جەلال مەلەکشا

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-08-04-16:15:00 - کۆدی بابەت: 9686
جەلال مەلەکشا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەلال ڕەحیمی مەلەکشان ناسراو بە جەلال مەلەکشا (بە ئینگلیزی: Jalal Malaksha، بە فارسی: جلال ملکشاه) هۆزانڤان، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، ڕەخنەگر، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بوو. لە ١٩ـی ئازاری ساڵی ١٩٥٢ لە مەلەکشای سەرێ لە سنە لەدایکبووە، لە ٣١ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە سنە کۆچی دوایی کردووە.

دەربارەی شاعیر

لە بواری خوێندندا، بڕوانامەی دیبلۆمی لە ئەدەبیاتی فارسیدا وەرگرتووە و دواتر بەھۆی چالاکیی سیاسی و زیندانەوە نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات. مەلەکشا لە تەمەنێکی کەمدا دەست بەنووسین دەکات ڕۆڵێکی گرنگ و بایەخداری لە ئەدەبی هاوچەخی فارسی و کوردیدا هەبووە.

جەلال لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی ڕەوتی نوێخوازیی شیعری کوردیی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە. مەلەکشا بە کەڵک‌ وەرگرتن لە زمانێکی ئوستوورەیی، شیعری نوێی کوردی و شیعری بەرگریی ڕۆژھەڵاتی کوردستانی بەرەو قۆناغێکی تازە برد.

مەلەکشا جگە لە شیعر لە بواری چیرۆک، ڕۆژنامەوانی، لێکۆڵینەوە و وەرگێڕاندا بەرھەمی بەرچاو و زۆری لێ بەجێماوە. بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی ئینگلیزی، فەڕەنسی، ڕووسی، عەرەبی، سویدی و فارسی.

مەلەکشا لە شیعری فارسیدا، لەژێر کاریگەریی نیمایووشیج، مەھدی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لە سەرەتای نووسینی شیعری کوردیدا، عەبدوڵڵا گۆران، لەتیف ھەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا کاریگەری زۆریان ھەبووە.

جەلال مەلەکشا کە نەخۆشییەکی درێژخایەنی ھەبوو لە کۆتاییدا، ئێوارەی ڕۆژی ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بەھۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنە و لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.

منداڵی و مێردمنداڵی

جەلال مەلەکشا لە ٢٨ـی ئازاری ١٩٥٢، لە گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. ناوی باوکی ئەحمەد ڕەحیمی مەلەکشان و دایکیشی ئامینە گەوێڵی کێڵانەیە. جەلال یەکەم منداڵی خێزانەکەی بووە و خاوەنی سێ خوشک و سێ برای ترە. ھەر لە منداڵییەوە پێش ئەوەی بڕواتە خوێندنگە لەژێر کاریگەریی مامێکی خوێندەواری بە ناوی عەبدولڕەزا بووە، فێری خوێندن و نووسینی کوردی دەبێت، وەک خۆی باسی کردووە "پێنج ساڵان بووم، کە مامم بە ھاندان و بە زۆر، شیعری شاعیرانی کلاسیکی وەکوو نالی و مەحوی پێ لەبەر دەکردم."

جەلال هەشت ساڵان بووە کە باوکی لە فەرمانگەی کشتوکاڵی شاری سنە دادەمەزرێت، بەماڵەوە دەڕۆنە سنە و لەوێ نیشتەجێ دەبن. لەبەر ئەوەی کە تەمەنی جەلال سەرو حەوت ساڵ بووە بەو هۆکارەوە بە کێشەیەکی زۆر لە خوێندنگە وەردەگیرێت.

بەھۆی بارودۆخی وڵاتی ئێران و قەدەغەبوونی خوێندن بە زمانی دایکی، وەکوو ھەموو منداڵە کوردەکان بە ناچاری بە زمانی فارسی دەخوێنێت. قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە خوێندنگای شێخ موھاجیر، سەعدی، چواری ئابان و سەعدی ژمارە دوو تەواو دەکات، قۆناغی ناوەندی و دواناوەندی لە قوتابخانەکانی شاپوور، بووعەلی، ڕازی، غەزاڵی و ھیدایەت دەخوێنێت، دیبلۆم لە زمانی فارسیدا وەردەگرێت.

