ستیرلینگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-17-17:38:00 - کۆدی بابەت: 10284
ستیرلینگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ستیرلینگ (بە ئینگلیزی: Stirling، بە عەرەبی: استيرلينغ)، شارێکە لە ناوەڕاستی سکۆتلەندا لە ستیرلینگشایەر، ٤٢ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی گلاسگۆ و ٦۰ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای ئەدینبۆرگەوە دوورە. ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕووباری فۆرث (Forth) و ڕێگایەکە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی سکۆتلەندا. وتوویانە کە "ستیرلینگ، وەک یەخەبەندێکی گەورە وایە کە ناوچە بەرز و نزمەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە". بە هەمان شێوە زۆرجار وتراوە "ئەو کەسەی ستیرلینگی هەیە، سکۆتلەندای هەیە". ئابووری شارەکە پشت بە کشتوکاڵی دەبەستێت، هەروەها ستیرلینگ وەک ناوەندێکی بازرگانی وردە خزمەتی ناوچەکانی دەوروبەری دەکات.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە دوایین سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ـدا دەرکەوتووە کە ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە سکۆتلەندییە ٣٦٫١٤٢ کەسە. بەڵام خەمڵاندنە نوێیەکان ئەوە دەردەخەن کە ژمارەی دانیشتووانی ستیرلینگ بۆ ٤٨٫٤٤٠ کەس بەرزبووەتەوە. ئەم شارە سێیەم خێرا گەشەسەندووترین شاری سکۆتلەندایە. ژمارەی مێینەکان لە نێرەکان زیاترن و بە ڕێژە ٥٢٫٧٪ـی دانیشتووانی شارەکە مێن و ٤٧٫٢٪ نێرن. شارەکە ڕێژەیەکی کەمتر دانیشتووی خوار تەمەنی ١٦ ساڵی و تەمەن ٦٥ ساڵ و سەرووتری هەیە. گەورەترین گرووپی تەمەن لە ستیرلینگدا، گرووپی ١٦ بۆ ٢٩ ساڵییە کە زیاتر لە ٢٤٪ـی کۆی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنێت. هەروەها هاتن و ڕۆشتنی ژمارەیەکی زۆری خوێندکار گۆڕانکاری لە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە دەکات. تەمەنی مامناوەندی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لە ستیرلینگدا لە خوار تێکڕای نیشتیمانییەوەیە.

ڕووبەر و قەبارەی شارەکە

ڕووبەری شارەکە ١٦٫٦٩ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٢٫٢٥٧ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

بەریتانی و نەتەوەکانی تر ١٣٥ کەس
نەتەوەکانی تر ٢٫٤٩٥ کەس
سپی پێست ٣٤٫٣٤٧ کەس
ئاسیایی ١٫٣٥٦ کەس
ڕەگەزی تێکەڵ ١٧٩ کەس
نەتەوەکانی تر ٢٦۰ کەس

زمان

ئینگلیزی ٩۰
سکۆتلەندی ٢٢٩
زمانی ئاماژەی بەریتانی ٦٦
پۆڵەندی ٢٩٥
گەلیک ٩۰
زمانەکانی تر ٢٫٢٣٢

شوێنی لەدایکبوون

ئەم شارە ڕێژەیەکی بەرزتر دانیشتووی تێدایە کە لە دەرەوەی سکۆتلەندا لەدایکبوون و بە ڕێژە ١٦٫٥٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن، بە بەراورد بە تێکڕای سکۆتلەندی کە ١٢٫٨٪ـە. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ شوێنی لەدایکبوونی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

سکۆتلەندا ٢٨٫٦۰٢ کەس
شوێنەکانی تری شانشینی یەکگرتوو ٤٫١٤١ کەس
یەکێتی ئەورووپا ١٫٣٤١ کەس
وڵاتەکانی تر وڵاتەکانی تر

