ورسیستەر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-27-21:16:00 - کۆدی بابەت: 10036
ورسیستەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ورسیستەر (بە ئینگلیزی: Worcester، بە عەرەبی: ورسستر)، شارێکی كاتێدراڵی و گرنگترین شاری گەورەی ورسیستەرشایەرە لە ئینگلتەرا، ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕووباری سێڤێرن (سێڤێرن) و ٤۸ کیلۆمەتر لە باشووری خۆرئاوای بێرمینگهام، ۱٦۳ کیلۆمەتر لە باکووری خۆرئاوای لەندەن، ٤۳ کیلۆمەتر لە باکووری گلۆستەر و ۳۷ کیلۆمەتر لە باکووری خۆرهەڵاتی هێرفۆردەوە دوورە. ڕووبەری ڕووی شارەکە ۳۳٫۲۸ کیلۆمەتر دووجایە. ورسیستەر خاوەنی مێژوویەکی درێژ و دەوڵەمەند و کولتوورێکی ناوازەیە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ورسیستەر بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی ۲۰۱٥ بە ۱۰۱٫۳۲۸ کەس خەمڵێندرا و چڕی دانیشتووانەکەی ۷٫۹۰۰ كەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ۲۰۱۱، زیاتر ۹٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە سپی پێست بوون، ۹٤٪ـی ئەم ڕێژەیەش سپی پێستی بەریتانی بوون، کە لە تێکڕای نەتەوەیی وڵاتی ئینگلتەرا زیاترە. نەتەوە کەمیینەکانی تر کە لە شارەکەدا نیشتەجێن ئەوانەن کە لە بنەڕەتدا خەڵکی چین، هیندستان، پاکستان، ئیتاڵیا، بەنگلادیش و پۆڵەندان. گەورەترین گرووپی کەمینە پاکستانی بەریتانین، کە نزیکەی ۱٫۳٪ـی کۆی دانیشتووان پێک دەهێنن.

ئایین

زۆربەی زۆری دانیشتووانی ورسیستەر خۆیان بە مەسیحی داوە لە قەڵەم و بە ڕێژەی ۷۷٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها نزیکەی ۲۱٪ـی دانیشتووانەکەی یان بێ ئایینن یان وەڵامی پرسیاری سەرژمێرییەکەیان نەداوەتەوە کە دەربارەی ئایین لێیان کرا. هەروەها چەند ئایینێکی تر لە شارەکەدا پەیڕەو دەکرێن، ئەوانیش، باپتیزم، کاسۆلیک، ئیسلام و بوودی.

گەشەی دانیشتووانی ورسیستەر

لە کاتی سەرژمێرییەکەی ساڵی ۲۰۰۱ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ۹۳٫۳٥۳ کەس تۆمارکرا. خەمڵاندنەکانی ساڵی ۲۰۱٥ ئەوە پیشان دەدەن کە ژمارەی دانیشتووان بۆ زیاتر لە ۱۰۱٫۰۰۰ کەس گەشەی کردووە، ئەمەش ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی گەشەی شارەکە بەرزە. پێشبینی ئەوە دەکرێت لە داهاتوودا ئابوورییە گەشەسەندووەکەی شارەکە و دەرفەتەکانی بازرگانی دانیشتووی زیاتر ڕابکێشێت و ژمارەی دانیشتووان زیاتر ببێت.

مێژووی شارەکە

ورسیستەری ڕۆمانی

ئەم شارە لە ساڵی ٥۰ـی زایینیدا لەلایەن ڕۆمانییەکانەوە دامەزرا. ورسیستەر بەزوویی گەشەی کرد و بوو بە شارۆچکەیەکی بچووکی گەشەسەندوو. لە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا، چەندین پیشەگەر لە ورسیستەر هەبوون، لەوانە، ئاسنگەر، دارتاش، نانەوا و گۆزەگەر لە شارۆچکەکەدا دەژیان، سەرەڕای ئەوەش خەڵکانێکی زۆر جووتیار بوون. هەروەها لە سەدەی دووەمدا پیشەسازییەکی ئاسن لە شارۆچەکەدا هەبوو، پاشان و لە سەدەی چواردا شارستانییەتی ڕۆمانی پووکایەوە و لە ساڵی ٤۰۷ـی زایینیدا سەربازە ڕۆمانییەکان بەریتانیایان جێهێشت، دوای ئەوە زۆربەی ناوچەکانی شارۆچکە ڕۆمانییەکە چۆڵکران.

ورسیستەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

دوای ئەوەی ڕۆمەکان ناوچەکەیان چۆڵکرد زۆری نەخایاند و لە ناوەڕاستی سەدەی حەوتدا سەکسۆنییەکان جێگیرگەیەکی نوێیان لە نزیک ڕووباری سێڤێرن (Severn) دروستکرد. ورسیستەر لە شارۆچکەیەکی ڕۆمانییەوە بوو بە شارۆچکەیەکی سەکسۆنی. پاشان وردەوردە شارۆچکەکە گەشەی کرد و بەرفراوان بوو. لە ساڵی ۱۰۸٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە نزیکەی ۲٫۰۰۰ کەس بوو. نۆرمانەکان قەڵایەکی دارینیان لە ورسیستەر دروستکرد و لە سەدەی ۱۲ـدا قەڵاکە لە بەرد دروستکرایەوە، هەروەها لە سەرەتای سەدەی ۱۳ـدا دیواری بەردین بەدەوری ورسیستەردا دروستکرا.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، هەفتەبازاڕ دەکرایەوە و دوای ساڵی ۱۲۱۸ پێشەنگایەکی ساڵانە کرایەوە، پێشەنگاکانی سەدەکانی ناوەڕاست لە بازاڕ دەچوون بەڵام تەنیا ساڵی جارێک دەکرانەوە. کڕیار و فرۆشیارەکان لە سەرانسەری هێرفۆرشایەر و ورسیستەرشایەردا بەژداری پێشەنگاکەیان دەکرد، لە ساڵی ۱٥۰۰ـدا ژمارەی پێشەنگاکان گەیشتە چوار پێشەنگا. بازرگانی سەرەکی ورسیستەر خوری و چەرم بوو، هەروەها شارۆچکەکە بەندەرێکی ناوخۆیی بوو و هاوردەکردنی شەراب سەرەکیترین شت بوو و سەرەکیترین شتی هەناردەکراویش خوری بوو. لە ساڵی ۱۲۰۲ـدا ئاگرێک شارۆچکەکەی وێرانکرد و بەهۆی دروستکردنی خانووەکان لە دار و قامیش ئاگرکەوتنەوە ڕووداوێکی بەردەوامی سەدەکە بوو.

ورسیستەریش هاوشێوەی هەموو شارۆچکەکانی تر لە نەخۆشی تاعوون بێ بەری نەبوو و لە ساڵی ۱۳٤۸ بۆ ۱۳٤۹ نیوەی دانیشتووانی شارۆچکەکە بەهۆی نەخۆشی تاعوونەوە گیانیان لەدەستدا. بەڵام بەزوویی دانیشتووانەکەی گەشەیکرد و لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٫۰۰۰ كەس بوو. لە سەدەکانی ‌۱۲ و ۱۳ـدا کۆمەڵگەیەکی جوولەکە لە شارۆچکەکەدا هەبوون، بەڵام لە ساڵی ‌۱۲۹۰ـدا هەموویان لە ئینگلتەرا دەرکران. لە ساڵی ۱۰۸٤ـدا نۆرمانەکان کڵێساکەیان بنیادنایەوە و لە سەدەی ۱۳ـدا ڕەبەنەکانی فرانسیسکان (Franciscan) گەشتنە شارۆچکەکە و ئامۆژگاری خەڵکی ناوچەکەیان دەکرد. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا سێ نەخۆشخانە و قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لە شارۆچکەکەدا هەبوون.

ورسیستەر لە سەدەکانی ۱٦ تا ۱۹

تا سەدەی ۱٦ـەش بژێوی ژیانی دانیشتووانی شارۆچکەکە لەسەر بازرگانیکردن بە خورییەوە بوو، بەڵام لە سەدەی ۱۷ـدا دەستی بە کزبوون کرد. سەرەڕای ئەوەش، ورسیستەر بەردەوام گەشەی کرد و لە ساڵی ۱٦٤٦ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە حەوت هەزار کەس بوو، بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە شارۆچکەیەکی تەواو گەورە بوو. بەم شێوەیە گەشەی دانیشتووان بەردەوام بوو تا بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تاعوون کە لە ساڵی ۱٦۳۷ـدا بڵاوبوویەوە. لە ساڵی ۱٦٤۲ـدا جەنگی ناوخۆیی لە نێوان پادشا و ئەنجومەنی نوێنەراندا ڕوویدا، شارۆچکەکە چەند جارێک کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەستوپێوەندی شا و ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، لە کۆتاییدا دەستوپێوەندی شا ورسیستەریان داگیرکرد و سەرکەوتن. لە سەدەی هەژدەدا نەخۆشخانەیەی دیکە بۆ شارۆچەکە دروستکرا، ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا زیاتر لە ۱۳٫۰۰۰ کەس بوو. لە سەدەی هەژدەدا بازرگانی جلوبەرگی خوری بەردەوام لە کزیدا بوو، ئەوە بوو لە کۆتایی سەدەکەدا پووکایەوە. پیشەسازی سەرەکی شارۆچکەکە دروستکردنی دەستکێش بوو، پیشەسازییەکانی تری سەدەی هەژدە بریتیبوون لە، دروستکردنی فەرش، دروستکردنی سرکە و دروستکردنی خشت و کاشی.