چالاکیی سیاسی

جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی کەمدا، تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێت. ئەو کە بە نووسینی شیعر و چیرۆک بە خێرایی توانیبووی جێگایەکی تایبەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارە فارسییەکاندا بۆ خۆی بکاتەوە، چەندین جار لەبەر نووسراو و بیروبڕواکانی دەکەوێتە بەر لێپرسینەوە و ڕەوانەی زیندان دەکرێت.

زیندان بۆ جەلال دەبێتە زانستگایەک و لە زینداندا لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە گەورە و بچووکەکان ئاشنایەتی پەیدا دەکات، بیروبڕوای زۆرێک لە گرووپە چەپ و سیاسییە کوردەکان و ھەروەھا فیدایی و موجاھید دەناسێت.

لە زیندانی ناوەندیی سنە لەگەڵ بێھرۆز حەقی مەنیع، خەڵکی شاری تەورێز و ئەندامی ناسراوی فیدایییەکان ئاشنا دەبێت. حەقی مەنیع بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زینداندا ماتریالیسمی دیالکتیکی مێژوویی دەڵێتەوە، جەلال کەڵک لە وانەکانی وەردەگرێت و وەکوو مامۆستایەکی بەتوانا ناوی دەبات.

پێش شۆڕشی گەلانی ئێران مەلەکشا دەبێتە ئەندامی سازمانی چریکی فیدایی لە کوردستان، تا کۆتایی ھاتن بە ڕژیمی پاشایەتی لە ئێران وەکوو ئەندامی ئەو حیزبە چالاک دەبێت، پاش ئەوەش دەبێتە ئەندامی کۆمەڵە و لە چالاکییەکانیدا بەشداری دەکات و ھەر بەھۆی چالاکییە سیاسییەکانییەوە لە ھەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا نزیک بە ١٢ ساڵ زیندانی دەکرێت.

ڕەنگدانەوەی چالاکییە سیاسییەکانی جەلال مەلەکشا لە زۆربەی بەرھەمەکانی ئەو سەردەمەیدا بە ڕوونی دەبینرێت. دواتر کە لە چالاکیی حیزبایەتی دەکشێتەوە، لە وتووێژێکدا دەڵێت "مرۆڤ ناتوانێت خۆی لە سیاسەت بدزێتەوە، بەتایبەت خاوەن قەڵەم! بەڵام نابێت ھونەر لە چوارچێوەی حیزبێکدا زیندانی بکرێت، بەرپرس بوون بەرانبەر بە حیزبێک سەربەستیی بیر و ئەندێشە لە ناو دەبات."

زیندان

جەلال مەلەکشا لە تەمەنی گەنجیدا تێکەڵی کاری سیاسی دەبێت و بەھۆی نووسراو و چالاکییە سیاسییەکانییەوە چەندین جار زیندانی کراوە. یەکەم جار ساڵی ١٩٦٩ لە ڕژیمی پاشایەتیدا و کاتێک تەمەنی ١٧ ساڵان بووە بەھۆی شیعرێکەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی و ئەشکەنجەی ساواک دەبێت و لەوە بە دوا زۆر جار بە ھۆکاری گەورە و بچووک دەستبەسەر دەکرێت و ھەر جارێک چەندین مانگ زیندانی دەکرێت.

ساڵی ١٩٧٢ حوکمی چوار ساڵ زیندانی بەسەردا دەسەپێنن کە پاش دوو ساڵ ئازاد دەکرێت. لە ١٩٧٦ دووبارە دەکەوێتە زیندان، بەڵام جەلال ھەر لە نێو زیندانەوە بۆ یەکەمجار دەستدەکات بە نووسینی چیرۆک و ڕەوانەی گۆڤارە فارسییەکانی دەکات، بەم چیرۆکانەش ڕوویەکی تر لە ژیانی ئەدەبی خۆی دەردەخات.

ئەو چیرۆکانەی کە لە نێو زیندانەوە ڕەوانەی دەرەوەی دەکات، لە دوای ئازادبوونی لە زۆر شوێن ناوی دەرکردووە و ناسراوە، لەگەڵ زۆرێک لە ئەدیب و نووسەر و شاعیر و چالاکوانە سیاسییەکانی سەردەم دۆستایەتی و ئاشنایەتی پەیدا دەکات.

