سوانزی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-09-18-23:15:00 - کۆدی بابەت: 10299
سوانزی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوانزی (بە ئینگلیزی: Swansea، بە عەرەبی: سوانزي)، شارێکی کەنارییە و دووەم گەورەترین شاری وێڵزە. ئەم شارە بیست و پێنجەم گەورەترین شاری شانشینی یەکگرتووە. دەکەوێتە سەر کەنداوی سوانزی لە باشووری ڕۆژئاوای وێڵز. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٤٦٫٥٦٣ کەس بوو.

لەڕووی دیمۆگرفییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری سوانزی لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٢٤٤٫٥٠٠ کەس بوو و ئەمەش وای لێکرد ببێت بە دووەم گەورەترین شاری وێڵز. بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١١ ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ناوچەکانی دەوروبەرییەوە ٤٦٢٫٠٠٠ کەسە. بەهۆی ڕۆڵی شارەکە لە پیشەسازی مسدا بە کۆپەرۆپۆلیس ناسراوە. هەروەها ڕووبەری شارەکە ٣٨٠ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ٦٠١ كەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

ڕەگەز و پێکهاتە نەتەوەییەکانی شارەکە

زۆربەی زۆری دانیشتووانی سوانزی سپی پێستن. ژمارەی نێرەکان کەمێک زیاترە لە مێیەکان، لە خەمڵاندنێکی ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٦دا، ژمارەی نێرەکان بە ١٢٢٫٣٠٠ و مێیەکان بە ١٢٢٫٢٠٠ مەزەندەکرا. بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١٠، نزیکەی چارەکێک لە دانیشتووانی سوانزی لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٩ ساڵیدان. هەروەها لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ٩٧٫٨٪ـی دانیشتووان سپی پێست، ١٫٥٪ـی دانیشتووان ئاسیایی و ٠٫٣٪ـی دانیشتووان ئەفریقی کاریبین.

گەشەی دانیشتووانی سوانزی

لە نێوان ئەو خەمڵاندنانەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ـدا وەرگیراون، ژمارەی دانیشتووانی سوانزی نزیکەی ١٪ زیادیکردووە. سەرەڕای ئەوەی لە هەمان ماوەدا ڕێژەی مردن لە ڕێژەی لەدایکبوون زیاتر بوو، بەڵام هۆکاری سەرەکی گەشەی دانیشتووانەکەی کۆچی نێودەوڵەتی بوو، نزیکەی ٢٫٢٠٠ کەس لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ کۆچیان کردووە بۆ سوانزی. هەرچەندە گەشەی شارەکە خاو بووەتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا گەشەی دانیشتووان بە جێگیری بمێنێتەوە. گەشەی دانیشتووانی سوانزی زیاترە لە تێکڕای گەشەی دانیشتووانی وێڵز، بەڵام ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی شانشینی یەکگرتوو کەمترە.

ناوی شارەکە لەڕووی وشەزانییەوە

لە ڕابردوودا بە سوانزی دەوترا (Sweins ey) کە بە واتای دوورگەی سوین (Swein) دێت. دوورگەکە کەوتبووە سەر ڕێژگەی ڕووباری تاوی (Tawe). نازانرێت سوین کێیە بەڵام لەوانەیە کەسێکی نەرویجی بووبێت کە نزیکەی هەزاری زایینی قەڵایەکی لە دوورگەکە دروست کرد و وەک بنکەیەک بۆ هەڵکوتانە سەر کەنارەکانی وێڵز بەکاریهێنا.

مێژوو

شارۆچکەی سوانزی لە سەرەتای سەدەی ١٢ دامەزراوە کاتێک نۆرمانەکان ناوچەکەیان داگیرکرد. پاشای نۆرمەندییەکان قەڵایەکی دارینیان لە شوێنی ورسیستەر دروست کرد. زۆری نەخایاند لە لای قەڵاکەدا شارۆچکەیەک گەورە بوو. سەربازانی نێو قەڵای سوانزی بازاڕێکی بۆ کاڵاکانی خەڵکی شارۆچکەکە دابین کرد. زۆرێک لە خەڵکی شارۆچکەکە کۆچبەری ئینگلیزی بوون.

سوانزی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا

لە سەدەی ١٣ـدا، سوانزی شارۆچکەیەکی گەشەسەندوو بوو و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ١٠٠٠ کەس بوو. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پیشەسازییە سەرەکییەکانی شارۆچکەکە چەرم و خوری بوون. چەرم و خوری، پێستە، کەرە، پەنیر و دانەوێڵە لە سوانزییەوە هەناردە دەکرا بۆ ئینگلتەرا. هەروەها سوانزی بازاڕێکی هەفتانە و دوو پێشانگا هەبوون. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پێشانگاکان وەک بازاڕەکان وابوون بەڵام ساڵانە تەنها جارێک دەکرانەوە. خەڵکی لە هەموو ناوچەکانی باشووری وێڵزەوە دەهاتن بۆ ئەوەی بەشداری پێشانگای سوانزی بکەن. هاوشێوەی هەموو شارۆچکەکان سوانزیش بەهۆی نەخۆشی تاعوونەوە ناڵاندی و لە ساڵی ١٣٤٨ بۆ ١٣٤٩ نیوەی دانیشتووانەکەی بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا.

