چۆن بە منداڵ بڵێین نەخێر؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-12-12-23:31:00 - کۆدی بابەت: 10634
چۆن بە منداڵ بڵێین نەخێر؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن بە منداڵ بڵێین نەخێر؟ (بە ئینگلیزی: ?How do we say no to Kids، بە عەرەبی: كيف نقول لا للطفل؟بەگشتی منداڵ کاتێک گوێی لە دەستەواژەی نەخێر دەبێت کاردانەوەی نەرێنی نیشان دەدات، بێزارە لە بیستنی وەڵامی نەخێر، هەندێک بە بیستنی منداڵ توڕە دەبێت و پشت گوێی دەخات، لەڕاستیدا ئەم وشەیە بەلایانەوە ئاسایی بووەتەوە و تەنانەت هۆکارەکەشی نازانن و لێی تێ ناگەن.

چۆن بە منداڵ بڵێین نەخێر؟

ـ وەڵامە نەرێنییەکەتان بەشێوەیەکی ئەرێنی دەرببڕن

بۆ نموونە کاتێک منداڵ پێش ئەنجامدانی ئەرکەکانی پرسیار دەکات دەتوانم سەیری تەلەڤزیۆن بکەم، لەبری نەخێر بڵێن بەڵێ دەتوانیت سەیری بکەیت بەڵام دوای ئەنجامدانی ئەرکەکانت. 

ـ لەگەڵ منداڵ شەڕی هێز مەکەن

کاتێک منداڵ دەبینێت بەردەوام دایک و باوک ڕای خۆیان دەردەبڕن و ئەو هیچ هێزێکی نییە، بە کەللە ڕەقی و ڕەفتاری خراپ دەیەوێت هێز بەدەستبهێنێت، ئەگەر دایک و باوک سەرنجی پێویستی و هۆکاری سەرەکی ئەو نەدەن، بەردەوام ڕای خۆیان بسەپێنن و بەزۆر و بە سزا بیانەوێت ڕەفتارەکانی بگۆڕن، ئەوا منداڵ لەم یاری بەدەستهێنانی هێزەدا دەدۆڕێت و زیاتر بەرپەچ دەداتەوە. 

ـ وتنی نەخێر لە شوێنە گشتییەکان

کاتێک منداڵ لە شوێنە گشتییەکان ڕەفتاری خراپ دەکات، بیانوو دەگرێت و دەگری، بەگشتی دایک و باوک لەبەر عەیبە بە داواکانی ڕازی دەبن، کە بەم کارە بەبێ ویست ڕەفتارە خراپەکەی منداڵەکە بەهێز دەکەن، بەم شێوەیە منداڵ فێر دەبێت لە بارودۆخی هاوشێوەدا هەمان شت بکات. لە بارودۆخی ئاوادا باشترین شت ئەوەیە منداڵەکە ببەنەوە بۆ ماڵەوە، لەوانەیە منداڵەکە ئامادەباشی ئەوەی تێدانەبێت بۆماوەیەکی زۆر لە شوێنە گشتییەکان بمێنێتەوە.

ـ پێش وەختە وەڵامی نەخێر ئامادە بکەن

لەبری وتنی نەخێر بەبەردەوامی، لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا پێش وەختە منداڵ ئاگادار بکەنەوە، بۆ نموونە کاتێک منداڵ دەبەن بۆ دوکان و دەزانن دەیەوێت لە هەموو جۆرە خۆراکییەکان بکڕێت، پێش چوونە دوکانەکە پێی دەڵێی ئەمڕۆ تەنیا دەتوانیت دوو جۆر خۆراکی بکڕیت، بەمشێوەیە بە ئامادەباشییەکی زیاترەوە دێت.

ـ ئەگەر دەکرێت بڵێن بەڵێ، تکایە نەخێر بەکارمەهێنن

ئەگەر بڕیارە لەدوای تکا و داواکردنی زۆری منداڵەکە وەڵامەکەت بکەیت بە بەڵێ، هەر لەسەرتاوە وەڵامی نەخێری پێمەدە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ بەپێی کات وەڵامە نەرێنییەکان پشتگوێ بخات، جگە لەوەش هەوڵ دەدات بە قسە و بیانوگرتن یاساکان بگۆڕێت.

ـ مۆڵەتی وتنی نەخێر بە منداڵ بدەن

منداڵ لە تەمەنی ٤-٥ ساڵیدا زیاتر ئارەزووی سەربەخۆیی دەکات، لەبەرئەوە بەرهەڵستی خواستی ئەوانی تر دەکات، ئەم تەمەنە بە تەمەنی وتنی نەخێر ناسراوە، ئەم نەخێرانە ڕاهێنانی سەرەتاییە بۆ بەدەستهێنانی کارامەییە هاوشێوەکان لە گەورەییدا، ئەگەر دەتانەوێت منداڵەکەتان لە داهاتوودا کارامەیی وتنی نەخێری هەبێت و بتوانێت بە پێشنیارە نەگونجاوەکانی هاوتەمەنەکانی وەکوو دزی، جگەرە، وەڵامی نەخێر بداتەوە، لە تەمەنی منداڵییەوە فێری وتنی نەخێری بکەن و هەلی ئەوەی پێ بدەن بڵێ نەخێر.


سەرچاوەکان



214 بینین