کۆمیدیای ڕەش

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-01-11-21:00:00 - کۆدی بابەت: 10876
کۆمیدیای ڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆمیدیی ڕەش، کۆمیدیای تاریک، گاڵتەی جەرگبڕ، نوکتەی ترسێنەر، گاڵتەی ناخۆش (بە ئینگلیزی: Black comedy، Dark comedy یان Morbid humor، بە عەرەبی: كوميديا سوداء) شێوازێکی کۆمیدیایە بەتایبەتی بۆ ئەو بابەتانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی جدین یان بەئازارن لە کاتی باسکردن، زیاتر بۆ ئەو بابەتانەن کە خەڵکی نایەوێت بە شێوەیەکی ئاسایی باسیان بکات، بۆیە بە شێوازی کۆمیدیای ڕەش بابەتەکە دەوروژێنێت.

زۆرجار نووسەران و کۆمیدیکاران وەک ئامرازێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسە ناخۆشەکاندا بە وروژاندنی ناڕەحەتی و بیرکردنەوەی جدی و سەرگەرمی بۆ گوێگرەکانیان بەکاریدەهێنن.

هەندێک لە لایەنە هونەرییەکان گاڵتەی جەرگبڕ بەکاردەهێنن وەک ڕێگەیەک بۆ سەرنج خستنەسەر بابەتێکی گرنگ، لە کاتێکدا هەندێکی تر تەنها هەوڵدەدەن بە دۆخێکی بێمانا پێ بکەنیت. 

بۆ زۆر کەس کۆمیدیای ڕەش بەچێژە. زۆرجار سەختە بزانیت گاڵتەجاڕییەکە کۆمیدییە یان هێرشە و دەتوانێت فێڵاوی بێت بۆباسکردن و تێگەیشتن.

کۆمیدیای ڕەش، بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بابەتەکانی وەک مردن کۆدەبێتەوە. مردن دەتوانێت بابەتێکی بەربەندکراو بێت و زۆر کەس بە زەحمەت بە ئاشکرا باسی بکەن. بەڵام کۆمیدیای ڕەش مەیلی ئەوەی هەیە کە بە شێوەیەکی کراوە سەرنجی لەسەر مردن بێت کە مرۆڤەکان ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ مردن بکەن بەبێ ئەوەی بترسن لەوەی بڕیاریان لەسەر بدرێت.

زۆرجار نوکتە وەکوو ڕێگەیەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ناخۆشییەکان سەیر دەکرێت. پێناسەی نوکتە دەتوانێت بابەتیی بێت و جۆرە جیاوازەکانیش فرەچەشن بن، بەڵام جۆرێک هەیە هەمیشە پێکەنینێکی لێدەکەوێتەوە، ئەویش نوکتەی ڕەشە.

نوکتەی ڕەش تەنیا هەر جۆرە کۆمیدیایەکی تاریک نییە، بە تایبەتی ئاماژەیە بۆ گاڵتەجاڕبوون سەرەڕای ئەوەی شتێکی ترسناک ڕوودەدات.

گاڵتەوگەپ بابەتێکی سەرنجڕاکێش و هەندێکجار ئاڵۆزە. مەبەستی کۆمیدیکار یان دروستکەری گاڵتەجاڕێک دەتوانێت تۆنەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت، بەڵام بە گوێرەی زۆرێک لە کۆمیدیاکارەکانی وەکوو دەیڤ چاپڵ، ڕیچارد پرایۆر، ئێدی مۆرفی، کریس ڕۆک و کیڤن هارت، شتێک بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە کە زۆرێک لە نوکتە و گاڵتەوگەپ لە ئازارەوە سەرچاوە دەگرێت.

بابەتگەلێکی باو بۆ کۆمیدیای ڕەش چین؟

  • کوشتن، توندوتیژی، مردن
  • گەندەڵی سیاسی
  • تایبەتمەندی ڕەگەزیی مرۆڤ
  • هەژاری، نەخۆشی، برسێتی
  • چەشنە ڕەگەزیەکان یان سێکسییەکان
  • شەڕ و تیرۆر

چی بە کۆمیدیای تاریک دادەنرێت؟

کۆمیدیای تاریک چەشنێکی کۆمیدیایە کە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە مامەڵە لەگەڵ پرس و بابەتگەلێکی جدی وەک مردن، نەخۆشی دەروونی، یان نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. کۆمیدیا تاریکەکان بە شێوەیەکی گشتی تەنز بەکاردەهێنن بۆ سەرنج خستنە سەر دۆخەکە. 

مێژووی کۆمیدیای ڕەش

ئەم زاراوەیە لە ڕووی تەکنیکییەوە تا ساڵی ١٩٣٥ سەرچاوەی نەگرتووە، کە بیردۆزەوانێکی خەیاڵگەر بە ناوی ئاندرێ بریتۆن خەریکی لێکدانەوەی بەرهەمەکانی جۆناسان سویفت بوو. 

سویفت بە شێوەیەکی تەنزئامێز لە وتارەکەیدا باس لەوە دەکات کە ئێرلەندییەکان دەتوانن کێشە ئابوورییەکانیان بە فرۆشتنی منداڵەکانیان بە دەوڵەمەندەکان وەکوو خۆراک چارەسەر بکەن.

