ڤۆڵتێر

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-31-19:12:00 - کۆدی بابەت: 10817
ڤۆڵتێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڤۆڵتێر (بە عەرەبی: فولتير، بە ئینگلیزی: Voltaire) ناوی تەواوی فرانسۆ ماری ئەرۆیتە و نازناوی ڤۆڵتێرە، نووسەر، بیرمەند، ڕووناکبیر، مێژوونووس و ئەدیبی ناوداری فەڕەنسییە و لە ماوەی سەردەمی ڕۆشنگەری لە فەڕەنسا ژیاوە و ناوبانگی دەرکردووە.

بە ڕەخنەی گاڵتەئامێز و توند لە مەسیحییەت و ئایینی مەسیحی کاسۆلیکی و سیاسەتی ئەو سەردەمەی فەڕەنسا ناسراوە و دژی تێکەڵکردنی ئایین بووە لەگەڵ سیاسەت، بەوهۆیەوە چەندان جار ڕووبەڕووی زیندان بووەتەوە و چەندان ساڵ لە فەڕەنسا دوورخراوەتەوە. ڤۆڵتێر بە یەکێک لەو بیرمەندانەی سەدەی ١٨ـی فەڕەنسا دادەنرێت کە ئیلهامبەخش و هۆکارێکی ناڕاستەوخۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی فەڕەنسی بووە.

ژیاننامەی

ناوی تەواوی فرانسۆ ماری ئەرویتە و نازناوی فۆڵتێری هەیە، لە ٢١ـی تشرینی دووەمی ساڵی ١٦٩٤ لە پاریسی فەڕەنسا لە خێزانێکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبووە. کوڕە بچووکی خێزانەکەی بووە و کاتێک تەمەنی گەیشتووەتە حەوت ساڵان دایکی کۆچی دوایی کردووە و باوکی ڤۆڵتێر ئەرکی بەخێوکردنی گرتەئەستۆ، باوکی کەسایەتییەکی ئازادیخوازی دوور لە ئایین بووە و لە تەمەنی لاوی ڤۆڵتێر کاریگەر بووە بە کەسایەتی باوکی.

لە ساڵی ١٧٠٤ ڤۆڵتێر چووەتە کۆلێجی لوویسی مەزن کە قوتابخانەیەکی تایبەتی ئایینی بووە لە پاریس، دوای تەواوکردنی خوێندن پەیوەندی ڤۆڵتێر بە باوکییەوە تێکچووە و باوکی ویستوویەتی کە ناچاری بکات وەکوو پارێزەر کار بکات و لە بواری یاسا پیشەیەکی فەرمی بەدەست بهێنێت، باوکی ڕێگری کردووە لەوەی ببێت بە نووسەر، ڤۆڵتێر داواکانی باوکی ڕەتکردووەتەوە و باوکی لە میرات بێبەشی کردووە، بۆیە ئەویش وازی لە نازناوی خێزانەکەی هێناوە و نازناوی ڤۆڵتێری هەڵبژاردووە، هەموو کارەکانی بەو ناوەوە بڵاوکردووەتەوە و یەکەمین کاری ئەدەبی لە ساڵی ١٧١٨ لەژێر ناوی ڤۆڵتێرەوە بڵاوکردووەتەوە.

ڤۆڵتێر نووسینی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بڵاوکردووەتەوە و شانۆگەریشی نووسیوە، بەهۆی بیروبۆچوونەکانی و بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی زیندانی کراوە و لە فەڕەنسا دوورخراوەتەوە، لە ساڵی ١٧١٦ ڤۆڵتێر دوورخراوەتەوە بۆ شارۆچکەیەکی دوورەدەستی فەڕەنسا چونکە ڕەخنەی گاڵتەئامێزی لە لوویس فیلیپی دووەمی ئەو کاتەی دەسەڵاتداری فەڕەنسا گرتووە، ساڵێک دواتر گەڕاوەتەوە بۆ پاریس.

پاشان بەهۆی بڵاوکراوەکانی لە زیندانی باستیل بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیر کراوە، دواتر لە ساڵی ١٧٢٦ بۆ ماوەی ساڵێک لە زیندانی باستیل دووبارە دەستگیرکرایەوە بەهۆی ئەوەی شیعرێکی ئابڕووبەری نووسی سەبارەت بە پەیوەندییەکی قەدەغەکراوی خۆشەویستی نێوان پاشای ئەو کاتەی فەڕەنسا هێنری چوارەم و کچەکەی، چونکە ئەو ماوەیە پڕوپاگەندەی زۆر بڵاوببووە کە پاشا پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ کچەکەی خۆی هەیە. دوای ئازادکردنی دووبارە بۆ ماوەی سێ ساڵ لە فەڕەنسا دوورخرایەوە بۆ وڵاتی ئینگلتەرا، لەوێ فێری زمانی ئینگلیزی بوو و ئاشنایەتی لەگەڵ هۆزانڤانە ئینگلیزەکانی ئەو سەردەمە پەیدا کرد. لە کۆتاییەکانی ژیانی لەگەڵ بەردەوام بوونی لەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی هەمەجۆر، ڤۆڵتێر کاری بازرگانی و هاوردەکردنی کاتژمێری سویسری کردووە و لەو پڕۆژەیەدا وەکوو بازرگانێک ناوداری زۆری دەرکردووە. 

