کۆلۆرادۆ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-11-23:41:00 - کۆدی بابەت: 10880
کۆلۆرادۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کۆلۆرادۆ (بە ئینگلیزی: Colorado، بە عەرەبی: کولورادو یان كُلُرادو)، ویلایەتێکە لە ڕۆژاوای ئەمریکا. ئەم ویلایەتە هەشتەم گەورەترین و ٢١ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بە ٥٫٧٧٣٫٧١٤ کەس تۆمارکراوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکاوە بە ڕێژەی ١٤٫٨٠٪ زیادیکردووە. دێنڤەر پایتەختی و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی کۆلۆرادۆیە.

لەڕووی جوگرافییەوە

کۆلۆرادۆ لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی وایۆمینگ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ویلایەتی نێبراسکا، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کانزاس، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئۆکلاهۆما، لە باشوورەوە لەگەڵ نیو مەکسیکۆ و لە ڕۆژاوا لەگەڵ ویلایەتی یوتا هاوسنوورە. کۆلۆرادۆ بەهۆی دیمەنە سروشتییە درەوشاوەکانی زنجیرە شاخەکانی، دارستان، دەشتە بەرزەکان، بان، کانیۆن، تەختان، ڕووبار و زەوییە بیابانییەکانییەوە ناسراوە. کۆلۆرادۆ یەکێکە لە ویلایەتە شاخاوییەکان و بەشێکە لە ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژاوای ئەمریکا. ڕووبەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ ٢٦٩٫٨٣٧ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ٢٦٨٫٨٧٥ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٩٦٢ کیلۆمەتر دووجای ئاوییە، بەمەش دەبێتە هەشتەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتەکەی. چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٢١٫٤٠ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

ئابووری و گرنگی ویلایەتەکە

کەرتە سەرەکییەکانی ئابووریی ویلایەتەکە بریتین لە حکوومەت و بەرگری، کانسازی، کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەرهەمهێنان. تێکڕای بەرهەمی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٥ـدا ٣١٨٫٦ ملیار دۆلار و داهاتی تاکەکانی لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٥١٩٫٤٠ دۆلار بوو. جوگرافیا هەمەچەشنەکەی ویلایەتەکە و زنجیرە شاخە جوان و مەزنەکانی ساڵانە ملیۆنان گەشتیار بۆ خۆیان ڕادەکێشن، لە ساڵی ٢٠١٨ـدا ٨٥٫٢ ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد. گەشتیاری دەستێکی باڵای لە ئابووری کۆلۆرادۆدا هەیە و لە هەمان ساڵدا ٢٢٫٣ ملیار دۆلار داهاتی هەبوو. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبوونەوەی ئاو، پێشبینی دەکرێت ئابووریی کشتوکاڵ، دارستانەوانی و گەشتیاریی کۆلۆرادۆ بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەر بێت. سەرەڕای ئەوەش، کۆلۆرادۆ یەکێکە لە ڕۆشنبیرترین، پێشکەوتووترین و دەوڵەمەندترین ویلایەتەکانی ئەمریکا.

مێژووی ویلایەتەکە

ئەم ناوچەیەی ئێستا ویلایەتی کۆلۆرادۆیە لانیکەم ١٣٫٥٠٠ ساڵە و لەوانەیە زۆر زیاتر لەوەش خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکی و باوباپیرانیانی تێیدا نیشتەجێیە. گەلانی سەرەتایی لە ڕۆژهەڵاتی زنجیرە چیاکانی ڕۆکی ماونەتەوە. وشەی کۆلۆرادۆ (Colorado) هاوەڵناوێکی ئیسپانییە بە واتای "یاقووتی یان قرمزی" دێت و ئاماژە بەو ڕەنگە سوورە دەکات کە لە دەرکەوتنەکانی تاوێرە تێکەڵەکەی سەرەوە و خوارەوەی زنجیرەی پێشەوەی شاخەکانی ڕۆکی دەبینرێت. ناوچەی کۆلۆرادۆ لە ٢٨ـی شوباتی ١٨٦١ ڕێکخرا و لە ١ـی ئابی ١٨٧٦، سەرۆکی ئەمریکا (ئولیسیس ئێس گرانت) جاڕنامەی ژمارە ٢٣٠ـی واژۆ کرد کە کۆلۆرادۆ بوو بە ٣٨ـەمین ویلایەتی ئەمریکا. کۆلۆرادۆ نازناوی "دەوڵەتی سەدەیی"ـی لێنراوە، چونکە دوای یەک سەدە لە واژۆکردنی بەیاننامەی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو بە ویلایەت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ ٥٫٧٧٣٫٧١٤ کەسە و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ئەم ژمارەیە گەشتە ٥٫٩٢٢٫٦١٨ کەس. ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ٤٫٣٠١٫٢٦٢ کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠ بە ڕێژەی ١٦٫٩٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی ٢٠١٥ ژمارەی دانیشتووانی کۆلۆرادۆ بۆ ٥٫٤٥٦٫٥٧٤ کەس بەرزبووەتەوە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانە بە ڕێژەی ٨٫٥٪ لە دوایین سەرژمێرییەوە. ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە لە ساڵی ٢٠١٦ـدا ١٫٨٥٪ بوو، ویلایەتی کۆلۆرادۆ دووەم خێرا گەشەسەندوترین ویلایەتە لە ئەمریکا.