ساڵی ١٩٧٨ لە گەرمەی شۆڕشی گەلانی ئێراندا دووبارە دەکەوێتە زیندان، بەڵام پاش چەند مانگێک ڕژیمی پاشایەتی لەژێر تەوژمی خەباتی گەلاندا ناچار دەبن زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن.

دوای لەناوچوونی ڕژیمی پاشایەتی چالاک دەبێت. پاش شۆڕش و لە کۆماری ئیسلامیشدا لە ڕیزی سەرەتاییترین چالاکوانانی کورددایە کە دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت، لەبەر چالاکییەکانی جەلال بۆ ماوەیەک ئەندامانی بنەماڵەکەی دەکەونە ژێر گوشاری ڕژیم و زیندانی دەکرێن.

ھەروەھا چەندین جار ھەوڵدەدرێت، بەھییە خانمی ھاوژینی کە لە سنە مامۆستای قوتابخانە بووە، لە کار لابدرێت و وەک سزادان بۆ چەندین شاری تر دووری دەخەنەوە.

جەلال مەلەکشا ساڵی ١٩٨٣، جارێکی‌ تر دەکەوێتە بەر پەلاماری ڕژیم و سزای ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە و پازدە ساڵ زیندانی ھەڵپەسێردراوی بە سەردا دەسەپێندرێت، لە کاتی دەستبەسەریشدا، ھەرچەند مانگێک لە زیندانێکەوە بۆ زیندانێکی‌ تر دەگوازرێتەوە و لەم گواستنەوانەدا زۆر لە نووسراوەکانی لەناو دەچێت، ھەندێکیان وەک ئەمانەت دەدرێتە دەستی دۆست و ئاشناکانی کە ڕەوانەی دەرەوەی زیندان بکرێت و بە دەگمەن دووبارە دەستی جەلال دەکەونەوە، ھەندێکی تریشیان دەکەوێتە دەست پاسەوانانی زیندان و چەندین دەفتەرە شیعری دەسووتێندرێت.

پاش نزیک بە چوار ساڵ تێپەڕاندنی حوکمی زیندان، بە فەرمانێکی بەخشین وەک زۆربەی کوردە بەندکراوەکان ئازاد دەبێت. دواتر و لە سەردەمی ئیشکردنی لە گۆڤاری سروەشدا، ناوبەناو، بەھۆکاری جیاوازەوە قوڵبەست دەکرێت و چەند جاریکی تر ڕەوانەی زیندان دەکرێت.

ئەزموونی زیندان ڕەنگدانەوەی زۆری بەسەر شیعرەکانی مەلەکشادا ھەبووە و زۆرێک لە شیعرەکانی بەرھەمی گۆشەی سیاچاڵ و گرتووخانەکانی ھەردوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

جەلال بە تاوانی بیروباوەڕ، لە ھەر دوو ڕژیمدا، بە گشتی بۆ ماوەی زیاتر لە ١٢ ساڵی تەمەنی لە زینداندا تێپەڕ کردووە.

لە زیندانەکانی ساواک و دواتر ئیتلاعاتی شاری سنە و زیندانی ناوەندی سنە تا زیندانی ناوەندی ورمێ و زیندانی شارەوانی ئابادان و زیندانی قزڵحەساری کەرەج و چەندانی تر، کە لە هەر یەکەیان بۆ ماوەیەک زیندانی بووە.

کانوونی نووسەرانی ئێران

ئەزموونی نووسینی جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی کەمەوە دەستی پێکرد. لە شیعری نوێی فارسیدا سەرکەوتنی باشی بەدەست ھێنا و شیعر و چیرۆکەکانی لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەی ئێراندا چاپ دەکران، تەنانەت دوای ئەوەش کە بەھۆی چالاکییەکانییەوە دەکەوێتە زیندان لە نووسین بەردەوام دەبێت و شیعر و چیرۆک و دەقەکانی ڕەوانەی دەرەوەی زیندان دەکات.

