بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-07-22:50:00 - کۆدی بابەت: 10582
بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Leaving the child at home alone، بە عەرەبی: ترك الطفل وحیدا في المنزل)، تا ئەو کاتەی منداڵ لە تەمەنی پێش قوتابخانە بێت، ئەو دایکانەی کە لە دەرەوە کار دەکەن، ڕێگای زیاتریان لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی لە بەجێهێشتی منداڵەکەیان بێ خەم بن، لە باخچەی منداڵان و خولی فێرکاری جیاوازەوە بگرە تاکوو دەگاتە ماڵی دایەگەورە یان هاوڕێ و ناسراوێکی جێگای متمانە، بەڵام هەر کە منداڵ دەچێتە قوتابخانە، یاسا و ڕێساکانی قوتابخانە کاریگەری دەکاتە سەر ژیانی ئەوانیش بەتەنیا بەجێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە دەبێتە کێشەی سەرەکی دایک و باوک.

منداڵ بەتەنیا لەماڵەوە جێبهێڵین یان نا؟

دایک و باوک ناچارن خۆیان لەگەڵ بارودۆخی منداڵەکان بگونجێنن، چونکە ئێستا تەنها ئاگاداربوونیان گرنگ نییە بەڵکوو دەبێت منداڵ کاتی دیاریکراوی هەبێت بۆ پشوودان و هەروەها بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانی قوتابخانە و ئەمەش پێویستی بەوەیە کە بەردەوام لەماڵەوەبن و بەرنامەیەکی ڕێک و پێکیان هەبێت، کەواتە بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوه بۆ کاتێکی دیاریکراو کارێکە کە ناچارن ئەنجامی بدەن، هەرچەندە ئەمە بەگشتی پێشنیار ناکرێت، بەڵام ئەگەر وەکوو کۆتا هەڵبژاردنتان ناچاربوون منداڵەکەتان بۆ کاتژمێرێک بەتەنیا لەماڵەوه جێبهێڵن، دەبێت پێشتر ئامادەی بکەن بۆ ئەو بارودۆخە.

  • دەستکاری هیچ شتێک مەکە، خۆت بە سەیرکردنی تەلەفیزیونەوە سەرقاڵ بکە تا دەگەڕێمەوە.
  • خواردنەکەت ئامادەیە لەسەر مێزەکە بۆم داناویت، بیخۆ.
  • نەکەی دەست لە گازەکە بدەیت.
  • هەتا وانەکانت دەنووسیت منیش کارم تەواوبووە و هاتوومەتەوە.
  • من لە ڕێگام تا نیو کاتژمێری تر دەگەمە ماڵەوە.

ئەمانە کۆمەڵێک قسەن کە زۆرجار لە شوێنی کار، لە کاتی چاوەڕوانی بینینی پزیشک یان لە شوێنە جیاوازەکان، لە ناو پاس یان تەکسی لە دایکانی نیگەرانەوە گوێمان لێی دەبێت لەو دایکانەی کە کێشەی بەتەنیا جێهێشتنی منداڵیان هەیە لە ماڵەوە.

لە چ تەمەنێکەوە دەتوانرێت منداڵ بەتەنیا لە ماڵەوە بەجێبهێڵرێت

تەمەنی منداڵ یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکان بۆ بڕیاردان دەربارەی تەنیایی منداڵ لە ماڵەوە، ئەوەی کە منداڵەکەتان لە چ تەمەنێکدا بە تەنیا بمێنێتەوە، تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی و تەندروستی دەروونی منداڵەوە هەیە، بۆ نموونه منداڵێک کە لە تەنیایی دەترسێت و تەنانەت کاتێک کە خێزانەکەی لە ماڵەوەن هەوڵ دەدات دووربکەوێتەوە لە بەتەنیا مانەوە لە ژوورە جیاوازەکانی ماڵەکە، بارودۆخی ئەم منداڵە بەهیچ شێوەیەک ناگونجێت بۆئەوەی لەماڵەوە بەتەنیا بمێنێتەوە. هەروەها تەنیایی بۆ منداڵێک کە زۆر بزێوە، دەکرێت مەترسیدار بێت، بەڵام کارناسان بەگشتی تەمەنی گەورەتر لە هەشت ساڵی و هەندێکی تریان تەمەنی گەورەتر لە دە تا دوانزە ساڵیان بۆ بەتەنیا جێهێشتنی منداڵ لە ماڵەوە بەگونجاو دەزانن.  

