جەبار فەرمان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-01-15:52:00 - کۆدی بابەت: 10385
جەبار فەرمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەبار فەرمان (بە ئینگلیزی: Jabar Farman، بە عەرەبی: جبار فرمان) سیاسەتوان و کەسایەتییەکی سەربازیی کوردە. ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە ماوەی ژیانیدا چەندین پۆستی باڵای لە یەکێتی و حکوومەتدا وەرگرتووە.

لەدایکبوون ۲٨ی حوزەیرانی ۱۹٤۷
گوندی بان میل، خانەقین
مەرگ ۹ی ئابی ۲۰۰۷ (٦۰ ساڵ ژیاوە)
حیزبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ژیان

جەبار فرمان کوڕی عەلی ئەکبەر ئەرکوازی لە ١٩٤٧/٦/٢٧ لە گوندی بان میلی شاری خانەقین لەدایکبووە. باوکی ناوی فەرمان عەلی ئەکبەر و دایکی ناوی فانۆس یووسف عەلییە و خاوەنی سێ برا و شەش خوشکە. لە ١٩٥٤/٩/١٨ لە گوندی کارێزی سەر بە قەزای خانەقین دەچێتە قوتابخانەی کارێزی بنەڕەتی. ساڵی ١٩٦٧ خوێندنی ئامادەیی تەواو دەکات و لە تەمەنی شازدە ساڵیدا دەبێت بە ئەندامی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ئەندامێكی دیار بووە و چەندین چالاكی هەبووە، گرنگترینیان پلاندانان و جێبەجێكردنی هەڵهاتنی ئاوات عەبدولغەفوور بووە لە زیندان. لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا چەندین جار دەسبەسەر زیندانی دەکرێت.

دوای تەواوکردنی خوێندنی ناوەندی، دەچێتە پەیمانگای مامۆستایان لە شاری بەعقووبە. دوای تەواوکردنی خوێندن لە پەیمانگای مامۆستایان، لە ناحیەی بوهریز لە دیالە وەک مامۆستا دامەزرا و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ وانەی وتووەتەوە و دواتر لە قوتابخانەی ثەورە لە شاری ئەلثەورە لە بەغدا وانەبێژ بووە. لە ساڵی ١٩٧١ لە کۆلێژی موستەنسەریە بەشی فیزیا دەخوێنێت. ساڵی ١٩٧٠ بوو بە ئەندامی حیزبی "کۆمەڵەی ماركس-لینین"، كە دواتر گۆڕا بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان. لە ساڵی ١٩٧٣ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکات و بەهۆی ئەم پەیوەستبوونە وازی لە خوێندن هێنا. ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی لە حیزبی كۆمەڵە لەلایەن حیزبی بەعس دەستبەسەر دەكرێت و سزای شەش ساڵی بەسەردا دەسەپێنرێت. ٤ ساڵ لە زیندان دەبێت و لە ساڵی ١٩٧٩ بە لێبوردنی گشتی ئازاد کرا. لەم ماوەیەدا تووشی جۆرەها ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی بووە.

لە ١٩٨٠/٤/١٧ دەڕواتە شاخ و پەیوەندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە دەکات. سەرەتا بوو بە بەرپرسی ڕێنمایی سیاسی و پاشان بوو بە بەرپرسی لقی ڕێکخراوەکانی ناوچەی چۆمان. لە دووهەمین کۆنفرانسی حیزبی کۆمەڵەدا بوو بە بەرپرسی ناوەندی ڕێکخستنەکانی یەکێتی. جەبار فەرمان ئەندامێکی دیاری ڕەوتی حیزبی و سیاسی نەبووە، بەڵکوو زیاتر ئەندامێکی کارای بواری سەربازی بووە و توانیویەتی کۆمەڵێک داستانی ئازایەتی و سەرکردایەتی خۆی بسەلمێنێت. سەرکردایەتی هەریەک لە شەڕەکانی کارێزە، ماوەت، شارباژێڕ، قەیوان و دابانی کردووە لە ساڵانی هەشتاکان.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨دەبێتە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری ورمێ لە ڕۆژهەڵات و بەرپرسی فەرمانگەی کارگێڕی هاوپەیمانی کوردستانی. دواتریش لە ساڵی ١٩٩٠ دەبێتە بەرپرسی هەمان فەرمانگە لە سووریا. هەر لەو ساڵەدا، دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و یەکەم گرووپی سەربازی دامەزراند. ساڵی ١٩٩١ یەکەمین فێرگەی سەربازی لە قەڵاچوالان دادەمەزرێنێت و ساڵی ١٩٩٢ دەبێتە بەرپرسی مەکتەب عەسکەریی یەکێتی و لەگەڵ دروستبوونی حکوومەتی کوردستاندا دەبێتە وەزیری پێشمەرگە و ساڵی ١٩٩٥ دەبێتە وەزیری ناوخۆ و وەزیری پەروەردە. ساڵی ١٩٩٩ دەبێتە جێگری فەرماندەیی هێزی پێشمەرگە، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک کار ئەنجام دەدات:

  • دامەزراندنی یانەی پێشمەرگە، و وەک وەرزشوانێک بوو بە سەرۆکی یانەکە.
  • دامەزراندنی نەخۆشخانەی شۆڕش بۆ پێشمەرگە و خانەوادەکانیان.
  • دامەزراندنی کۆلێژی سەربازی لە قەڵاچوالان.
  • دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر لە ساڵی ١٩٩٢.
  • دامەزراندنی ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ پێشمەرگە و هاندانی نەبوونی نەخوێندەواری لەناو هێزی پێشمەرگە.
  • ساڵی ١٩٩٦ یەکەم هێزی بۆ ژنان لە پێشمەرگە دامەزراند.
  • دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕۆژ بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی

ساڵی ٢٠٠٠ تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن دەبێت و بەهۆیەوە کرم لە سەر و جەستەیدا دروست دەبێت. نەخۆشییەکە تاوەکوو کۆتا ساتەکانی ژیانی چارەسەری نابێت و دواجار لە ٢٠٠٧/٨/٩ لە تەمەنی ٦٠ ساڵی و لە ماڵەکەی خۆی کۆچی دوایی دەکات.


سەرچاوەکان



464 بینین