مەلەکشا ساڵی ١٩٧٧، وێڕای نەبوونی کتێبی چاپکراو، لەبەر بەھێزبوونی شیعر و چیرۆک و دەقە بڵاوکراوەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا، وەک ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران وەردەگیرێت.

ئەمەش لە حاڵەتێکدایە کە مەرجی ناونووسی بۆ ئەندامییەتی لەو ناوەندەدا دوو کتێبی چاپکراو بووە، تاکوو پاشان لەسەر شایەنبوونی ئەندامییەتی نووسەر دەنگ بدرێت، بەڵام ئەندامییەتی جەلال مەلەکشا، بە بێ کتێبی چاپکراو، ئاستی ھێز و توانای نووسینی ئەو نووسەرە لە زمانی فارسیدا پیشان دەدات.

لەو سەردەمەدا ئەندامانی تری کوردی کانوونی نووسەرانی ئێران عەلی ئەشرەف دەروێشیان و عومەر فارووقی بوون. ئەندامییەتی لە کانوونی نووسەرانی ئێران دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر و دۆستایەتی لە نێوان جەلال و گەورەنووسەران و ئەدیبان و شاعیرانی ئەو سەردەمەی ئێران. بەناوبانگترین ئەندامانی ئەو ناوەندە لەو سەردەمەدا کەسانی وەکوو مەھدی ئەخەوان سالیس، ئەحمەد شاملوو، هۆشەنگ گوڵشێری، جەلال ئال ئەحمەد و مەحموود ئیعتمادزادە بوون.

پەیوەندی کۆمەڵایەتی

پەیوەندی زۆر باش و بەربڵاوی لەگەڵ زۆربەی ھونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی کورد و ئێرانی، لە تایبەتمەندییەکانی ژیانی جەلال مەلەکشا بوو.

هۆشەنگ گوڵشێری، مەھدی ئەخەوان سالیس، ئەحمەد شاملوو، ئیسماعیل خۆیی، خەسرەو گوڵسورخی، عەباس پەھلەوان، میرزائاغا عەسگەری، ئەحمەد ئەحرار، ئیسماعیل نووری ئەعلا و سەعید سوڵتانپوور، لە بەناوبانگترین شاعیران و نووسەران و ئەدیبانی فارسن، کە جەلال مەلەکشا لە گەڵیاندا پەیوەندی ھەبووە.

ھەروەھا لەگەڵ گەورە نووسەر، شاعیر، ئەدیب و ھونەرمەندانی کورد وەکوو ھێمن، هەژار موکریانی، مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مەسعوود محەمەد دیدار، هەروەها چاوپێکەوتنی ھەبووە و لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، مارف خەزنەدار، ڕەحیم لوقمانی، ھاشم سراج، ئەحمەد قازی، عوسمان دەشتی، مارف ئاغایی، شوکر مستەفا، کەریم دافعی، سیمین چایچی، فەرەیدوون ئەرشەدی، عەباس حەقیقی، فەرھاد عەونی، محەمەد سەعید نەججاڕی، شوکروڵای بابان، ناسر ڕەزازی، شڤان پەروەر، عەزیز شارۆخ و نەجمەدین غوڵامی ھاوڕییەتی و پەیوەندی دۆستانەی ھەبووە.

بەھۆی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکیی سیاسییەوە، جەلال مەلەکشا پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییە سیاسییە کوردەکانی وەکوو مەسعوود بارزانی، جەلال تاڵەبانی، مەلا بەختیار، فرانسوا حەریری، نێچیرڤان بارزانی، عەبدوڵڵا موھتەدی، حوسێن یەزدانپەنا، مستەفا ھیجری، خالد عەزیزی، ڕەزا کەعبی و کەریم حیسامی ھەبووە.

مەلەکشا لە یەکێک لە دیدارە گرنگەکانی ژیانیدا، ڕۆژنامەنووس و توێژەری بەناوبانگی فەڕەنسی کریس کۆچێرا دەبینێت و چەند ڕۆژێک پێکەوە دەبن و کریس کۆچێرا وەک مامۆستایەک یادی دەکرد.

ژیانی تایبەتی

جەلال مەلەکشا لە ساڵی ١٩٧٥، لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا لەگەڵ بەھیە ئەژدەرنەژاد، کچی بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری ورمێ، ھاوسەرگیری دەکات و لە ژیانی ھاوبەشیاندا دەبنە خاوەنی سێ کوڕ بە ناوەکانی کاوە، شاھۆ و نیما.