کام منداڵە دەتوانێت بەتەنیا بمێنێتەوە؟

ئەو منداڵەی کە بڕیارە کاتژمێرێک بەتەنیا بێت، دەبێت پەیوەندییەکی باش و نزیکی لەگەڵ دایک و باوکی هەبێت بەشێوەیەک کە بتوانێت بەبێ شەرمکردن باسی هەستەکانی بۆ دایک و باوکی بکات. منداڵانی شەرمن ناتوانن بەئاسانی دەربارەی ترسەکانیان قسە بکەن، هەر بۆیە دەکەونە ناو بارودۆخێکی قورسەوە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکان کە بۆ بەتەنیا مانەوە پێویستە بریتییە لە متمانەبەخۆبوونی زۆر، هەروەها ئەو منداڵانەی کە هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەن لەو کاتانەدا کە بەتەنیان دەتوانن خۆیان بە ئەرک و وانەکانیانەوە سەرقاڵ بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا توانای بڕیاردانیشی هەیە لە بارودۆخە هەستیارەکاندا.

پێویستە ئێوە ئەم خاڵە لەبەرچاو بگرن، تەنانەت ئەگەر منداڵەکەتان هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەیە کە باسمان کرد، هێشتا تا کاتێک کە خۆی ڕازی نەبێت بەوەی کە بەتەنیا لە ماڵەوە بمێنێتەوە، ئێوە نابێت بەتەنیا جێبهێڵن. واتە لەڕاستیدا ئەو شتەی کە بۆ بڕیاری تەنیایی منداڵ لە ماڵەوە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت، لەناخەوە ڕازیبوونی خودی منداڵە.

دەبێت ماوەی تەنیایی منداڵ لەماڵەوە چەند بێت؟

ئەم ماوەی تەنیاییە بەپێی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی منداڵ دەگۆڕێت، هەرچەندە ئەو ماوەیە کەمتر بێت باشترە، وە نابێت کاتی تەنیایی منداڵ لە سێ کاتژمێر زیاتر درێژە بکێشێت. ئەگە بڕیارە لەکاتێکدا کە منداڵەکە خەوتووە بەتەنیا جێبهێڵن ئەوە دەبێت شەو پێش خەوتن پێی بڵێن کە بەیانی کاتێک لەخەو هەڵدەستێت ئێوە لەماڵەوە نین، هەروەها پێش چوونە دەرەوە لە ماڵ نووسینێکی بۆ جێبهێڵن، ئەو کارانەی بۆ بنووسن کە دەبێت تا کاتێک ئێوه دەگەڕێنەوە ئەنجامیان بدات. هەندێک دایک و باوک واگومان دەکەن، ئەگەر منداڵ ئەوەندە کاتە بە خەو بەسەرببات، ئەوە ئەوان کاتێکی زیاتریان لەبەردەستدا دەبێت بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ گەرەنتییەک بوونی نییه کە منداڵەکەی ئێوە بەپێی پێشبینی ئێوە تا کاتێکی دیاریکراو بخەوێت.

ئەو شتانەی کە پێویستە بۆ بەتەنیا مانەوەی منداڵ لەماڵەوە لەبەرچاو بگیرێن

- دەرگای ماڵەکە قوفڵ بکەم یان نا؟

قوفڵکردنی دەرگای ماڵ دەتوانێت ڕێگری بکات لە هەندێک ڕووداوی وەک چوونەژوورەوەی کەسی بێگانە و چوونە دەرەوەی منداڵ و ئازار پێگەیشتنی، بەڵام ئەگەر منداڵ بۆ ئەوەی لەماڵەوە بچێتە دەرەوە کارێکی مەترسیدار ئەنجام بدات یان ئەگەر بە هەر هۆکارێک ماڵەکە ئاگر بگرێت یان هەر ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕووبدات، ئەوا نە ڕێگای ڕاکردنی هەیە و نە دراوسێکانیش دەتوانن کارێک بکەن بۆ ڕزگارکردنی.

