کتێبخانە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-08-22:51:00 - کۆدی بابەت: 10591
کتێبخانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کتێبخانە (بە عەرەبی: المکتبة، بە ئینگلیزی: Library) دامەزراوەیەکی تایبەتە بەکۆکردنەوە و هەڵگرتن و کۆگاکردنی کتێب و دەستنووس و هەر سەرچاوەیەکی تری زانست و زانیاری. لە ڕابردوودا و لە سەردەمە جیاوازەکاندا کتێبخانەکان مۆڵگەی سەرەکی وەرگرتنی زانیاری و سەرچاوەی زانستەکان بوونە، بۆیە لە ڕابردوودا کتێبخانەکان ڕۆڵێکی سەرەکیان گێڕاوە لە پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگا لە بەردەستخستنی زانست و بایەخێکی زۆری پێدراوە. لە سەردەمی ئێستادا بوونی کتێبخانەیەکی پێشکەوتوو و سوودبەخش لە هەر ناوچەیەک بەڵگەی پێشکەوتن و بوونی زانستە لەو شوێنە.

مێژووی دەرکەوتنی کتێبخانە

دەرکەوتنی کتێبخانە لە سەردەمی دێرین

بەپێی سەرچاوەکان کۆنترین کتێبخانەکان دەگەڕێنەوە بۆ شارستانییەتەکانی دۆڵی دوو ڕووبار و دۆڵی نیل، ئەوان یەکەم گەل بوونە کە کتێبخانەیان داهێناوە، کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە دۆڵی نیل لە کۆنترین کتێبخانەکانی جیهانە و پێش ٣٣٠ ساڵ پێش زایین دروستکراوە، شا بەتڵیمۆسی ئەو سەردەمە خولیای کۆکردنەوەی زانیاری هەبووە لەسەر وێژەی یۆنانییەکان، دوو جۆر کتێبخانە و تۆمارگەی دامەزراندووە بۆ ئەو مەبەستە، کتێبخانەیەکی گەورە لە نزیک کۆشکی پاشایەتی و کتێبخانەیەکی تر لە نزیک پەرستگای سیرابێس.

هەندێک سەرچاوەی تر ئاماژە بەوە دەکەن کە شارستانییەتەکانی دۆڵی دوو ڕووبار نموونەی سۆمەرییەکان و بابلییەکان ڕۆڵیان هەبووە لە دەرکەوتن و دامەزراندنی کتێبخانە. لە هەڵکۆڵینە دۆزراوەکانی لە ناوچەیەکی شاری مووسڵ لە باکووری عێراق شوێنەواری کتێبخانەیەک دۆزراوەتەوە کە نزیک کۆشکێکی شاهانەیی بووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری و بابلییەکان، لەو کتێبخانەیە دەرکەوتووە کە وەکوو تۆمارگەی تایبەت بووە و فەرهەنگ و زانستی هەمەجۆری تێدا کۆکراوەتەوە لەسەر تاشە بەردی جۆراوجۆر زانیارییەکان بە زمانی مسماری تۆمارکراون، ئەم کتێبخانەیە ناوی کتێبخانەی "ئاشوور پانیپاڵ" بووە و تا ڕادەیەکی زۆر دیزاینەکەی لە کتێبخانەی ئەسکەندەرییەی دۆڵی نیل نزیک بووە.

دوابەدوای ئەم شارستانییەتانە و لە سەدەی چوارەمی پێش زایینەوە و لەگەڵ دەرکەوتنی بۆچوونەکانی ئەرستۆ و ئەفڵاتۆن کتێبخانە لە زۆرێک لە ناوچەکان دەرکەوتن. لە ساڵی ٣٣٥ـی پێش زایین ئەرستۆ لە ئەسینا قوتابخانەی تایبەتی خۆی دامەزراند کە لە هەموو یۆنانەوە خوێندکاران ڕوویان لەو قوتابخانەیە دەکرد، ئەرستۆ کۆمەڵە دەستنووسێکی لە بەشێک لەو قوتابخانەیە کۆکردەوە، ئەو شوێنەش بوو بە یەکێک لەیەکەمین کتێبخانە گەورەکانی جیهان. بەڵام لە سەردەمی ئیمپراتۆر کۆنستانتین هەموو قوتابخانە و کتێبخانەکە لەناوبران، چونکە لەو سەردەمەدا فەلسەفە قەدەغە کرا.

