کاریگەری سەرما لەسەر سوڕی مانگانە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2023-01-15-23:56:00 - کۆدی بابەت: 10915
کاریگەری سەرما لەسەر سوڕی مانگانە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

کاریگەری سەرما لەسەر سوڕی مانگانە (بە ئینگلیزی: Effect of cold on menstrual cycle، بە عەرەبی: تأثير البرد على الدورة الشهرية). لە وەرزی زستاندا ڕۆژەکان کورتر و شەوەکان درێژ و ساردتر دەبن. هەربۆیە واپێوویستە کاتێکی زۆر لە ماڵەوەبین ئەویش بەهۆی ساردی کەشوهەواوە. هەوای سارد گۆڕانکاری زۆر لەسەر جەستە و دەروونی مرۆڤ دروست دەکات، بەتایبەت لە خانماندا. سەرمابوون کاریگەری دەخاتە سەر سوڕی مانگانەی خانمان و گۆڕانکاری تێدا دروست دەکات. 

کاریگەرییەکانی سەرما لەسەر سوڕی مانگانە

توندی نیشانەکانی پێش دەستپێکردنی سوڕی مانگانە

خانمان بە هەفتەیەک یاخود زیاتر پێش دەستپێکی سوڕی مانگانە، چەند نیشانەیەکیان تێدا دەردەکەوێت. ئەوانیش وەک، تێکچوونی باری دەروونی، گرژبوونی ماسولکەکان و ئازاریان، هەبوونی بای سک. خانمان بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستاندا زیاتر لە ماڵەوەن تێکچوونە دەروونییەکان زیاتر دەکات، وەک خەمۆکی، ڕاڕایی ، بێتاقەتی. 
هەروەها کەمبوونەوەی کالسیۆمی جەستە و ڤیتامین D، بەهۆی کەمی تیشکی خۆر و بەرکەوتن پێی. توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ئەو خانمانەی نزیکەی ٥٠٠ گرام کالسیۆم وەردەگرن، نیشانەکانی پێش دەستپێکی سوڕی مانگانەیان کەمتر و ئاسانترە. 

تێکچوونی هۆڕمۆنەکان

تێکچوونی هۆڕمۆنەکانی جەستەی خانمان یەکێکی ترە لە کێشەکان کە بەهۆی سەرماوە تووش دەبیت. کەمبوونەوەی تیشکی خۆر، کاریگەری دەخاتە سەر ڕژێنی سایرۆید (Endocrine gland). کاری ئەم ڕژێنە خاو دەکاتەوە و هەر بۆیە دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی ماوەی سوڕی مانگانە. 

ئازاری زۆر

دەمارەکان لە زستاندا گرژدەبن و وادەکات کە ڕێڕەوێکی باریکتر بێت بۆ تێپەڕبوونی خوێن. ئەمەش وادەکات کەمترین خوێن لەماوەی سوڕی مانگانەدا بێتە دەرەوە و ئازاری سوڕی مانگانە زیاتر ببێت. 

تێکچوونی کاتی هێلکەدانان 

بەهۆی هەبوونی سەرمای زۆر و کەمبوونەوەی تیشکی خۆر. بڕی هێلکەدانان لە زستاندا ٪٩٧ بۆ ٪٧١ کەم دەکات. هەربۆیە ماوەی هێلکەدانان و کەوتنە سەرخوێن درێژتر دەبێتەوە.

زیادبوونی کێشی جەستە

لە وەرزی زستاندا بەگشتی کێشی جەستە زیاد دەکات. ئەویش بەهۆی زۆر دانیشتن و وەرزش نەکردنەوە. ئەم زیادبوونەش کاردەکاتە سەر سوڕی مانگانە و سوڕەکە تێکدەدات. 

ڕێگریکردن

بەچەند ڕێگایەک دەکرێت ئەو کاریگەرییانەی سەرما لەسەر سوڕی مانگانە کەمتر بکرێنەوە:

  • پێویستە جلی ژێرەوەی خانمەکە لۆکە بێت و زوو زوو بیگۆڕێت.
  • وەرزشکردن و دوورکەوتنەوە لە تەمەڵی.
  • پێویستە لە کاتی سوڕی مانگانەدا خواردنی وەک، گۆشت، سەوزە و میوەکان، شیرەمەنییەکان بخۆن. 
  • خۆشۆردن بە ئاوی گەرم یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
  • بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن لە کاتی هەبوونی ئازاردا، وەک پڕۆفین و پۆنستان.
  • دوورکەوتنەوە لە قاچ خستنە ناو ئاوی سارد و دانیشتن لەسەر زەوی سارد.


سەرچاوەکان



621 بینین