ژیان لە دەرەوەی ئێران

جەلال بەھۆی چالاکییەکانییەوە، لە سەردەمی ھەر دوو ڕژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا، زۆر کات ناچار بووە لە ناوخۆی ئێراندا بەنھێنی بژی. شارەکانی تاران، ورمێ، ئابادان، خوڕەمشار، شیراز، ئەسفەھان، سەقز، مەھاباد، بۆکان و تەنانەت سنەش ھەر یەکە و بۆ ماوەیەک بوونەتە شوێنی ژیانی نھێنی و حەشارگەی مەلەکشا، بەڵام ھەرگیز بەوە ڕازی نابێت کە وڵات بەجێ بھێڵێت.

لەسەرەتای کارکردنی لە گۆڤاری سروەدا کەمێک گوشارە ئەمنییەکان لەسەری کەم دەبێتەوە، بەڵام ھەرچی بەرەو پێشتر دەڕوات دووبارە گوشار و قوڵبەستکردنی ناوبەناو زیاتر دەبێت، پاش ئەوەی کە لەژێر گوشاری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە سروە جیا دەبێتەوە، ھەوڵی ئەوە دەدرێت کە سزای بەسەردا بسەپێنن و حوکمی زیندانی درێژخایەنی پێ بدەن، پاش ئەو کاتە ئیتر بەرگە ناگرێت و دەڵێت "ئیتر تاقەتی کەلەپچە و زیندانم نەمابوو و بە قاچاخە ڕێگادا بەرەو باشووری کوردستان ڕۆیشتم."، لە سلێمانی و هەولێر و بەغدادیش ژیاوە.

کۆتاساڵەکانی ژیانی

کۆتاساڵەکانی ژیانی جەلال مەلەکشا کەم تا زۆر بە گۆشەگیری تێپەڕبوو. لە وڵاتی ئێران بە ھیچ شێوەیەک ڕێگا بە چالاکییە ئەدەبییەکانی نەدەدرا و نەیدەتوانی بەرھەمەکانی چاپ و بڵاو بکاتەوە، تەنانەت ڕێگا نەدەدرا لە ھیچ کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا بەشداری بکات.

بڕیار وابوو ساڵی ٢٠١٥، ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە ماندووبوونی چەندین ساڵەی جەلال مەلەکشا لە ناوەندی ھونەری فەجری شاری سنە بەڕێوە بچێت، تەنانەت ئامادەکاریی باش بۆ مەراسیمەکە کرا، بەڵام لە کۆتاساتەکاندا ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ڕێگری کرد و شوێنی کۆبوونەوەکەیان داخست و بڵاوەیان بە ئامادەبووان کرد.

چەندین جار لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە بانگێھشت کرا بۆ باشووری کوردستان تا لەوێ بژی، بەڵام جەلال ھەرگیز نەیدەویست لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بەتایبەت شاری سنە دوور بکەوێتەوە.

ھەروەھا نەخۆشی تەنگی لێ ھەڵچنیبوو و زۆر بەسەختی ھاتوچووی دەکرد، بەڵام لە نووسین نەوەستا و ھەنووکە بەرھەمی لێ بەجێماوە کە ھێشتا چاپ نەکراون.

کۆچی‌ دوایی و پاش مەرگی

مەلەکشا لە کۆتا ساتی ژیانیدا، کاتژمێر شەشی ئێوارەی ڕۆژی ٣١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، لە ماڵی باوکی لە گەڕەکی تەپەی قەوپاڵی شاری سنە و بەھۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

لە ڕۆژی ١ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لە بارودۆخێکی ئەمنییەتیدا تەرمەکەی لەسەر شانی سەدان کەس لە جەماوەری شاری سنە و ھۆگرانی، بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و سروودی ئەی ڕەقیب، بەڕیکرا و لە گۆڕستانی گوندی مەلەکشانی سەر بە شاری سنە و لە زێدی باب و باپیرانیدا بە خاک سپێردرا.

زۆر لە کەسایەتییە بەناوبانگەکانی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان سەرەخۆشییان ئاڕاستەی بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان کرد.

