ڕەزاشا پەهلەوی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-09-17-15:04:00 - کۆدی بابەت: 10283
ڕەزاشا پەهلەوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەزا پەهلەوی کە بە ڕەزا شا ناسراوە (بە ئینگلیزی: Reza Shah، بە فارسی: رضاشاه پهلوی) و بە ناسناوی فەرمی پایەبەرزی هۆمایونی یان شاهەنشاهـ بانگکراوە. دامەزرێنەری بنەماڵەی پەهلەوی بووە کە لە ساڵی ١٩٢٥ تا ١٩٤١ پاشای ئێران بووە. پێشتر لە ساڵانی ١٩٢١ تا ١٩٢٥ وەزیری جەنگ و لە ساڵی ١٩٢٣ تا ١٩٢٥ سەروەزیرانی ئێران بووە. ڕەزاشا بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی قاجاری لە ئێران هاتە سەر تەخت و ناوی وڵاتی گۆڕی بۆ ئێران.

پاشای ئێران
ماوەی دەسەڵات ١٩٢٥/١٢/١٥ - ١٩٤١/٩/١٦
پێش ئەو ئەحمەد شا قاجار
جێنشین محەمەدڕەزا شا 
 
لەدایکبوون

١٨٧٨/٣/١٥

ئالاشت، سەوادکوھ، مازندەران، ئێران

کۆچی دوایی ١٩٤٤/٧/٢٦ لە ئەفریقای باشوور
ڕەچەڵەک پەهلەوی
ئایین ئیسلام، شیعەی دوازدە ئیمامی
واژۆ رضاشاه پهلوی's signature
 
پلە سەرتیپ

ڕەزا شا تەمەنی منداڵی لە هەژاریدا بەسەر بردووە. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا پەیوەندی بە سوپاوە کردووە و پلەکانی بڕیوە. لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لەلایەن جەنەڕاڵی بەریتانی ئێدمۆند ئایرۆنسایدەوە وەک فەرماندەی هێزەکانی قەوزاق دەستنیشانکرا و دوای دوو مانگ و لە کودەتای ٢٢ـی ٢ـی ١٩٢١ هێزەکە لە ژێر فەرماندەیی ئەودا تارانیان گرت. ڕەزا شا، سەرەتا وەک وەزیری جەنگ، زۆرێک لە ئاژاوەگێڕان و باندەکانی لەناوبرد، پاشان ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ بە فەرمانی ئەحمەد شای قاجار بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرا و دوای دوو ساڵ، بە دەنگی ئەنجوومەنی دامەزرێنەران بوو بە پاشا. هەرچەند ڕەزاشا بە کودەتا لە بواری سیاسەتی ئێراندا دەرکەوت، بەڵام لە ڕێکخستنی کاروباری وەزارەتی جەنگ و سەرۆکوەزیرانیدا کەسێکی لێهاتوو بوو و زۆرێک لە کێشەکانی چارەسەر کرد.

ژیان

ڕەزاشا لە ١٨٧٨/٣/١٥ لە گوندی ئالاشتی مازندەران لە خێزانێکی سەربازی لەدایکبووە. دوای چەند مانگێک لە لەدایکبوونی باوکی دەمرێت. دواتریش لە تەمەنی شەش حەوت ساڵیدا دایکی دەمرێت. لە تەمەنی ١٢ ساڵی دەبێتە سەرباز. دوای ماوەیەک ئەوەندە لە بەکارهێنانی ڕێژنگی ماکسیم باش دەبێت ناوی دەنێن ڕەزا ماکسیم. لە سەردەمی شۆڕشی دەستووریدا، سەرەتا وەک یەکێک لە هێزەکانی محەمەد عەلی شا دژی دەستوورخوازان شەڕی کردووە، بەڵام دوای داگیرکردنی تاران لە تەممووزی ١٩٠٩، پەیوەندی بە دەستوورخوازانەوە کردووە. لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا وەک سەربازێکی هێزەکانی کازاخی پشتیوانی ڕووسیا دژی ئەڵمانییەکان دەجەنگێت. لە کۆتایی جەنگ دەبێتە فەرماندەی تیپی هەمەدان. 

