چۆن بنێشت لە قژ لێ بکەینەوە؟

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-11-26-23:17:00 - کۆدی بابەت: 10466
چۆن بنێشت لە قژ لێ بکەینەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چۆن بنێشت لە قژ لێ بکەینەوە (بە ئینگلیزی: How to get chewing gum out of hair، بە عەرەبی: كيف أزيل العلك من الشعر). بنێشت جووین چەند سوودێکی هەیە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، جووینی بنێشت ڕۆڵی لە دابەزینی کێش، باشبوونی بیرەوەری، کەمبوونەوەی فشاردا هەیە، بەڵام لە کاتی خواردنیدا زۆر بەئاسانی بە شتەکانی چواردەوردا دەنووسێت، وەک پێڵاو و جلوبەرگ و قژ. بنێشت لە چەند بەندێکی کیمیایی دروستبووە، ئەمەش وای لێدەکات زۆر بەسەختی لە شتەکان لێبێتەوە. بەڵام بە ئەنجامدانی چەند ڕێگایەک، ئەگەر بنێشت بە قژتدا یان هەر شتێکی تردا بنووسێت دەتوانیت لێی بکەیتەوە. 

چۆن بنێشت لە قژ لێ بکەیتەوە؟

پێوەنووسانی بنێشت بە قژ دەکرێت کەسەکە زۆر ناڕەحەت بکات، بەتایبەتی ئەو دایکانەی منداڵی بچووکیان هەیە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لەوانەیە کەسەکە مقەست بەکاربهێنێت و ئەو بەشەی قژ کە بنێشتەکەی پێوە نووساوە بە مقستەکە بیبڕێت. بەڵام چەند ڕێگایەک هەیە بەبێ ئەوەی قژەکە ببڕیت دەتوانیت بنێشتەکە لێ بکەیتەوە. هەندێک لەو ڕێگایانە بریتیین لە:

١. بەکارهێنانی کەرەی عەلی بابا

کەرەی عەلی بابا پێکهاتەیەکی چەوری خەستە و تایبەتمەندی دژەئاوی هەیە. بەکارهێنانی کەرەی عەلی بابا بۆ لێکردنەوەی بنێشت هەڵبژاردەیەکی باشە، لەبەرئەوەی هەردووکیان دژەئاون، لەبەرئەوە ئاسان بەیەکدا دەنووسێن و بنێشتەکە لێ دەبێتەوە. بۆ ئەوەی بەم پێکهاتەیە بنێشتەکە لێ بکەیتەوە، ئەو بەشەی قژ کە بنێشتەکەی پێوەلکاوە بە تەواوی بە کەرەی عەلی باباکە دایبپۆشە، پەنجەکانت بەکاربهێنە بۆ ئەوەی بە تەواوی بنێشتەکە دابپۆشی و دواتر چەند خولەکێک چاوەڕێکە. پاشان بەئاسانی بنێشتەکە لێدەبێتەوە.

٢. زەیتی چێشتلێنان 

بە هەمان شێوە زەیتیش تایبەتمەندی دژەئاوی هەیە، واتە بۆ نموونە ئەگەر زەیت و ئاو لە پەرداخێکدا تێکەڵ بکەیت ئەوا لە یەک جیادەبنەوە و تێکەڵ نابن. بەهۆی هەبوونی ئەو پێکهاتانەی لەناو زەیتدا هەیە، وا دەکات بەئاسانی بنێشت بە قژەکەوە لێ بکاتەوە و زیانیش بە قژەکە نەگەیەنێت. ئەو زەیتانەی بۆ ئەم مەبەستە بەسوودن بریتیین لە زەیتی گوێزی هیندی یان زەیتی زەیتوون. زەیتەکە بەو شوێنەی قژدا بڵاوبکەوە کە بنێشتەکەی پێوەنووساوە، دواتر بەهێواشی بە پەنجەکانت یان پارچە کلێنسێک ڕایبکێشە. 

٣. بەکارهێنانی سەهۆڵ

ئەگەر بەکارهێنانی زەیتت لەلا زەحمەتە، ئەوا دەتوانیت لەجیاتی ئەوە سەهۆڵ بۆ ڕەقبوونی بنێشتەکە بەکاربهێنیت. ئەگەر بنێشتەکە ڕەق ببێت، دەتوانیت بەئاسانی لە قژ یان لە هەر شتێکی تری لێ بکەیتەوە. پارچە سەهۆڵێک بۆ ماوەی پێنج تا ١٥ خولەک بەو شوێنەی بنێشتەکەی پێوەنووساوە بڵاوبکەوە، یان تاکوو بنێشتەکە ڕەق دەبێت. دواتر بەهێواشی بنێشتەکە ڕابکێشە، ئەم ڕێگایە تەنها لە کاتێكدا بەسوود دەبێت ئەگەر پارچەیەکی بچووک بە قژتەوە نووسابێت. 

٤. سرکە 

بە هەمان شێوە بەکارهێنانی سرکەش بە ڕێگایەکی کاریگەر بۆ لێکردنەوەی بنێشت لە قژ دادەنرێت. گیراوەیەکە بەندی نێوان بنێشتەکە و قژەکە تێک دەشکێنێت، پاشان بۆنێکی زۆر تیژ لەسەر شوێنەکە جێدەهێڵێت. بۆ لێکردنەوەی بنێشتەکە، بە تەواوی ئەو بەشەی قژت کە بنێشتەکەی پێوەنووساوە بە سرکەکە تەڕی بکە، یان ئەگەر بتوانیت قژەکە لەناو سرکەکە نقووم بکەیت، ئەوا زۆر باشترە چونکە هەتا بۆ ماوەیەکی زیاتر سرکەکەی پێوە بمێنێتەوە ئاسانتر لێ دەبێتەوە. ئەگەر بتەوێت زۆر کاریگەرتر بێت و ئاسانتر بۆت لێبێتەوە، دەتوانیت بە ڕێژەیەکی مامناوەند سرکەکە گەرم بکەیت و دواتر لە قژتی بدەیت. کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەم ڕێگایە نییە، چونکە بەپێی ڕێژەی ئەو بنێشتەی بە قژتەوە نووساوە، کاتەکەی دەگۆڕێت. دوای ئەوەی هەستت کرد بنێشتەکە نەرمبووە، وردە وردە بنێشتەکە ڕابکێشە و لێیبکەوە.


سەرچاوەکان



453 بینین