نوگرە سەلمان

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2023-02-07-19:19:00 - کۆدی بابەت: 10943
نوگرە سەلمان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قەڵای نوگرەسەلمان، سجنی نوگرە سەلمان یان زیندانی نوگرە سەلمان (بە ئینگلیزی: Nugra Salman Prison، Nugrat al-Salman یان Nigrat Salman، بە عەرەبی: سجن نقرة السلمان) زیندانێکی پێشووە، یەکێکە لە زیندانە دێرینەکانی عێراق، لە نزیک قەزای سەلمان لە بیابانی پارێزگای موسەننا لە عێراق دروستکراوە. لە ساڵی ١٩٣٠ لە سەردەمی پاشایەتی هاشمی و دواتریش لەلایەن حکوومەتەکانی عەبدولکەریم قاسم و سەدام حسێنەوە بەکارهێنراوە.

زانیاری گشتی 

شوێن عێراق، پارێزگای موسەننا، نزیک قەزای سەلمان
دروستکردن لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لەسەر دەستی ئینگلیزەکان
بەکارهێنراوە بۆ زیندان

شوێنی نوگرە سەلمان

نوگرە سەلمان دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق و سعوودیە لە تەنیشت گوندی سەلمان لە پارێزگای موسەننا. نزیکەی ١,٥ کیلۆمەتر لە گوندی سەلمان دوورە، لە بیابانی باشووری عێراقدایە، لە هەر گۆشەیەکدا تاوەرێکی چاودێری هەیە.

دەربارەی نوگرە سەلمان

مێژووی دروستكردنی نوگرە سەلمان بۆ سەردەمی  داگیركاری ئینگلیز لە عێراق دەگەڕێتەوە. لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە، لە ساڵانی بیست و سییەکانی سەدەی ڕابردوو دروستکراوە.

ئەم زیندانە یادەوەری تاڵی لەلای هەموو ئەو کەسانە هەیە كە زیندانی کاتی ڕژێمی سەدام حسێن بوون، بە تایبەتی لە قۆناغی یەكەمدا و ئەوانەی سەربە حیزبی شیوعی عێراقی و حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوون. ئەندامانی ئەم حیزبانە زیندانی دەكران و بۆ زیندانی نوگرە سەلمان دوور دەخرانەوە.

لە قۆناغی دوومدا و بەتایبەتی لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا خەڵكە ئەنفالكراوەكانی كوردستان بران بۆ باشووری عێراق و پێش زیندەبەچاڵكردنیان لە ناو زیندانی نوگرە سەلمان وەكوو دوا قۆناغی ژیان و ئامادەكردنیان بۆ كۆمەڵكوژی دادەنران.

ئەم زیندانە لە ئێستادا چۆڵە و بۆ هیچ مەبەستێک لەلایەن حكوومەتی نوێی عێراقەوە بەكار ناهێنرێت. لەسەر دیوار، ڕاڕەوەكانی و هۆڵەكانی نووسین و وێنەی هەڵكۆڵراو و هێمای زیندانیەكان ماون. وەكوو پێویست هەڵنەگیراون و بەبەڵگە نەكراون.

لەم زیندانەدا بەهەزاران پیر، گەنج، مناڵ و ژن لەبرسێتی تینوێتیدا یان لەئەنجامی ئەشكەنجەداندا مردوون. دەوروبەری قەڵاكە چەندین گۆڕی تاك تاكەی مردووانی لێیە.

لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا حیزبی بەعس قەڵا سەربازییەكانی وەك زیندانی گەورە بۆ ئەو خەڵكە زۆرە بەكاردەهێنا. دوایین وێستگەی پێش كۆمەڵكوژی زیندانی نوگرە سەلمان بووە. یەکێک بووە لە مەترسیدارترین زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ژیانی چەندین کەس تێیدا کۆتایی هاتووە، ئەنفال کراون، بێسەروشوێن کراون و بە خراپی ئەشکەنجە دراون، چەندین کەسیشیان لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا مردوون. یان لە برسا مردوون کە خواردنی سەرەکییان سەموون و ئاو بووە.

لە هەندێک کاتدا کە زیندانەکە بەکارنەدەهات، خەڵکی گوندەکە ئاژەڵەکانیان لەناو تاوەرەکەدا بەخێو دەکرد.

مێژووی نوگرە سەلمان 

زیندانەکە بۆ زیندانیکردنی زیندانیانی سیاسی بەکارهاتووە، لە ساڵی ١٩٦٤ خەڵکی سەماوە ناوبانگێکی جەماوەرییان بەدەستهێنا بەهۆی ڕزگارکردنی زیاتر لە هەزار زیندانی سیاسی حیزبی شیوعی عێراقی کە بە شەمەندەفەرێک لە ساڵی ١٩٩٩ لە بەغدادەوە بۆ سەماوە لە ڕێگای زیندانی نوگرە سەلمان لە گەرمای ٥٠ پلەی سەدی نێردارن. شەمەندەفەرەکە لە وێستگەی شەمەندەفەر لەلایەن خەڵکی شارەوە هێرشی کرایە سەر، زیندانییەکان ئاو و خۆراکیان پێدرا. زیاتر لە ١٠٠ کەس لە زیندانییەکان پێش ڕزگارکردنیان مردبوون.