ئایین

نزیکەی ٢٠ کڵێسا لە ناو ستیرلینگدا هەن. ئەو ئایینانەی لە ناوچەکەدا پەیڕەو دەکرێن بریتین لە کڵێسای سکۆتلەندا (ئەندامی کڵێسای پرێزبیتێری) و کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیک. بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢۰١١ ئایینی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

کڵێسای سکۆتلەندا، ئەندامی کڵێسای پرێزبیتێری ١۰٫٨٤٢ کەس
کاسۆلیکی ڕۆمانی ٥٫١٨٣ کەس
ئایینه مەسیحییەکانی تر ٢٫١۰٢ کەس
مسوڵمان ٣٤٩ کەس
ئایینەکانی تر ٥١٢ کەس
بێ ئایینەکان ١٤٫٦٥٥ کەس

گەشەی دانیشتووانی ستیرلینگ

بە سەیرکردنی ڕەوتی گەشەی ڕابردوو و ڕۆڵی ستیرلینگ وەکوو یەکێک لە شارە خێرا گەشەسەندووەکانی سکۆتلەندا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شارە لە داهاتوودا لە گەشەی خۆی بەردەوام دەبێت و ژمارەی دانیشتووانەکەی بەخێرایی دەگاتە زیاتر لە ٥۰٫۰۰۰ کەس.

مێژوو

ستیرلینگ لە سەدەکانی ناوەڕاست

ستیرلینگ بوو بە شارۆچکەیەکی گرنگ چونکە نزمترین شوێنی پەڕینەوەیە بەسەر ڕووباری فۆرثدا، جگە لەوەش، دەرکەوتەیەکی بەردینی هەیە، کە شوێنێکی سروشتی بوو بۆ دروستکردنی قەڵا. لە سەدەی ١١ـدا قەڵایەکی شاهانە لەسەر ئەو کەنداڵە دروستکرا. لە لاکانیشییەوە گوندێکی لێ بوو کە دانیشتووانەکەی لە کوخی داریندا دەژیان. لە ساڵانی ١١٢۰ـەکاندا پادشا ستیرلینگی کردە شارۆچکە و ستێرلینگ بوو بە ناوچەیەکی شاهانە کە هەفتەبازاڕ و حکوومەتی ناوخۆیی خۆی هەبوو. زۆری نەخایاند ستیرلینگ بوو بە شارۆچکەیەکی قەرەباڵغ و گرنگ. هەروەها پێشانگای ساڵانەی تێدا کرایەوە.

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێشانگاکان هاوشێوەی بازاڕەکان بوون بەڵام ساڵانە تەنها جارێک دەکرانەوە. کڕیاران و فرۆشیاران لە هەموو ناوەڕاستی سکۆتلەندا دەهاتن بۆ ئەوەی بەشداری پێشانگای ستیرلینگ بکەن. دوای ساڵی ١٤٤٧ ستیرلینگ ساڵانە دوو پێشانگای تێدا دەکرایەوە. پیشەسازی سەرەکی لە سەدەی ناوەڕاستی ستیرلینگدا، خوری بوو. هەروەها ستیرلینگ بەندەرێکی بچووکی ناوخۆیی بوو. بەڵام بەپێی پێوەرە مۆدێرنەکان، ستیرلینگ بچووک بوو، ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنها چەند سەد کەسێک بوو. لە سەدەی ١٣ـدا ڕەبەنەکان هاتنە ناوچەکەوە و ئامۆژگاری خەڵکیان دەکرد، لە کۆتایی سەدەی ١٣ـدا شەڕ لە نێوان سکۆتلەندییەکان و ئینگلیزەکاندا دەستی پێکرد و بەدرێژایی ئەم شەڕە ستیرلینگ چەند دەستێکی گۆڕی و هەرجارەو لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێکیاندا بوو.