خەڵکی گشتی بە تەواوی ئاشنای گاڵتەی تاریک نەبوون تا ساڵی ١٩٦٥ کە کتێبێک بە ناوی “گاڵتەی ڕەش” هاتە ناو بازاڕەوە.

ڕۆمانێکی ئەنتۆلۆجی (گوڵبژێر) بوو کورتە پارچەی تێدابوو کە لەلایەن کەسانی وەک ئێدوارد ئەلبی و تۆماس پینچۆن و جەی پی دۆنلیڤی نووسرابوو. یەکەم ئەنتۆلۆجیا بوو کە بە تەواوی بۆ چەشنی بەرهەمی ئەدەبی بۆ کۆمیدیای ڕەش تەرخانکرابوو. 

نموونەکانی کۆمیدیای ڕەش

چەندین نموونەی تۆمارکراوی کۆتا وشەی گاڵتەجاڕانە و قسەی کۆتایی پێش مردن هەیە. بۆ نموونە نووسەر و شانۆنامەنووس ئۆسکار وایڵد کاتێک خۆی لە سەرەمەرگدا بینیەوە، لە خانوویەکی بەشەناوخۆیی هەرزاندا دەژیا. باس لە قسە وردەکانی پێش مردنی دەکرێت، دوا قسە بەناوبانگەکەی بریتی بوو لە "یان ئەو کاغەزی دیوارە لێرە دەڕوات یان من دەڕۆم."

قسەکانی پێش مردن

  • لە سەردەمی ئیدۆ ژاپۆن، بڕیار بەسەردا سەپێنراوان ناوبەناو لەلایەن شمشێربازە پسپۆڕەکانەوە لەسێدارە دەدران، کە جەستەی زیندوویان بەکاردەهێنا بۆ تاقیکردنەوەی کوالیتی تیغەکەیان. چیرۆکێکی ئەپۆکریف هەیە باس لەوە دەکات کە دوای ئەوەی پێی وتراوە کە بڕیارە لەلایەن شمشێر تاقیکەرەوەیەکەوە لە سێدارە بدرێت، بە هێمنی گاڵتەجاڕی دەکات و دەڵێت “ئەگەر بمزانیایە کە ئەوە ڕوودەدات، ئەوە بەردی گەورەم قووت دەدا بۆ ئەوەی زیان بە تیغەکە بگەیەنم.”
  • ڕۆبێرت فرانسوا دامیانس، پیاوێکی فەرەنسی بوو کە هەوڵی تیرۆرکردنی پاشا لویسی پانزەهەمی دا، لە ٢٦ـی ئازاری ١٧٥٧ـدا سزای لەسێدارەدانی بە شێوەیەکی ترسناک و بە وردی بە ئازارەوە بەسەردا سەپێندرا. سەرەتا دەبرایە شوێنی لەسێدارەدانەکە، مەشخەڵێکی بەدەستەوە دەبوو کە نزیکەی یەک کیلۆ مۆمی سووتاوی تێدادەبوو. پاشان پلایس بۆ دڕاندنی پێستی لە سینگ و قۆڵ و قاچەکانی بەکاردەهێنرا. پاشان قۆڵی ڕاستی کە چەقۆی پێ هەڵگرتبوو بۆ تاوانەکەی بەکاری هێنابوو، بە گۆگرد دەسوتێنرا. دواتر ئەو شوێنانەی کە پێستیان لێ کراوەتەوە، قوڕقوشمی تواوە، ڕۆنی کوڵاو، قیری سووتاو، مۆم و گۆگرد دەڕێژێنرایە سەریان. پاشان جەستەی بە چوار ئەسپ پارچە پارچە دەکرا، نیوە جەستەکەی لە ئاگردا دەسوتێنرا، خۆڵەمێشەکەشی بە بادا بڵاو دەکرایەوە. دوای بیستنی ئەو سزایە، دەوترێت کە دامیانس وەڵامی داوەتەوە و وتویەتی: “ڕۆژێکی سەخت دەبێت.”
  • کاتێک ڕزگاربووانی کەشتییەک کە لە ساڵی ١٩٨٢ لە جەنگی فۆکلاندسدا نوقم بوو، چاوەڕێی ڕزگارکردن بوون، دەوترێت گۆرانی مۆنتی پایتۆنیان وتووە، کە دەیان وت "هەمیشە سەیری لایەنی گەشاوەی ژیان بکە".

کۆمیدیای ڕەش لە فیلمدا 

چەندین فیلمی کۆمیدیای ڕەش هەیە کە جێی سەرنجی ئەو بینەرانەن کە خوازیاری ئەم چەشنەن، بەشێک لە فیلمانەی کە کۆمیدیای ڕەشیان تێدایە بریتین لە:

  • Parasite (2019)
  • Don't Look Up (2021)
  • In Bruges (2008)
  • Fight club (1999)
  • Jojo Rabbit (2019)
  • Death At A Funeral (2007)
  • Fear and Loathing in Las Vegas (1998)
  • Office Space (1999)
  • What We Do In The Shadows (2014)
  • Burn After Reading (2008)
  • Sightseers (2012)
  • In The Loop (2009)
  • Four Lions (2010)
  • The Lobster (2015)
  • Happiness (1998)


سەرچاوەکان



316 بینین