کودەتای ٢٣ـی شوبات

دوای ئەوەی بەریتانییەکان زانییان ناتوانن دەست بەسەر کاروباری ئێراندا بگرن لە ڕێکەوتی ساڵی ١٩١٩. ڕەزاشایان بۆ پلەی جەنەڕاڵ بەرز کردەوە و توانای جوڵاندنی ٣ هەزار سەربازیان پێدا. ئەویش بە هێزەکانی کازاخ بەرەو تاران جووڵەی کرد و لە کۆتاییدا لە ٢٣ـی شوبات بەبێ بەرگری چوونە نێو تارانەوە. سەرەڕای ئەوەی بەریتانییەکان ویستێکی ئەوتۆیان هەبوو بۆ ئەم کودەتا، بەڵام هیچ بەڵگەیەک نایسەلمێنێت بەریتانییەکان دەستیان لە کودەتاکەدا هەبووبێت. دوای کودەتا ڕەزاشا وەک جەنەڕاڵی سوپا و فەرماندەی گشتیی "گەلەی شەهریاری کازاخستان" دانرا. لە مانگی ئازاردا ڕێککەوتنی دۆستایەتی نێوان ئێران و یەکێتیی سۆڤیەت واژۆ کرا کە بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە یەکێتیی سۆڤیەت دەستبەرداری هەموو ئیمتیازاتەکانی ڕووسیا و قەرزەکانی ئێران دەبوو. سەید زیای سەرۆک وەزیران هیوای دەخواست کاریگەریی بەریتانیا بەسەر هێزە سەربازییەکانی ئێراندا بپارێزێت، بەڵام ڕەزاشا خوازیاری سەربەخۆیی بوو. لە کۆتاییدا ڕەزاشا بووە وەزیری جەنگ و دواتریش بەهۆی پێشێلکارییەکانی سەرۆک وەزیران و ناڕەزایەتییەکانەوە سەرۆک وەزیران لە کار لابرا. بەمەش ڕەزاشا بووە کەسی یەکەمی ناسراوی دەوڵەت.

سەرۆک وەزیران و کۆماریخوازی

لەگەڵ هاتن و چوونی سەرۆکوەزیرانی جیاواز، دیار بوو کە دواجار ڕەزاشا دەبێتە سەرۆکوەزیران. ئەحمەد شای پاشای قاجار لەڕادەبەدەر لە ڕەزاشا دەترسا و پێی وابوو ڕەنگە کودەتایەک ئەنجام بدات و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پلانی دانا کە بەزووترین کات بگەڕێتەوە ئەورووپا. لە مانگی ئەیلوولی ١٩٢٣ موشیرودەولەی سەرۆک وەزیران دەستی لەکار کێشایەوە و ڕەزاشا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شا ڕایگەیاند کە تەنیا لە حاڵەتێکدا دەست لە وەزارەتی جەنگ ناکێشێتەوە کە ببێتە سەرۆک وەزیران. دواجار لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا، ئەحمەد شا ڕەزاشای وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرد و پاشان پێنج ڕۆژ پێشوەخت ئێرانی بەجێهێشت و هەرگیز نەگەڕایەوە.

