دەستشۆردن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-09-02-23:10:00 - کۆدی بابەت: 10126
دەستشۆردن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەستشۆردن (بە ئینگلیزی: Hand washing، بە عەرەبی: غسل اليدين) کارێکی پڕاکتیکییە بۆ پاکڕاگرتنی دەستەکان و دووربوون لە پیسی. ڕۆژانە دەستەکان بە زۆر هۆکار پیس دەبن و پێویستە لە ڕێگەی شۆردنیانەوە پاک بکرێنەوە. دەستشۆردن یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکان بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت لە نەخۆشی. دەستشۆردن دەبێت ٤٠ بۆ ٦٠ چرکە بخایەنێت. بەپێی وتەی یونیسێف، شۆردنی دەستەکان پێش و پاش نانخواردن بەشێوەیەکی بەردەوام باشترین ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە هەر نەخۆشییەکی گوازراوە.

دەبێت کەی دەستەکانم بشۆم؟

  • پێش و پاش خواردن دروستکردن. 
  • پێش و پاش نانخواردن.
  • لە کاتی هاتنەوە بۆ ماڵەوە.
  • دوای دەستدان لە هەر تەنێک کە پیسی هەڵبگرێت.
  • دوای هاتنە دەرەوە لە تەوالێت.
  • دوای هاتنەوە لە نەخۆشخانە، ئیتر ئەگەر وەک پزیشک و کارمەند کار دەکەیت، یاخود لای نەخۆشێک ماویتەتەوە.
  • دوای دەستدان لە خوێن و برین.
  • دوای گۆڕینی دایبی منداڵ، یان شۆردنی منداڵەکە.
  • دوای ڕشتنی زبڵەکانی ماڵەوە.
  • دوای دەستدان لە هەر ئاژەڵێک.
  • دوای کۆکە، پژمە، باوێشکدان و دەستکردن بە دەم و لووتدا.

بە چی دەست بشۆم؟

شۆردنی دەستەکان تەنها بە ئاو نابێت، چونکە ئاو بەتەواوی دەست پاک ناکاتەوە لە میکرۆبەکان، پێویستە دەستەکان بە سابوون یان سابوونی شل بشۆردرێت. هەروەها وا باشە ئاوی شلەتێن بەکاربهێنێت بۆ شۆردنی دەستەکان. لە زۆرێک لە وڵاتەکان شۆردنی دەست بە سابوون کەمە، لە ساڵی ٢٠١٥ توێژینەوەیەک دەربارەی شۆردنی دەستەکان کرا و دەرکەوت دەستشۆردن بە سابوون ڕێژەکەی بەشێوەیەکی مامناوەندییە. بەگشتی ٣٨٪ـی خێزانەکان دەستیان بە سابوون دەشۆن. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ توێژینەوەیەک لەسەر چەند وڵاتێک ئەنجامدرا، ئەنجامی توێژینەوەکە ئەوە دەردەخات کە وڵاتی سعودییە زۆرترین ڕێژەی دەستشۆردن بە سابوونی تێدایە بە ڕێژەی ٩٧٪، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٧٧٪. کەمترین ڕێژەی دەستشۆردنیش وڵاتی چینە بە ٢٣٪.

ڕێگاکانی دەستشۆردن

یەکەم

دەستەکانت بە ئاو تەڕ بکە، بە ئەندازەی پێویست سابوون یاخود سابوونی شل بەکاربهێنە. ناولەپی دەستەکانت بەباشی بشۆ، پێویستە سابوون یان سابوونە شلەکە کەفی باش بکات.

دووەم

بە دەستی ڕاستت پشتی دەستی چەپت بشۆ، هەروەها پەنجەکانی ڕاستت تێکەڵی پەنجەکانی چەپ بکە، ئەم کردارە پێچەوانە بکەرەوە، واتە بە دەستی چەپت پشتی دەستی ڕاستت بشۆ و پەنجەکانی چەپت تێکەڵی پەنجەکانی ڕاست بکە.

سێیەم

دواتر دەستەکانت تێکەڵ بکە و تەواوی پەنجەکانی هەردوو دەستت تێکەڵ بکە.

چوارەم

نینۆکی پەنجەی دەستی ڕاستت بهێنە بە ناولەپی دەستە چەپتدا، هەروەها نینۆکی دەستە چەپت بهێنە بە ناولەپی دەستە ڕاستدا.

پێنجەم

بە دەستی چەپت پەنجە گەورەی دەستی ڕاستت بشۆ و بیسوڕێنە، هەروەها بە دەستی ڕاستیشت پەنجە گەورەی دەستی چەپت بشۆ و بیسوڕێنە.

شەشەم

سەری پەنجەکانی دەستە ڕاستت بهێنە بە ناولەپی دەستە چەپتدا و بە هەموو ئاڕاستەکان بیسوڕێنە، هەروەها سەری پەنجەکانی دەستە چەپت بهێنە بە ناولەپی دەستە ڕاستدا و بە هەموو ئاڕاستەکان بیسوڕێنە.

حەوتەم

دواتر دەستەکانت بە ئاو بشۆ و کەفەکەی لێ بکەرەوە. بە کلێنس دەستەکانت وشک بکەرەوە، هەر بە هەمان کلێنسیش بەلوعەی ئاوەکە بگرەوە.

وشککردنەوەی دەستەکان

بۆ وشکردنەوەی دەستەکان واباشە کلێنس بەکاربهێنیت، دووربکەویتەوە لە بەکارهێنانی هەوای گەرم. چونکە دوای وشککردنەوەی دەستەکان بە هەوای گەرم وادەکات بەکتریاکان لەناونەچن و بەڵکوو ژمارەیان زیاتر بکات، بەڵام بەکارهێنانی کلێنس بەکتریاکان کەم دەکاتەوە.

سوودەکانی دەستشۆردن


سەرچاوەکان



374 بینین