شوێنی لەدایکبوون

٩٢٫٤٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا لەدایکبوون و لەو ڕێژەیەش ٤٣٫٢٣٪ـیان لە کۆلۆرادۆ لەدایکبوون. لە کاتێکدا ٤٫٩٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە هاوڵاتی ئەمریکی نین، زۆرترین ڕێژەی ئەو دانیشتووانانەشی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدایکنەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن. تێکڕای تەمەنی دانیشووانی ویلایەتەکە ٣٦٫٤ ساڵییە، ٤٩٫٨٪ لە ڕەگەزی مێ و ٥٠٫١٪ـی دانیشتووانی کۆلۆرادۆ لە ڕەگەزی نێر پێکهاتوون. لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا، ٧٠٫٣٣١ منداڵ لە کۆلۆرادۆ لەدایکبوون. لە ساڵی ٢٠٠٧ـدا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٥٩٫١٪ـی هەموو لەدایکبووەکانیان پێکهێنا.

بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی ویلایەتەکە بریتی بوون لە:

  • سپی پێست: ٨١٫٥٢٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٥٫٩٣٪
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٤٫١٥٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٤٫١١٪
  • ئاسیایی: ٣٫٢٠٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٩٤٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫١٦٪

مێژووی دانیشتووانی کۆلۆرادۆ

لەڕووی مێژووییەوە، شوێنی جوگرافی کۆلۆرادۆ کە دەکەوێتە بەشی ناوەڕاستی ئەمریکا بووە هۆی بەناوبانگبوونی ویلایەتەکە، ئەمەش لە ئەنجامدا جێگیربوونی گەشتیارێکی زۆری لێکەوتەوە، بەڵگەش بۆ ڕاست و دروستی ئەم بابەتە سەرژمێرییە سەرەتاییەکانە. لە ساڵی ١٨٦١ـدا، ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی کۆلۆرادۆ بە ٢٥٫٣٧١ کەس ڕاگەیەندرا و دوای دە ساڵ، ژمارەی دانیشتووان بە ڕێژەی ١٦٫٣٪ زیادی کرد و گەشتە ٣٩٫٨٦٤ کەس. بەڵام لە سەرژمێری ساڵی ١٨٨٠ـدا ئەو ژمارەیە نزیکەی چوار هێندە زیادی کرد و ژمارەی دانیشتووان گەشتە ١٩٤٫٣٢٧ کەس، بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە ساڵی ١٨٧٠ بە ڕێژەی ٣٨٧٫٥٪ زیادی کردووە. ژمارەی دانیشتووانی زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا لە هەموو سەرژمێرییەکدا گەشەیان کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ خێراتر گەشە دەکات وەک لە ساڵانی بیست و سی و چلەکان.