ماوەیەک دوای بوون بە سەرۆک وەزیران، پڕوپاگەندەی بەرفراوان بۆ دامەزراندنی کۆمار دەستی پێکرد، مۆدێرنیستەکان، ناسیۆنالیستەکان، ناوەندگەراکان و سۆسیالیستەکان هەموویان پشتیوانییان لێکرد. لەم پڕوپاگەندەیەدا سوپا گەورەترین ڕۆڵی هەبووە. تا ئەو کاتە پەرلەمانی پێنجەم کرابووەوە و زۆرینەی نوێنەران لەگەڵ ڕەزاشا بوون. پڕوپاگەندە بۆ کۆمار دژایەتی ئایینی لەگەڵدا بوو، کە سەید حەسەن تەباتەبایی سەرکردایەتی دەکرد. بزووتنەوەی کۆماری شکستی هێنا؛ دوای ئەوەی حەسەن تەباتەبایی لەلایەن برای سەرکردەیەکی دەوڵەتەوە لێی درا، لەبەردەم بینای پەرلەمان خۆپیشاندانێک ڕوویدا و ڕەزاشا فەرمانی بە پاسەوانی پەرلەمان کرد کە خۆپیشاندەران بڵاوە پێبکات و بەهۆیەوە ژمارەیەکیان کوژران. ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی و بەهۆیەوە ڕەزاشا وازی لە سەرۆک وەزیرانی هێنا، بەڵام ماوەیەکی کەم دواتر بە فرمانی ئەنجوومەن گەڕێندرایەوە و پاشان لە قوم گوێی لە ئامۆژگارییەکانی پیاوانی ئایینی پلە باڵای شیعە گرت سەبارەت بە درێژەدان بە دەسەڵاتی پاشایەتی و دانەمەزراندنی کۆمار.

دوای کۆمەڵێک کێشمەکێشی سیاسی دواجار ڕەزاشا لە ١٥ـی کانوونی یەکەمی ١٩٢٥ بە فەرمی ناوی ڕەزاشای پەهلەوی لێ نرا و لە ئەنجوومەنی دامەزرێنەران ئامادە بوو و سوێندی بە قورئان خوارد. هەمان ڕۆژ لەسەر تەختی مەڕمەڕ دانیشت و ساڵی دواتر مەراسیمی تاجدانان لەسەر شا بەڕێوەچوو و تاجێکی نوێ بۆ زنجیرەی شای نوێ دروست کرا.

ئێران لە سەردەمی ڕەزاشادا

ئێران لە سەردەمی ڕەزاشادا شاهیدی دروستبوونی شێوازێکی نوێ بوو. کۆمەڵێک بابەتی نوێی لە ئێران دامەزراند کە گرنگترینیان هێڵی ئاسنی نەتەوەیی، سوپای مۆدێرن، دەسەڵاتی دادوەریی مۆدێرن و زانکۆی تاران بوون. لە هەمان کاتدا بۆ گەرەنتیکردنی دەسەڵاتەکەی پێشێلی دەستووری کرد و حیزبە سەربەخۆکانی هەڵوەشاندەوە و پارێزبەندی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هەڵگرت. هەروەها دەستی بە چاکسازی کۆمەڵایەتی کرد و ئێرانێکی دەویست کە دوور بێت لە کاریگەریی پیاوانی ئایینی و فیتنە بیانییەکان و یاخیبوونی کۆچەری و جیاوازی نەتەوەیی و لە لایەکی دیکەوە دامەزراوەی پەروەردەیی بە شێوەی ئەورووپی هەبێت، ژنانی مۆدێرن لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکەن و پێکهاتەی ئابووریی مۆدێرن و کارگەی دەوڵەتی هەبن، لەگەڵ تۆڕەکانی پەیوەندی، بانکی وەبەرهێنان و زنجیرە فرۆشگاکان. بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە پێی بیرکردنەوەکانی ڕۆژاوا، دەستی کرد بە لابردنی ئایین و نەهێشتنی عەشیرەتگەرایی و فراوانکردنی ناسیۆنالیزم و پەرەپێدانی پەروەردە و سەرمایەداریی دەوڵەت.

داکۆکیکارانی ڕەزاشا بە "باوکی ئێرانی مۆدێرن"ی دەزانن و پاشایەتییەکەی لەلایەن لایەنگرانییەوە بە "دیکتاتۆرییەکی ڕووناککەرەوە" ناوزەد کرا. نەیارانی ڕەزاشاش بە بەرپرسی "ڕووخانی دەستوورخوازی" لە ئێران دەزانن و پێیان وایە هەرچەندە پەهلەوی یەکەم توانیویەتی سیستەمێکی حوکمڕانی بەڕواڵەت مۆدێرن دابمەزرێنێت، بەڵام دیموکراسی، پەرلەمان، هەڵبژاردن و ئازادی لە ئێران سنووردار کردووە.

