سنە

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2022-09-23-16:05:00 - کۆدی بابەت: 10342
سنە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سنە (بە عەرەبی: سنندج، بە ئینگلیزی: Sanandaj یەکێک لە شارە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە کە ناوەندی پارێزگای کوردستان و هەروەها ناوەندی شارستانی سنەیە. لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، دوای کرماشان و ورمێ سێیەمین شاری گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە نزیکەی ٦٠٠،٠٠٠ کەسە و نزیکەی ١٥٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزترە.

خەڵکی شارەکە بە کوردی و بە شێوەزاری ئەردەڵانی (سنەیی) قسە دەکەن، کە لقێکە لە سۆرانی و لە شێوەزاری هەورامییەوە نزیکە، هەروەها زۆرجار خەڵکی سنە و ئەو ناوچە بە سنە دەڵێن: کوردسان یان کورسان واتا کوردستان. سنە پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان بووە و ئەردەڵانەکان بە حکوومەتەکەی خۆیان دەیانگوت حکوومەتی کوردستان.

سنە، سنە‌دژ، کورسان، سەنەندەج
وڵات  ئێران، ڕۆژھەڵاتی کوردستان
پارێزگا پارێزگای کوردستان
شارستان سنە
ناوچە ناوەندی سنە
بەرزایی
 
١٥٠٠ مەتر (٤،٩٠٠ پێ)
ژمارەی دانیشتووان لە ساڵی (٢٠١٦)
 سەرجەم ٦٣٥،٠٠٠
زمان و ئایین
 • زمان کوردی (سۆرانی)، سنەیی
 • ئایین ئیسلام (سوننە)
کۆدی تەلەفۆن ٠٨٧+

مێژوو

پێش ساڵی ١٦٣٦ـی زایینی، سنە گوندێکی بچووک بووە کە هۆزێک بە ناوی (کەوش زێڕینە) لەوێ نیشتەجێبوون. سولەیمان خانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٦٣٦ـی زایینی بوو بە والی کوردستان. بە فەرمانی پادشای سەفەوی (شاسەفی یاخود شەشەمین پاشای سەفەوی)، قەڵاکانی زەڵم، حەسەن ئاوا و پاڵەنگانی وێران کرد و لە گوندێک بە ناوی سنە نشینگەیەکی دامەزراند و کردییە پایتەختی کوردستان. سەرەتا قەڵایەکی لەسەر تەپۆڵکەیەک بە بەرزی بیست مەتر دروست کرد و لە دەرەوەی قەڵاکەدا بازاڕ و مزگەوت و ماڵی کردەوە. جێگەی ئەو قەڵایە، ئەمرۆ دەکەوێتە ناوەندی شار، ئەو شوێنەی کە خەڵکی سنە پێی دەڵێن (بان باشگا). هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئەو شوێنە لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی پەهلەویدا نشینگەی ئەفسەران بووە و ئێستاش بنکەی ناوەندیی بەسیجە. سولەیمان خان ناوی قەڵا نوێیەکەی نا (سنەدژ) دژ واتا قەڵا کە بە عەرەبی دەبێت بە سنندج.

لە شەڕی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، میرنشینی ئەردەڵان هەندێکجار هاوپەیمانی سەفەوییەکان بوون و هەندێکجار هاوکاریی عوسمانییەکانیان دەکرد. لە ١٧٣٣ـی زایینی کەریم خانی زەند سنەی داگیرکرد. دوای ماوەیەک (ئابلۆقە خەسرەو خان) دەسەڵاتی ئەو بەشەی کوردستانی گرتە دەست. لە ساڵی ١٧٩٩ تاکوو ١٨٢٤ ئەمانوڵاخان کوڕی خەسرەوخانی ئەردەڵان حوکمڕانی دەکرد لە سنەدا. هەوڵێکی زۆریدا بۆ دروستکردنەوە و پێشخستنی کاروباری شارەکە.

