ناوچەی سەوز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-08-30-08:36:00 - کۆدی بابەت: 10072
ناوچەی سەوز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ناوچەی سەوز یان ناوچەی نێودەوڵەتی (بە عەرەبی: المنطقة الخضراء، بە ئینگلیزی: Green Zone) ناوچەیەکی گرنگی شاری بەغدادە لە عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای داگیرکارییەکانی ئەمریکا لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ئەم ناوچەیە دروستکرا و پێکهێنرا. ناوچەی سەوز بەهۆی لەخۆگرتنی چەندان دامودەزگای گرنگی دەوڵەت ناوچەیەکی ستراتیجی گرنگ و کاریگەرە لە عێراق، زۆرێک لە باڵوێزخانەکان نموونەی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بەریتانیا لەنێو ناوچەی سەوزدایە، هەروەها ناوەند و بارەگای ڕێکخراو و ئاژانسە حکوومی و بیانییەکانی وڵاتانی تر لەخۆدەگرێت.

بەهۆی ئەوەی ناوچەی سەوز لە عێراق ناوچەیەکی ستراتیجی گرنگە، هەمیشە هەر پشێوییەک لە عێراق ڕووبدات ناوچەی سەوز کراوەتە ئامانج، چەندان جار تەقینەوەی خۆکووژی تێدا ئەنجام دراوە، هەروەها چەند جارێک بەر هێرشی مووشەک کەوتووە. هەر خۆپیشاندانێک لە عێراق کرابێت ئاڕاستەی ئەو ناوچەیە کراون، زۆرجار پشێوی و ئاڵۆزی لەنێو خۆپیشاندەران لە ناوچەکە دروستبووە.

شوێنی جوگرافی

ناوچەی کەڕادەی ڕۆژاوا یان کەڕادەی مەریەم و بەشێک لە گەڕەکی حارسییە و بەشێک لە ناوچەی قادسییەی شاری بەغداد ڕووبەری گشتی ناوچەی سەوز پێکدەهێنن، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی دە کیلۆمەتر دووجایە و دەکەوێتە ناوەندی بەغدادەوە. ڕووباری دیجلە لە بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە دەوری داوە، زۆرێک لە بەشەکانی ناوچەکە تەلبەن کراوە و بە دیواری کۆنکرێتی بەرزی گوللـەنەبڕ دەور دراوە.

پێش دروستبوونی ناوچەی سەوز

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە عێراق و لە ساڵی ١٩٧٩ ناوچەی "کەڕادەی مەریەمی پاکیزە" لەلایەن حکوومەتەوە داخرا و لە هاوڵاتیانی ئاسایی قەدەغە کرا چونکە دامودەزگا و ناوەندە گرنگەکانی حکوومەت لەو ناوچەیە بوون. تاکوو پێش داگیرکارییەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ وشەی ناوچەی سەوز بوونی نەبوو. ناوچەکە ناوی فەرمی "کەڕادەی مەریەمی پاکیزە" یان "کەڕادەی ڕۆژاوا" بوو. بەڵام هەر ناوچەیەکی گرنگ بووە و زۆرێک لە ئەندامانی وەزارەتەکانی حکوومەتی ئەو کاتەی عێراق لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە. کۆشکەکانی سەدام حسێن و کوڕەکانی هەر لەو ناوچەیە بووە. هەردوو کۆشکی کۆماری و کۆشکی سەلام لە گرنگترین کۆشکەکانی دەسەڵاتن کە دەکەونە ئەو ناوچەیەوە.

دروستبوونی ناوچەی سەوز

لە نۆی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە و کەوتنی شاری بەغداد، هەریەک لە ناوچەکانی "کەڕادەی مەیەم" و "حارسییە" و "قادسییە" لەلایەن ئەمریکییەکانەوە داگیرکرا و نزیکەی سێ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دیاریکران خاوەنەکانیان گوێزرانەوە، زۆرێک لە باڵوێزخانە و ناوەندە گرنگەکان بردرانە ئەو سێ ناوچەیە، نموونەی باڵوێزی ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی تر. خاوەن ئەو یەکەی نیشتەجێیانە لەلایەن حکوومەتەوە قەرەبووکرانەوە و هەندێکیان  کرێ وەردەگرن.

هەروەها ناوچەی سەوز فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکەکانی فەرماندەی ئەو هێزانە و بارەگاکانی حکوومەتی عێراقی لەخۆدەگرێت. لە ساڵی ٢٠٠٩ هەموو کاروباری ئاساییشی ناوچەی سەوز لەلایەن ئەمریکاوە درایەوە دەست سوپای عێراقی، ناوچەکە هێزی پاراستنی تایبەتی هەیە و بە توندترین شێوە پارێزگار لێدەکرێت.

ناوچەی سەوز دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

لە ساڵی ٢٠١١ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق زۆرێک لە ناوەند و دامودەزگاکانی حکوومەتی عێراقی بوونە جێگرەوەی بارەگای ئەمریکییەکان. هاوکات فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنکەکانی فەرماندەی ئەو هێزانە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش هەر لە ناوچەی سەوز مانەوە. هەریەک لە باڵوێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و میسر و ئوستوڕالیا لەو ناوچەیە کرانەوە، لە ئێستادا زۆرێک فەرمانبەری دیبلۆماسی نێودەوڵەتی و خانەوادەکانیان نیشتەجێی ناوچەی سەوزن. سەروەزیرانی عێراق و ئەندامەکانی پەرلەمانی عێراقی و کەسایەتی سیاسی و دیاری عێراق نیشتەجێی ناوچەکەن، بەپێی چەند سەرچاوەیەک نزیکەی پێنج هەزار بەرپرس و کەسایەتی ناودار نیشتەجێی ئەو ناوچەیەن.

کردنەوەی ناوچەکە بەڕووی هاوڵاتیان

دوای دروستبوونی ناوچەکە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ ناوچەکە بۆ هاتوچۆی ئاسایی هاوڵاتیان و دانیشتووانی بەغداد قەدەغە بوو، شەقامەکانی داخراو بوون تەنها ئەو کەسانەی کە پلە و پۆستیان هەبوو یان لەو ناوچەیە کاریان دەکرد بۆیان هەبوو سەردانی ناوچەکە بکەن. لە ساڵی ٢٠١٥ سەروەزیزانی ئەوکاتە حەیدەر عەبادی داوای کردنەوەی ناوچەکەی کرد، بۆ یەکەم جار دوای ١٥ ساڵ بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە ڕووی هاوڵاتیانی ئاسایی کرایەوە.

لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن سەروەزیرانی ئەو کاتەوە عادل عەبدولمەهدی کاتی کردنەوەی ناوچەکە سنووردار کرا، لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەوە تاکوو یەکی شەو ناوچەکە بەگرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێکی تایبەتی هاتوچۆی هاوڵاتیانی لەو کاتەدا ئاسایی کردەوە. بەڵام لە ئێستادا تەنها بەپێی مۆڵەتی ڕێگەپێدراو لەلایەن حکوومەتی عێراقییەوە دەتوانرێت سەردانی ناوچەکە بکرێت و سەردانیکەرانی سنووردارە.

شوێنە ناودارەکانی ناوچەی سەوز

  • پەرلەمانی عێراق
  • هۆتێلی ڕەشید
  • قەوس نەسڕ
  • پەیکەری سەربازی نامۆ
  • نەخۆشخانەی ئیبن سینا
  • کاتژمێرەکەی بەغداد
  • کۆشکی سەلام
  • کۆشکی زەقووڕە
  • کۆشکی کۆنگرەکان
  • کۆشکی کۆماری


سەرچاوەکان



483 بینین