکاردێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی مەکسیکە و بە گرنگیپێدانێکی کەم دەکرێت بکرێتە گوڵێکی هەمیشەیی، واتە بەدرێژایی ساڵ بە گەشاوەیی و بە سەوزی بمێنێتەوە لە ماڵەکاندا، بەڵام هاوشێوەی هەموو گوڵەکانی تری ئەندامەکانی خێزانەکەی دەبێتە هۆی خوران و باشترە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بە گوێرەی ناوچەکان ناوی جیاوازی هەیە و نیشانە و ئاماژەیە بۆ بابەتی جیاواز، بەڵام بەگشتی لە سەری ساڵدا ئەم گوڵە ماڵەکانی پێ دەڕازێنرێتەوە هێمایەکە بۆ کریسمس.  

ناوە ئینگلیزییەکەی گوڵی کچی باڵوێز لە ناوی ئەو وەزیرەوە دانراوە کە بۆ یەکەمجار گوڵەکەی بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناساندووە، هەرچەندە گەڵاکەی ڕادەی ژەهراویبوونی بەرزە بەڵام نابێتە هۆی زیانی گەورە بۆ منداڵ و ئاژەڵە ماڵییەکان، تەنها دەبێتە هۆی ڕشانەوە و سکچوون یان دڵ تێکەڵهاتن، بەرکەوتنی هەبێت لەگەڵ پێستدا دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی برین، یاخود بەرکەوتنی بۆ چاو دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی هەستیاری وەک سووربوونەوە و هەڵئاوسان لەگەڵ خوران، لەهەندێک لە خەڵکیشدا دەبێتە هۆی هاندانی هەستیاری وەک تەنگەنەفەسی و هەوکردنی لوت.  

شێوە و پێکهاتەی

ئەم گوڵە ژمارەیەکی زۆر گەڵای سەوزی هەیە کە بە قەدێکی نەرمەوە جێگیربوون، درێژی گەڵاکانی لە نێوان ٧-١٦ سانتیمەتر دەبێت و لەسەرەوە قەدەکەی بە ژمارەیەک گەڵای ژێر گوڵی ڕەنگ سوور کۆتایی هاتووە، هەندێکیشیان دەکرێت ڕەنگیان سپی، پەمەیی، کرێمی یاخود سەوزی کاڵ بێت، هەروەها گوڵی کچی باڵوێز لە مانگەکانی ١٢-١ گوڵی زەردی بچووک دەگرێت، جگە لە ئەمانەش بەرزی ئەم ڕووەکە لە نێوان ٠.٦-٤ مەتر دەبێت و بە دەوەن و درەختی بچووک ناودەبرێت.

سوودەکانی

لەڕووی زانستییەوە بەڵگەی پێویست نییە بۆ دڵنیابوونەوە لە کاریگەری لاوەکی و زیان و سوودەکانی گوڵی کچی باڵوێز، بەڵام بە بۆچوونی هەندێک لە خەڵکی وەک دەرمانی کولتووری بەکاردێت و ئەم کاریگەرییانەی هەیە:

  • هاندانی بەرهەمهێنانی شیر لە خانماندا.
  • چارەسەرکردنی تا.
  • هاوکاریکردنی کرداری هەڵمژینی ڕیخۆڵەکان.
  • کوشتنی بەکتریاکان.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

شێوازی زۆربوون و بڵاوبوونەوەی دەنکە هەڵاڵەکانی ئەم گوڵە لە سروشتدا زانیاری زۆری لەسەر نییە، تەنها ئەوەندە دەزانرێت کە هەر گوڵێک تەنها یەک ڕەگەزی هەیە واتە یان مێینەیە یاخود نێرینە، هەندێک جاریش زەردەواڵەکان سەردانی گوڵی کچی باڵوێز دەکەن و دەکرێت بەهۆیانەوە زیادببن و بپەڕن.

ئەم گوڵە پێویستی بە جێگەیەک هەیە کە ڕووناک بێت و ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی ناوێت، لەگەڵ پلەی گەرمی ١٣-١٥ پلەی سیلیزی و ئاودانی ڕێک، کە دەبێت لە دوای وشکبوونەوەی خاکەکەی سەر بنجی گوڵەکە ئاوی پێبدرێت، بەڵام بۆ هێشتنەوەی ڕێژەی شێی ڕووەکەکە بە جێگری پێویستە ئاو بەسەر گەڵاکانیدا بپرژێنرێت، پاشان بۆ ئەوەی گوڵەکە لە ساڵی دواتردا گوڵبگرێت باشترە کە لە بەهاردا گوڵەکە کورت بکرێتەوە بۆ ١٠ سانتیمەتر و هەڵبپاچرێت، لە کاتی بڕینیدا دەبێت دەستکێش لەدەستبکرێت چونکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن.

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەم گوڵە ئەوەیە کە گەڵاکانی سیس دەبن و دەوەرن، ئەمەش واتای هەبوونی ئاووهەوای ساردە، چونکە جێگە بنەڕەتییەکەی ناوچەی گەرمە لە مەکسیک و ئەمریکای ناوەراست، واتە توانای بەرگەگرتنی بۆ کەشوهەوای سارد نییە، یاخود بەهۆی زۆر ئاودانەوە تووشی نەخۆشی جیاواز دەبێت، یان دوای دوو مانگی گوڵگرتنی گوڵەکە سیس دەبێت و پێویستە بە وریاییەوە چارەسەربکرێت.


سەرچاوەکان



392 بینین