عەدنان ئیبراهیم

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-12-22:19:00 - کۆدی بابەت: 10988
عەدنان ئیبراهیم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دکتۆر عەدنان ئیبراهیم (بە عەرەبی: عدنان إبراهيم، بە ئینگلیزی: Adnan Ibrahim) بیرمەندێک و بانگخوازێکی نوێخوازی ئیسلامییە، خاوەن چەندین کتێبی ئایینی و پڕۆگرامی ئایینییە، لە وتاربێژە ناودارەکانی ئەورووپایە و زیاتر لەوێ ناسراوە.

زانیاری گشتی
ناو عەدنان ئیبراهیم
ڕێکەوتی لەدایکبوون دووی ئایاری ساڵی ١٩٦٦
پیشە بیرمەند و بانگخوازی ئیسلامی
شوێنی نیشتەجێبوون ڤێیەننا، نەمسا
ئایین ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە

ژیاننامەی

- سەرەتای ژیانی

عەدنان ئیبراهیم لە دووی ئایاری ساڵی ١٩٦٦ لە شاری غەززە لە فەڵەستین لەدایکبووە، لە خێزانێکی هەژار پەروەردە کراوە و ڕەچەڵەکی خێزانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەر گەیلانییەکان. عەدنان ئیبراهیم خێزاندارە و لەگەڵ ژنێکی فەڵەستینی هاوسەرگیری کردووە و نۆ منداڵیان هەیە، خاوەن شەش کچ و سێ کوڕن.

-ئەزموونی خوێندنی

قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی لە کەمپی نەسیرات لە کەرتی غەززە خوێندووە. دوای تەواوکردنی ئامادەیی لە کۆلێجی پزیشکی وەردەگیرێت، بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئەو بوارە دەچێتە یووگۆسلاڤیا، بەڵام بەهۆی جەنگی ناوخۆی ناوچەکانی باڵکان لەو ماوەیەدا گوازرایەوە بۆ ڤییەنای پایتەختی نەمسا و لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو پزیشکی لە زانکۆی ئەو شارە تەواو کردووە. عەدنان ئیبراهیم گرنگی بە خوێندنی شەرعی و زانستی ئایینی داوە، بۆیە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێجی ئیمام ئەوزاعی لە لوبنان بەدەستهێناوە، پاشان خوێندنی باڵای لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا تەواوکردووە و  پلەی دکتۆرای لە ساڵی ٢٠١٤ بەدەستهێناوە.

- ئەزموونی پیشەیی

عەدنان ئیبراهیم ئەندامی فاکەڵتی ئەکادیمیای ئیسلامی بووە لە ڤییەنا و مامۆستا بووە و وانەکانی فەرموودە، زانستەکانی قورئان، لێکدانەوە و واتای قورئان، فیقهی ئیسلامی، پرەنسیپەکانی فیقهی ئیسلامی لە قوتابخانەی فیکری ڕێبازەکانی شافیعی و حەنفی وتووەتەوە.
لە چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنفرانس لە چەندین وڵات بەشداری کردووە لەگەڵ چەندین زانای ئیسلامی کۆبووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ چەند برایەکی کۆمەڵەی کۆبوونەوەی شارستانییەتی نەمسای دامەزراندووە، لەو کاتەوە خۆی سەرکردایەتی ئەو کۆمەڵەیە دەکات و لەوێوە مزگەوتی شوورای کردەوە، تێیدا کاری وتاربێژی و وانەبێژی کردووە.

- ئەزموونی ڕاگەیاندن و دەرکەوتنی

عەدنان ئیبراهیم لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و چەند پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنییەوە زیاتر ناسرا و ناودرا بوو. لە ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٢ پڕۆگرامی (هو الله) لە کەناڵی ڕۆتانا خەلیجی پێشکەش کرد، پرۆگرامی (رحمة للعالمين) لە ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٣ و پرۆگرامی (آفاق)ـی لە هەمان کەناڵ پێشکەش کرد.

لە مانگی ڕەمەزانی ساڵی ٢٠١٥ پرۆگرامی (ليطمئن قلبي)ـی لەگەڵ سعوود دەوسەری پێشکەشکرد. پرۆگرامەکانی لەژێر ناوی ئایینی و ئیسلامی ئامادە و پێشکەش کردووە، بابەتی هەستیاری ئیسلامی وروژاندووە و گفتوگۆی لەسەر کردووە. لە ڕابردوودا کەناڵەکانی MBC و TEN و ڕۆتانا پڕۆگرامی هەبووە، لە ئێستادا لە تۆڕی یوتیوب کەناڵێکی فەرمی هەیە و ڤیدیۆ و وتارەکانی تێدا بڵاودەکاتەوە.

بیروبۆچوونەکانی و ڕەخنەی زانایانی ئیسلامی لەسەری

عەدنان ئیبراهیم بە وتاربێژێکی نوێخوازی ئیسلامی خۆی ناوزەد دەکات، ئیسلامی پەیوەست کردووە بە هزر و عەقڵ و ژیری ڕەها، تەنانەت هەندێک لە زانایان بە پیاوی موعتەزیلەی سەردەم یان موعتەزیلەی مۆدێرن دەیناسێنن. فەلسەفەی تێکەڵی ئیسلام کردووە و زۆرێک لە بۆچوونەکانی دژبەیەکن، بەتایبەتی دوای باسکردنی چەند بابەتێکی سیاسی و تێکەڵکردنی سیاسەت زیاتر ڕەخنەی توندی ئاڕاستە کرا.

زۆرێک لە زانایانی ئیسلام بۆچوون و بیرۆکەکانی ڕەتدەکەنەوە و ڕەخنەی توندی ئاڕاستە دەکەن و هەندێک بە تەکفیری و ڕەواجدان بۆ بێباوەڕی باسی دەکەن و بە گومڕاکەری گەنجانی سەردەمی دادەنێن. سەرەڕای ئەوەی کەسێکی پەیڕەوکاری ڕێبازی سوننەیە بەڵام لەسەر ڕێبازی شیعە و سوننە قسەی کردووە و لایەنگری شیعەکانە، بەوهۆیەوە ڕەخنەی توندی لەسەر گیراوە، هاوکات دژی چەند هاوەڵێکی پێغەمبەر ﷺ قسەی کردووە و زانایان ڕەخنەیان لەسەر هەبووە. هەندێک لە زانایانی نموونەی شێخ عوسمانی خەمیس و محەمەد داهووم بە سوننەیەکی نزیک لە شیعە ناوزەدیان کردووە.


سەرچاوەکان



269 بینین