گوڵی کەمیلیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-08-29-22:25:00 - کۆدی بابەت: 10061
گوڵی کەمیلیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی کەمیلیا (بە عەرەبی: زهرة الکامیلیا، بە ئینگلیزی: Camellia، ناوی زانستی: Camellia)، یەکێکە لە ڕووەکە هەمیشە سەوزەکان کە ناوبانگێکی زۆری هەیە و لە زۆرینەی باخچەکاندا دەچێنرێت، نشینگە بنەڕەتییەکەی کیشوەری ئاسیایە، سەدان جۆری جیاوازی هەیە و  یەکەمجار دەرمانسازێک جۆرەکانی پۆلێنکردووە کە دواتر گوڵەکەش هەر بە ناوی ئەوەوە ناونراوە، باوترین جۆری پێی دەوترێت کەمیلیای ژاپۆنی، جگە لە ئەمەش چەندین جۆر گوڵی دوو ڕەگی کەمیلیا بەرهەم هێنراوە، هەروەها ئەم گوڵە تەمەنێکی درێژی هەیە و چەندین دانەی دۆزراوەتەوە کە دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە بۆ هەزاران ساڵ ژیاوە.

شێوە و پێکهاتەی

ئەم ڕووەکە بەگشتی پێکهاتووە لە دەوەنێکی هەمیشە سەوز، ژمارەیەکی زۆر گەڵای سەوزی تۆخی درەوشاوەی هەیە، هەروەها خونچە دەکات و گوڵدەگرێت کە بۆ ماوەی چەندین هەفتە بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە، کاتی خونچەکردنەکەشی لە پاییزەوە هەتاکوو بەهار دەخایەنێت کە بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێت، ڕەنگی گوڵەکەی دەکرێت هەریەک لە سپی، پەمەیی، زەرد، سوور یان مۆر بێت، درێژیی کەمیلیا دەگاتە ٠.٦-٣،٦ مەتر و پانییەکەشی دەگاتە ٠.٦-٣ مەتر.  

سوودەکانی

  • بەکاردێت بۆ دروستکردنی دەرمانی کولتووری.
  • بە تێکەڵکردن لەگەڵ زەیتی تردا بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی سووتان.
  • بەکاردێت وەک دژە هەوکردن لە چارەسەری کولتووری ژاپۆنیدا.
  • دروستکردنی زەیت بۆ نەرمکردنی پێست و زیادکردنی جیڕێتی پێست لەگەڵ چارەسەرکردنی خوێنبەربوون.
  • گەڵاکانی بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی تەنگەنەفەسی و کێشەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن.
  • بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی کۆلیسترۆڵ لە خوێندا.
  • بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی سەرمابوون و ئەنفلۆنزا.
  • دروستکردنی زەیت لە تۆوەکەی.
  • گوڵەکانی وشکدەکرێتەوە بۆ دروستکردنی خۆراکی تایبەت لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
  • دروستکردنی چا لە گەڵاکەی.
  • دروستکردنی ڕەنگ لە پەڕی گوڵەکانییەوە.
  • گوڵی کەمیلیا وەک هێمای شتێکی تایبەت لە زۆرینەی وڵاتەکاندا واتای جیاوازی پێدراوە.

شێوازی چاندن

بۆ چاندنی کەمیلیا دوو ڕێگە هەیە یەکەمیان تۆوە دوومیشیان لقەکانییەتی، زیادکردن بە تۆو بە ڕێگەیەکی دروست هەڵنابژێردرێت چونکە چەکەرەکردنی کاتی زۆر دەخایەنێت، بۆیە باشترە بە چڵ و لقەکانی زیادبکرێت، کاتی چاندنی دیاریکراوی پێویست نییە و لە هەموو کاتەکانی ساڵدا گونجاوە، تەنها لە کاتە زۆر گەرمەکانی هاویندا نەبێت، دوای چاندنی گەشەکردنی هێواشە بەڵام تەمەنێکی درێژی هەیە، هەروەها لەکاتی چاندنیدا پێویست ناکات بەتەواوەتی خاکەکەی بگۆڕدرێت بەڵکوو تەنها پاش چاندنی چەند سانتیمەترێک لە سەماد بۆ بنی ڕووەکەکە زیادبکرێت.

چاندنی بەتۆو سەرکەوتوو نابێت چونکە زۆرینەی ڕووەکەکانی کەمیلیا دووڕەگن و تۆوەکە چەکەرە ناکات، بەڵام ئەگەر ڕووبدات ئەوا پێویستە دوای لێکردنەوەی تۆوەکە لە گوڵەکە بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بخرێتەوە ئاوەوە، پاشان بەهێواشی درزێک لە نێوان تۆوەکەدا دروستبکرێت هەتاکوو هاوکاری چەکەرەکردنی بکات، دواتر ئەگەر تۆوێکی ڕاستەقینەبێت ئەوا پاش مانگێک چەکەرە دەکات، یاخود زۆرینەیان لە بەهاردا دەردەکەون.

شێوازی گرنگیپێدان

ساڵانە یەکجار خاکەکەی بەپیتبکرێتەوە لەکاتەکانی سەرەتا و کۆتایی بەهار یاخود لە هاویندا، بەڵام لە زستاندا ناکرێت چونکە سەرما و هەبوونی ماددەی خۆراکیش دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ڕووەکەکە، گوڵی کەمیلیا بۆ گەشەکردن تەنها پێویستی بە بڕێک سێبەر هەیە لەگەڵ خۆر، خاکەکەی بەپیت بێت و ڕێژەیەکی شێی گونجاوی هەبێت، بەڵام دەبێت ئاو تێیدا کەڵەکەنەبێت و بەباشی وشکبێتەوە.

لە کەشە وشکەکاندا پێویستی بە دووجار ئاودان هەیە لە هەفتەیەکدا، پێویستە جۆری خاکەکەی ترشبێت، هەروەها کاتێک کەمیلیا لەتەنیشت ڕووەکێکی ترەوە دەچێنرێت باشترە کە مەودای نێوانیان ١.٥ مەتر بێت، چونکە ئارەزوو ناکات لەگەڵ داری تردا پێشبڕکێ بکات بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی خاک و ئاو، پێویستی بە هەڵپاچینی زۆر نییە تەنها لابردنی گەڵا و چڵە سیسبووەکانی پێویستە، یاخود ئەو چڵانەی کە گوڵیان گرتووە و ناتوانن دوای کۆتایی هاتنی کاتی گوڵەکە گەشەی زیاتر بکەن.

بەڵام هەندێک لە گوڵە کەمیلیاکان ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاوازی مێروو و کەڕوو دەبنەوە، کە پێویستە باخەوانەکان گرنگی باشیان پێبدەن و بە وریاییەوە چاودێریان بکەن، پاشانیش چارەسەریان بکەن کە چارەسەکردنیشی بە ڕشتنی ماددەی تایبەتی دژە کەڕوو یان زەیتی تایبەتە، کە ڕێگەیەکی ئاسان و ساکارە.


سەرچاوەکان



593 بینین