هەرچەندە گەشەکردنی دانیشتووانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ساڵانی ڕابردوودا زیاتر بووە، بەڵام وەک زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە زیادبووندایە. ڕێژەی زیادبوونی دانیشتووان لە نێوان سەرژمێرییەکاندا ٣٠٪ و ئەگەر ئەو ڕەوتە بەردەوام بێت، ئەوا لە سەرژمێری داهاتوو و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا دەشێت ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە شەش ملیۆن کەس تێپەڕێنێت. نزیکەی ١٠٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە کۆچبەران پێکهاتوون. ئەم کۆچبەرانەش، بەپێی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە ١١٪ـی کرێکارانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ پێک دەهێنن. بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٠٠، گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتەکە بەم شێوەیەی خوارەوەن:

  • ئەڵمانی: ٢٢٪ (بە سویسری و نەمساییەکانیشەوە)
  • مەکسیکی: ١٨٪
  • ئێرلەندی: ١٢٪
  • ئینگلیزی: ١٢٪

ئەو‌ کەسانەی کە بە ڕەچەڵەک ئەڵمانین بەتایبەتی لە زنجیرە چیاکانی ڕۆکیز و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکە، دەشتە بەرزەکان نیشتەجێن. بەشی باشوور و باشووری ڕۆژاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆلۆرادۆ ژمارەیەکی زۆر هیسپانی تێدا نیشتەجێیە. لە ساڵی ١٩٤٠ـدا و بەپێی ڕاپۆرتی فەرمانگەی سەرژمێری ئەمریکا، ٨٫٢٪ـی دانیشتووانی کۆلۆرادۆ هیسپانی و ٩٠٫٣٪ سپی پێستی ناهیسپانین. لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، ژمارەی دانیشتووانی هیسپانی لە ویلایەتەکەدا بەردەوام لە گەشەکردنی خێرادابوو. لە ساڵی ٢٠١٩، هیسپانییەکان ٢٢٪ و سپی پێستە ناهیسپانییەکان ٧٠٪ـی دانیشتووانی کۆلۆرادۆیان پێکهێنا.

هەروەها کۆلۆرادۆ هەندێک کۆمەڵگەی گەورەی ئەفریقی-ئەمریکی تێدایە کە لە شاری دێنڤەری پایتەخت چڕبوونەتەوە. جگە لەوەش ئەم ویلایەتە نیشتیمانی ژمارەیەکی بەرچاو هاوڵاتی ئاسیایی-ئەمریکییە کە بە ڕەچەڵەک مەنگۆلی، چینی، فلیپینی، کۆری، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ژاپۆنین. زۆربەی ئەمریکییە ئاسیاییەکان دەتوانرێت لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی دێنڤەر بدۆزرێنەوە، هەروەها هەندێکیان لە باشووری ڕۆژاوای دێنڤەر نیشتەجێن.

قەڵەوی

ویلایەتی کۆلۆرادۆ لەنێو تەندروستترین ویلایەتەکانی وڵاتەکەیدایە. بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەک، خەڵکی کۆلۆرادۆ کەمترین ڕێژەی قەڵەوییان هەیە بە بەراورد بە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، ٢٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە لەڕووی پزیشکییەوە بە قەڵەو دانران، سەرەڕای ئەوەی نزمترین ئاستە لە وڵاتەکەیدا، بەڵام لەچاو ساڵی ٢٠٠٤ کە ١٧٪ بوو ڕێژەکە بەرزبووەتەوە.

تەمەنی چاوەڕوانکراو

بەپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری ڕێکخراوی پزیشکی ئەمریکی، تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتو‌وانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٨٠٫٢١ ساڵی بوو، کە درێژترین تەمەنە لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکا.

ئایین

گرووپە ئایینییە سەرەکییەکانی خەڵکی کۆلۆرادۆ لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەمشێوەیە بوو، ٦٤٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە مەسیحی بوون، لەو ڕێژەیەش ٤٤٪ـیان پرۆتستانت، ١٦٪ کاسۆلیکی ڕۆمانی، ٣٪ مۆرمۆن و ١٪ ئۆرتۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتین. بەپێی سەنتەری توێژینەوەی پیو، دابەشبوونە ئایینییەکانی تر ١٪ جوولەکە، ١٪ مسوڵمان، ١٪ بوودی و ٤٪ـی دانیشتووان پەیڕەوکەرانی ئایینەکانی تر بوون. ئەو کەسانەشی سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون ٢٩٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەیان پێکهێنا. لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ئامارەکانی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ڕایگەیاند کە ئایینی مەسیحی لەلایەن ٦٦٪ـی دانیشتوانەوە پەیڕەو دەکرێت. لەم لێکۆڵینەوەدا ئایینی جوولەکە زیادی کردووە و بە ڕێژە ٢٪ـی دانیشتووان پەیڕەوی دەکەن، لە کاتێکدا بێ ئایینەکان بۆ ٢٨٪ـی دانیشتووان دابەزیووە.