جگە لەو مەراسیمە کە لە شاری سنە و گوندی مەلەکشان بەڕێوە‌چوو لە شارەکانی‌ تری کوردستان و ھەروەھا لە ئەورووپا و ئەمریکا چەندین مەراسیم لەلایەن کوردانی دانیشتووی تاراوگە بۆ ماڵاوایی کردن لە شاعیری کۆچکردوو جەلال مەلەکشا بەڕێوەچوو.

بەبۆنەی چلەی کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، وەکوو وەفایەک بەرانبەری لە دوو شاری ھەولێر و سلێمانی لە باشووری کوردستان، ڕێوڕەسمێک بۆ چاپکردنی کتێبی پیرەدار بەڕێوەچوو.

شیعر و چیرۆک

جەلال مەلەکشا لە تەمەنێکی کەم و منداڵی و مێردمنداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە، لە منداڵییەوە دەست بە نووسین دەکات و بە وتەی خۆی یەکەم شیعری کاتێک پۆلی چوارەمی سەرەتایی بووە نووسیوە، خەمنامەیەک بۆ مەرگی کچە دراوسێیەکیان کە نەخۆش دەکەوێت و لەبەر نەبوونی پزیشک و دەرمان دەمرێت.

جەلال لە سەرەتای لاویەتییەوە بەشێوەیەکی تۆکمەتر ڕوو لە نووسینی شیعر دەکات و ئەزموونی شیعریشی بە زمانی فارسی دەستپێدەکات. لە شیعری فارسیدا لەژێر کاریگەری نیمایووشیج و مێھدی ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوودا بووە و لەو بوارەدا سەرکەوتنی باشی بە دەست ھێناوە.

جەلال مەلەکشا ھاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٩٧٨، نووسین بە زمانی خۆی دەست پێدەکات و لە ماوەی چەند ساڵێکدا وەک شاعیر و نووسەرێکی کورد ناو و ناوبانگ دەردەکات.

لە دەستپێکی نووسینی شیعری کوردیدا عەبدوڵڵا گۆران و لەتیف ھەڵمەت و عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەس بەسەر ڕەوتی نووسینیدا کاریگەریی زۆریان ھەبووە.

جەلال بە کەڵک وەرگرتن لە زمانێکی ئوستوورەیی، شیعری نوێی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەرەو قۆناغێکی نوێتر دەبات و ڕێگایەکی تا ڕادایەک جیاواز لە شاعیرانی پێش خۆی دەگریتە بەر.

زۆربەی شیعرەکانی جەلال، یان بە ئپیزۆدێک یان بەگشتی ڕەگێکیان لە ئوستوورەدایە. جەلال پاش شکستھێنانی شۆڕشی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، وڵات و خەڵکی خۆی بە جێناھێڵێت و سێ تەوەری سەرەکی دەکات بە ھەوێنی ھزر و ھۆنینەوە، ژیانی ئەدەبی خۆی بەو سێ ئاراستەیە بەرەو پێش دەبات کە ئەوانیش ئاراستەی کۆمەڵایەتی، ئاراستەی نەتەوایەتی و ئاراستەی مرۆڤایەتییە.

لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ یەکەمجار بە شێوەی نهێنی توانی یەکەم کتێبی شیعری خۆی بەناوی زڕەی زنجیری وشە دیلەکان بڵاو بکاتەوە و پێشوازییەکی باشی لێکرا، لە کەمتر لە هەفتەیەکدا بەچاپی دووەم گەیشت.

ساڵی ٢٠١٤ کتێبێک بە ناوی کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی جەلال مەلەکشا کە بریتی بۆ لە دوو بەشی شیعری کوردی و شیعری فارسی و بە دیوانی جەلال مەلەکشا ناوبانگی دەرکرد دووبارە بە شێوەی نھێنی چاپ و بڵاو کرایەوە.

چاپی ئەم کتێبە بەھۆی کوالیتی نزم و ھەڵەوە، بەدڵی جەلال مەلەکشا نەبوو. بە بۆنەی بڵاو بوونەوەی ئەم کتێبە جارێکیتر مەلەکشا کەوتە بەر لێپرسینەوەی ئیتلاعاتی ئێران و کێشەی زۆریان بۆ دروستکرد.

