دارستانی هۆیا

له‌لایه‌ن: - دیاکۆ سامان دیاکۆ سامان - به‌روار: 2022-09-24-19:25:00 - کۆدی بابەت: 10340
دارستانی هۆیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دارستانی هۆیا (بە ئینگلیزی: Hoia forest، بە ڕۆمانی: Pădurea Hoia)، دارستانێکە دەکەوێتە خۆرئاوای شاری کلوژ ناپاکا لە ڕۆمانیا، نزیك بەشێك لە دەشتی مۆزەخانەی ئەسنۆگرافیکی ترانسلڤانیا، لە سەرەتادا دارستانەکە بە مەبەستی شوێنێکی گشتی بەکاردەهێنرا، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا شوێنی پایسکل سواریشی بۆ زیاد کرا، هەروەها لەگەڵ تەرخانکردنی چەندین شوێنی تری بۆ چەندین وەرزشی تری وەك تیرهاوێشتن و یاری کردن بە تفەنگ.

جوگرافیای دارستانەکە

دارستانەکە ناوچەیەکی گرتووەتەوە بە ڕووبەری نزیکەی سێ کیلۆمەتر چوارگۆشە، سنوری باشووری دەست پێدەکات بە کۆسپێك بە درێژایی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام ناوچە زۆر لێژەکانی باشوور ناگرێتەوە، درێژ دەبێتەوە لە ڕوباری سامزێل مایك تا باکوور، دارستانەکە لە لێژاییەکدا کۆتایی پێدێت کە لەگەڵ ڕوباری نادازدا یەك دەگرنەوە.
بەشی ڕۆژهەڵاتی دارستانەکە دەکەوێتە تایتورا تورکولوی لە شاری کلوژ ناپاکا، کە دۆڵێکی دەستکردە کە گردەکە بەش دەکات لە باکوور تا باشوور و ڕێگەیەکی هاتوچۆش دەگرێتەوە.
بەشی ڕۆژئاوای دارستانەکە دەکەوێتە لێژاییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی دێلول مێلکیە، لە نزیکی دارستانی موجای، دۆڵی بانگۆر درێژ دەبێتەوە لە باشووری ئەم لایەدا، کە پێکهاتووە لە کۆمەڵە دار بەڕوویەکی بێهاوتا بەرەو دەشتێکی فراوان بەرەو باشوور.

مێژووی دارستانەکە

ئەو گەشتیارانەی سەردانی ڕۆمانیا دەکەن ڕەنگە زانیارییان هەبێت دەربارەی دراکولا و کۆشکەکەی، بەڵام زۆرینەیان زانیارییان نییە دەربارەی دارستانی هۆیا، بەڵام لە چەندین فیلمیشدا دەرکەوتووە و چەندین ئەفسانەی بەناوبانگی لەسەر وتراوە، خەڵکی حەز دەکەن قسە بکەن دەربارەی ئەو شتە سەیرانەی ڕوودەدات لەم دارستانە جادووییە، لەگەڵ ئەوەی کە مێژوویەکی نادیار و ئاڵۆزی هەیە.

ئەو قسە و ئەفسانانەی کە وتراون دەربارەی دارستانەکە

کۆنترین ئەفسانە دەربارەی کچێکی بچووکە کە لە ناو دارستانەکەدا دیار نەما و بۆ ماوەیەکی زۆر نەدۆزرایەوە.
دوای پێنج ساڵ کچەکە گەڕایەوە بە هەمان جل و بەرگ و شێوەی هەمان تەمەنی ئەو کاتەی دیار نەمابوو، تووشی بیرچوونەوە بوو بوو، هیچ شتێکی ئەو ماوەیەی بیر نەبوو کە دیار نەمابوو، خەڵکی هەوڵیان دەدا زانیاری بدۆزنەوە دەربارەی ئەو ساڵانەی کچەکە لە دارستانەکەدا بووە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك و چیرۆکێکیان نەدۆزییەوە دەربارەی.
ئەفسانەیەکی تر دەڵێت کە پیاوێکی شوان بە خۆی و پۆلە مەڕەکەیەوە لە ناو دارستانەکەدا دیار نەما و هەرگیزیش نەگەڕایەوە، بە پێی قسەی دانیشتوانی ناوچەکە، نزیکی ١٠٠٠ کەس دیار نەماون لەم دارستانەدا، هەندێك خەڵکی تر دەڵێن کە دارستانەکە ڕێڕەوێکی نهێنی هەیە کە وا لە خەڵکی دەکات دیار نەمێنن و بچنە جیهان و شوێن و کاتێکی ترەوە.
هەروەها خەڵکی ناوچەکە دەڵێن کە ڕووناکی جیاوازیان بینیوە لە دارستانەکەوە بەرەو ئەوان و چاوی سەوز سەوز کە چاویان بڕیوەتە خەڵکەکە، ئەم ڕووداوانە کاتێك ڕوویاندەدا کە لە ناوچەکە هیچ سەوزاییەك گەشەی نەدەکرد، تاقیکردنەوەی خاکیی بۆ کرا و دەرکەوت کە خاکەکە بەپیتە بەڵام کەس نەیدەزانی هۆکاری نەبوونی ڕووەك چی بووە، دوابەدوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ خەڵکی قسەی زیاتریان دەکرد دەربارەی بینینی چالاکی سەیری زانستیی و شوێنەواری بونەوەری ئاسمانی و دیار نەمانی خەڵك و تەنانەت بینینی خێویش!


سەرچاوەکان



413 بینین