ناوی سنە

بیروڕاکان سەبارەت بەوەی ناوی سنە لە کوێوە هاتووە جیاوازن:

  • پێش دروستبوونی سنە وەک شارێکی بە واتا تەواو، هەر لەو شوێنەدا گوندێک بووە بە ناوی سینە یان سنە و ناوی سنە لەوێوە هاتووە.
  • وشەی سنە ناوێکی گەورە و پیرۆزە لە زمانی ئاڤێستایی کۆندا بەواتای سەقرە دێت (سەقر باڵندەیەکی هاوشێوەی هەڵۆیە بەڵام بچووکترە).
  • کاتێک سولەیمان خانی ئەردەڵان هەوڵی دروستکردنی شاری سنەیدا، لە نزیکی ئەو شوێنەدا گوندێک هەبوو بە ناوی سینە کە دواتر شارەکە هەر بەو ناوی سنەیە ناونرا.

گەشتیاری

تەلاری سالار سەعید (مۆزەخانەی سنە)

ئەم تەلارە لە شەقامی شاپوور و ئیمامی ئێستا، لە کۆڵانی حەبیبیدا هەڵکەوتووە. ئەم تەلارە لە بەشی دەرەوەی تەلاری مەلا لوتفوڵا شەیخول ئیسلام کە ئەمڕۆ بە ماڵی سالار سەعید بەناوبانگە هەڵدراوە و تێیدا شتومەک و شوێنەواری مێژوویی پیشان دەدرێت. ئورووسییەکانی مۆزەخانەی سنە بەرهەمی دەستی هونەرمەندانی سنەیییە کە بە یەکێک لە ناوازەترین بەرهەمەکانی هونەری ئورووسی ئەژمار دەکرێت. تەلاری سالار سەعید شوێنەواری سەردەمی قاجارە.

سەیرانگای ئاویەر

ئەم پارکە لە ڕۆژاوای شاری سنە و لە بناری کێوی ئاویەردا هەڵکەوتووە، بەرزایییەکانی ئەم پارکە دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن لە شار دەخاتە بەرچاو. ئەم پارکە چەندین باخ و کانی تێدایە وەک باخی ئەمیرییە کە گەورەترین باخی بناری ئاویەرە کە تیایدا گەورەترین سینەمای کراوەی ئێرانیشی تێدایە. سەیرانگای ئاویەر لە کۆنەوە شوێنی حەسانەوە و سەیرانی گەشتیاران بووە.

بازاڕی سنە (گوزەر)

ئەم بازاڕە لە ساڵی ١٦٣٦ـی زایینی و لەگەڵ دروستبوونی سنە دروستکراوە. بازاڕی سنە بەشێوەی چوارگۆشەیەکی درێژ کە لە دوای دروستبوونی شەقامی سیرووس بوو بە دوو بەش و لەیەکتری دابڕا، شەقامەکە بە ناوەڕاستییدا تێدەپەڕێت وبۆ هەردوو بەشی باکوور و باشوور دابەشی دەکات، بەشی باکووری بە ناوی بازاڕی سەنەندەج و بەشی باشووری بەهۆی زیادبوونی کاسبکاران و دووکاندارە (جوولەکەکان) بە ناوی گوزەرەوە دەناسرێتەوە. ئەم بازاڕە بەشێوەی بازاڕی نەخشی جیهانی ئەسفەهان دروست کراوە.

تەلاری ئاسف (ماڵی کورد)

ئەم مۆزەخانەیە لە نێو تەلارەکانی ئاسفدا هەڵدراوە و دەکەوێتە شەقامی شاپوور. ئەم تەلارە هەڵگری بایەخێکی زۆری تەلارسازی لە بوارەکانی خشتکاری، گەچ بڕی و حەمامەکەی بە جوانترین حەمامی شار دەناسرێت. کردنەوەی تەلارەکە بۆ یەکەمجار دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەفەوی و لە سەردەمی قاجار و پەهلەویدا تەواو کراوە. ئەم مۆزەخانەیە چەندین بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتووە وەک: ژیانی لادێ، ژیانی شار، تەونگەری، نازک کاری، دیوەخان، پۆشاک، ناوداران، خشڵ، قوتابخانە، ڕاو، کاری دەستی و کشتوکاڵ.