لە ساڵانی کۆتایی هەزارەی سێیەمی پێش زایین کاتیک شارستانییەتی مایا لە ناوچەکانی باشووری مەکسیک تاکوو ڕۆژاوای هیندۆراس و سلڤادۆر دەرکەوتن، شێوازی نووسینیان بەرەوپێش برد و ئەوان سیستمێکی نووسینیان دامەزراند کە تێیدا زانیاری و زانستەکانیان لەسەر جۆرە کتێبێک تۆمار دەکرد کە دادەخران و دەکرانەوە و ناسرا بە "دەستنووس"، ئەوان شوێنێکی تایبەتییان بۆ دەستنووسەکانیان بۆ هەڵگرتن و تۆمارکردنی دابین کردبوو، بەڵام دوای هێرشی ئیسپانییەکان و لەناوچوونی شارستانییەتەکە، ئیسپانییەکان زۆرێک لە شوێنی هەڵگرتنی دەستنووسەکانیان سووتاند.

کتێبخانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست

بڵاوبوونەوەی ئایینی مەسیحی هۆکاری ئەوە بوون کە لە سەدەکانی ناوەڕاست و لە ئەورووپا بەتایبەتی کتێبخانەکانی زیاتر کتێبخانەی ئایینی بن، تەنانەت ژنان بۆیان نەبوو سەردانی کتێبخانەکان بکەن، کتێبخانەکان لە نزیک پەرستگا و شوێنی پەرستنەکان دروست دەکران و قەشەکان سەرپرشتی بەڕێوەبردنیان دەکرد. لە سەدەی پێنجەمی زایینی بۆ یەکەم جار قەشە پۆر لینۆس هۆڵێکی لە کڵێسا دابینکرد بۆ خوێندنەوەی کتێبی ئایینی.

ساڵانی دواتر دوای کاڵبوونەوەی مەسیحییەت لە ناوچەکانی ئەورووپا و دەوروبەری، خێزانە دەوڵەمەند و پلە بەرزەکان لەسەر ئەستۆی خۆیان کتێبخانەی تایبەتییان لە ناوچەکانیان دادەمەزراند و تێیدا هەموو بابەتێک تۆمار دەکرا و بەڵام سەربەخۆ بوون و پەیوەندییان بە کڵێسا و قەشەکانەوە نەبوو، هەر بەو هۆیەوە ئەو دەستنووسانەی کە تۆماردەکران لە ترسی دزین و لەناوچوونیان چەند لەبەرگیراوەیەکیان بۆ دەکرا و هەر لەو ماوەیەدا کتێبخانەکانی کڵێسا ڕەواجیان نەما و پشتگوێ خران.

دەرکەوتنی کتێبخانە لە سەردەمی ئیسلامی 

بەدیاریکراوی لە سەدەی دووی کۆچی بەرانبەر بە سەدەی هەشتەمی زایینی و لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان گرنگیدان بە کتێب و دامەزراندنی کتێبخانە لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە درا، بە تایبەت دوای دامەزراندنی کارگەی دروستکردنی کاغەز لە شاری بەغداد و بڵاوبوونەوەی وەرگێڕانی زانستەکانی ڕۆژاوا بۆ سەر زمانی عەرەبی، گرنگییەکی زیاتر بە کۆکردنەوە و کۆگاکردن و هەڵگرتنی کتێب درا. بەشێک لە جێنشین و دەسەڵاتدارە ئیسلامییەکان فرمانیان داوە کە لە مزگەوت و خوێندنگەکان کتێبخانە بکرێتەوە. هەروەها هەر زانا و زانستخوازێک لە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبخانەکان، گرنگی تەواوی داوە بەوەی کە کتێبخانەی تایبەتی خۆی هەبێت.

بۆیە دوو جۆری کتێبخانە لە سەردەمی ئیسلامیدا بڵاوبووەوە، کتێبخانەی گشتی و کتێبخانەی تایبەتی. کتێبخانە گشتییەکان لەلایەن دەسەڵاتدار و جێنشینەکانەوە دامەزرابوون و لەسەر فرمانی ئەوان بەڕێوە دەبران، تەلار و دیزاینی تایبەتی خۆیان هەبووە و لە نزیک مزگەوت و خوێندنگەکان دروستکراون، هەر کتێبخانەیەکی گشتی لێپرسراوێکی بۆ دادەنرا كە پێویست بوو زانایەک بێت و لە بوارێکی دیارکراو پسپۆڕی هەبێت. هاوکات کۆمەڵێک فەرمانبەری تایبەتیش بۆ کتێبخانە گشتییەکان دابین دەکران، کتێبخانە تایبەتەکانیش ژمارەیان زۆر بووە، کە لە ھەموو شار و شارۆچکەیەکی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوای جیھانی ئیسلامیدا بوونیان هەبووە، بە دەگمەن زانا ھەبووە کە کتێبخانەیەکی تایبەتی نەبووبێت.