لە کاتی چەوساندنەوەی کوردانی فەیلی لەلایەن حکوومەتی سەدام حسێنەوە، ئەو پیاوە کوردانەی بەتوانا بوون، ئەگەر نەنێردرانایەتەوە بۆ ئێران لە زیندانیشدا جیا دەکرانەوە.

لە ساڵی ١٩٨٢ دوای هەوڵێکی شکستخواردووی تیرۆرکردنی سەدام حسێن لە دوجەیل، چەندان کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە لە زیندانەکەدا زیندانی کران و ئەشکەنجە دراون.

پێش ئەوەی لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا زیندانێکی نوێ دروست بکرێت، لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بۆ چەند ساڵێک جێهێڵرا.

لە کاتی هەڵمەتی ئەنفالدا کە ئاڕاستەی کورد کرابوو، هەزاران زیندانی ڕەوانەی نوگرە سەلمان کران و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) مەزەندە دەکات کە ژمارەی زیندانەکان لە نێوان ٦ هەزار بۆ ٨ هەزار کەس بووە.

گرووپی یەکەم پێکهاتبوون لە بەساڵاچووانی تەمەن نێوان ٥٠ بۆ ٩٠ ساڵ، لە سەرەتای مانگی نیساندا بە کاروانێکی پاس گواستراونەتەوە کە لە کەمپەکانی باکووری عێراقەوە دەهێنران. هەروەها لە مانگی ئایاردا کۆمەڵێکی تری بەساڵاچووانی ناوچەکە لە دەوروبەری زابی بچووک گەیشتنە ئەوێ. لە مانگەکانی هاویندا کۆمەڵێک ژن لەگەڵ منداڵەکانیان پێکەوە هينران، لە دیبسەوە هێنرابوون کە کەمپی دەستبەسەرکردنی ژنان بوو.

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ سەدان زیندانی لە هەڵەبجەوە هێنران، لە ئێرانەوە گەڕابوونەوە، ڕەوانەی نوگرە سەلمان کران. گرووپی هەڵەبجە بریتی بوو لە خەڵکی هەموو تەمەنێک لە پیاو، ژن و منداڵ.

نوگرە سەلمان لە ساڵی ١٩٨٨

ڕژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٨٨ـدا لە هەڵمەتێکی سەربازی گەورە و پلان بۆ داڕێژراو لە ڕێگەی هەشت قۆناغی جیاوازەوە پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد، وەکوو جێبەجێ کردنێکی وردی سیاسەتی جینۆسایدی کورد و لەناوبردنی گوندەکانی کوردستان.

بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا ڕزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران لە تۆپزاوا کۆکراونەتەوە و دواتر گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و  بەتەمەنەکانیش لە لایەکی تر جیا کراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەت بەرەو زیندەبەچاڵکردن ڕەوانە کراون و ئەوانی تریش بەرەو زیندانی نوگرە سەلمان گواستراونەتەوە.

ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان گواسترانەوە زیاتر لە پێنج مانگ لەو زیندانەدا دەستبەسەر بوون، دواتر زۆربەی ئەو خێزانە هەڵەبجەییانەش، کە لە ئێران دەگەڕانەوە بەرەو نوگرە سەلمان دەهێنران.

ئەو هەزاران ئەنفالدیدەیەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون ڕۆژانە ئازاری دەستی جەلادێک دەچێژن، ئەو جەلادە ناوی عەجاج تکریتی بوو کە لەسەر زمانی ئەنفالدیدەکانەوە بە حەجاج ناوی دەبرێت، کە سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بوو، ئازار و ئەشکەنجەی چەندان زیندانی بە خراپی داوە.

سەگەکانی نوگرە سەلمان

ئەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال گەڕانەوە دەڵێن، سەدان کوردی ئەنفالکراو بوونە خۆراکی سەگەکانی نوگرە سەلمان. ئەنفالدیدەکان باس لە سەگەکان دەکەن و دەڵێن کە “سەگەکان زیندانیانی ترساندبوو، سەگەکانیش سەگی ئاسایی نەبوون، تووکیان درێژ و زۆرینەیان ڕەنگی ڕەش و گەورە بوون، گۆشتی مردووانیان پێدەدرا، خێزانەکان لە کاتی نەخۆشکەوتنی منداڵانیان لەوە دەترسان ببنە خۆراکی سەگەکان.”


سەرچاوەکان



865 بینین