سەرەکیترین ئایینەکانەکانی دانیشتووانی کۆلۆرادۆ بەپێی ژمارەی لایەنگران لە ساڵی ٢٠١٠ـدا بەمشێوەیە بوو، کڵێسای کاسۆلیکی ٨١١٫٦٣٠ لایەنگر، پرۆتستانتی ئینجیلی فرە ئایینی ٢٢٩٫٩٨١ شوێنکەوتە و قەشەی هاوچەرخی کڵێسای عیسا مەسیح ١٥١٫٤٣٣ شوێنکەوتە.

زمان

زمانی ئینگلیزی زمانی فەرمی ویلایەتی کۆلۆرادۆیە و ٨٣٫٦٣٪ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا ١٦٫٣٧٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن ١١٫٢٥٪ـی دانیشتووانەوە بەکار دەهێنرێت.

کەشوهەوا

کەشوهەوای ویلایەتی کۆلۆرادۆ ئاڵۆزترە لە کەشوهەوای ئەو ویلایەتانەی کە نەکەوتونەتە ناوچە شاخاوییەکانی وڵاتەوە. بە پێچەوانەی زۆربەی ویلایەتەکانی ترەوە، باشووری کۆلۆرادۆ هەمیشە لە باکووری کۆلۆرادۆ گەرمتر نییە. زۆربەی ناوچەی کۆلۆرادۆ لە شاخ، بناری گرد، دەشتە بەرزەکان و زەوییە بیابانییەکان پێکهاتووە. شاخ و دۆڵەکانی دەوروبەری کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر کەشوهەوای ناوچەکە هەیە.

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای دەشتەکانی ڕۆژهەڵات نیمچە وشکە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی شێی نزمه و ڕێژەی دابارین مامناوەندە، ساڵانە ٣٨٠ بۆ ٦٤٠ مللیمەتر بارانی لێدەبارێت، بەڵام کەشوهەوای زۆرێک لە ناوچەکانی نزیک ڕووبارەکان نیمچە شێدارە. هاوینی ئەم ناوچەی گەرمە و پلەی گەرمی لە زۆربەی ڕۆژەکاندا لە سەرووی ٣٥ بۆ ٣٨ پلەی سەدیدایە، هەروەها زستانیشی ساردە و پلەی گەرمی لە نێوان ٤- بۆ ٢٣- پلەی سەدی دەگۆڕێت. لە بەشێکی زۆری ناوچەکەدا مانگی ئازار بەفراویترین مانگی ساڵە و مانگی نیسان و ئایاریش بەشێوەیەکی ئاسایی باراناویترین مانگی ساڵن.

ئەو شارانەی کە لە باشووری زنجیرە چیاکانی ڕۆکییەوە نزیکن کەشەکەیان لە زستاندا گەرمترە، ئەمەش بەهۆی بای چینوکەوەیە کە لە ڕۆژاوای ئەمریکای باکوورەوە هەڵدەکات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، هەندێکجار پلەی گەرمی ٢١ پلەی سەدی یان زیاتر. تێکڕای پلەی گەرمی ناوچەکە لە مانگی تەممووز لە بەیانیاندا ١٣ پلەی سەدی و لە پاشنیوەڕۆدا ٣٢ پلەی سەدییە. تێکڕای پلەی گەرمی مانگی کانوونی دووەمدا لە بەیانیاندا ٨- پلەی سەدی و لە پاشنیوەڕۆدا ٩ پلەی سەدییە. سەرەڕای ئەوەی بەشی ڕۆژاوای دەشتەکان و بەرەو بناری گردەکان تەنها چەند میلێک لەیەکترەوە دوورن بەڵام کەشوهەوایان جیاوازە.

زۆربەی دۆڵەکان کەشوهەوایەکی نیمچە وشکیان هەیە بەڵام لە بەرزاییە بەرزترەکاندا بۆ کەشوهەوای شاخاوی دەگۆڕێت. هەروەها ناوچە ناوخۆییەکان کەشوهەوای ناوچەییان هەیە وەک کەشوهەوای نیمچە خولگەیی، نیمچە خولگەیی شێدار، کیشوەری شێدار، کەشوهەوای دەریای ناوەڕاست و کەشوهەوای ناوچەی دەوروپشتی تەوەرەی باکوور.


سەرچاوەکان



285 بینین