مزگەوتی جامیعە

ئەم مزگەوتە دەکەوێتە ناو گەڕەکی قەڵاچوارلانی شاری سنە، بەڵگەکان دەریدەخەن کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجار و بە فەرمانی ئەمانەڵا خان، والی کوردستان لە ساڵی ١٨١٣ـی زایینی دروست کراوە. ئەم مزگەوتە لەخۆگری دوو هەیوان و حەوشەیەکی ناوەندی کە ١٢ حوجرەی فەقێی تێدا دروستکراوە، هۆڵێکی گەورە بە ٢٤ پایە و ٣٦ گومەز کە ڕووکاری کۆڵەکە و دیوارەکان بە ئایەتی قورئان ڕازاوەتەوە. دیوارەکانی مزگەوتی جامیعەی سنە بە کاشی حەوت ڕەنگ نەخشێنراوە و  بەردی مەڕمەڕی تێدا بەکارهاتووە.

تەلاری موشیر دیوان

ئەم تەلارە کەوتووەتە سەر شەقامی فەرەح و شوهەدای ئێستا. کە پێکهاتووە لە حەوت حەوشەی پێکەوە لکاو و حەمامێکی تایبەت، لە هەموو حەوشەکاندا پلوورە ئاو هەیە، ئەم تەلارە لەسەر دەستی میرزا یوسفی موشیر دیوان لە سەردەمی قاجاردا دروست کراوە. ئەم تەلارە بە ئورووسی جوان و خشت و گەچبڕی ڕازاوەتەوە.

حەمامی خان

ئەم حەمامە کەوتووەتە باکووری بازاڕی کۆنی سنەوە، نەخش و نیگاری سەر دیوارەکانی لە کاتی خۆیدا ناوازە و نایابە. لە ساڵی ١٨٠٥ـی زایینی و بە فەرمانی ئەمانوڵڵا خانی ئەردەڵان دروستکراوە.

هاجەرە خاتوون

هاجەرە خاتوون لە شەقامی سەڵاحەدینی ئەیوبی و لە گەڕەکی سەرتەپۆڵەی شاری سنەدا هەڵکەوتووە. بەگوێرەی وتەکان ئەم کەسایەتییە خوشکی ئیمام ڕەزایە کە لە سەفەری بۆ خۆراساندا لە کوردستان کۆچی دوایی دەکات و لەم شوێنەدا بەخاک دەسپێردرێت، لەم مزگەوتەدا چەند گۆڕی کەسایەتی و کەسی گەورەی شاری سنەی تێدایە.

پیر عومەر

ئەم ئیمام زادەیە کەوتووەتە بەشی باشووری شەقامی شاپوور و ئیمامی ئێستا، مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٣٢ ـی زایینی ئیمام زادە پیرعومەر بە کوڕی خودی حەزرەتی عەلی دەزانن. بەهۆی کۆنییەوە لە ساڵی ١٩٥٢ نۆژەن کراوەتەوە.

پیر محەممەد

ئەم شوێنە لەسەر تەپۆڵکەیەک بە ناوی پیرمحەمەو دەناسرێتەوە کە گۆڕستانی کۆنی شاری سنەی تێدا هەڵکەوتووە. ئەم تەلارە شوێنی بەخاکسپاردنی محەممەدی کوڕی یەحیا، کە بە پیرمحەمەو ناسراوە.

تەلاری خەسراوا

ئەم تەلارە لە شەقامی خەسراوادا هەڵکەوتووە. لە کاتی خۆییدا ناوازە و ساڵانێکی زۆر ناوەندی حکوومەتی میرانی ئەردەڵان و بەتایبەت خەسرەوخان بووە. لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە:

  • کۆشکێک لای ڕۆژاواوە.
  • تەلارێک لە ڕۆژهەڵآت.
  • بەشی دەرەوەی تەلارەکە لەخۆگری حەمام، ژووری دەرگاوانەکان و خزمەتکارەکان بووە.
  • باخ

تەلاری وەکێڵ

ئەم تەلارە گەورەیە کەوتووەتە سەر شەقامی وەکێڵ و کشاوەرزی ئێستا، لەخۆگری سێ حەوشە بە تەلاری تایبەت بە خۆیانەوە و حەمامێکی تایبەتی لە ناو تەلارەکان و حەمامێکی گشتی لە دەرەوە. بەشی سەرەکی تەلاری وەکێڵ لە سەردەمی زەندییە دروستکراوە و بەشەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی قاجار.