شێوازی بنیاتنانی کتێبخانەکان لە سەردەمە ئیسلامییەکاندا لە تەلار و کۆشکەکانی تر جیاوازتر بووە، زۆرجار لە نزیک خوێندنگە یان مزگەوت یاخود لە شوێنێک دروست دەکران کە گشتی بێت و خەڵکی بە ئاسانی بیتوانیایە سەردانیان بکات. زۆرێک لە کتێبخانەکان باخچەیان هەبووە و ڕووبەری سەوزایی لە دەوروبەری دروستکراون، ناوەوەی کتێبخانەکان ڕێکخراو و تایبەت بووە و دابەشکراونەتە سەر چەند ژوورێک کە هەر ژوورە و  بەپێی سەرچاوە و جۆری بابەتەکان جیاکراوەتەوە، زەوییەکان ڕاخەری سووریان لەسەر داخراوە و ڕەف و شوێنی هەڵگرتنی کتێبەکان لە داری بەتین دروستکراون، بە هەزاران کتێب و سەرچاوەی زانستی و دەستنووس لە کتێبخانە ئیسلامییەکان تۆمارکراون و هەڵگیراون و پارێزگارییان لێکراوە.

گرنگترین کتێبخانە گشتییە ئیسلامییەکان:

  • کتێبخانەی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس.
  • بەیتولحیکمە لە شاری بەغداد کە لە سەردەمی عەباسییەکان لەلایەن هاروونە ڕەشیدەوە دامەزرا، پاشان مەئموونی کوڕی گرنگی زیاتری پێدا.
  • کتێبخانەی خەلیفەکانی فاتیمە لە میسر.
  • کتێبخانەی دار ئەلحیکمە لە قاهیرە لە سەردەمی فاتیمییەکان دامەزراوە.

هۆکاری بڵاوبوونەوەی کتێبخانەکان 

  • کاریگەری کولتووری ئەڵمانیا لە سەدەی چواردە و پازدەهەمدا یەکێکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی کتێبخانە، چونکە کتێبیان بۆ چینی مامناوەند دابینکردووە و ڕێگەیان داوە کە کتێب لە شار و ناوچە بچووکەکان بەردەست بکرێن، تەنانەت خەڵک لەو ماوەیەدا کتێبیان بەشێوازی دیاری دەگۆڕییەوە.
  • کولتووری ئیتاڵی هۆکارێکی تری بڵاوبوونەوەی کتێبخانەکان بووە، خاوەن کتێبخانە تایبەتییە ئیتاڵییەکان وەسیەتیان دەکرد کە دوای مردنی خۆیان کتێبخانەکانیان بکرێت بە موڵکی گشتی و هەمووا سوودی لێ ببینن.
  • ئەڵمانیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە دیاردەی کتێبفرۆشی بڵاوکردەوە.

کتێبخانەکانی سەردەمی ئێستا

لە سەردەمی ئەمڕۆدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت، ڕۆڵی کتێبخانەکان لە کۆمەڵگادا کاڵ بووەتەوە، بۆیە لە ئێستادا کتێبخانەی سەردەمییانەی نوێ دامەزراون کە جگە لە کتێب چەندان چالاکی جۆراوجۆری تێدا ئەنجام دەدرێت وەکوو خوێندنەوەی بە کۆمەڵ، شوێنی تایبەت بە خوێندنی وانەکان، شوێنی تایبەت بۆ خوێندنەوەی منداڵان، بەدەستهێنانی زانیاریی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە، بەشێک لە کتێبخانەکان بەشی تایبەتیان هەیە بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و پەیوەستن بە زانکۆ گەورەکانی جیهانەوە. دیزاین و شێوازی کتێبخانەکانی سەردەم بەراورد بە کتێبخانە کلاسیکییەکانی ڕابردوو گۆڕانکاری و نوێکاری تێداکراوە، پانتایی ڕووبەری کتێبخانەکان فراوانتر کراوە و بەدیزاینی تەلارسازی سەردەمییانە ناوازە و جیاواز دروستکراون، زۆرێکیان وێنای ناوەندێکی ڕۆشنبیری دروست دەکرێن، شووشە و ڕووناکی لە جیاتی دار لە دیزاینکردنی ناوەوەی کتێبخانەکان بەکاردەهێنرێت.

جۆرەکانی کتێبخانە

  • کتێبخانەی نیشتمانی
  • کتێبخانەی گشتی
  • کتێبخانەی تایبەتی
  • کتێبخانەی خوێندنگەکان
  • کتێبخانەی زانکۆکان
  • کتێبخانەی پسپۆڕییە تایبەتەکان
  • کتێبخانەی گەڕۆک
  • کتێبخانەی ئەلیکترۆنی


سەرچاوەکان



6807 بینین