ورسیستەر لە سەدەی ۱۹ بەدواوە

لە ساڵی ۱۸۰۱ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە ۱۳٫۰۰۰ کەس بوو، ژمارەی دانیشتووان لەناکاو زیادی کرد و لە کۆتایی سەدەی ۱۹ـدا گەشتە ٤٦٫۰۰۰ کەس. بەدرێژایی سەدەی ۱۹ بارودۆخی شارۆچکەکە باشتر بوو. لە ساڵی ۱۸۱٥ـدا کەناڵی نێوان ورسیستەر و بێرمینگهام کرایەوە و لە ساڵی ۱۸٥۰ هێڵی ئاسنی گەشتە شارۆچکەکە. سەرەڕای ئەوەی ورسیستەریش وەکوو هەموو شارۆچەکانی تری سەدەی ۱۹ شارۆچکەیەکی پیس بوو و بەو هۆیەوە نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبوویەوە و ۷۹ کەس گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی ۱۸۲٦ـدا پیشەسازی دەستکێش ڕووی لە کزی کرد و پیشەسازییەکانی تری وەکوو دروستکردنی خشت و سرکە و گۆزە گەشەیان سەند. هەر لەم سەدەیەدا ورسیستەر بوو بە شارۆچکەیەکی پیشەسازی و کارگەی داڕشتنی ئاسن و ئەندازیاری پەرەیسەند، لە دوای ساڵی ۱۸۳۷ـەوە ساس لە ورسیستەردا دروستکرا.

ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستدا لەپڕ بەرزبوویەوە و لە ساڵی ۱۹۷۱ گەشتە ۷۳٫۰۰۰ کەس. لەم سەدەیەدا ژیانی هاوڵاتیان بوژایەوە و پیشەسازییە سەرەکییەکانی ورسیستەر بریتیبوون لە، دروستکردنی ساس، چاپکردن، دیزاینکردن و دروستکردنی بینا و ئامێری بچووک، سەرەڕای ئەوەش، پیشەسازییەکانی بەرهەمهێنان ڕووی لە کزی کرد و پیشەسازییە خزمەتوزارییەکان جێگایان گرتنەوە. لە سەدەی ۲۱ـدا شارەکە بەردەوام بوو لە گەشەسەندن و ژمارەی دانیشتووانی ورسیستەر لە ساڵی ۲۰۱۹ـدا گەشتە ۱۰۲٫۰۰۰ کەس.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای ورسیستەر ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ۱۰٫۲ پلەی سەدییە. ساڵانە نزیکەی ٧٤۰ مللیمەتر باران دەبارێت.

ورسیستەر لە نیوەگۆی باکوورە، هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە، حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزترینە ۸٦٫۲۹٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا نزمترینە ۷۱٫۷٤٪ـە.

مانگی شوبات وشکترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین نزمترینە، بە تێکڕایی ٤٩ مللیمەتر باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی تشرینی یەکەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین دەگاتە لووتکە، بە تێکڕایی ٦۹ مللیمەتر باران دەبارێت.

مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٦٫۹ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٤٫٦ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. كاتێدراڵی ورسیستەر

٢. مۆزەخانەی تودۆر هاوس

٣. مۆزەخانەی شاهانەی ورسیستەر

٤. پارکی کروم

٥. ناوچەی سەرکردایەتی

٦. دامودەزگای شارەوانی ورسیستەر

٧. ڕووباری سێڤێرن

٨. مۆزەخانە و پێشەنگای نیگارکێشی شاری ورسیستەر


سەرچاوەکان

44 بینین