سوانزی لە سەدەکانی ١٦ تا ١٨

لەم ماوەیەدا سوانزی بەخێرایی گەشەی کرد. لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی هێشتا نزیکەی هەزار کەس بوو، بەڵام تا ناوەڕاستی سەدەی ١٧ گەشەی کرد بۆ نزیکەی ٢٠٠٠ کەس. کاتێک کانسازی خەڵووز لە باشووری وێڵز گەشەی کرد، کارکردن لە بەندەری سوانزیدا زیادی کرد، بەمەش بڕی خەڵووزی هەناردەکراو لە سوانزیەوە زیادیکرد. هەروەها لە سەدەی ١٧ـدا ئاسن لە سوانزیەوە هەناردە دەکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا کەشتیسازی و پیشەسازی خوری لە سوانزی بەردەوام بوو. هەروەها سوانزی بەهۆی دروستکردنی دەستکێشەوە ناوبانگی دەرکرد و پێشانگایەکی تریش لە شارۆچکەکەدا کرایەوە. لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی ١٦٨٢ـدا قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە سوانزی دامەزراوە و لە ساڵی ١٧٥٠ ژمارەی دانیشتووانی سوانزی نزیکەی ٣٠٠٠ کەس بوو. سوانزی وردەوردە گەشەی کرد و بەندەرێکی بچووکی قەرەباڵغ و شارۆچکەیەکی بازاڕی بوو.

سوانزی لە سەدەی ١٩ بەدواوە

لە کۆتایی سەدەی ١٨ سوانزی گەشەی خێرای ئابووری بەخۆیەوە بینی. لە ساڵی ١٧١٦ مس لە سوانزی توێنرایەوە و گڵکاری لە سەدەی نۆزدەهەمدا بوو بە پیشەسازییەکی گرنگی شارۆچکەکە. لە ساڵی ١٧٧٧ زینک لە سوانزی دروستکراوە. لەم سەدەیەدا سوانزی بوو بە ناوەندێکی پیشەسازی کانزاکاری. بڕێکی زۆر لە زینک و مس لەوێ دروستکرا و دواتر لە ڕێگەی بەندەرەکەوە هەناردە دەکرا. دوای ساڵی ١٨٤٥ پلێتی ڕووپۆشکراو بە تەنەکە لە سوانزی دروستکرا. دانیشتووانی سوانزی لە ماوەی سەدەی نۆزدەهەمدا بەخێرایی گەشەی کرد، لە ساڵی ١٨٠١دا ٦٨٣١ کەس بوو بەڵام لە کۆتایی سەدەکەدا ١٠٠ هەزار کەسی تێپەڕاند. سوانزیش وەک هەموو شارۆچکەکانی سەدەی نۆزدەهەم، قەرەباڵغ و پیس و ناتەندروست بوو. لە ساڵی ١٨٣٢ و ١٨٤٩ـدا پەتاى کۆلێرا لە سوانزی بڵاوبوویەوە.

لە سەدەی بیست و لە ساڵی ١٩٠١ سوانزی ژمارەی دانیشتووانەکەی ١٣٤ هەزار کەس بوو. لە ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بینا و شوێنی نوێ کرانەوە. سەرەڕای ئەوەی شارۆچکەکە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا زیانێکی زۆری بەرکەوت و بەهۆیەوە ٣٨٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ناوەندی سوانزی وێرانکرا، بەڵام لە ساڵی ١٩٦٠ـەکاندا دووبارە شارۆچکەکە بنیادنرایەوە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا بەندەری سوانزی بەردەوام بوو لە گەشەکردن و پیشەسازی پلێتی ڕووپۆشکراو بە تەنەکە، پۆڵا و مس لە گەشەکردندا بوون. بەڵام سستی ئابووری لە ساڵانی ١٩٣٠دا بەتوندی کاریگەری لەسەر شارۆچکەکە هەبوو و ڕێژەی بێکاری بەرزبوویەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ سوانزی کرا بە شار. لە سەدەی بیست و یەکدا هێشتا شارەکه لە بەرەوپێشچووندایە و ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢٤٦٫٥٦٣ کەس بوو.

كەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن و گیگەر، کەشوهەوای شاری سوانزی ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەدرێژایی ساڵ بارانێکی بەرچاوی لێ دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ١٠٫١ پلەی سەدییە، ساڵانە نزیکەی ١٣٢١ مللیمەتر باران دەبارێت و بەگشتی نزیکەی ٢٫١٧١٫٤٦ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

سوانزی لە نیوەگۆی باکوورە و هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە: حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. هەروەها ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٦٫٣٧٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی نیساندا نزمترینە ٧٧٫٩١٪ـە.

مانگی تشرینی دووەم باراناویترین مانگی ساڵە و ڕێژەی دابارین بەرزترینە، ١٧٫٨٧ ڕۆژ باران دەبارێت، لە کاتێکدا مانگی نیسان وشکترین مانگی ساڵە و ١٢٫٨٧ ڕۆژ باران دەبارێت. هەروەها، مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٥٫٨ پلەی سەدییە، مانگی شوبات ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە نزیکەی ٥٫٠ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە

١. مۆزەخانەی کەناری نیشتیمانی

٢. لەنگەرگای سوانزی

٣. پێشەنگای نیگارکێشی گلین ڤیڤیان

٤. بازاڕی سوانزی

٥. کەنار دەریای سوانزی

٦. کڵێسای نەرویجی

٧. کەنداوی سێ کەندەکە

٨. قەڵای سوانزی


سەرچاوەکان

34 بینین