جەلال کۆڵ نادات و بۆ چاپی دووەمی ئەم بەرھەمە خۆی سەرپەرشتی کارەکە لە ئەستۆ دەگرێت و لە چاپی ٢٠١٦ کتێبەکە باشتر دەردەچێت و پێشوازییەکی باشی لێدەکرێت.

جەلال مەلەکشا کە سەرەتا بە شیعر دەستی بە نووسین کردبوو، لە زیندانی ڕژیمی پاشایەتیدا دەست بە نووسینی چیرۆکیش دەکات. زۆربەی چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمەدا چاپ کراون. ساڵی ٢٠١٣ کتێبێک لە کۆمەڵە چیرۆکە کوردییەکانی مەلەکشا بە ناوی کارەسات کە لە ١٩ کورتە چیرۆک پێکھاتبوو چاپکرا.

زۆربەی ئەو چیرۆکانە کە لە کارەساتدا چاپ کراون، پێشتر لە گۆڤاری سروە چاپ و بڵاو بوونەتەوە. شێوازی نووسینی و یارمەتی‌ وەرگرتن لە سیمبۆلیزم، تایبەتمەندیی دیاری نووسینی جەلال مەلەکشا لە بواری چیرۆکدایە. جەلال مەلەکشا بەرھەمی زۆری لێ بەجێماوە کە لە ناوخۆی ئێراندا تاکوو ئێستا لە ھیچ‌ شوێنێک بڵاو نەبوونەتەوە.

وەرگێڕان

جەلال مەلەکشا بەھۆی شارەزایی باش و زاڵبوونی بە سەر زمانی کوردی و فارسی و تا ڕادەیەکیش عەرەبیدا، کۆمەڵێک کاری وەرگێڕانی ئەنجامداوە. لە گرنگترین بەرھەمەکانی دەتوانین، وەرگێڕانی شیعری شاعیرانی وەکوو شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵڵا پەشێو، لەتیف ھەڵمەت و جەوھەر کرمان بۆ سەر زمانی فارسی ناو ببەین.

ھەروەھا زۆر کورتە چیرۆکی لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی و بە پێچەوانەشەوە ئەنجام داوە. جیا لە بەرھەم بە چاپ گەیشتووەکانی لە بواری وەرگێڕاندا، چەندین ڕۆمانیش لە ڕیزی وەرگێڕانەکانی مەلەکشادان کە تاکوو ئێستا بە چاپ نەگەیشتوون.

چالاکی تر

بۆ ماوەیەک لە دامەزراوەی فەرھەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ، سەرقاڵی ڕاھێنان و پەروەردەی نووسەران و شاعیرانی گەنجی کورد بووە.

پاش ئەوەی کە لە ورمێ دەگەڕێتەوە سنە و لەو شارەدا بۆ ھەمیشە نیشتەجێ دەبێت، بۆ ماوەیەک لە ئەنستیتۆی زمانی کوردیی ڕاژە وەک مامۆستای زمانی کوردی وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی دەڵێتەوە.

چەند نموونەیەک کورتە شیعرەکانی

شيعرەكانم

بوون بە گۆڵ و

كەنيشكەكانی ئەم شاره

چەپک چەپک

كرديان به هەديەی دڵداری

بەڵام هەرگيز كچێ نەهات

بڵێ جەلال:

ئەی خۆت بۆ هێندە غەمباری؟

 

چڵ ساڵە من

تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە

دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم

رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم

بستێ خاکم دەس ناکەوێ

ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی

تیا بنێژم!

 

ئاخۆ کەی بێ ئەو ڕۆژەبێ

کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی

دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە

هاوار بکەن

سلێمانی - سلێمانی

 

بەرهەمەکان

  • زڕەی زنجیری وشە دیلەکان (کۆشیعر) چاپی یەکەم ٢٠٠٤
  • کارەسات (کۆمەڵە چیرۆک) چاپی یەکەم ٢٠١٣
  • کۆی بەرھەمە شیعرییەکان جەلال مەلەکشا (کۆشیعر کوردی و فارسی) چاپی یەکەم ٢٠١٤


سەرچاوەکان



692 بینین