قەیس خەزعەلی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-31-18:23:00 - کۆدی بابەت: 10092
قەیس خەزعەلی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەیس خەزعەلی یان قەیس ئەلخەزعەلی (بە عەرەبی: قيس الخزعلي، به ئینگلیزی: Qais Khazali) ڕابەرێکی سیاسی شیعەی عێراقییە و سەرۆک و فەرماندەی میلیشیا و هێزە چەکدارییەکانی جووڵانەوەی عەسائیب ئەهل ئەلحەقە (بە عەرەبی: عصائب أهل الحق)، سەرۆکی بزووتنەوەی سادیقوونە لە عێراق. ناوی تەواوی قەیسی کوڕی هادی حەسەن خەزعەلییە لە ساڵی ١٩٧٤ لە "مەدینە سەدڕ" لە بەغداد لەدایکبووە، هەر لەو شارە خوێندنی تەواوکردووە و لە کۆلێجی زانستی زانکۆی بەغداد بەشی جیۆلۆجی تەواوکرووە.

زانیاری گشتی
ناو قەیس خەزعەلی
لەدایکبوون ١٩٧٤
شوێنی لەدایکبوون بەغداد
ئایین ئیسلامی شیعە
خاوەن حیزبی سادیقوون (بە عەرەبی: كتلة الصادقون)
پێشینەی سەربازی حەشدی شەعبی، عەسائیب ئەهل ئەلحەق

ژیانی سیاسی

قەیس خەزعەلی بیروهزری شیعەی توندڕەوی هەیە و خاوەن کەسایەتەییەکی نامۆیە لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حسێن ئەم کەسایەتییەش ناسرا، وەکوو پیاوێکی ئایینی و کەسایەتییەکی سەربازیش خۆی دەناسێنێت، هاوکات لەسەر بڕیارەکانی جێگیر نییە، بە ئەندازەی لایەنگرەکانی نەیار و دوژمنداری هەیە، پاڵپشتی و لایەنگیری وڵاتی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان و ئێرانە.

  • سەرەتای ژیانی لایەنگیر و شوێنکەوتووی مەڕجەعی محەمەد باقڕ سەدڕ بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکێک بووە لە فەرماندە دیارەکانی نێو "سوپای مەهدی" و نزیک و هاوپیشەی موقتەدا سەدڕ بووە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٤ بەهۆی ناکۆی نێوانیان لەگەڵ موقتەدا سەدڕ جیادەبێتەوە.
  • لە ساڵی ٢٠٠٥ لەگەڵ قاسم سولەیمانی لە دامەزرێنەرانی جووڵانەوەیەکی سەربازی نافەرمی بوو کە دواتر بە عەسائب ئەهل ئەلحەق ناسرا، جووڵانەوەیەکی نافەرمی بوو و بە میلیشیا ناسرێنرا بوو.
  • لە ساڵی ٢٠٠٧ بەهۆی تۆمەتی تیرۆر و دامەزراندنی میلشیا دژی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لە زیندانی ئەبووغرێب لە بەغداد زیندانی کرا.
  • لە ساڵی ٢٠١١ قەیس خەزعەلی جووڵانەوەکەی بە فەرمی ناساند و کردییە جووڵانەوەیەکی سەربازی گرنگ لە ناوچەکە.
  • لە ساڵی ٢٠١٤ جووڵانەوە سەربازییەکەی لە جەنگی ناوخۆی سووریا لە چەند ناوچەیەک بەشدار بووە.

حیزب و هاوپەیمانی سادقون (بە عەرەبی: کتلة الصادقون)ـی دامەزراند و خۆی بووە ئەمینداری گشتی هاوپەیمانییەکە و لە ڕێگەی ئەو هاوپەیمانییەوە توانی بچێتە نێو پەرلەمانی عێراقی. بەهۆی دەرنەچوون و شکستهێنان و کەمی ژمارەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ـی عێراق، لەگەڵ چەند هاوپەیمانی و جووڵانەوەیەکی تر کە ژمارەی دەنگەکانیان کەم بوو هاوپەیمانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" (بە عەرەبی: الٲطار التنسیقي)ـیان دامەزراند و بوونە ڕکابەرێکی سەرسەختی سەدڕییەکان کە لەڕووی ژمارەی دەنگەکانیانەوە یەکەمینی نێو پەرلەمان بوون.

بەهۆی نەگونجان و ڕێکنەکەوتنی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق پشێوی و ئاڵۆزی لە عێراق ڕوویدا، هەردوولا لایەنگر و پاڵپشتیکارانیان هاندا تاکوو لە ناوچەی سەوز لە بەغداد خۆپیشاندان بکەن و خۆپیشاندانەکان لە نێو پەرلەمانی عێراق و کۆشکی کۆماری ناوچەی سەوز ڕوویدا. له ٣٠ ئابی ٢٠٢٢ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەی سەوز لە نێوان لایەنگرە شیعەکان دروست بوو، لەلایەن سەرایا سەلامەوە چەندین بارەگای ئەساعب لە شارەکانی بەغداد و بەسڕە و زیقار و نەجەف سووتێنران و داخران، لە نێوان هەردوولا کوژراو و برینداریش هەبوو.


سەرچاوەکان



414 بینین