چاندنی بەزالیا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-12-20-19:44:00 - کۆدی بابەت: 10729
چاندنی بەزالیا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی بەزالیا (بە ئینگلیزی: Planting green pea، بە عەرەبی: زراعة البازلاء الخضراء)، گەشەکردن و چاندنی ئەم جۆرە ڕووەکە ئاسانە بەڵام مەودای پێگەیشتنی زۆر سنووردارە، بۆیە پێویستە لە کۆتایی زستاندا بچێنرێت بۆ ئەوەی کاتێک کە کەشوهەوا هێشتا فێنکە پێبگات، لە ناوچە ساردەکاندا لە نێوان مانگەکانی ٢-٤ دەچێنرێت بەڵام لە جێگە گەرمەکاندا دەکرێت لە پاییزیشدا بچێنرێت.

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی هەیە بەڵام باوترینیان سێ دانەن کە زۆرینەی باخەوانەکان دەیانچێنن، ئەوانیش بریتین لە بەزالیای شیرین، بەزالیای بەفر لەگەڵ بەزالیای خڕ، بەڵام هەموویان ڕووبەڕووی نەخۆشی مێروویی و کەڕوویی جیاواز دەبنەوە، کە هەریەکەیان نیشانەی تایبەتیان هەیە بۆ ناسینەوە لەگەڵ چارەسەری پێویست.

هەنگاوەکانی چاندن

  • باشترە سەرەتا لە وەرزی پاییزدا جێگەکەی بۆ ئامادەبکرێت بە هەڵکۆڵین و زیادکردنی پەیین و ماددەی خۆراکی.
  • پێش کۆتایی هاتنی زستان و کاتێک کەشێکی فێنک هەیە تۆوەکان دەچێنرێن.
  • بۆ خێراکردنی چەکەرەکردن دەکرێت تۆوەکان بۆماوەی شەوێک پێش چاندن لە ئاودا نوقم بکرێن.
  • تۆوەکان لە قوڵاییەکی کەمی چەند سانتیمەتریدا دەچێنرێن.
  • مەودای نێوان ڕیزەکان دەبێت نزیکەی ١٧ سانتیمەتر ببێت.
  • پاشان دەبێت بەزالیاکان بە شێداری بهێڵرێنەوە و ئاوبدرێن.

شێوازی گرنگیپێدان

دەبێت جێگەیەک هەڵبژێردرێت کە خۆرەتاو بێت و ئاوی بەباشی وشکببێتەوە، بەڵام بەدرێژایی کاتەکە ڕووناکی خۆری نەبێت واتە بەشێک لە کاتەکان سێبەربێت، چونکە هەبوونی ڕووناکی خۆری زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەزالیاکە بەری زۆر و شیرینی نەبێت، شێوازی گەشەکردن دەکرێت بە درێژیی یاخود وەک دەوەن بێت، لە هەردوو جۆرەکەدا دانانی ڕاگرێک بۆ پاڵپشتیکردنی بنجەکانی بەزالیاکە کارێکی گونجاو و بەسوودە.  

هەفتانە ئاودانێكی کەمی پێویستە بەڵام نابێت ڕێگەبدرێت کە خاکەکەی زۆر وشکببێتەوە چونکە لە کۆتاییدا بەرهەمی نابێت، هەروەها لە کاتی هەبوونی گژوگیای زیانبەخشدا دەبێت بەهێواشی دەربهێنرێن بەبێ ئەوەی زیان بە ڕەگی بەزالیاکان بگەیەنرێت، بەڵام ئەگەر گەڵاکانی بەزالیاکە زەرد ببن ئەوا دەکرێت بەهۆی ڕووناکی و گەرمییەوە بێت، واتە پێویستە بەشێک سێبەری بۆ دابینبکرێت.

زۆرینەی جۆرەکانی بەزالیا پاش ٦٠-٧٠ ڕۆژ لە چاندنیان ئامادەدەبن بۆ لێکردنەوە، هەروەها بەخێرایی گەشە دەکەن بۆیە پێویستە کاتێک کە گوڵ دەگرێت بە بەردەوامی چاودێری بکرێت، بۆ ئەوەی هەرکاتێک بەرەکەی پێدەگات لێبکرێتەوە و دواتر لە ماوەیەکی زۆر کەمدا بەکاربهێنرێت، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر هەڵناگیرێت و نامێنێتەوە.

کاتی لێکردنەوەی باشترە لە ڕۆژی ڕێکخراو و دیاریکراودا بێت بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتری هەبێت، بەڵام دەبێت بە نەرمی و بە بەکارهێنانی دەستەکان لێبکرێتەوە بەبێ ئەوەی زیان بە قەدەکەی بگەیەنرێت، بەجۆرێک بێت کە بە دەستێک قەدەکەی بگیرێت و بەدەستەکەی تر بەزالیاکە لێبکرێتەوە، هەروەها ئەگەر لە کاتی لێکردنەوەی گونجاو کاتی زیاتری بەسەربچێت و بەزالیاکە ڕەق ببێت، ئەوا لێدەکرێتەوە و وشک دەکرێتەوە دواتر بە وشککراوەیی لە خواردن دروستکردندا بەکاردێت.


سەرچاوەکان



273 بینین