- بەتەنیا جێهێشتنی دوو منداڵ لەماڵەوە

هەندێک جار دایک و باوک دەبێت دوو منداڵی خۆیان یان منداڵێکی بچووکتر لەگەڵ منداڵێکی گەورەتر بە تەنیا جێبهێڵن، بۆ ئەم بارودۆخەش ڕێنمایی تایبەت هەیە، چونکە منداڵان بەتایبەت لە تەمەنی پێش قوتابخانە هەستی زانخوازیان هەیە سەبارەت بە لایەنی ڕەگەزی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کەسێکی نزیک و جێگەی متمانەتان هەیە کە بتوانێت چاودێری منداڵەکانتان بکات و خۆی ویستی ئەوەی هەبێت، دەتوانن داوای لێبکەن کە لەلای منداڵەکان بمێنێتەوە و ئاگاداریان بێت.  

- یاسا و ڕێساکانی تەنیایی منداڵ لە ماڵەوە

ئێوە بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی پیشەیی و ئەو پلانانەی ڕۆژانە هەتانە بۆ ژیان پێشتر دەزانن کە بڕیارە لە چ کات و ڕۆژێکدا منداڵەکەتان بەتەنیا جێبهێڵن، بۆ تەنیایی منداڵ لە ماڵەوە پێش هەموو شتێک ئاگاداری بکەنەوە دەربارەی کارەکانتان و پێی بڵێن کە بڕیارە لەو کاتەدا بەتەنیا بێت بۆئەوەی لە لایەنی ڕۆحی و دەروونییەوە خۆی ئامادە بکات هەروەها فێری هەندێ لە یاسا و ڕێساکانی پێویست بۆ بەتەنیا مانەوە لە ماڵەوە ببێت. 

یەکەمین خاڵ کە دەبێت فێری منداڵ بکرێت، ئاگادارکردنەوەی لەوەی کە لە کەلوپەلی مەترسیدار نزیک نەبێتەوە، چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی کارەساتە مەترسیدارەکان وەکوو ئاگرکەوتنەوە، دڵنیاببنەوە لەوەی کە ژمارە تەلەفۆنە پێویستەکانی وەکوو فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوەی پێبدەن هەروەها ژمارەی یەکێک لە کەسە نزیکەکانتان کە لە ماڵەکەتانەوە نزیکە، دەربارەی وەڵام دانەوەی تەلەفونی ماڵەوە ئاگاداری بکەنەوە، بۆ نموونە پێی بڵێن کە تەنیا وەڵامی پەیوەندی تۆ و دایەگەورەی بداتەوە یان ئەگەر لە دەرگای ماڵەوەیان درا زۆر بەوریاییەوە هەڵسوکەوت بکات، بەهیچ شێوەیەک جگە لە خۆتان و کەسانی ناسراو دەرگاکە بۆ کەسی تر نەکاتەوە، لەکاتی قسەکردن بە تەلەفۆن یان قسەکردن لەگەڵ کەسێک کە لە دەرگای داوە لەکاتی پرسیارکردنیان دەربارەی ئەوەی کە بەتەنیایە ئاگاداریان نەکاتەوە.

چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکانی وەکوو تەلەڤزیۆن، کۆمپیوتەر و تابلێتی فێربکەن، لەگەڵ یەکێک لە دراوسێکانتان کە متمانە پێکراوە قسەبکەن و داوای لێبکەن لە دوورەوە ئاگای لە منداڵەکەتان بێت. ئەگەر چەند منداڵێک پێکەوە بەتەنیا جێدەهێڵن، پێشتر ئاگاداریان بکەنەوە کە ئەگەر دەمەقاڵێ یان شەڕبکەن پێکەوە ئەوا سزایان دەدەن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە کێ تاوانبارە هەردووکیان سزا وەردەگرن، هەندێک کات شەڕی منداڵان لەماڵەوە کە بەتەنیان دەبێتە هۆی ئەنجامی زۆر تاڵ و چاوەڕوان نەکراو.


سەرچاوەکان



1283 بینین