ئێدنبێرا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-07-30-23:16:00 - کۆدی بابەت: 9624
ئێدنبێرا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەدینبۆرگ (بە ئینگلیزی: Edinburgh، بە عەرەبی: إدنبرة)، پایتەختی وڵاتی سکۆتلەندایە، دەڕوانێتە سەر کەنارەکانی دەریای باکوور، لە ڕێژگەی ڕووباری فۆرث. ڕووبەری ڕووی شارەکە 264 کیلۆمەتر دووجایە. ئەم شارە دووەم قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکەیەتی لە دوای شاری گلاسگۆ، هەروەها حەوتەم قەرەباڵغترین شاری شانشینی یەکگرتووە.

مێژووی شارەکە

مێژووی جێگیربوون و نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە ئەدینبۆرگ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 8500ـی پێش زایین. ئەم شارە لە ناوەڕاستی سەدەی 14ـدا بوو بە پایتەختی وڵاتی سکۆتلەندا، بەڵام بەتەواوی نازاندرێت ساڵی چەند شارەکە دامەزراوە یان کەی بووە بە پایتەخت. لە سەدەی 17ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە ڕووی لە گەشە کرد، لە سەدەی 18ـدا، ئەدینبۆرگ یەکێک بوو لە چڕترین ناوچە قەرەباڵغەکانی تەواوی ئەورووپا، لەگەڵ ئەوەشدا چینە کۆمەڵایەتییەکان لە هەمان ناوچە و باڵەخانەدا دەژیان. شارەکە بە ناوەندی ڕۆشنبیری ناسێنرا و نازناوی (ئەسینای باکوور)ـی بەدەستهێنا. لە سەدەی 19ـدا چەندین پیشەسازی لە شارەکەدا گەشەی سەند. لە ساڵی 1821 شارەکە بوو بە گەورەترین شاری وڵاتەکەی، هەروەها لە ساڵی 1592ـدا ژمارەی دانیشتووانی ئەدینبۆرگ تەنها زیاتر لە 8,000 کەس بوو، بەخێرایی و لە سەدەکانی 18 و 19ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە هەڵکشا بۆ 136,000 کەس، ئەمەش بەزۆری بەهۆی کۆچی هاوڵاتیانەوە بوو لە گوندەکانەوە بۆ ناو شارەکە.

گرنگی شارەکە

ئەدینبۆرگ لانیکەم لە سەدەی پازدەهەمەوە وەک پایتەختی سکۆتلەندا ناسراوە، شارەکە لە مێژە ناوەندێکی پەروەردە بووە، بەتایبەتی لە بوارەکانی پزیشکی، یاسای سکۆتلەندی، ئەدەب، فەلسەفە، زانستەکان و ئەندازیاری. هەروەها دووەم گەورەترین ناوەندی داراییە لە شانشینی یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەشدا شوێنە سەرنجڕاکێشە مێژوویی و کولتوورییەکانی شارەکە وای لێ کردووە ببێتە دووەم شوێنی گەشتیاری بەریتانیا کە لە ساڵی 2018ـدا سەرنجی 4.9 ملیۆن گەشتیاری بۆ خۆی ڕاکێشاوە. گۆڤاری تایم ئاوت لە ساڵی 2022ـدا شاری ئەدینبۆرگی بە باشترین شاری جیهان هەڵسەنگاند.

ئابووری شارەکە

ئەدینبۆرگ خاوەنی بەهێزترین ئابوورییە لە هەموو شارەکانی شانشینی یەکگرتوو، جگە لە شاری لەندەن. لە سەدەی نۆزدەهەمدا ئابووری ئەدینبۆرگ بە کاروباری بانک، بیمە، بڵاوکردنەوە، چاپکردن، ترشاندن یان دروستکردنی بیرە و پوختەکردن ناسرابوو. ئەمڕۆ ئابوورییەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای خزمەتگوزارییە داراییەکان، توێژینەوەی زانستی، خوێندنی باڵا و گەشتیاری دامەزراوە. شاری ئەدینبۆرگ لە دوای لەندەنەوە دووەم شاری شانشینی یەکگرتووە کە زۆرترین سەردانکەرانی بیانی ڕووی تێ دەکات.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری ئەدینبۆرگ بە 489,000 کەس دەخەمڵێندرێت، ئەمەش وای لێ دەکات ببێت بە دووەم قەرەباڵغترین شاری وڵاتەکەی. هەروەها چڕی دانیشتووانی شارەکە 1,830 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ئەدینبۆرگ دانیشتووانێکی گەنجی هەیە، نزیکەی 20%ـی دانیشتووانەکەی لە تەمەنی 20 ساڵیدان و 15%ـی دانیشتووان لە تەمەنی 30 ساڵیدان، کە زۆرترین ڕێژەیە لە سکۆتلەندا.