ژیانی تایبەتی

ڤۆڵتیر هاوسەرگیری نەکردووە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ئێمیلی دووچاتلێیە خانمە زانای بیرکاری ئەو سەردەمە هەبووە، پەیوەندییەکەیان ماوەی ١٦ ساڵی خایاندووە و لە شارۆچکەی سێرای ژیاون. ڤۆڵتێر لە خۆشەویستەکەیەوە ئیلهامی نووسینی لە بارەی بابەتە زانستییەکانەوە وەرگرتووە، دوای جیابوونەوەیان ڤۆڵتێر لەگەڵ کچێکی خوشکی ژیاوە و دەنگۆ هەبووە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی کچێکی بچووکی بە ناوی ماری فرانسۆ لە ئەستۆگرتووە.

ئەزموونی نووسینی

ڤۆڵتێر هەموو ژیانی بۆ نووسین تەرخان کردبوو، ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر نووسییەتی و ئالوودەی قاوە بووە. ڤۆڵتێر کتێب، وتار، شانۆگەری، شیعر، نامە، دەستنووس، ڕەخنەی ئەدەبی، بابەتی مێژوویی، وتاری سیاسی و ڕەخنەئامێز، لە هەموو ئەم بوارانە بەرهەمی هەبووە. ژمارەی نامەکانی بە ٢١ هەزار نامە خەمڵێندراوە و پەنجا شانۆگەری نووسیوە، ئەو بڕوای بە بوونی خوا هەبووە بەڵام بڕوای بە ئایین و کڵێسا و شێوازی مامەڵەکردن و قۆڕخکاری قەشەکانی کڵێسا نەبووە، دژی دەسەڵات بووە، بۆیە شێوازی نووسینی جیاواز بووە و هەموو ئەم بیرۆکانەی کاردانەوەی لەسەر بەرهەمەکانی هەبووە، ڤۆڵتێر بە پێشەنگی بیرمەندەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری دادەنرێت و بە "باوکی ڕۆشنگەری" ناسراو بووە.

گرنگترین بەرهەمەکانی 

- ناودارترین بەرهەمی شیعری ڤۆڵتێر بریتییە لە هۆنراوەی Henriade کە لە ساڵی ١٧٢٣ بڵاویکردەوە، لەگەڵ هۆنراوەی The Maid of Orleans کە هۆنراوەیەکی درێژ بوو سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانی پێش مردنی تەواوی بکات بەڵام هۆنراوەکە دوای کۆچی دوایی ڤۆڵتێر بڵاوکرایەوە و ناوبەنگی زۆری دەرکرد.

- دیارترین بەرهەمی شانۆگەری و شانۆنامەی ڤۆڵتێر بریتییە لە شانۆگەری Oedipus کە لە ساڵی ١٧١٨ لەسەر شانۆ پێشکەش کرا، پاشان زنجیرە شانۆنامەی تراجیدی نووسییەوە که ناوبانگترینیان بریتی بوو لە شانۆنامەی Mariamne لەگەڵ شانۆگەری Zaïre و شانۆگەری Nanine.

- نووسراو و کتێبەکانی ڤۆڵتێر مێژوویین ناودارترینیان سەردەمی لوویسی چواردەهەم The Age of Louis XIV لەگەڵ توێژینەوەیەک بە ناوی نەریت و کڕۆکی گەلان Essay on the Customs and the Spirit of the Nations، لەم توێژینەوەیەدا ڤۆڵتێر مێژووی کۆمەڵایەتی و هونەری گەلانی ڕابردووی لە سەردەمە جیاوازەکان خستووەتەڕوو و لێکۆڵینەوەی لە بارەیانەوە کردووە.

- گرنگترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێر لەسەر شێوازی کورتە چیرۆک و ڕۆمانن، نموونەی Micromégas، خەونی پلاتۆ Plato's Dream، لەگەڵ ڕۆمانی ناودار Candide، هاوکات فەرهەنگی فەلسەفی Dictionnaire philosophique کە فەرهەنگێکی چڕی سەردەمی ڕۆشنگەرییە و دژی کڵێسای ڕۆمانی کاسۆلیکی ئەو سەردەمە بووە ناودارترین کارە فەلسەفییەکانی ڤۆڵتێرە.

کۆچی دوایی

ڤۆڵتێر لە ٣٠ـی ئایاری ساڵی ١٧٧٨ لە پاریسی پایتەخت کۆچی دوایی کردووە. مەراسیمی بە خاکسپاردنی لە کڵێسا بۆ ئەنجام نەدراوە، چونکە کەسێک بووە باوەڕی بە کڵێسا و مەسیحییەت نەبووە و دژی ئایین بووە.


سەرچاوەکان



815 بینین