ئاویەر

ناوی شاخێکی بەرزە لە ڕۆژاوای شاری سنەدا کە بەهۆی کەشوهەوای باش و سەوزی ئەو شوێنە بووەتە سەیرانگای خەڵکی سنە و دەوروبەری. ئاویەر ناوێکی ناسراوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوێکی تایبەتە بۆ خەڵکی سنە و گەورەترین سینەمای کراوەی ئێران لەم شوێنەدایە.

گواستنەوە

شار وڵات ڕێگا
مەریوان کوردستان ٩٥ کیلۆمەتر
قوروە کوردستان ٨٨ کیلۆمەتر
سەوڵاوا کوردستان ٧٠ کیلۆمەتر
کامیاران کوردستان ٦٧ کیلۆمەتر
دێولان کوردستان ٤٥ کیلۆمەتر
بانە کوردستان ١٥٤ کیلۆمەتر
سەقز کوردستان ١٤٩ کیلۆمەتر
بیجاڕ کوردستان ١٠٠ کیلۆمەتر
دیواندەرە کوردستان ٨٣ کیلۆمەتر
کرماشان کوردستان ١٣٤ کیلۆمەتر
ئیلام کوردستان ٢٩٠ کیلۆمەتر
هەمەدان کوردستان ١٧٧ کیلۆمەتر
هەولێر کوردستان ٤٢١ کیلۆمەتر
خورەماوە کوردستان ٢٨٥ کیلۆمەتر
شاری کورد کوردستان ٥٨١ کیلۆمەتر
ئەهواز کوردستان ٦٤٤ کیلۆمەتر
یاسووج کوردستان ٩٠١ کیلۆمەتر
بووشێهر کوردستان ١٠٨٢ کیلۆمەتر
ورمێ کوردستان ١٩٥ کیلۆمەتر
زاهیدان ئێران ١٧٨٢ کیلۆمەتر
ئەسفەهان ئێران ٦٧٨ کیلۆمەتر
ئەراک ئێران ٣٦٦ کیلۆمەتر
تەبرێز ئێران ٤٤٦ کیلۆمەتر
کەرەج ئێران ٤٨٩ کیلۆمەتر
قەزوین ئێران ٤٠٩ کیلۆمەتر
رەشت ئێران ٥٧٠ کیلۆمەتر
زەنگان ئێران ٢٤٤ کیلۆمەتر
تاران ئێران ٤٨٩ کیلۆمەتر

گەڕەکەکان

گەڕەکە کۆنەکان

شاری سنە تاکوو پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ـی ئێران ٢٩ گەڕەکی بووە. ئەمانە ناوەکانیانن:

  • دەرماڵ
  • ناو قەڵا
  • قەتارچییان
  • سەرتەپۆڵە
  • ئاغەزەمان
  • چوارباخ
  • پیرمحەمەو
  • گلەخان
  • کووچی ڕەزان
  • جەور ئاوا (خوار و ژوور)
  • جاڕ نەسڕوڵڵا خان
  • سپوور ئاوا
  • تەپەی ئەولیابەگ
  • حاجی ئاوا
  • شەریف ئاوا
  • فەیز ئاوا
  • کەڵەکە جاڕ
  • پردبەند (نیزام ئاوا)
  • کوێر ئاوا
  • تەپەی شێخ حەمە سادق
  • شێخان
  • تازە ئاوا
  • بان خەنەق (خەندەق)
  • کانی گورگ عەلی
  • ناو کرماجەکان
  • چقڵی چەقان
  • دوڕاجییەکان
  • ناو دۆمەکان
  • تەقتەقان
  • قەلاچوارلان

