عەبدولمالیک ریگی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-12-15:08:00 - کۆدی بابەت: 10228
عەبدولمالیک ریگی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەبدولمەجید ریگی، عەبدولمەلیک ریگی یان عەبدولمالیک ریگی (بە عەرەبی: عبد الملک ريغي، بە ئینگلیزی: Abdolmalek Rigi، بە فارسی: عبدالمالک ریگی) ڕێبەری پێشووی گرووپی چەکداریی جوندوڵڵا بوو کە لە دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی چالاکی چەکداری بوو. گرووپەکەی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی پاکستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە وەک "گرووپێکی تیرۆریستی" ناسێندراوە و تۆمەتبارکرابوو بە "بازرگانی ماددەی هۆشبەر، ڕفاندن و تیرۆرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئاسایی و سەربازانی ئێرانی بەتایبەتی ئەندامانی سوپای پاسداران”.

ریگی لە مانگی شوباتی ٢٠١٠ لەلایەن وەزارەتی زانیاریی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ئەوە گرووپی جوندوڵڵا محەمەد زاهیر بەلووچیان وەک جێگرەوەی ناساند. دوای بڵاوبوونەوەی دانپێدانانەکانی ریگی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێران کە تێیدا هاتبوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانییان لە گرووپی جوندوڵڵا کردووە و ریگی ماوەیەک لە بارەگای سەربازیی ئەمریکا بووە، ئەمریکا ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە. هەروەها وتەبێژی گرووپی جوندەڵڵا ڕایگەیاند کە دانپێدانانەکەی عەبدولمالیک ریگی لەژێر فشار و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی وەرگیراوە. ساڵێک دواتر ریگی بە تاوانی جەنگ و بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی لە بەیانی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٠ لە سێدارە درا.

ریگی هۆکاری سەرەکی چالاکی چەکداریی گرووپەکەی بە هەڵاواردنی نەتەوەیی و مەزهەبی کۆماری ئیسلامی لە دژی بەلووچ و سوننە دەزانی. بەڵام بەپێی قسەی خۆی جەنگی ئەو دژی شیعەکان نییە، بەڵکوو دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتدارانە. 

ژیان و کەسایەتی

عەبدولمالیک ریگی ساڵی ١٩٧٩ لە خێڵی ریگی لە زاهیدان لەدایکبووە. نەچووەتە قوتابخانە و تەنها چەند ساڵێک لە یەکێک لە خوێندنگە ئایینییە سوننەکان خوێندوویەتی و دواتر لەوێ دەرکراوە. دوای ئەوە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا چەکی هەڵگرت و ئامانجی سەرەکی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مافی بەلووچ و سوننە لە سیستان و بەلوچستان ڕاگەیاند. دەگوترێت ریگی بەرلەوەی دەست بە چالاکییەکانی بکات، چووەتە لای زانایانی سوننی ناوچەکە بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئەوان وەربگرێت، بەڵام ئەوان گرنگییان بە قسەکانی نەداوە. هەروەها وتوویەتی ماوەیەک دوای دەستپێکردنی چالاکییەکانی گرووپەکەی لە نزیک تاران بە هەڵە دەستبەسەر کراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناسنامەکەی نەناسراوە ئازاد کراوە.

بە وتەی یەکێک لەو بارمتە گیراوانەی کە لەلایەن جوندوڵڵاوە گیراوە، ریگی هەرگیز زیاتر لە شەوێک لە شوێنێک نەماوەتەوە و تەنانەت بە دەستکێشیش تەوقەی لەگەڵ کەسانی دیکە کردووە.

خێزان

ریگی خاوەنی شەش برا بووە، لە ناوچەی سەراوان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا یەکێک لە براکانی لەدەست دەدات. هەروەها بچووکترین برای بەناوی عەبدولغەفوور لە هێرشێکی خۆکوژی لە بارەگای پۆلیسی سەراوان دەکوژرێت. هەروەها عەبدولحەمید ریگی برا گەورەکەی لە ٢٤ـی ئایاری ٢٠١٠ لە زاهیدان لە سێدارە درا. سێ براکەی تری بریتین لە عەبدولڕەئووف، عەبدولسەتتار و عەبدولغەنی. 