لە سەرژمێری ساڵی 2011ـی شانشینی یەکگرتوودا پێکهاتە نەتەوەییەکانی شاری ئەدینبۆرگ بریتی بوون لە 91.7% سپی پێست، 5.5% ئاسیایی، لەگەڵ ئەوەشدا چینییەکان 1.7%ـی کۆی دانیشتووانی ئەدینبۆرگ پێکدەهێنن. لە کاتێکدا هاوڵاتییە هیندییەکان 1.4%ی دانیشتووان و پاکستانییەکان نزیکەی 1.2%ی دانیشتووانی ئەدینبۆرگ پێکدەهێنن. هەروەها ئەدینبۆرگ زۆرترین ژمارە و ڕێژەی بەنگلادیشی لە سکۆتلەندا هەیە کە 0.3%ی کۆی دانیشتووانی سکۆتلەندایە. جگە لە شاری لەندەن، شاری ئەدینبۆرگ زۆرترین ژمارەی خەڵکی ئەمریکای لێیە بە بەراورد بە هەموو شارەکانی دیکەی شانشینی یەکگرتوو.

ئایین

لەڕووی ئایینەوە، 43.0%ـی دانیشتووانی ئەدینبۆرگ پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین، 2.6%ـی دانیشتووان پەیڕەوی ئایینی ئیسلامن، ئەو رێژەیەی کە ماوەتەوە سەر بە ئایینەکانی دیکەن.

کەشوهەوای شارەکە

کەشوهەوای ئەدینبۆرگ ئۆقیانووسییە، مانگەکانی وەرزی زستان سارد و باراناوییە، هەروەها مانگەکانی وەرزی هاوین فێنک و هەوراوییە.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات تا مانگی شوبات، زستانی ئەم شارە زۆر ساردە، بەڵام پلەکانی گەرما زۆر نزم نین بەڵام ڕەشەبا و ڕێژەی شێ کەشی شارەکە سارد دەکەن. هەروەها بەزۆری ئاسمانی شار هەوراوییە و باران زۆر دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەفر بەدەگمەن دەبارێت، ئەگەر بشبارێت زۆر نییە. لە سادترین شەوەکانی ساڵدا پلەکانی گەرما بۆ 8- بۆ 9- پلەی سەدی دادەبەزن، هەندێک جاریش بۆ نزمتر لەو پلەیە دادەبەزن. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ساڵی 1982ـدا بوو کە پلەی گەرمی 18- پلەی سەدی بوو.

بەهاری شارەکە، لە مانگی ئازارەوە دەست پێ دەکات تا ئایار دەخایەنێت، پلەکانی گەرما لەم وەرزەد وردەوردە بەرز دەبنەوە و بەزۆری کەشی شارەکە لە مانگی ئایاردا هێشتا زۆر ساردە.

هاوینی شارەکە، لە مانگی حوزەیرانەوە دەست پێ دەکات تا مانگی ئاب دەخایەنێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا فێنکە و باران بە شێوەیەکی بەردەوام دەبارێت. لە گەرمترین ڕۆژدا دەکرێت پلەی گەرمی بگاتە 25 پلەی سەدی و هەندێک جار دەشێت بگاتە 30 پلەی سەدی. بەڵام بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە مانگی ئابی 1975ـدا بوو کە پلەی گەرمی گەیشتە 31 پلەی سەدی.

هەروەها پایزی ئەدینبۆرگ لە مانگی ئەیلوولەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی تشرینی دووەم دەخایەنێت، لەم وەرزەدا کەشی شارەکە هەوراویی و باراناوییە، هەر هەفتەیەک کە تێدەپەڕێت کەشی شارەکە وردەوردە ساردتر دەبێت.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی ئەدینبۆرگ مانگەکانی حوزەیران و ئابە، ئەوانەشی هەستیارن بە سەرما، لەوانەیە مانگی تەممووز و ئابیان پێ باشتر بێت چونکە لەم دوو مانگەدا کەشی شارەکە مامناوەندە.

ڕێژەی دابارینی ساڵانەی شارەکە 730 مللیمەترە، ئەمەش ئاستێکی ناوەندە. ئەم ڕێژەیە بەگوێرەی وشکترین و باراناوییترین مانگەکانی ساڵ دەگۆڕێت، لە وشکترین مانگی ساڵدا کە مانگی نیسانە 40 مللیمەتر دەبارێت و لە باراناوییترین مانگی ساڵیشدا کە مانگی تشرینی یەکەمە 75 مللیمەتر دەبارێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی 1450 کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

  1. قەڵای ئەدینبۆرگ.
  2. مۆزەخانەی نیشتیمانی سکۆتلەندا.
  3. شەقامی میرەکان.
  4. گەلەری نیشتمانی سکۆتلەندا و گەلەری پۆرتریت.
  5. کڵێسای سەینت جایڵس.
  6. گردی کاڵتۆن و مۆنۆمێنتی نیشتمانی سکۆتلەندا‌.
  7. مۆزەخانەی ئەدینبۆرگ.
  8. باخچەی ئاژەڵانی ئەدینبۆرگ.
  9. مۆزەخانەی منداڵی.


سەرچاوەکان



419 بینین