ستیرلینگ لە سەدەکانی ١٦ تا ١٩

لە سەدەکانی ١٦ و ١٧ـدا ستیرلینگ لەگەشەکردن بەردەوامبوو، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٫٥۰۰ کەس بوو. لە سەدەی ١٧ـدا گرنگی شارۆچکەکە کەمتربوویەوە ئەوەش بەهۆی ڕۆشتنی پادشا بۆ ئینگلتەرا و مانەوەی قەڵای ستیرلینگ وەکوو خانوویەکی شاهانە و سەربازگەیەک. وەکوو هەموو شارۆچکەکانی ئەو سەردەمه، ستیرلینگ شوێنێکی پیس و پۆخڵ بوو، بەهۆیەوە چەند جارێک نەخۆشی تاعوون بڵاوبوویەوە و ژمارەیەکی زۆر کەس گیانیان لەدەستدا. لە سەدەی هەژدەدا. ژمارەی دانیشتووانی ستیرلینگ بۆ ٤٫۰۰۰ کەس بەرزبوویەوە، لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا، شۆڕشی پیشەسازی دەستی پێکرد و سکۆتلەندا گۆڕانکاری بەسەرهات. ستیرلینگ وەکوو شارۆچکەیەکی بازاڕی مایەوە و پیشەسازی خوریش هەر بەردەوامبوو، سەرەڕای ئەوەش، ستیرلینگ لەڕووی جوگرافییەوە گەشەسەندی بەخۆیەوە بینی.

ستیرلینگ لە سەدەی ١٩ بەدواوە

لە سەدەی ١٩ و لە ساڵی ١٨۰١ـدا یەکەم سەرژمێری ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتووانی شارۆچکەکە ٥٫٢٧١ کەس بوو و لە ساڵی ١٨٨١ـدا ژمارەی دانیشتووان بەرزبوویەوە بۆ ١٤٫۰۰۰ کەس. بەهۆی پیسی و ناجێگیری ستیرلینگەوە لە ساڵی ١٨٣٢ـدا نەخۆشی کۆلێرا بڵاوبوویەوە. لەم سەدەیەدا، ستیرلینگ وەکوو شارۆچکەیەکی بازاڕی مایەوە و نەبوو بە ناوەندێکی پیشەسازی. لە ساڵی ١٨٤٨ـدا هێڵی ئاسنین گەشتە ستیرلینگ و بەهۆیەوە شارۆچکەکە بەخێرای گەشەی سەند، لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی شوێنە ستراتیجییەکەیەوە ستیرلینگ وەکوو ناوەندێکی گەشتیاری گەشەیکرد. لە سەدەی بیستدا، ژمارەی دانیشتووان بۆ زیاتر لە ١٨٫۰۰۰ کەس بەرزبوویەوە. لە ساڵی ١٩٦٢ زانکۆی ستیرلینگ دامەزرا. پاشان لە سەدەی بیستو یەکدا و لە ساڵی ٢۰۰٢ـدا ستیرلینگ کرا بە شار. لە ئێستادا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٤٥٫۰۰۰ کەسە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری ستیرلینگ وەکوو زۆربەی شارەکانی شانشینی یەکگرتوو ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا فێنک و باراناوییە، لە مانگەکانی وەرزی هاویندا مامناوەندە. هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ٨٫١ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ١٫١٦٤ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ١٫٦٧۰٫٢٨ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

ستیرلینگ لە نیوەگۆی باکووردایە، هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٩٫٣٢٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی ئایاردا نزمترینە ٧٦٫٣٢٪ـە.

مانگی کانوونی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٦٫٩۰ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی ئەیلوول وشکترین مانگی ساڵە و ١٣٫٥٧ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٤٫٤ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٢٫٩ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. قەڵای ستیرلینگ

٢. بەندیخانەی شارۆچکەی کۆن

٣. کارگەی دڵۆپاندنی ستیرلینگ

٤. مۆنۆمێنتی نیشتیمانی واڵاس

٥. کارگەی دڵۆپاندنی دینستن و سەنتەری سەردانکەران

٦. ئاوی لۆخ لۆمۆند

٧. کڵێسای هۆڵی ڕود

٨. پەیکەری ڕۆبێرت زە بڕوس


سەرچاوەکان

43 بینین