دایک و باوکی ریگی زۆرجار لەگەڵ گرووپی جوندوڵڵا لە چیای بەلووچستان گەشتیان دەکرد. باوکی ریگی دوای دوو ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختەی لەسێدارەدانی عەبدولحەمید ریگی لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٠٩ بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد. 

دەستگیرکردن

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی شوباتی ٢٠١٠، ڕادیۆی دەوڵەتی ئێران بە پشت بەستن بە پێوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی زانیاریی کۆماری ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە بریکارەکانی ئەم وەزارەتە عەبدولمالیک ریگییان دەستبەسەر کردووە. بەپێی سەرچاوەکانی ناوخۆی ئێران، دوای دەستبەسەرکردنی عەبدولمالیک، خەڵکی سیستان و بەلووچستان بە دەرکەوتن لە گۆڕەپانەکانی شار لەکاتی دابەشکردنی شیرینی ئاهەنگیان گێڕا. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی زانیاریی ئێران، عەبدولمەجید ریگی بەناوی ساختەی عەبدولمالیکەوە، لە ئەفغانستانەوە چووەتە دوبەی و لە دوبەیەوە بەرەو بیشکەک بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕیچارد هۆلبروک، نوێنەری تایبەتی ئۆباما بۆ کاروباری ئەفغانستان کۆببێتەوە کە لە قرقیزستان بووە.

دانپێدانانەکان

بە پێی دانپێدانانەکانی عەبدولمەلەک ریگی لە سەرەتای دەستگیرکردنیدا، ئەمریکا بەڵێنی هاوکاری و پشتیوانی بە خۆی و گرووپەکەی داوە و سی ئای ئەی پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا هەبووە. عەبدولمەلیک لە دانپێدانانەکەیدا باسی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ناتۆ لە ئەفغانستان و یەکە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکان و پێشنیارەکەیان بۆ یارمەتی دارایی و پێشکەشکردنی لیستی ئەو کەسانەی کرد کە پێویستە لە تاران تیرۆر بکرێن. لەو گرتە ڤیدیۆییەی کە لە دانپێدانانەکانیدا بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا بەڵێنی هاوکاریی سیخوڕیی بەرفراوانی پێداوە و گەرەنتی ئاسایشی ئەندامانی گرووپەکە دەکات و بڕیاری داوە بنکەیەکی سەربازییان لە ئەفغانستان بۆ دابین بکات بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران. هەر بۆیە پێش دەستگیرکردنی لە ڕێگادا بوو بۆ بنکەیەک لە شاری بیشکەک بۆ دانوستانی کۆتایی لەگەڵ بەرپرسێکی پلە باڵادا.

سزادان و لەسێدارەدان

دوای ئەوەی عەبدولمالیک ریگی لە یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر تەوحیدی بە تۆمەتی ١٥ تۆمەتی ڕفاندنی چەکداری، کوشتنی بە ئەنقەستی دەیان سەرباز و خەڵکی سڤیل و بۆردومان و دزیی چەکداری و چەندین حاڵەتی تر؛ دواجار لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەی ٢٠ـی حوزەیرانی ٢٠١٠ لە بەندیخانەی ئەوین لە سێدارە درا. هەرچەندە لەسەر داواکاری سەرۆکی دادگای سیستان و بەلووچستان بڕیار درابوو لە زاهیدان بە ئاشکرا لەسێدارە بدرێت، بەڵام بە نهێنی و لە شاری تاران سزاکەی چەشت.