ژیانی تایبەت و کۆچی دوایی

ڕەزاشا چوار جار هاوسەرگیری کردووە. هاوسەرەکانی بە ڕیزبەندی بریتیبوون لە: (مەریەم سەوادکوهی، تاجولمولوک ئایرملو، توران ئەمیرسولەیمانی، عیسمەتولمولوک دەولەتشاهی). هەروەها خاوەنی ١٠ منداڵ بووە بەناوەکانی (هەمدەم سەڵتەنە، شەمس زادە، ئەشرەف، محەمەدڕەزا، عەلیڕەزا، غولامڕەزا، عەبدوڕەزا، ئەحمەدڕەزا، مەحموودڕەزا، فاتیمە و حەمیدڕەزا).

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانیی دووەم، سەرەڕای ڕاگەیاندنی بێلایەنی لە ساڵی ١٩٤١، هاوپەیمانان ئێرانیان داگیر کرد. پاشان بە دواهۆشداری ئینگلیز ڕەزاشا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و ئێران جێبهێڵێت و شانشینەکەی ڕادەستی محەمەد ڕەزا پەهلەویی کوڕی بکات. دواجار دوای سێ ساڵ دواتر و لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا لە شاری جۆهانسبێرگ لە ئەفریقای باشوور کۆچی دوایی کرد.

لە ئێراندا ڕەزاشا خاوەنی سەدان پەیکەری مامناوەند و زەبەلاح بوو، کە زۆرێکیان دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ ڕووخێنران.

کارەکان

  • پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران.
  • دروستکردنی هێڵی ئاسنی سەرتاسەری ئێران (لە دەریای خەزەرەوە تا کەنداوی فارس)
  • دروستکردنی ڕێگاوبانی سەرتاسەری لە هەموو وڵات
  • دروستکردنی ڕێگایەکی تایبەت بۆ پەهلەوی (ئێستا شەقامی وەلی عەسر لە تاران)
  • دروستکردنی یەکپۆشیی جلوبەرگی پیاوان و فەرمانکردنیان بە پۆشینی کڵاوی پەهلەوی لە جیاتی عەمامە و خەنجەر و فەرمانکردن بە لەبەرکردنی چاکەت و پانتۆڵ لەجێی جلوبەرگی نەریتی.
  • قەدەغەکردنی حیجاب
  • ئامادەکردن و پەسەندکردنی یەکەم یاسای مەدەنی ئێران
  • دامەزراندنی تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان
  • دامەزراندنی تۆماری مەدەنی و کردنی بە ناچارکردنی هەڵبژاردنی ناوی بنەماڵە و دەرکردنی بەڵگەنامەی لەدایکبوون
  • یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان و پێکهێنانی سوپای ئێران و پەسەندکردنی یاسای سیستەمی ئەرکی گشتی
  • دامەزراندنی بانکی سێپە
  • دامەزراندنی بانکی میلـلی ئێران
  • دامەزراندنی بیمەی ئێران
  • دامەزراندنی ڕادیۆی ئێران
  • دامەزراندنی یەکەم مۆزەخانەی ئێران
  • دامەزراندنی فڕۆکەخانە
  • دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵی پارس (ئێستا ئاژانسی هەواڵی ئیرنا)
  • دامەزراوەی ئەکادیمیای ئێران
  • گۆڕینی ناوی فەرمی وڵاتەکە بە زمانە بیانییەکان و کۆڕبەندەکانی نێودەوڵەتی لە "فارس"ـەوە بۆ "ئێران" لە ساڵی ١٩٣٥.
  • گۆڕینی ناوی زۆرێک لە شارەکان


سەرچاوەکان



1983 بینین