گەڕەک و شارۆچکە نوێیەکان

  • شارۆچکەی بەهاران
  • شارۆچکەی سەعدی
  • شارۆچکەی زاگرۆس
  • ویلاشار
  • موارەکاوا
  • تەکیە و چەمەن
  • شاڵمان
  • شارۆچکەی بێعسەت
  • عەباساوا
  • کانی کووزەڵە
  • غەفوور
  • شارۆچکەی مەولەوی (سنە)
  • شارۆچکەی مامۆستا هەژار (سنە)
  • شارۆچکەی زاگرۆس (سنە)
  • شارۆکەی ویلاشار (سنە)
  • شارۆچکەی پەڕدیس (سنە
  • شارۆچکەی ساحیلی (سنە)
  • شارۆچکەی بانتا (سنە)

کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سنە

  • موزەفەر پەرتۆمە (زانا)
  • غوڵام عەلی ئێدریسیان (مێژووناس)
  • شەهرام ئێرانی (سیاسی)
  • سدیق کەمانگەر (سیاسی)
  • تەیفوور بەتحایی (سیاسی)
  • سارم خان سادق وەزیری (سیاسی)
  • بەهائەدین ئەدەب (سیاسی)
  • سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی (هونەرمەند)
  • خەلیفە میرزا ئاغەی غەوسی (هونەرمەند)
  • مەزهەری خالقی (هونەرمەند)
  • حەسەن یوسف زەمانی (هونەرمەند)
  • ئەردەوان کامکار (هونەرمەند)
  • ناسر ڕەزازی (هونەرمەند)
  • نەجمەدینی غوڵامی (هونەرمەند)
  • عەلی زەندی (هونەرمەند)
  • ئیسماعیل سابووری (هونەرمەند)
  • فەتانە وەلیدی (هونەرمەند)
  • حسەین شەریفی (هونەرمەند)
  • شەهێن تاڵەبانی (هونەرمەند)
  • عەباس کەمەندی (هونەرمەند)
  • سدیق تەعریف (هونەرمەند)
  • عەلائەدین باباشەهابی (هونەرمەند)
  • سەعید فەرەج پووری (هونەرمەند)
  • بەراتعەلی نوورانی (هونەرمەند)
  • هۆشەنگ شەگرف (هونەرمەند)
  • شەهرام عەلی‌محەممەدی (هونەرمەند)
  • ئازاد ئازاد پور (هونەرمەند)
  • سەعدوڵڵا نەسیری (هونەرمەند)
  • بنەماڵەی کامکار (هونەرمەند)
  • بنەماڵەی عەندەلیبی (هونەرمەند)
  • وریا غەفووری (وەرزشی)
  • قوتبەدین سادقی (شانۆ)
  • بێهرووز غەریب پوور (شانۆ)
  • بەهمەن قوبادی (سینەما)
  • شەهرام عەلیدی (سینەما)
  • مەستوورەی ئەردەڵان (وێژە)
  • عەلائەدین سەجادی (وێژە)
  • جەلال مەلەکشا (وێژە)
  • شەریف حسەین پەناهی (وێژە)
  • موحیەدین حەقشناس (وێژە)
  • بابا مەردۆخ ڕۆحانی (وێژە)
  • محەممەد ماجد مەردۆخ ڕۆحانی (وێژە)
  • ئەهوەن، محەممەد ئینسافجوویی (وێژە)
  • سیمین چایچی (وێژە)
  • ئەحمەد موفتیزادە (ئایینی)
  • شێخ محەممەدی مەردۆخ (ئایینی)
  • هادی زیائوددینی (نیگارکێشی)
  • ئەکبەر مەنسووری (نیگارکێشی)
  • بێهزاد تارا (نیگارکێشی)
  • فەردین سادق ئەیووبی (نیگارکێشی)
  • هەڵۆ خان (دەسەڵاتدار)
  • خان ئەحمەد خان (دەسەڵاتدار)
  • خەسرەو خان ئەردەڵان (دەسەڵاتدار)


سەرچاوەکان



794 بینین