کارەکانی

ئۆپەراسیۆن ڕێکەوت شوێن ئەنجام
هێرش بۆ سەر کاروانی سەرۆک کۆمار ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ ناوچە بیابانەکانی بەلووچستان پاسەوان و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی ئەحمەدی نەژاد کوژران
هێرش بۆ سەر بنکەی سنووری گۆدار ناهۆک سەراوان ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ ناوچەی سەراوان بە بارمتە گرتنی ٨ پاسەوانی سنوور و بەرپرسی بنکەی پۆلیس
دیلکردنی ٣ هاووڵاتیی تورکیا ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ نادیار داواکردنی یەک ملیۆن دۆلار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان
ڕووداوی تاسوکی ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٦ ناوچەی تاسوکی کوشتنی ٢٣ سەرنشین کە دەڕۆشتن بۆ زاهیدان. سووتاندنی ٦ ئۆتۆمبێلی سەرنشینەکان. دیلکردنی ژمارەیەکی نەناسراو لە سەرنشینان. 
هێرشی پەرش و بڵاو بۆ سەر خەڵکی مەدەنی ٧ی نیسانی ٢٠٠٦ پارێزگای سیستان و بەلووچستان تیرۆرکردن و دیل کردنی خەڵکی سڤیل و کوشتنی هەندێکیان
هێرشکردنە سەر ئەفسەرانی پۆلیس ١ی شوباتی ٢٠٠٧ یەکتربڕینی ڕێگاکانی بزرگمهر و معلم لە شاری زاهیدان کوشتنی ٤ ئەفسەری پۆلیس و هاووڵاتییەک
هێرشکردنە سەر پاسی هێزەکانی پاسداران بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ١٤ی شوباتی ٢٠٠٧ ڕێگای ثارالله ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون کە ئەندامی سپای پاسداران و خەڵکی ئاسایی بوون
تەقینەوەی بۆمبی دەنگی ١٦ی شوباتی ٢٠٠٧ ڕێگای سەرەکی زاهیدان بەبێ زیان
هێرش بۆ سەر بنکەی سنووری نگور ٢٧ی شوباتی ٢٠٠٧ ناوچەی نگور کوژرانی ٢ پاسەوانی سنوور و گرتنی ٤ کەسی دیکە و گواستنەوەیان بۆ پاکستان
دەستڕێژی جوندوڵڵا بۆ سەر پاسداران ١٩ی تەمموزی ٢٠٠٧ گوندی دومک ١١ ئەفسەری سوپای پاسداران کوژران و ٩ی دیکەش بریندار بوون
هێرشکردنە سەر ئۆتۆمبێلە تێپەڕەکان ١٩ی ئابی ٢٠٠٧ ڕێگای چهاربەهار بە بارمتە گرتنی ٢١ هاووڵاتی مەدەنی و گواستنەوەیان بۆ پاکستان
تیرۆری مەهدی تەوەکوولی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ گوندی ئیفتیخار ئاباد ناوبراو لەلایەن دوو سوار ماتۆڕسکیلێکەوە کوژرا
شەڕی چەکداری لە خوێندنگەیەکی ئایینی ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧ گوندی چاه جەمال نادیار
هێرش بۆ سەر بنکەیەکی سنووری ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ سەراوان بە بارمتە گرتنی ١٦ پاسەوانی سنوور و گواستنەوەیان بۆ پاکستان
تیرۆرکردنی ئیبراهیم کەریمی (جێگری دادوەری سەراوان) ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٠٨ نادیار کوشتنی ئیبراهیم کەریمی
تیرۆری فەزڵوڵڵا شەهبازی (داواکاری گشتی و شۆڕش خاش) ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٨ خاش ئەو تیرۆرە سەرکەوتوو نەبوو و بریندار بوو.
هێرشی خۆکوژی بۆ سەر هێزی پۆلیس ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ سەراوان عەبدولغەفوور ریگی (برا بچوکی عەبدولمالیک) بە تەقینەوەی بۆمبێک لەگەڵ خۆیدا ٤ کارمەندی پۆلیسی کوشت و ١٢ کەسی دیکەی بریندار کرد.
هێرشی سەر ئۆتۆمبێلی گوێزەرەوەی چەکی پاسداران ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩ نادیار کوشتنی ئەو بریکارانەی کە سواری گوێزەرەوەکە بوون
تەقینەوەی بۆمبی دەنگی ١٨ی شوباتی ٢٠٠٩ مزگەوتی غەدیر لە زاهیدان زیانێکی کەم بە مزگەوتەکە
هێرشی خۆکوژی بۆ سەر مزگەوتی شیعەکان ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٩ مزگەوتی عەلی بن ئەبی تالیب لە شاری زاهیدان ٢٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢٠ کەسی دیکەش برینداربوون
هێرش بۆ سەر بارەگای هەڵبژاردنی مەحمود ئەحمەدی نەژاد ٢٩ی ئایاری ٢٠٠٩ شاری زاهیدان برینداربوونی سێ کەس
هێرشی خۆکوژی بۆ سەر پێشانگای کاری دەستی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ شاری سەرباز ٤١ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون
٢٤ ئۆپەراسیۆن لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٠ پارێزگای سیستان و بەلووچستان ٢١٠ کوژراو و ٤٩٦ بریندار

 


سەرچاوەکان



379 بینین