پەیکەری یەکگرتوویی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-18-11:59:00 - کۆدی بابەت: 10303
پەیکەری یەکگرتوویی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیکەری یەکگرتوویی (بە ئینگلیزی: Statue of unity، بە عەرەبی: تمثال التوحید) بەرزترین پەیکەرە لە هەموو جیهاندا و دەکەوێتە سەر ڕووباری نارمادا لە ویلایەتی گوجاراتی ڕۆژاوای هیندستان، بەرزییەکەی ١٨٢ مەتر (٥٩٧ پێ)ـە، ئەم پەیکەرە وەک ڕێزێک و یادەوەرییەک بۆ سەرکردەی سیاسی هیندی (ڤالابهای جاڤێربای پاتێل) کە بە (ساردار) ناسراوە و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە یەکخستنی هیندستان پاش سەربەخۆبوون و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیی بەریتانییەکان لە ساڵی ١٩٤٧، دروستکردنی ئەم پەیکەرە ماوەی پێنج ساڵی خایاند لە ٢٠١٣-٢٠١٨ هەروەها بەرزییەکەی دوو هێندەی پەیکەری ئازادیی ئەمریکییە.

زانیاری گشتی

وڵات

هیندستان

شار

گوجارات

جۆر

پەیکەر

شوێنی جوگرافی

21°50′17″N 73°43′09″E

ئەندازیاری بیناسازی

ڕام ڤانجی سوسار

دەستپێکی بنیاتنان

٣١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣

ڕێکەوتی تەواوبوون

٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨

کردنەوە

٣١ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨

ماوەی دروستکردن

٥ ساڵ

بەرزی

١٨٢ مەتر (٥٩٧ پێ)

ماددە

ستیل و کۆنکرێت و برۆنز

دروستکراوە بۆ

ڤالابهای پاتێل

سەردانیکەر

٢.٨ ملیۆن لە ٢٠١٨-٢٠١٩

بەراورد لە نێوان بەرزترین پەیکەرەکانی جیهان

مێژوو

لە ساڵی ٢٠١٠ سەرۆک وەزیرانی پێشووی هیندستان (ناریندرا مۆدی) دروستکردنی پەیکەری یەکگرتوویی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرا کرد، دوای بەخشینی ئاسنی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارەکانەوە و کۆکردنەوەی ١٣٥ تەن لە ئاسنی فڕێدراو و بێکەڵک لە ساڵی ٢٠١٦ دووبارە بەکارهێنرانەوە لە دروستکردنی پەیکەرەکەدا و لەساڵی ٢٠١٣یش پێشبڕکێیەکی ماراسۆن ئەنجامدرا و ناویان لێنا (ڕاکردن لەپێناو یەکگرتوویی) وەکوو ڕێزێک و پاڵپشتییەک بۆ پەیکەرەکە لە کاتی دروستکردنیدا.

نەخشەسازی و بنیاتنان

پەیکەری یەکگرتوویی پیاوە ئاسنینەکە ساردار ڤالابهای پاتێل لەخۆ دەگرێت چونکە توانی بە هەوڵ و یەکخستنی ٥٦٢ ویلایەت لە هیندستان سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت و لەژێر دەستەیی بەریتانییەکان ڕزگاریان بکات، ١٨٥٠ تەن لە کۆنکرێتی سەخت و پۆڵا و بڕۆنز و ئەو ئاسنانەی کە لە بەخشینی کەلوپەلی کشتوکاڵی لەلایەن جووتیارەکانەوە بەکارهاتووە بۆ بنیاتنانی پەیکەرەکە، تێچووی پڕۆژەکە بەنزیکەیی ٢٩.٩ ملیار ڕووپیە (کە دەکاتە ٤٠٥ ملیار دۆلار) بووە، ماوەی دروستکردنی پەیکەرەکە ٣٣ مانگ بووە و ٢٥٠ ئەندازیار و ٣٤٠٠ کرێکار کاری لە پڕۆژەکەدا کردووە، لەبەر ئەوەی هیندستان بەوە ناسراوە کە بوومەلەرزە و زریان و گەردەلوولی زۆر تێیدا ڕوودەدات پەیکەرەکەش بە جۆرێک بنیاتنراوە کە بەرگەی ڕەشەبای بەهێز بگرێت تا ٢٢٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و هەروەها بەرگەی بوومەلەرزەش بگرێت تا هێزی ٦.٥ بە پێوانەی ڕێختەر، دەوروبەری پەیکەرەکە بە نزیکەیی ١٢ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەریاچەیەکی لێ دروستکراوە، هەروەها لە مۆزەخانەیەک پێکدێت کە ٤٠ هەزار بەڵگەنامە و ٢ هەزار وێنە لەخۆ دەگرێت، پەیکەرەکە لە ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ کرایەوە کە ١٤٣هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی ڤالابهای پاتێل بوو و بە کردنەوەی پڕۆژەکە یاد کرایەوە.

کۆمەکی دارایی

تێچووی پەیکەرەکە لەلایەن کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بنیاتنراوە، حکوومەتی هیندستانیش بڕی ٦ ملیار ڕووپیە (٨٣ ملیۆن دۆلار)ـی بۆ پڕۆژەکە دابین کردووە، هەروەها کۆمپانیاکانی تری کەرتی تایبەتیش پارەیان بەخشیوە بە پڕۆژەکە و بەرپرسیارێتی پڕۆژەکەیان لەخۆ گرتووە.

گەشتیاری

لە ماوەی ١١ ڕۆژدا لە کردنەوەی پڕۆژەکەدا ١٢٨ هەزار گەشتیار سەردانی پەیکەر و مۆزەخانەکەی کردووە، لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ ژمارەی گەشتیاران گەیشتە ٢،٨ ملیۆن کەس، هەروەها گەشتیارانی تریش بە پاسی تایبەت لە سەرانسەری هیندستانەوە بەرەو پڕۆژەکە بەڕێ دەکەوتن، هەروەها هیندستان لە هەوڵی ئەوەدایە پاسی زیاتر بۆ گەشتیاران دابین بکات و ڕێگای گواستنەوەی ئاوییش بەکاربهێنێت بۆ گواستنەوەی گەشتیاران بۆ پڕۆژەکە.


سەرچاوەکان



239 بینین